لە شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتەوە. شێعرێک بۆ سروود. سەرکەوتنە شۆڕشی ژن

لە شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتەوە. شێعرێک بۆ سروود.

سەرکەوتنە شۆڕشی ژن

 

ئێمە بەوری بەسەر هاتین
ڕێبوار و ڕێی کارەساتین
تیشکی زێڕینی سەد ڕەنگین
دژ بە تاریکی دەجەنگین
بەری بەیانی ژیانە….
جێژنی ئازادی ئینسانە
ژینا ڕەمزی’ شۆڕشی ژن
ئەرخەیانی ئەدات بە من
دەبا گشت کۆوە بن شەقام
گوڕڕە و هەڵمەت ببنە باڵام
بسک و ئەگریجە ئاڵا بن
کەس نەمێنی لە ماڵا بن
بەژنی کوڕ و کێلی گەردن
ئەشقستانە بۆ شێعری من
دەرکی دڵان کرانەوە
بەور و تەوار هەستانەوه
هێز و هەڵمەت یەکانگیرن
قەڵەم ئێستا ڕۆشنبیرن
ڕەوت و ڕێگامان لە بارن
دوژمنی دڕیش ناچارن
ملی شۆڕکا دێوی ڕۆژگار
ڕایان ماڵێ’ هاژەی ڕووبار
تۆڵە تەنیا بۆ خوێن ڕێژە
جوامێری و ماف وانە بێژە
هێز و هەڵۆێست جەماوەرن
ماف و یەکسانی داوەرن
ژن و ژیان و ئازادی
ئەویتر و ماف و دادی
مسۆگەر و دیار و ڕۆشن
شکۆی شەقام شۆڕشی ژن
چەق و ناوەند بۆ قەراخە
سەر و سێدارە یاساخە
ڕوانگە و ڕێمان بۆ سەربەرزین
بە مافەوە وەک یەک ئەژین
دیکتاتۆری ناختان بکوژن
سەرکەوتنە شۆڕشی ژن

۸’۷’۱۴۰۱