کاک حوسێن ئیبراهیمیان لە تەمەن دا لە جێگەی بابمان بوو.

کاک حوسێن ئیبراهیمیان لە تەمەن دا لە جێگەی بابمان بوو.

هاوین و گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی بوو، ماوەیەک بوو لەگەڵ هاوڕێیانی تیمی تەشکیلاتی نێو شاری سەردەشت، هاورێیانی لە گیان شیرین‌ترم کاک حەسەن خۆشکەلام و کاک حوسێن حەسەن‌زادە لە مەئموریەتی حیزبی دابووین، چەند ڕۆژ بوو، لە گوندەکانی دەوروبەری شار خۆمان دەحاوەندەوە و سەردانی گوندەکانی گۆرانگان، کۆنە شینوێ، شینوێ، بێزیلێ، باغی، قوڵتێ، شیواشان، کەوەنە و دۆڵی باسکەدۆ، نەنی‌یە و مووچە و مەزرا و باخەکانی دەوری شارمان دەکرد و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەندامان و باوەرپێکراوانی ئەو دەڤەرە دیدارمان دەکرد.

لە ڕێگای هەستە و تیمەکانی نێوشار زانیاریمان لە سەر رژێم و کار و کردەوەکانی جاشەکان و ئیدارەکانی حکوومەتی کۆدەکردەوە و لەگەڵ ئەندامان و لایەنگران و باوەرپێکراوەکان و دڵسۆزان لە دیداری بەردەوام دابووین.

چوونمان بۆ نێوشار بە مەبەستی دیدار نوێ کردنەوە بوو لەگەڵ هاورێیانی نیوشار، ئەوانەی کە ماوەیەک بوو یەکترمان نەدیتبوو، دیدار نوێکردنەوە و پێسپاردنی کار و ئەرکی حیزبی یەکێک لە کارەکانی تیمی تەشکیلاتی نێوشار بوو و ئەوەش زۆرجار دەبوو ئێمە وەک کادرەکان مایە لە ژیانی خۆمان دابنێین تا بتوانین سەردانی نێو شار بکەین و چەند ڕۆژ و حەوتوویەک لە نێو شار دا بمێنینەوە و هەم ورە بە ئەندامان ببەخشین و هەمیش ئەرکی پێشمەرگانەی خۆمان بەڕێوەببەین.

حەوتووی سێهەمی مانگی گەلاوێژە لەبەر پایەگای کانی‌بۆگەن دانیشتبووین هەر سێکمان تەگبیرمان دەکرد کە سەرەتاکانی چوونە نێوشارمان لە کوێ بین و دواتر لە کوێ سەر وەدەر بنێین، پلانمان بە تەواوی داڕشت بوو، بە هۆی ئەوە پێشتر تفەنگ و خەشاب و فیشەکی زۆرمان لە نێو شاری دا هەبوو، ساخ بووینەوە و بریارمان دا کە تفەنگەکانمان نەبەینە نێو شار، لە شوێنێکی تایبەت ڕەخت و تفەنگ و کۆڵەپشتی‌یەکانمان لە نێو دار و دەوەنەکان دا شاردنەوە و تەنیا دەمانچەکانمان و چەند نارنجۆکێکمان لەگەڵ خۆمان هەڵگرتن و دواتر بە چاوساخی خۆشەویستانمان کاتژمێر ١١ی بەیانی بە پیاسە و قەدەم لێدان چوینە نێوشار و لە نێو ئاپۆڕای باوەرپێکراوەکانی خۆمان دا جێگامان بۆ خۆمان دیاری کرد.

ئەوەی کە کادرەکان بۆ چوونە نێو شار چەندە کۆسپ و تەگەرەیان لەسەر ڕێگا بوون لە باسکردن نایە، زۆربەی کاتەکان بە شەو دەچووینە نێو شار و ئەگەر بە شەو بە هۆی کەمینی زۆر نەمان توانیبا بچینە نێو شار، حەتمەن بە ڕۆژ دەچووینە نێو شار، چوونە نێو شار زۆر ئاسان نەبوو، ڕژێم بەردەوام بە ڕۆژ و بە شەو لە کەمین دا بوو، دەوری شار بە پایەگا و مۆڵگە و پۆستی بازرەسی و چاوەدێری و هەروەها گەشتی نێو شار تەنرابوو. جاش و سیخوور و بەکرێگیراوی خۆجێیی بۆ خۆش خزمەتی چاویان لە سەر زۆرێک لە خەڵکە دڵسۆزەکان بوو، هەر بۆیە بەردەوام دەبوو ئێمەش خۆمان بەڕۆژ بکەینەوە و زانیاری زیاتر وەر بگرین.

بە هۆی ئەوە هەموومان خەڵکی شار و دەوروبەری شار بووین، کۆڵان و شەقامەکان و شوێنە گشتی‌یەکانمان دەناسی و تەنانەت زۆرێک لە ماڵەکانی سەردەشتی ئەو کاتمان بە ژمارە ماڵەکانەوە دەناسی. شکمان لەوە دا نەبوو کە ڕژێم هەستی بە بوونی ئێمە کردبوو، چوونکە پێشتر گوندەکانی دەورەبەری شار گەڕابوویین و ئەوانیش بە بوونی ئێمەیان زانیبوو، هەر بۆیە هەوڵیان دەدا کە لە داومان بخەن، چەند ڕۆژ لە نێو شار بووین، پێشوازی چاکمان لێکدەکرا و بە دیدارەکانمان دڵخۆش بووین، دوژمن ئەو گەڕەکانەی کە لێیان مەشکووک بوو دەگەڕا و یا بە نەهێنی بە جل‌وبەرگی خۆماڵی بە ماتوور سیکلیت و ماشێن لە کۆڵانان دەگەڕان و چاوەدێریان بە سەر خەڵکەوە دەکرد.

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا چوونە نێو شار کەند و کۆسپی زۆر بوون و هاتنە دەرەوەش زۆر لە چوونە نێو شار دژوارتر بوو، دوژمن هەموو شوێنێکی لە ژێر چاوەدێری خۆی گرتبوو، ئێمەش هەروا لە نێو دەریای بێ سنووری خەڵکەکەمان دا سەرمەست و دڵخۆش بووین و زۆرجار بە دەربرینی هەستی خۆمان ورەمان بە خەڵکەکەش دەبەخشی و ئەوانیش ئامێزیان چاکتر بۆ ئێمە دەکردەوە.

بەرەبەیانی‌یەکی زوو تازە خۆرەتاو لووتکەی گردەسووری ڕووناک کردبوو، لە دەم پەنجەرەیەک ڕوو بە حەوشە دانیشتبووم، چاوەروانی ئەوە بووم ساحەب ماڵ لە نوێژی بەیانی بگەرێتەوە و مەئموریەتی پێ بدەین کە کارێکمان بۆ بکات، لە پڕ دەرگای حەسار کرایەوە و لە چرکەیەک دا ساحەب ماڵ لەگەڵ بابی ڕەحمەتیم وەژوور کەوتن، هاوڕێیان حوسێن و حەسەن دەیانزانی توڕە دەبم و داوایان لێکردم کە لە سەرەخۆ بم.

بابم و خانەخۆێ‌یەکەمان وەژوور کەوتن، بابم ئامێزی بۆ هەر سێکمان کردەوە و تێر ماچی کردین، دیار بوو کە دەترسا، ناحەقی نەبوو، منیش لەو نارەحەتتر بووم، چوونکە حکوومەت زۆر بە تووندی چاودێری بنەماڵەی کادرەکانی دەکرد و هەر بۆیە لە بابم و لە خانەخوێکەمان ناڕەحەت بووم و پێم گوتن لەگەڵ ئەوەدا بە دیتنتان خۆشحاڵ بووین بەڵام کارەکەتان لە جێگای خۆی دانەبووە و مەترسیتان هەم بۆ ئێمە و هەمیش بۆ خۆتان درووست کردووە، هەر چۆنێک بوو نزیک نیو کاتژمێر کەمتر یا زیاتر بابم لە لامان مایەوە، پێش ڕۆیشتن گووتی کە دەبێ بە زووترین کات بچنە دەرەوەی شار، لێتان دەگەرێن و هەندێک ڕێنوێنی کردین و گووتی وەسیلەی چوونەدەریش ئامادە کراوە و ڕۆیشت.

هەر سێکمان لە فکری ئەوە دا بووین کە بە زووترین کات جێگۆڕکێ بکەین و یا لانیکەم لە شار بچینە دەر، ڕاوێژ و تەگبیرەکانمان وەک یەک بوون، کاتژمێر نزیک ١١ی بەیانی ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژ هەر سێکمان بە ئەسپایی ماڵئاواییمان لە خانەخۆێەکەمان کرد و هاتینە کۆڵان و بێ ترس و خۆف چەند کۆڵانێکمان بڕین و گەیشتینە شوێنی مەبەست. لە سەر شەقامی گشتی ماشێنیکی باری گەورە چاوەروانی دەکردین.

قەڵافەتێکی مێرانەمان لێ دەرکەوت، کاک حوسێنی عەوڵا چەتەی بە ماشێنێکی گەورەی ١٠ تۆنی ڕاوەستا بوو، بۆ ئەوەی کەس شک نەکا بۆچی لەو شەقامە رایگرتووە، کاپووتی ماتۆری ماشێنەکەی هەڵدابۆوە، دەرگای لای شاگردی کرد بۆوە، هەر کە چاوی بە ئێمە کەوت، گووتی سەرکەون، سێ کادری حیزبی، سێ کەس کە دەوڵەت ئامادە بوو بە مێلیۆنان پووڵ بدا بە کەس و یا کەسانێک کە شوێن پێیان هەڵبگرێ و لە داویان بخا، کاک حوسێن بە ورە بەرزی‌یەوە گووتی: بابم بە قوربانتان بێ خۆتان شلوێ مەکەن سەریش دامەخەن، وەک ئاو خواردنەوە وایە و چاوێکیش لە دەوربەری خۆتان بکەن، ئیشاڵلا هیچ نابێ، ئەگەریش شتێک بوو، ئەوە لە فکری دەرباز بوونی خۆتان دابن و خەمی منتان نەبێ.

بۆ چوونە دەر لە شار دەبوو ڕاستەشەقامەکانی شار ببڕین، ماشێنێکی گەورە و سرنج ڕاکێش و شاریش جمەی دەهات لە خەڵک دا، شەقامەکان بۆ کرین و فرۆشتن پڕ بوو لە خەڵک، ماشێنەکە دەبوو لە سەرەخۆ بڕوات هەر چۆنێک بێ خۆمان لە بەردەم پرسگەی خانە موعەلیمان دیتەوە، دەستمان لە سەر دەمانچەکانمان بوو، لەوێ ڕایان نەگرتین و ماشێن بەرەوە ڕەزی جۆڵای و مەلاپیرەی بەڕێوە بوو، ئێستا دڵەڕواکەمان کەمتر بوو چوونکە لانیکەم گەیشتبووینە شوێنێک کە کەمتر خەڵکی لێبوو، لە تەنیشت پۆمپی بەنزینی مەلا پیرە پرسگەیەکی زۆر نالەبار و دڕ و تووندی لێبوو، لەوێ دەبوو زۆر وریا بین، دەست لە سەر دەمانچە و تووند و تۆڵ ئامادەی بەگژ داچوونەوە بووین، نیگەبانەکان ماشێنەکەیان ڕاگرت، کاک حوسێن وەک هەمیشە بە ڕووخۆشی و بە ورە بەرزی گووتی هیچ نییە و خەمتان نەبێ، ماشێن دەنگێکی لێهات و ڕاوەستا، ماشێنەکە بەرز بوو، کاک حوسێن لە سەرەوە را بە سەر دوو نیگابانەکاندا زاڵ بوو، پەنجەرەی ماشێنەکەی کردبۆوە، بە فارسی پێیان گووت: ” حاجی کجا میری، چی بارکردی”؟ واتە حاجی بۆ کوێ دەچی و چت بار کردووە؟ لە سەرەخۆ گووتی: ” سە کارگر دارم و میرم ماسە بار کنم” واتە سێ کرێکارم لەگەڵن و دەچم خیز و لم بار دەکەم و بە یەک دوو قسەی خۆش بە لاڕێیدا بردن و سەربازەکان دەستیان هەڵێنا و گووتیان فەرموو بڕۆ.

ئەوەی کە کاک حوسێن لەم ڕۆژەدا و بە ڕۆژی ڕوون کردی یەکەمجاری نەبوو، بەڵکوو چەندین جاری دیکەش بە مایەدانان لە گیانی خۆی گیانی ئێمە و کادرەکانی دیکەی ڕزگار کردبوو، لە ماوەی ڕێگا دا هەندێک نەسیحەت و ڕێنوێنی کردین و دواتر پێش ئەوەی بگەیینە باسکەدوو ئێمەی لە ئامێز گرت و ڕۆیشت، ئێمە شۆڕببوینەوە بۆ دۆڵی خڕێ مسێس و خدراکۆ و سێ‌کۆیان، دەنگی سیگناڵی ئەو ماشێنە گەورەیە دەر و دۆڵەکەی پڕ کردبوو، تا ئێمەی لە چاوان وون بوو نەڕۆیشت و ئێمەش بەرەوە شوێنی دیاری کراو و هێنانەوەی تفەنگەکانمان کەوتینە ڕێ، کاتژمێر یەکی پاش نیوەرۆ لە یەکێک لە مووچەکانی ئەو دۆڵە پڕ سەوزەڵان و دارستانەدا میوانی خۆشەویستانی دیکە بووین و جەولە و مەئموریەتی خۆمان درێژە پێدا.

کاک حوسێن و کاک حوسێنەکانی دیکە سەربازانی بێ ناو و نیشانی گەلەکەمانن، ئەو کارە پڕ مەترسی‌یەی کاک حوسێن یەکەم جار نەبوو پێشتریش بە هەموو شێوەیەک خزمەتی بەرچاوی بە کادرەکان و شۆڕش و حیزبی دێموکرات کردبوو، ئەوە قەترەیک لە دەریای خزمەتەکانی کاک حوسێن بوو، کاک حوسێنەکان بوون کە ئێمەیان لە زاری ئەژدیها دا دەپاراست، ئەوان بوون کە ڕێگەی خۆشەویستی و ئازادیان بۆ واڵا دەکردین و بە مایە دانان لە ژیانی خۆیان پردی پەڕینەوەیان بۆ درووست دەکردین، حەق نییە زەحمەتەکانیان لە نێو کۆمەلگا دا ڕەنگ نەداتەوە، حەق وایە کە هەموو لایەکمان گەورەیی و چاونەترسی کاک حوسێن و هەموو خوشک و کاکەکانی وەک کاک حاجی حوسێنی ئیبراهیمیان بە بەرزی بنرخێنین و یاد و ناویان بکەینە چرای ڕووناکی خەباتمان، حەیف کە بە هۆی بوونی دەوڵەتێکی زاڵم و دیکتاتۆر ناتوانین وەک پێویست ڕێز لە کاک حوسێن و هەموو ئەوانەی ئێستا وەک کاک حوسێن بە ساڵداچوون و پێشتر و ئێستاش هەر پشتیوانی سەرەکی جووڵانەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، بگرین.

بێ‌شک ئێمە شۆرشگێران قەرزداری گەورەیی، دڵفراوانی و بوێری کاک حوسێن و خۆشەویستەکانی دیکەمانین، بە هۆی ئەوە کە بابەتەکەم درێژ نەبێتەوە و لە سەر ئیزنی هاورێیان خۆشکەلام و کاک حوسێن حەسەن‌زادە ناچمە نێو هەموو ڕووداوەکانی ئەو جەولەیە و بە نوێنەرایەتی هەر سێکمان سەری ڕیز بۆ گەورەیی کاک حوسێن و خۆشەویستانی دادەنوێنین و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی دەگرین.

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کاک حاجی حوسێن ئیبراهیمیان، ناسراو بە حوسێنی عەوڵا چەتەی خەڵکی شاری سەردەشت دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی ڕۆژی ٠٤ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی لە ئامیزی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد.

کاک حوسێن مرۆڤێکی ماندوویینەناس و خۆشەویستی شاری سەردەشت بوو، لە مێژ ساڵ بوو لە ڕێگای دۆستایەتی لەگەل باوکی ڕەحمەتیم دەمناسی و سایە و سێبەری لە سەر سەرمان بوو. کارەکانی هێندە زۆرن کە ئەو بەشەی کە ڕووی لە کاری سیاسی بوو نووسیم، هەر بۆیە لە کەم و کوری‌یەکانی داوای لێبوردن دەکەم و داوا لە خۆشەویستانی سەردەشتیش دەکەم کە کارەکانی وەک خزمەتی شار و ژینگە پارێزی و مەسەلە کۆمەڵایەتی و هاریکاریەکانی لەبیر نەکەن و ڕێز لە گەورەیی بگرن و بێ‌شک کەسانی دیکەش هەن کە بەداخەوە ناتوانین ئیستا هیچیان لە سەر بنووسین و حەزیشمان نەدەکرد لە کاتی مردن دا باسەکانمان بنووسین.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان لە کوڕ و کچ و نەوەکانی و لە خوشک و براکانی و بە تایبەت کاک فەتحوڵلای هەمیشە پێشمەرگە و گشت ئازیزان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی کۆچی دوایی کاک حاجی حوسین دەزانین.

ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
٠٤ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی
حەمەڕەسووڵ کەریمی
حوسێن حەسەن‌زادە
حەسەن خوشکەلام