کەم ئەندامانی سەنگەر (خاوەن پێداویستی) ، وەک هەمیشە هەر لە سەنگەری بەرگری دان

کەم ئەندامانی سەنگەر (خاوەن پێداویستی) ، وەک هەمیشە هەر لە سەنگەری بەرگری دان

بەشداری هەزاران کەسی لە کوردانی تاراوگەنشین و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە یادی سی ساڵەی شەهیدانی میکۆنووس دا نیشانەی دڵسۆزی بە گەل و نیشتمان و بێزاری دەربرینە لە کۆماری ئیسلامی ئێران ( دەوڵەتی تیرۆر و ڕەشەکوژی) و خۆشەویستی‌یە بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ئەم خۆپێشاندان و مانۆڕە گەورەیەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دوای یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکڕات، گوڕ و هێز و تینی زیاتر بە خەباتی نەتەوایەتی و خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان دەبەخشێ و دەبێتە هەوێنی خەباتێکی نوێ و سەردەمیانە بە دژی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی و لە هەمان کاتیش دا دەبێتە هیوا و ئومێد بۆ خەڵکی وازاڵەهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لەم خۆپێشاندانە بەرینەدا یادی تازەترین شەهیدی زوڵم و ستەم خاتوو ژینا ئەمینی ( مەهسا) کە بێ بەزەییانە لە لایەن رژێمەوە شەید کرا، کرایەوە و بەشداران بە گشتی و خاتوونەکان بە تایبەتی بێزاری خۆیان بۆ ئەم کردەوە قێزەوەن و دوور لە مرۆڤایەتیان دەربری.

خۆپێشاندانی ئەمجارە ئەگەر پەیامی یەکریزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دەگەیاند، لە هەمان کاتدا پەیمان نوێ کردنەوەش بوو لەگەڵ شەهیدانی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی حیزبەکەمان ( شەهیدان کاک دوکتور سەعید شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدوولی، کاک هومایون ئەردەڵان و کاک نووری دێهکۆردی).

بەشداری هەزاران کەسی ئەم خۆپێشاندانە نیشانەی خەمخۆری ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی گەلەکەمان بوو بە خەباتی ڕەوا و بەرحەقی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەمرۆ حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا.

بەشداری سەدان کەس لە کەسایەتی‌یە سەربەخۆکانی کوردستان و نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات، بەشداری مێرمنداڵان و گەنجان ، بەتەمەن و بەساڵاچوان، بەشداری بەرچاوی خاتوونەکان، چ وەک ڕەگەزی مێ و چ وەک ئەندامانی چالاکی حیزب و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، بەشداری بەشێکی بەرچاو لە توێژەکانی کۆمەڵگای کورد لە تاراوگە نیشانەی خەمخۆریانە بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات دا و لە کاتی خەباتی سەخت و دژواری دەیەکانی ٥٠ و ٦٠ و ٧٠ هەتاوی دا، بە هەزاران ڕۆڵەی کورد لە سەنگەر دا شەهید بوون و بە سەدان تێکۆشەر لە ریزەکانی حیزب دا لە کاتی  بەرەنگاری لە بەرامبەر دوژمن دا زۆر بە تووندی بریندار بوون و بەشێکیان چەندین ئەندام لە جەستەیان لە دەست داوە و وەک کەم ئەندامانی سەنگەر و شەهیدی زیندووی گەلەکەمان هەنووکەش درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەن.

لەم خۆپێشاندانە دا دەیان و بگرە زیاتر لە سەد کەم ئەندامی سەنگەر لە ریزی پێشەوەی خۆپێشاندان دا بە بڕینی چەندین کیلومیتر بە شەقامەکانی شاری بێرلین دا نیشانی دا کە نەک کەم ئەندام نین بەڵکوو زۆر بە هێز و گوڕ و تینەوە ئامادەگی خۆیان بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هاوخەباتی چ لە دەرەوەی کوردستان و چ لە نێوخۆی وڵات دووپات کردەوە.

بڕینی هەزاران کیلومیتر بە ماشێن و کەرەسەکانی دیکەی هاتووچۆ بۆ مرۆڤی ساخ و تەندرووستیش بێ کێشە نییە، بڕینی هەزاران کیلومیتر بۆ مرۆڤ هەم کاتی پێویستی گەرەکە و هەمیش جەستەیەکی ساخ و تەندرووست، هەر بۆیە بڕینی هەزاران کیلومیتر بۆ کەم ئەندامەکان چەند قات زیاتر لە مرۆڤی ساخ و تەندرووست پڕ کێشەتر و سەختتر و پڕ گرفت‌ترە.

وێرای بەرز نرخاندنی بەشداری چالاکانەی هەموو لایەک و سوپاس و ڕێز لە زەحمەتی یەک بە یەکی بەشداربووان، پێم خۆش بوو بەم کورتە نووسینە ڕێز و وەفای خۆم بۆ هەموو خاوەن پێداویستی‌یە تایبەتەکان، چ ئەوانەی لە سەنگەری بەرگری دا جەستەیان شەقار شەقار بووە و بەشێک لە جەستەیان لە کوردستانی ئازیزدا بەجێماوە، چ ئەوانەی بە ڕوودای جۆراجۆر و یا بە نەخۆشی کەم ئەندام بوون و لەم خۆپێشاندانە دا بەشدار بوون، دەرببرم و سەری ڕێز بۆ زەحمەتەکانیان دابنوێنم و پێیان بڵێم کە ئێوە نەک کەم ئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت نین بەڵکوو ئێوە خاوەن ئیرادە و ئیمان و گەورەیی تایبەت بە خۆتانن، ئێوە شەهیدی زیندووی گەلەکەمانن، ئێوە خاوەنداری ڕاستەقینەن لە بزووتنەوەی گەلی کورد و لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خاوەنی ئەم حیزبە گەورەن، هەر بۆیە پێویستە کە هەم گەلەکەمان و هەمیش حیزبەکەشمان لە ئێستا و لە داهاتووش دا، ئێوە وەک مرۆڤی خۆنەویستی گەل و نیشتمان چاو لێ بکەن و لە جەستەی زامداری نیشتمان دا جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆتان بۆ دیاری بکەن.

لەوە دڵنیام کە هیچ یەک لە کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی‌یەکانی سەنگەر جیا لە سەرکەوتنی گەلەکەیان و حیزبەکەیان هیچ پلە و پایە و بەرپرسایەتی‌یەکیان گەرەک نییە، بەڵکوو گەرەکیانە کە وەک هەمیشە بڵێن ئەم حیزبە ، حیزبی هەموو لایەکە و ئی هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگایە و چاوەروانیمان هەیە کە ئەم حیزبە بۆ هەمووان بێ و ئی هەمووانیش بێ، یەکریزی و یەکدەنگی و بە یەکەوە بوون ئازارەکانی کەم ئەندامان و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان کەم دەکاتەوە و هەموو لایەک دڵخۆش دەکا.

ئەم خۆپێشاندانە نیشانی دا کە هەر کات مرۆڤ ئیرادە بکات دەتوانێ کاری گەورە بکات، کاری گەورەش بێ کەم و کوڕی نابێ و ئەم خۆپێشاندانەش بێ کەم و کوڕی نەبوو هەم خاڵی بەهێزی تێدا بوون و هەمیش خاڵی لاواز، گرینگ ئەوەیە کە لە داهاتوو دا بتوانین خاڵە لاوازەکانیش بەهێز بکەین و کەم و کوڕی‌یەکانیش ڕیشەیی چارەسەر بکەین.

لە کۆتایی دای سەری ڕێز بۆ بەشداری هەموو لایەک دادەنوێنم و دووجار و چەند جار بۆ کەم ئەندامانی بەشدار لەم خۆپێشاندانەدا سەری ڕێز دادەنوینم.

زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدار نوێکردنەوەیە بۆ ئەو هێز و گوڕ و تینەی کە لە خۆتان نیشان دا، هیوادارم کە لە داهاتوودا کاری گەورەتر بکەین و بە گشتی هیوا دەخوازم کە ئەوانەی لەم سەفەرەدا بە هەر هۆکارێک نەیانتوانی بوو بەشداری بکەن لە داهاتوودا قەرەبووی نەهاتن و بەشداری نەکردنی ئەمجارەیان خۆیان بکەنەوە.

لە داهاتوودا وێنەکان بە گشتی دادەنێم و ئاڵبۆمیان بۆ دەکەمەوە، سوپاس بۆ ئالین کەریمی کوڕم کە زەحمەتی کێشانی وێنەکانی کێشاوە و سوپاس بۆ ئەوانەی یارمەتیدەر بوون و زۆر وێنە بڵاو بوونەوە، نە من و نە ئالین هەوڵمان نەداوە کە کامێراکەمان تایبەت بە کەس و یا توێژێکی بەشدار زۆم بکەین و هەر بۆیە ئەگەر بەشێک لە کەم ئەندامەکانیش لە وێنەکان دا دیار نین نیشانەی ئەوەیە کە زۆمی کامێرا لە سەر کۆی گشتی بەشدار بووان بووە و هیوادارم کە بەشی ڕاگەیاندن بە ئەرکی خۆی هەستا بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٨ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٢ی زائینی