” قورسایی هەرە زۆری شۆڕشە مەزنەکەمان لەسەر شانی ژنانە ” عەلی فەتحی

” قورسایی هەرە زۆری شۆڕشە مەزنەکەمان لەسەر شانی ژنانە ” عەلی فەتحی
ئەمساڵ ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، سی ساڵ بەسەر تیرۆکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانیدا تێپەڕدەبێ. ئەو تیرۆرە ناسراوە بە تیرۆری میکۆنۆس و ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ بەرابەر بە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینی لە ڕێستۆرانێکی یونانی لە شاری بێرلێنی ئاڵمان، بەدەست تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەئەنجام‌گەیی.
خەسارێکی گەورە بوو بۆ جوڵانەوەی کورد بەگشتی و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی. چونکە دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، بە لەدەستچوونی دوکتور شەڕەفکەندی، برینی ئازادیخوازیی قوڵتر و قوڵتر بوو و ئێستاشی لەگەڵ بێ ساڕێژ نەبووەتەوە. ئەگەر جوڵانەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو تیرۆرە ڕێبەرێکی لەدەستدا، لە هەمان کاتدا داکۆکیکارێکی نەسرەوتووی جوڵانەوەی مافخوازی و یەکسانیخوازیشی خەڵتانی خوێن‌کرا.
ئەمڕۆ کە ساڵڕۆژی یادکردنەوەی سی ساڵەی شەهیدانی بێرلێنە، منیش دەخوازم ڕاوبۆچوونەکانی دوکتور شەڕەفکەندی لەسەر گرفتی یەکسانیخوازی و مافەکانی ژن لە توێی بابەتێکدا بخەمە بەرباس. دوکتور شەرەفکەندی یا باشترە بڵێم کاک سەعیدی نێو شۆڕش و ڕیزەکانی حیزب، کەسایەتییەکی نەتەوەیی بەتەواو مانا بوو. مافخوازیی نەتەوەیی وەکوو ئایدیۆلۆژی خستبووە نێو قالب و دیسیپلینی حیزبی و لەو چوارچێوەیەدا بە ئاشکرا بۆچوونەکانی خۆی دەردەبڕی و بە کرداریش هەوڵی سەرکەوتنی بۆ دەدا. ئەو ساڵانێکی زۆر وەکوو ئەندامی ڕێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە بەشی ڕاگەیاندنی حیزبدا چالاک بوو و کەم ڕۆژ هەبوو بابەتێک بۆ “ڕۆژنامەی کوردستان” یا “ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران” نەنووسێ یا ئەگەریش لە دەرەوەی وڵات‌بووایە وتووێژێکی پێک‌نەهێنابا.
بە خوێندنەوەی وتووێژ و بابەتەکانی نێو ئارشیوەکان، کاک سەعید پتر لەهەر گرفتێک دەپڕژێتە سەر “گەلی‌بوون”ی جوڵانەوەی کورد. ناوبراو لە وتارێکی کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٦٥ی هەتاوی لە ڕادیۆدەنگی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ڕاشکاوانە لەسەر جەماوەریبوونی جوڵانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدوێ و دەڵێ: “جوڵانەوەی کوردستان جوڵانەوەی تاقمێک یان چین و توێژێکی تایبەت بۆ داخوازییەکی تایبەت نییە. ئەم جوڵانەوەیە بۆ ئازادی، بۆ ڕزگاریی لە ژێردەستی و بۆ گەیشتن بە سەرەتایی‌ترین مافی ئینسانی‌یە.” بەڕێزیان هەر لەو سیلەیەشڕا سەرەتا جولانەوەکە لە سەرهەڵدانێکی خێڵەکی و عەشیرەتی جیادەکاتەوە کە پتر لە سەدەی نۆزدەدا باوبووە. ئەوجار حیزبێکی سیاسیی ئەرکدار دەکا لە بەرامبەر داخوازییەکانی کورد و لە کۆتاییشدا ڕێبەرایەتی حیزبێک دەکاتە بەرپرسیار. هەروەها جیاوازییەکی قووڵیش لەبەینی ڕێبەرایەتیی حیزبی و سەرکردایەتیی خێڵەکی دەست‌نیشان دەکا و لە وتارێکیدا بەڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٦٥ی هەتاوی بۆ ڕادیۆ کوردستان دەنووسێ :” ئەم جیاوازییە لە زۆر شت‌دایە کە بەبێ شک گرینگترینیان بۆچوون و تێگەیشتن لە جەوهەر و نێوەرۆکی هێزە. بۆچوونی خێڵەکی و عەشیرەتی هەمیشە ئەوەیە کە هێز بریتییە لە پوڵ و چەک ! هەربۆیە فکر و زکریان، کە لە ڕاستیدا ئاخرەکەی دەبێتە مەبەست و ئامانج، پەیداکردنی هەرچی زۆرتری چەک و پارەیە. لە حاڵێکدا لە بۆچوونی حیزبی سیاسیدا هێز لە خەڵکەوەڕا دێت، یان بە وتەیەکی ڕوونتر هێز بریتی‌یە لە هێزی خەڵک. لەو بۆچوونەدا چەک و پارە عامیلی ئەساسی نین، بەڵکوو وەسیلەن لەدەست خەڵکدا…” کاک سەعید لە درێژەی وتارەکانیدا کە پتر دەپڕژێتە سەر ڕوخساری ئازادیخوازانەی جوڵانەوەی گەلیی، لە هەمان کاتیشدا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردەواری ئەرکدار دەکا کە بەشداری لەو جوڵانەوەیەدا بکەن و دەڵێ ئازادیخوازی ئەرکی هەموو کەس، یا هەرکەسێکە کە چووکترین هەستی ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری هەبێ. بێلایەنی پەسند ناکا و بە دیاردەیەکی بێزراوی دادەنێ. بە خوێندنەوەی بۆچوونەکانی جەنابیان، بەرەبەرە دەبینین کە جیا لە جەماوەری بوونی خەبات و سەرکردایەتی‌کردنی لەلایەن حیزبێکی سیاسی‌یەوە، کۆمەڵێک ئەرکی دیکەش وەکوو داکۆکیکاری لە مافی تاک و ڕێزگرتن لە سەروەری مرۆڤەکان و بەتایبەت باوەڕمەندبوون بە مافی یەکسانی ژن و پیاو دێنێتە بەرباس. ئەو دواتر لە قسەکانیدا دیمۆکراسی و نەزمیش وەکوو دوو شتی جیا لە هەڤدوو نابینێ و دروست بەپێچەوانەوە دەڵێ تەواوکەری یەکترن. ناوبراو دژی ئەو بۆچوونەیە کە دیمۆکراسی و ئازادی هەرج و مەرج دەخوڵقێنن. بە شیکردنەوەیەکی تێروتەسەل پڕژاوەتە سەر ئەو بابەتەش و لە وتاری ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٦٥دا دەنووسێ: دیمۆکراسی بەهیج جۆر مانای تێکەڵ‌پێکەڵی و کەس بە کەسی نییە. بەپێچەوانە دیمۆکراسی ڕاستەقینە و نەزم و ڕێکوپێکی دوو شتن کە بەتەواوی پێکەوە بەستراونەوە. چونکە ئەگەر دیمۆکراسی بەو مانایە بگرین کە هەموو کەس خۆی لە نەزمی مەوجووددا بە بەشدار بزانێ، دیارە ڕێزدانان بۆ ئەو نەزمەش دەبێتە ئەرکی هاوبەشی هەموو کەس. بە وتەیەکی دیکە، ئەگەر لە کۆمەڵێکدا هەموو ئەندامان بڕوایان بەوە هێنابێ کە هەرکامەی ئەرکێکیان لەسەر شانە و پێویستە بۆ ڕاگرتن و گەشەپێدانی کۆمەڵەکەیان ئەو ئەرکە بەجوانی بەڕێوە بەرن، ئەوە دەبێتە لەبەرچاوگرتنی نەزم و دیسیپلین لە کۆمەڵێکی دیموکراتیدا…
کاک سەعید لە کۆی باسەکانیدا بە شێوەی سیستماتیک هەنگاو دەنێ و دەخوازی بەگژ مەترسیدارترین دیاردەی سەردەمدا بچێتەوە کە دەسەڵاتدارییەتی ئاخووندەکانە. ئەو تەواو بۆی دەرکەوتووە سەرەڕای بوونی قانوونێکی نووسراو لە وڵاتی ئێران، خەڵک بۆی نییە پەیڕەوی لە هیچ یاسا و ڕێسایەک بکا، جیا لەوەی ویلایەتی فەقیهی دەیڵێ و لەسەرووی هەمووشیاندا ئەوەی حەز و مەیلی خومەینی ئیمامەکەیانە. ئەو ئیمامەی لەمەر مافی مرۆڤ و تاکەکان لە کتێبە ناسراوەکەیدا بە ناوی ” توضيح المسائل ” چەندە وەحشییانە دواوە و تەنانەت بەزەیی بە منداڵی سەر پشتی لانکیشدا نەهاتووە و ژنیش بەلای ئەوەوە چۆن بە سووکی سەیرکراوە. دوکتور شەرەفکەندی وەختێک دێتە سەر باسی قانوونی ئەساسی ئێران و هەوڵ‌دەدا بەڵکوو لەنێو یاسا نووسراوەکاندا کۆمەڵە مافێک بدۆزێتەوە، هەرچەند لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئاخووندەوە هیچ بایخێکیان نەبێ، بەو حاڵەش ڕووناکییەک بەدی‌ناکا و لە وتاری ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٦٧یدا دەڵێ: ” بە وتەیەکی ڕوونتر، لە ڕێژیمی ئێستای ئێراندا، دیارە بەڕواڵەت قانوونێکی ئەساسیی هەیە کە چوارچێوەی قانوونیی بۆ بەڕێوەچوونی کاروباری وڵات دیاری‌دەکا و بەپێی قاعیدە هیچکارێک و هیچ قانوون و بڕیارێک نابێ لەو چوارچێوەیە دەربچێ. بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێژیم ڕێژیمێکی مەزهەبی‌یە و هەموو قسە و ئیدیعای ئەوەیە کە کاروباری وڵات دەبێ لە چوارچێوەی قانوون و ڕێوڕەسمی ئیسلامدا بێ و بەس. لە ئاکامدا شارەزا و پسپۆری قانوونی ئەساسیی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هەر ئاخووندەکان خۆیانن و هەرکام لەوانیش دەتوانێ بە تێگەیشتنی خۆی ئەو قانوونە لێک‌بداتەوە و نەزەری تایبەتی لەسەر بدا، بە واتایەک قانوونی ئەساسیی وڵات واتە نەزەر و بڕیاری ئاخوندەکان ” .
بۆوەی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا هەست بە ئەمنییەت و ئاسایش بکەن و مافیان پارێزراو بێ، پێویستە سیستەمێکی دادپەروەر لەگۆڕێدا بێ. لە سەدەی بیست بەولاوە، پتر بایخ بە جمهوورییەت دراوە و سیستەمی مۆنارشی و تۆتالیتەر وەلانراوە. بۆ ئێرانی بەڵالێدراو، دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری جمهووری، دیسان خەڵکە ماڵوێرانەکە خێرێکیان لەو جمهوورییەتەش نەدی. چونکە ئەوەی دامەزرا هەر ناوی جمهووری بوو و لەڕاستیدا “ولی فەقیه” لەجیات تاجی پاشایەتی، حەمامەی لەسەر بوو و هیچی‌تر. بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاخووندەکان شەڕ و ماڵوێرانی ڕووی لە خەڵک کرد و نیوەی کومەڵ واتە ژنەکان کەوتنە بەر شمشێری “امر به معروف و نهی از منکر”. ئەوەش لەبەرچی؟ دوکتور شەرەفکەندی هەر لە هەمان وتاردا وڵام‌دەداتەوە و دەنووسێ: “هەروەک گوتمان هەر ئاخووندێک بە گوێرەی مەقام و وەزعی تایبەتی خۆی دانەر و بەڕێوەبەری قانوونە و لە واقیعدا بە ئەندازەی ئاخووندەکان لەم وڵاتەدا قانوون هەیە. هەر بۆیە چ قانوونی ئەساسی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و چ وەک خۆی بمێنێ، بەکردەوە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو و کاریگەر لەو وەزعە شپرزە و بێ‌سەرە و بەرەیەدا پێک‌نایە. ئەو ڕێژیمە بە هیچ جۆر ڕێژیمێکی جمهووری نییە و عینوانی کۆمار یا “جمهوری” بۆ ئەو بێ‌مانایە. ئیختیار و دەسەڵات لەدەست “ولی‌فقیه”دایە و ئەویش لەلایەن خەڵکەوە دیاری‌ناکرێ و خۆیشی خۆی بە هەڵبژاردەی خەڵک نازانێ… ”
کە باس لە ماف و یاسا و جمهورییەت و ئەرزیشە ئینسانییەکان دەکرێ، دەبێ هەندێ خاڵ وەک بنەما لە قانوونی ئەساسیی هەر وڵاتێکدا هەبن و ڕەچاوبکرێن. وەک پێشتر گوتمان، شتێ بەناوی قانوونی ئەساسیی لە ئێراندا هەیە کە لەلایەن ئاخووندەکانەوە نووسراوە، لێ مەخابن لەجیات وەبەرچاوگرتنی ماف و کەرامەتی ئینسانی هەر تاکێکی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان، بەو جۆرە داڕێژراوە کە دوکتور شەرەفکەندی بەجوانی هێناویەتە بەرباس: ” دەبێ دەستی دز ببڕدرێ، یان ژن و پیاوی خەتاکار حەددیان لێ‌بدرێ و ڕجم بکرێن، یان ژنان دەبێ لەژێر حیجابدا بن و خۆیان باش لە چاوی مەحرەمان داپۆشن و هەروەها لەباری “ارث”بردن و شایەدی‌دان لە کاتی قەزاوەتدا وەک پیاوان حیسابیان لەسەر نەکرێ… “. ئیدی وەک دەگوترێ، لێرەدا خوێنەر خۆی پێویستە لێکی‌بداتەوە کام یاسا حاکمە! ئاخووندەکان بە کێشەی حیجاب ئەوە چل ساڵە خەڵکیان سەرقاڵ کردووە و تەنانەت بووەتە گاڵتەجاڕییەک بۆ وەڤدە بیانی‌یەکانیش کە بەفەرمی سەردانی ئێران دەکەن. کاک سەعید سەردەمی خۆی لەو بارەوە قۆڵی لێ‌هەڵماڵیوە و بە وتارەکانی لە دەنگی کوردستانی ئێران، بەردەوام بەگژ درۆ و دەلەسەکانی کۆماری ئیسلامیدا چووەتەوە و ڕەفسەنجانی وەدرۆخستووەتەوە. بۆ وێنە لە وتاری ٨ی مانگی گەلاوێژی ١٣٦٣دا نووسیویەتی: “ڕەفسەنجانی دەڵێ: حیجاب بەپێی فتوای هەموو فەقیهەکان و عالمانی دینی پێویستە. ئەوەش درۆیەکی گەورەی دیکە! چونکە ئەو هەموو وڵاتە ئیسلامی‌یە بە چەندین سەد میلیۆن حەشیمەتەوە لە دنیادا هەن و فەقیهەکانی ئەو وڵاتانە هیچ فتوایەکی ئەوتۆیان نەداوە. ڕەفسەنجانی زۆر فێڵبازانە و بێ‌ئابڕوویانە دەنگ هەڵدێنێ و دەڵێ: ئێمە ئیجازە نادەین لە کووچە و کۆڵان و خیاباناندا وەزعێک بێتە پیش کە ببێتە هۆی گوناح بۆ منداڵی موسوڵمانان. خیابان و پارک و ڕێگای هاتوچۆ دەبێ ئەمین بن…. ڕەفسەنجانی لەو قسانەدا دوو ڕاستی دەردەخا. یەکەم ئەوە کە منداڵە موسوڵمانەکانی ئەو تەنانەت پاش پێنج ساڵ مەغزشۆری و تەربییەتی ویلایەتی فەقیهی، دیسانیش هەر چاویان بە هێندێک مووی سەری ژنێک بکەوێ کە لەژێر ڕووسەریدا هاتۆتەدەر، فەوری تووشی گوناح دەبن و بەم‌جۆرە بێ‌ئەسەری تەربییەتی ویلاتی فەقیهی دەردەکەوێ. دووهەم: هەر ئەوە کە ژنان توند خۆیان دانەپۆشن و چادرەکانیان توند لە خۆوە نەپێچن و بۆ نموونە کەوشێک لەپێ‌بکەن کە نووکی قامکەکانیان وەدەردەخا، ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە مەترسی‌یەوە، نیشان‌دەدا کە پایەی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی چەند سست و لەرزۆکە … ”
ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە وەک ڕۆژی جیهانی ژن، یەکەمجار ساڵی ١٩١٠ی زایینی دیاریکرا، واتە ١١٢ ساڵ لەوە پێش. ئەوە پێشنیازی “کلارا زتکین”، شێرەژنی ئاڵمانی لە دووهەمین کۆنگرەی ژنانی سۆسیالیست لە کۆپێنهاگی پێتەختی دانمارک بوو. لەو کاتەوە مافە سیاسی‌یەکانی ژنان بەرەبەرە هاتنەگۆڕێ. وەرگرتنی مافی دەنگدان هەنگاوێکی بەوەج بوو و ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ پتر شانبەشانی پیاوان هەنگاویان نا و مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکانیان دەستەبەرکرد. کاک سەعید لە درێژەی وتارەکانیدا سەبارەت بە جوڵانەوەی نەتەوەیی و مافخوازی و هەڵسەنگاندنی جیاوازییەکانی نێوان شۆڕشێکی جەماوەری و خێڵەکی و هەروەها ساختاری حوکمڕانی و قانوونی ئەساسیی و سیاسەتە دژی مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەر مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ژنان ، بەوردی پڕژاوەتە سەر کێشەی بێ‌مافی ژنانیش لە کۆمەڵگەی ئێراندا و لە توێی بابەتێکدا لەسەری دەدوێ و پێیوایە:
” ئەگەر ڕێزگرتن لە ڕۆژی ژن ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا وەک جێژنێک و ڕەسمێک چاوی‌لێدەکرێ، بۆ وڵاتانی پاشکەوتووی وەک ئێران، بەتایبەتی ئێرانی ئاخووندی و بۆ کۆمەڵی کوردەواریی خۆمان وەک ئەرکێکی گەورە و بەشێکی گرینگ لە خەبات و تێکۆشان دژی پاشکەوتوویی دەبێ بەحیساب بێ. لە ئێراندا هەموومان دەزانین کە ژنانی خەباتگێڕ و ئازادیخواز وێڕای خەباتگێڕانی پیاو لە بەربەرەکانی دژی ڕژێمی سەرەڕۆی شادا بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبووە، زۆر شێرە ژنی شۆڕشگێر شەهیدکران و زۆری دیکەش لە زیندانەکانی ساواکدا ئەشکەنجەدران. لە جەرەیانی شۆڕشی بێ‌وێنەی گەلانی ئێران بە دژی ڕژێمی پاشایەتی و لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە مەزنەدا ژنانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی چ خوێندەوار و خوێندکار و چ ئەوانەی لەنێو ماڵدا ژیانی بنەماڵەیان بەڕێوە دەبرد بەڕاستی نەخشێکی بەرچاو و تێکۆشەرانەیان هەبوو و دەورێکی کاریگەریان گێڕا. بەڵام پاش هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئاخووندی، ژنانی ئێران بە گشتی بەسەر دوو دەستەدا بەش‌بوون. دەستەی یەکەم ئەوانەن کە لە ڕیزی سازمانە سیاسی‌یە پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕەکاندا بۆ ئازادی خەبات دەکەن و نیشانیان داوە کە لەم ڕێگایەدا لە هەموو مەیدانەکانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا لە هیچ پیاوێکی خەباتگێڕ کەمتر و کارلێهاتووتر نین. دەستەی دووهەمیش کە زۆربەی ژنانی وڵات دەگرێتەوە، ئەوانەن کە لەنێو وڵاتدا بە تووندی کەوتوونە ژێر فشار و تێرۆری دێوەزمەی ڕەشی حکوومەتی ئاخوندی و بێجگە لەو زوڵمەی کە وەک هەموو خەڵکی ژێردەستەی ئێران لێ‌یان‌دەکرێ، وەک ژنیش زوڵمێکی تایبەتیان لێدەکرێ بە جۆرێک کە تەنانەت ئەوەندە مافە کەمەی کە لە زەمانی شاشدا وەریان‌گرتبوو، لێ‌یان وەرگیراوەتەوە و ئێستا لە هەموو مافێکی ئینسانی بێ‌بەشن… ”
ئەوەی ڕاستی بێ، چەوسانەوەی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی یاسا و ڕێسا ئایینی‌یەکانی دەستکردی ئاخووندەکان لە ماوەی چوار دەیەی دوایی مێژووی ئێران نەک شتێکی شاراوە نییە، بەڵکوو وای‌ڵێهاتووە کە ئاخووندەکان بە ئاشکرا باسی‌دەکەن. ئەگەر کاک سەعیدی شەهید لە وتارێکیدا کە ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٣٦٣ی هەتاوی لە رادیۆ بڵاوی کردووەتەوە و باسی دۆخی نالەباری ژنان دەکا، ٣٨ ساڵ دوای ئەو بابەتە دیسان سەیری کۆمەڵگەی ئێران بکەین، دەبینین ئەو دۆخە نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە ترسی سەرهەڵدانی ژنان و گەشەی جوڵانەوەی مافخوازییان، زەختی زۆرتر کردووە و دڕندانەتر لە پیشوو لەگەڵ ئەو توێژە دەجووڵێتەوە. دوکتور ئەو سەردەم دەڵێ: “کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ خۆشیان پێشێلکردنی مافی ژنان نەک هەر ناشارنەوە، بەڵکوو شانازیشی پێوە دەکەن و بە عەینی دەستووراتی ئیسلامی دەزانن، تا ئەو جێگایە کە نوێنەری مەجلیس بە ئاشکرا پیاوان هان‌دەدا سێ ژن و چوار ژن بێنن و لەنێو ماڵدا وەک دیل ڕایان‌بگرن. هەروەها بەپێی فتوای خومەینی کە مەسەلەی “صیغە” واتە ڕاگرتنی ژن بۆ ماوەیەکی کاتی کە مومکینە زۆر کورتیش بێ، مەنعی قانوونیی نیە. واتە کڕین و فرۆشتنی ژن وەک کۆیلە یان وەک کاڵایەک کڕین و فرۆشتنی بکرێ بە قانوونی! ….. ”
هەنووکە دیسان، بە سەیرکردنی ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان، ئەوەی ڕوون و ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێ، ئەوەیە کە ئەو ڕژێمە بەو مەجلیس و یاسا و نێوەرۆکە کە هەیەتی، لەباری دابینکردنی مافی ڕاستەقینەی ژنانەوە نابێ چاوەڕوانی هیچ هەڵوێستێکی پێشکەوتووانەی لێ‌بکرێت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ داڕماوتر لەگەڵ گرفتی ژنان دەجوڵێتەوە. تا ئەو جێگایەی کە لەو دواییانەدا جیا لەوەی “صیغە”یان کردووەتە ئەرکێکی ئیسلامی، پرۆپاگەندە بۆ ژنەکانیش دەکەن پتر لە پێشوو خۆیان لە ئیختیار زیارەتکەرانی مەشهەد و قوم بنێن کە لە عێراقەوە دێن، چونکە لە بیلادی ئیمامانی شیعەوە بۆ زیارەتکردن هاتوون و تۆزی سەر پێڵاوەکانیان متفەڕکە.
دیارە ئەگەر بەراوردێکی ورد‌بکەین، ژنانی کورد وێڕای پیاوان بە حوکمی ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی سیاسیدا دەژین و بەردەوام بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان شانبەشانی پیاوان خەبات دەکەن، ئاساییە چوارچێوەی فکری‌یان کراوەتر بێ و خاوەن دۆخێکی زۆر جیاوازتر لە ژنانی ئێران بن. هەروەها، لەبەر ئەوەی ئایین لە کوردستان وەک هەمیشە بابەتێکی کەسی بووە و هەوڵ‌نەدراوە بە سیاسی بکرێت و دیاردەی “صیغە”ی دەستکردی ئاخووندەکانیش شتێکی نامۆ بە کۆمەڵگای کوردستان بووە و نەیتوانیوە جێ‌بگرێ، بۆیە دەکرێ بڵێین یەکدوو خاڵی ئەرێنی هەن کە یارمەتییان بە گەشەی ڕەوشی ژنی کورد کردووە. بەڵام لە هەمان‌کاتیشدا نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین کە زۆر نەریتی کۆن هەروا ماون و ئێستاش مەترسین لەسەر ژیانی کەسێتی ژنی کورد. تا ئیمرۆش مافی ئەو خۆشەویستانەمان بەداخەوە لەبەر دواکەوتوویی کۆمەڵگا پێشێل‌دەکرێت. هەبوونی نەریتی ناحەز و ناڕەوا، مارەکردنی بەبێ مەیلی کچ و بە زۆرەملی بەشوودانیان، گەورە بە بچووکدان، مارەکردنی سەر پشتی لانک، ژن‌بە ژنە و دیاردەی قیزەوەنی فرەژنی کۆمەڵە پەڵەیەکی ڕەشن و پێویستە لەسەر ڕوخساری کوردستان پاک‌بکرێنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، وەختێک کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام تێدەکۆشێ مافە نەتەوەییەکانی دەستەبەر بکا، ژنانیش نیوەی داینامۆ و هێزی ئەو جوڵانەوەیە پێک‌دێنن و پتر لە پیاوان ئەرکی ڕاپەڕاندنی شۆڕشیان لە ئەستۆیە و لە تەنیشت ئەو وەزیفانە ناچاریشن مناڵان لە داوێنی گەرمی‌خۆیاندا پەروەردە بکەن و لایەلایەی نیشتمانپەروەریان بە گوێیاندا بخوێنن و جیلی داهاتووی درێژەدەری شۆڕش پێ‌بگەیەنن، کەوابوو دەبێ بڵێین قورسترین ئەرکەکان لەسەر شانی ئەوانە. بۆیە نابێ لەبیرمان بچێ کە ڕێزگرتن لە مافی ئەو دایکانە گەورەترین شانازییە بۆ هەر تاکێکی پیاوی کورد.
لەمەر ئەرکی دایک و خوشکان وەک کاک سەعید لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێ: ” ژنانی کورد لە جەرەیانی شۆڕشیشدا باوەشی گەرمیان بۆ وەرگرتنی پێشمەرگە خۆشەویستەکان و میوانداری لێکردن، نان و خواردەمەنی پێ‌گەیاندن، شیوکوڵ بۆ کردن و ئاگاداری پێ‌گەیاندن لەسەر وەزعی دوژمن هەمیشە ئاواڵەیە و بەڕاستی دەتوانین بڵێین : ” قورسایی هەرە زۆری شۆڕشە مەزنەکەمان لەسەر شانی ژنانە ” . دەی مادام باری قورسی شۆڕش و ژیانی ئاسایی بنەماڵە و پەروەردەی نەوەی داهاتوو لەسەر شانی ژنی کوردە، با پیاوی کورد هەندێ لەو بارە قورسەی سەر شانی ئەو دایک و خوشکانەی خۆی کەم بکاتەوە و ئەگەر پێیوایە ئەوان نیوەی کۆمەڵن و وەکوو ئەو خاوەن ئەرزیشە ئینسانی‌یەکانن، با ڕێز لە مافەکانیان بگرێ و یەکسانی ڕەچاوبکا و سەربەستی ئەوان نەخاتە بەردەستی یاسا بۆگەن و دواکەوتووەکان!
عەلی فەتحی
ستۆکهۆڵم ١٢-٠٩-٢٠٢٢