یەکریزی سەرکەوتنمان دەستەبەر دەکا. حەمەڕەسووڵ کەریمی

یەکریزی سەرکەوتنمان دەستەبەر دەکا.

مێژووی کۆن و نوێی گەلەکەمان پڕە لە خۆڕاگری و بەربەرەکانی بەرامبەر بە داگیرکەرانی کوردستان، پڕە لە سەرکەوتن و نسکۆ و دابڕان و پاشەکشە، هەموو ئەوانە بە گشتی بۆتە خەباتێکی نەپساوە بە دژی داگیرکەرانی کوردستان.

ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان، بێ‌شک ئەم حیزبە داهێنەر بووە و دوای دامەزران و دەستبەکاربوونی، هەوڵی داوە کە کۆماری کوردستان، هێزی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، خوێندن بە زمانی دایکی و دام و دەزگای خۆبەڕێوەبەری درووست بکا و هەنووکەش وەک داکۆکیکاری ئەو دامەزراوانە خەبات دەکا، یەکەم حیزبی کوردی بووە بە مێژوویەکی نزیک هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشانەوە. فەلسفەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان بووە و بیری حکوومەتداری یەکێک لە ئامانجە سەرەکی‌یەکانی بووە و بۆ دابین کردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی تێکۆشاوە و تێدەکۆشێ.

لە ماوەی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە دا، حیزبی دێموکرات گەلێک شانازی گەورەی خوڵقاندوون، سەربەخۆیی فکری و بڕیاردان، درێژەدانی خەباتی نەتەوایەتی لە ژێر هەموو قەیران و باردۆخێک دا و پشتیوانی خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان نیشانەی بەرحەق بوونی خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبەیە.

ئەگەر لە لایەک حیزبی دێموکرات ساحەب پێگە و خەبات و تێکۆشانێکی درەوشاوەیە لە هەمان کاتیشدا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بێ کەم‌وکوڕی نەبووە و هیچ کاتیش خۆی لە کەم و کوڕی‌یەکان بێبەری نەکردووە و هەوڵی داوە کە کەم و کوڕییەکان بە پێی توانا و هەلومەرج چارەسەر بکات.

یەکێک لە کەم و کوڕییەکانی حیزبی دێموکرات بە یەکەوە نەحاوانەوە و لەتبوونی حیزبی دێموکرات بووە و ئەوەش بۆتە جێگای نیگەرانی و زیان و زەرەر لە شۆڕش و بزووتنەوەی کورد و لە خودی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

وەک دیاردەی باش، هەموومان باس لە یەکریزی و یەکگرتن دەکەین و بەرژەوەندی گشتیمان لە لا زۆر گرینگ بووە، بەڵام بەو حالەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندجار تووشی لەتبوون بووە و دوای ماوەیەک دوور لە یەکتر کار کردن، جارێکی دیکە بە هەوڵ و هیممەتی هەمەلایانە وەسەریەک کەوتۆتەوە.

بێ شک وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات ( حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ) گوڕ و تینی زیاتر بە ڕەوڕەوەی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشی و هیوابەخش و خەڵک پەسەندە و هەر بۆیەوش کاریگەری لە سەر هەموو جۆرە خەباتەکانی سیاسی، کۆمەلایەتی، ڕێکخراوە مەدەنی‌یەکان و بزووتنەوە نێوخۆی‌یەکان دەبێ و هاوکات لە باری کاری دیپلۆماسی و خەباتی سیاسی و مێدیایی لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی کوردستانیش دا ئادرەسێکی بەهێز دەبێ بۆ پەیوەندییەکان و بۆ دیالۆگ لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پێ ڕاگەیشتن بە دۆزی ڕەوای کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

لەم پەیوەندی‌یەدا پێشتریش حیزبی دێموکرات بە هۆی بوونی سیاسەتێکی ئووسوڵی و سەردەمیانە و بە هۆی کاریزمابوونی ڕێبەرانی شەهیدمان قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی و پێداگری حیزبەکەمان لە سەر پشتیوانی لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ وەک یەکێک لە حیزبە کوردستانی‌یەکان لە دونیای دەرەوە سەیری کراوە. بێ‌شک ئەم یەکگرتنەوەیە دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆ کاری پەیوەندییەکان و دەبێتە هێز و گوڕ و تینی زیاتر بۆ شۆڕشگێران لە بازنەی کاری حیزبی و غەیرە حیزبیدا.

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان خەباتی نەتەوایەتیمان پتەوتر دەکا، بازنەی کاری ڕێکخراوەیی حیزب بەرفراونتر دەکا، هیوا و ئومێدی تازە بە خەڵکی کوردستان دەبەخشێ و خەڵکیش زیاتر لە جاران خۆیان لە نێو حیزبی یەکگرتوودا دەبینێتەوە. خەڵکی کوردستان خەبات و کار و چالاکی‌یەکانیان زیاتر و زیاتر دەکەن و لە هێژموونی خۆیان بۆ بەرگری لە کەیانی کورد و ویست‌ و داخوازی‌یەکانیان زیاتر لە پێشوو کەڵک وەردەگرن و پشت ئەستوور بە یەکریزی و یەکگرتوویی مەیدانی خەباتیان بەربەرینتر دەکەن.

ئەگەر یەکریزی نێوماڵی کورد و بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات لە لایەک بۆ خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی کورد جێگەی خۆشحاڵی‌یە، بێ‌شک بۆ دوژمنانمان و بۆ داگیرکەرانی کوردستان جێگەی نیگەرانی و مایەپووچی‌یە، دوژمنانمان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پێش بە یەکریزی نێوماڵی کورد و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات بگرن و وەک شەمشەمەکوێرە لە شەوی تاریک دا زەربەی خۆیان بوەشێنن و نەهێڵن کە یەکریزی کورد لە هیچ یەک لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش سەر بگرێ و بە درووست کردنی رایەڵەی جۆراوجۆر کار بۆ لێکترازانی زیاتری نێوماڵی کورد بکەن.

ئەرکی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو، (حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران) تەنیا وەسەریەک خستنەوەی دوو باڵی حیزب نییە، بەڵکوو ئەرکێکی نیشتمانی دیکەی ئەوەیە کە بەرنامەی بۆ یەکریزی نەتەوەیی بە هەموو ڕەنگ و چین و توێژ و ئایین و بیروباوەڕێکەوە هەبێ و بتوانێ لە داهاتوو دا بە بێ جیاوازی کار بۆ وەسەریەک خستنەوەی نێوماڵی کورد بکا و ببێتە پێشەنگی درووست کردنی بەرەی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەم چەشنە پیلانەکانی ڕژێم پووچەڵ بکەنەوە و ئامانجە چەپەڵەکانیان بکەنە بڵقی سەرئاو.

بژی یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکگرتووی گەلی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی

بۆ پێشەوە بەرەو پتەوتر کردنی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٥ ـ ٠٥ ـ ١٤٠١ی هەتاوی

١٦ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٢ی زائینی