هاورێی شەهیدم کاک مووسا باباخانی لە دڵم دا هەردەم زیندووە

هاورێی شەهیدم کاک مووسا باباخانی لە دڵم دا هەردەم زیندووە
هاورێ شەهید “مووسا باباخانی‌” ـم درەنگ ناسی، بەڵام هەر لەگەڵ یەکەم چرکەساتەکانی دیدار و چاوپێکەوتنماندا خۆشم ویست، بیر و هزر و بیرکردنەوە و کارەکانی لە دڵم نیشتن، هەر بۆیە زۆر زوو بەیەکەوە بووینە هاورێیەکی نزیک و هاوهەڵوێست و هاوبیر.
شەهید “مووسا” گەنجێکی ڕەوشەنبیر و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و بە هەڵوێست بوو، لە خۆپێگەیاندن و فیرکردنی خۆی و دەوروبەریدا کەمترخەم نەبوو و بۆ فێرکردنی لاوەکان لە بوارە جۆرواجۆرەکانی وەک ڕامیاری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و کاری مێدیاکاری کەڵکی وەردەگرت و مرۆڤێکی خۆشڕاوێژ و خاوەن قسە و گوتار و وێژمان بوو.
پێشمەرگە و کادر و ڕێبەرێکی کاریزماتیک بوو، کاری هزری و کردەوەی بە یەکەوە تێکەڵ کردبوون، بەردەوام لە هەوڵی درووست کردنی ڕایەڵەیەکەی تەشکیلاتیدابوو، پەیوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، ئەو پەیوەندی و تێکەڵبوونە، وایکرد بوو کە شەهید “مووسا: ببێتە کەسێکی جێگای متمانەی ڕێبەری حیزب و لە هەمان کاتدا ببوو بە هۆی ترس و خۆف و نیگەرانیی کاربەدەستانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
شەهید “مووسا” مرۆڤێکی خۆشهزر و خۆش‌سەلیقە و کارجوان و بە بەرنامە بوو، ئەوانەی زیاتر لە کاری حیزبیدا کاریان لەگەڵ کردبوو، هەموو شایەتی بۆ پرۆژە و پرۆسە کاری‌یەکانی چ وەک کادری ڕێبەری و پێشمەرگە و چ وەک ڕاگەیاندنکار، هاوڕێی دەستڕەنگین شەهید “مووسا” لە کار و چالاکییەکانی حیزبیدا مرۆڤێکی سەرکەوتوو و بە ڕەوشت و ئاکاربەرز بوو.
شەهید “مووسا” گەنجێکی چاوکراوەی کرماشانی بوو، کاتێک بڕیاری بوون بە پێشمەرگە دەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکرات لەو دیوی سنوورە دەستکردەکان خەریکی خۆپێگەیاندن و کاری سیاسی و ڕاگەیاندن بوو، ئەو بە گشتی ڕێگای شۆڕەسوارنی دێموکراتی گرتە بەر و تاکوو کاتی شەهید بوونی شانازی بە جلوبەرگی خاکیی پێشمەرگانەوە دەکرد.
وەکوو ئەندامی ڕێبەریی حیزب و وەک پێشمەرگەی بە بیروباوەڕ و چەک‌لەشان لە چوونەوە بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەوری سەرەکی و باشی دەگێڕا و وەک پارتیزانێکی ئاشنا و لێزان بە کاری پارتیزانی، دەروازەی سنووری دەستکردی دەبڕێ و خۆی لە ئامێزی دایکی نیشتمان و خەڵکی کوردستاندا دیتەوە و بوێرانە ئەرکە حیزبییەکانی خۆی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕادەپەڕاند.
لە کاری وێنەگری و کاری فیلمهەڵگرتنەوە و درووست کردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا کەسێکی دەستڕەنگین و جوانکار بوو، ئەخلاق و خوو و رەوشتی شۆڕشگێرانە و کاری بەردەوام و بەدەستەوەبوونی لە کار و ئەرکی حیزبیدا، وایان لە کاک مووسا کردبوو کە هەموو لایەک خۆشیان بوێت و ڕێزی لێ بگرن. ئەگەر لە لایەک بۆ کادر و پێشمەرگە و ناسیاوانی ڕێبەرێکی دیار و جێگەی ڕێز بوو، هاوکات بۆ دوژمن کەسێکی زراوتۆقێن و بە هەیبەت بوو، هەر بۆیە دوژمن لە بیر و هزر و کرداری شۆڕشگێرانەی دەترسا و بۆی لە پیلاندابوو کە بە هەر شێوەیەک و بە هەر نرخێک بێ ئەو گەوهەرەی ناوچەی کرماشان بەدیل بگرێ و یا تیرۆری بکا.
شەهید “مووسا” ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی (١٤٠٠ی هەتاوی) لەلایەن تیرۆریستێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و جاش و خۆفرۆشێک لە بەرگی هاوڕێیەتی شەهید “مووسا” دا لە یەکێک لە هوتێلەکانی شاری هەولێر شەهید کرا و بەم چەشنە دوژمن لە ڕێگەی ئەم خۆفرۆشەوە بە ئامانجی خۆی کە تیرۆری هاوڕێ “مووسا” بوو گەیشت، ڕاستە شەهید “مووسا” بە جەستە لەگەڵمان نەماوە، بەڵام بیر و هزری شەهید “مووسا” بۆ هەمیشە لەنێو دڵ و دەروونی هەموو لایەکدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی بووەتە ڕێگەی خەباتکاران و شۆڕەسوارانی ڕێگەی ئازادی و بەتایبەت لاوان و گەنجانی دڵ پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی خواروی کوردستان.
ڕووحی شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٣ ـ ٠٧ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی

ئەم بابەتەم بۆ کتێبی یادنامەی شەهید “مووسا باباخانی” کە بە زەحمەت و ماندوویینەناسی هاوڕێی زێدە ئازیز کاک عەلی بداغی ئامادە کراوە و لە ژێر ناوی “سوارەکەی تاق وەسان و بێستوون” بڵاو بووەتەوە، نووسیوە.