گیاڕەنگ ئاوێنەی باڵانوێن بە ئێوە کپ ناکرێ.
گیاڕەنگ ئاوێنەی باڵانوێن بە ئێوە کپ ناکرێ.
لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا بە بڵاو کردنەوەی هاک کرانی ماڵپەری گیاڕەنگ لە لایەن خۆفرۆشانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و سایبێری ئێران، بووینە مایەی دڵگرانی بینەر و خوێنەر و بابەت نووسان و دڵسۆازنی کورد.
لەم پەیوەندییەدا بە سەدان و بگرە بە هەزاران پەیامی جۆراوجۆر و پڕ لە هەستی برایەتی و دڵسۆزی و هاوکاری لە ڕێگای تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و تەلەفوون و ئێمێلەوە بە دەستمان گەیشتن، ئەو هاوپەیوەندی و هاوسۆزی و خەمخۆرییە بەرینە جیا لەوە کە دڵسۆزی و خەمخۆری گشت لایەکی بۆ ماڵپەری گیاڕەنگ نیشان دەدا، لە هەمان کاتدا پەیامێکی گەورە و پڕ لە ڕق و قین بوو بۆ دام و دەزگای سایبێری ئێران و خۆفرۆشانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە درێژەی ئەم نووسینەدا بە پێویستی دەزانم کە سوپاسی بێسنووری خۆم ئاراستەی کاک برایم عەزیزی ناسراو بە برایمی مام عەزیزی بێوران بکەم، کە هەر لە یەکەم چرکە ساتەکانی هاککرانی ماڵپەری گیاڕەنگدا بە دڵئاواڵەیی و بە شێنەیی و بە پشوو درێژەییەوە، دەستی بە خاوێن کردنەوەی ماڵپەری گیاڕەنگ کرد و لە ماوەیەکی کورت دا توانی بە سەر ئەو کێشەیەی کە هاککەرانی ئێرانی خوڵقاند بوویان زاڵ بێ و بە خەمخۆرییەوە کارەکانی خاوێن کردنەوە و بە دەستەوە گرتنەوەی گیاڕەنگی گرتەوە دەست و لە ماوەی دوو ڕۆژ دا لمبۆزی خۆفرۆشەکانی سایبێری ئێران و هاککەرانی لە خۆڵ وەردا.
وێرای سوپاسی زۆر بۆ کاک برایم عەزیزی، پێویستە کە سوپاسی کاک دڵشاد پەروانە بکەم کە لە ڕێنوێنییەکانی خۆی بێبەشی نەکردین و ئامادەگی تەواوی بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ کاک برایم دەربری و بەردەوام لەگەڵ بەرێوەبەری ماڵپەری گیاڕەنگ لە سەر خەت بوو، دیسان سوپاس بۆ خەمخۆری هەموو لایەک.
کۆتا قسە:
ماڵپەڕی گیاڕەنگ بە پشتیوانی خوێنەر و بینەر و دڵسۆزان و بە هاوکاری بێپسانەوەی کاک برایم عەزیزی و دڵسۆزانی دیکە هەروا درێژە بە کارەکانی خۆی دەدا و لە ناساندن و لەقادانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و جاش و خۆفرۆشان هیچ سڵ ناکاتەوە و بەڵکوو زیاتر لە پێشوو لە گۆڕەپانی گەیاندنی راستییەکان دا هەنگاو هەڵدێنێتەوە.
ڕاستە ماڵپەری گیاڕەنگ بۆ چەند ساتێک ڕاگیرا، بەڵام لووتکەی بەرزی گیاڕەنگ زیاتر لە پێشوو سەری بەرز ڕاگرتووە و بە سەربەرزیش کارەکانی خۆی بەرێوە دەبا و لە وەشان و لە گەیاندنی ڕاستییەکاندا بە گۆڕتر لە پێشوو بەردەوام دەبێ.
سوپاس و ڕێزمان قەبووڵ بفەرموون.
ڕووڕەشی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و جاش و خۆفرۆشانی سەر بە رژێمی ئاخووندی ئێران.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٢٣ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٢ی زائینی