شۆڕشی ئەمجارە شۆڕشی ژینا درەنگ یا زوو سەردەکەوێ

شۆڕشی ئەمجارە شۆڕشی ژینا درەنگ یا زوو سەردەکەوێ
لە ماوەی ٤٦ ڕۆژی ڕابردوو دا و دوای شەهید بوونی #ژینا_ئەمینی و خۆ بە خاوەن کردنی گەلی کورد لە #ژینا_ئەمینی دیتمان کە یەکریزی و یەکگرتوویی گەل بۆتە هۆی سەرکەوتنی گەل بە سەر دێوەزمەی کۆماری ئیسلامی ئێران دا.
لە ماوی ٤٦ ڕۆژی ڕابردوو دا و بە تایبەت لە چلەی شەهید #ژینا_ئەمینی دا ئاپۆرای وەزاڵە هاتووی خەڵک و راپەرین لە شاری سەقز و گۆرستانی ئایچی نیشانی دا کە ئەگەر یەکگرتوو بین هیچ هەڕەشە و هێزێک ناتوانێ ڕێگا لە هەنگاوەکانمان بۆ سەرکەوتن بگرێ.
لە شۆڕشی ژینا دا تاکوو ئێرە دەیان گەنج و لاوی کورد لە ژن و کچ و کوڕ و مێرمنداڵ و لاو بە دەستی ڕەشی کۆماری دێوەزمەی شەڕ، شەهید بوون و بە سەدان کەس و بگرە بە هەزاران مرۆڤی وەزاڵەهاتوو لە لایەن رژێم و چڵکاوخۆرانی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران گیراون و لە گرتووخانەکان دا بە تووندترین شێوە ئەشکەنجە دەکرێن و بەشێکیان بەداخەوە هەر لە ژێر ئەشکەنجە دا گیانیان پێشکەش بە بارەگای گەل و نیشتمان کردووە و بە سەدان برینداری خۆپێشاندانەکان ئێستا لە ماڵان دا زامەکانیان دەرمان دەکرێن.
دیمەنەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، دوای شەهید بوونی پۆلێک لە جوانترین مرۆڤەکانی گەلی کورد، هێندە ناخهەژێن و خەمهێنەرن، کە مرۆڤ تەنیا بۆ گەورەیی ئەو کەسانە دەبێ سەری کڕنۆش نەوی بکا.
دیمەنی کچی شەهید #فریشتە_ئەحمەدی و ناڵەی ناخهەژێنی، ئەم کیژۆڵە چاو پڕ لە فرمێسکە، مرۆڤ دەباتەوە سەردەمی قەڵاچۆ کردنی قاڕنێ و قەڵاتان و سەوزی و سەرچنار بە دەست ئەهریمەنانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دیمەنی باوکی شەهید #کۆمار_دەرئوفتادە لە کاتی بە خاکسپاردنی ڕۆڵەی چاونەترسی دا، پێمان دەڵێ کە دڵسۆزانی نێوخۆی وڵات زیاتر لە بیری ڕزگاری گەل دان،لە ١٦ ساڵ لەمەوبەردا لە ڕێکەوتێکی دیاری کراوی مێژووی گەلی کورد دا شەهید کۆمار لە دایک دەبێ (٢٥ی گەلاوێژ)، بانگ و هاواری باوکی شەهید کۆمار مانیفێستێکی سەردەمیانە و پڕ لە پەیامی سەرکەوتن بوو، کەمتر لە یەک خولەک قسەی کرد، پەیامی یەکەمی گووتی کە ڕێبازی کۆماری کوردستان و حیزبەکەی کۆمار درێژەی هەیە، پەیامی دووهەمی بە کورتی گووتی کە پاراستنی ئەم خاک و ئاوە ئەرکی نیشتمانی‌یە و شانازی دەکەم کە کوڕەکەم لە پێناو پاراستنی ئەو خاکە دا شەهید بووە و ئەگەر لە مەیدان دانەبین هەموومان دەکوژرێین، پەیامی سێهەم ڕوو لە خۆفرۆش و جاش و بەکریگیراوان گووتی بەسە نۆکەری مەکەن و خەڵکەکەتان مەفرۆشن.
پەیامی یەک خولەکی باوکی شەهید #کۆمار و پەیامی هاوسەری شەهید #فریشتە_ئەحمەدی و پەیامی سەلیم حەقیقی باوکی شەهید #میلان_حەقیقی و چەندین پەیامی کورتی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، زۆر لەو پەیامانەی کە زیاتر لە ١٥ خولەکن، کوردانەتر، بە هەست‌تر و پڕ نیوەرۆک‌تر بوون، پەیامێک کە هەڵگری ڕاستی دەروونی خۆیان و کۆمەڵگا بوو. دوای شەهید بوونی کۆمار، ئەگەر چاوێک بە ئاگاداری پرسەی بنەماڵەی شەهید کۆمار دا بخشێنین، بە جوانی دەیبینین کە هەر هەموو دێرەکانی بە کوردی‌یەکی پاراو و بە ڕێکەوتی کوردی نووسراوە، ناوی منداڵەکانی هەڵقوڵاوی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی‌یە (کۆمار، ژێکاف، مێدیا، ماردین و ئەفسانە) .
گەلی کورد سەربەرزە بە بوونی ئەم بنەماڵە کوردپەروەر و چاونەترس و بوێرانە و درەنگ یا زوو ئەم شۆڕشە سەردەکەوێ.
لە ماوەی شەش حەوتوو و چەند ڕۆژی رابردوو دا پۆلێک لە باشترین ڕۆڵەکانی کورد شەهید بوون، هەوڵم دا وێنەکانیان کۆ بکەمەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا لە خۆپێشاندانەکان دا شەهیدانی سوورخەلاتی گەلەکەمان لە چەند لافیتە و باندرۆڵ دا بە گەورەیی بە دەست خۆپێشاندەرانەوە بێ و بزانن کە ئەوانەی شەهید کراون هیچیان چەکدار نەبوون و بەڵکوو زۆرینەیان منداڵی خوار ١٨ ساڵ بوون.
تکایە ئەگەر وێنەی شەهیدێک کەمە و یا بە هەڵە ناوەکەی نووسراوە ئاگادارم بکەنەوە و لە ناردنی وێنەکانیش بێ بەشمان مەکەن.
بە هیوای ئەوە چیدی شەهیدمان نەبن و گەلەکەمان بە سەر دوژمن دا سەربکەوێ.
ڕووحی شەهیدانی ئەمجارەی شۆڕشی ژینا چ ئەوانەی لە شار شەهید بوون و چ ئەوانەی بە مووشەکی بالستیکی رژێم شەهید بوون شاد.
ڕوو ڕەشی بۆ خۆفرۆشان و جاش و بەکرێگیراون و لە ئازادی کوردستان دا بەرەی گەل سزای کردەوە خائینانەکانیان دەدا.
تۆڵە بە سەبرە بەڵام بە زەبرە.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٣١ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی
#کورد
#کوردستان
#شەهیدان
#حیزبی_دێموکرات
#ڕاپەرین
#ژینا_ئەمینی
#مهسا_ئەمینی
#ڕۆژهەڵات
#جاش