کۆستێکی گەورە و خەمێکی دیکە  بۆ کاک ئەحمەد سیمبان

کۆستێکی گەورە و خەمێکی دیکە بۆ کاک ئەحمەد سیمبان

بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بەرێز کاک ئەحمەد قادری (سیمبان) لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە دایە ئامینەی تێکۆشەر و خۆڕاگر و کچە شۆڕشگێرەکانی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی کاک ئەحمەد دەزانم.

کۆچی دوایی کاک ئەحمەد خەسارێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەی بەرێزیان و خەڵکی شاری پیرانشاری پێشەنگ و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی و بۆ ئێمە هاوڕێیان و ناسیاوانی کاک ئەحمەدی هەردەم نەبەز و تێکۆشەر بە تایبەتی.

کۆچی کاک ئەحمەد بۆ هەموو لایەک جێگای خەم و پەژارەیە و بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ لە نزیکەوە لەگەڵ بەرێزیان لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان دابوون و بە خوو و ڕەوشتی بەرزی کاک ئەحمەد کە مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی و مێهرەبانی و خەبات تێکۆشان بە دژی زوڵم و زۆری ئاشنا بوون زیاتر جێگای خەم و پەژارەیە.

خەبات و تێکۆشان و زەحمەتەکانی کاک ئەحمەد سیمبان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دا ئەوەندە زۆر و دیار و بەرچاون کە ئێمە هاوڕێیانی ناتوانین پەنجە بۆ هەموو کارە بەرزەکانی ئەو تێکۆشەرە نەمرەی گەلەکەمان درێژ بکەین، خەباتی خۆی بە تەنیا ڕۆمانێکی نەنووسراوەیەوە و لە هەمانکاتدا خەباتی نەمر بە بێ ئاماژە کردن بە خەبات و تێکۆشانی هاوسەری ژیانی و کچەکانی ناتەواوە و هەر بۆیە خەبات و زەحمەتەکانی نەمر کاک ئەحمەد و بنەماڵەی کچەکانی بۆ هەموو لایەکمان جێگای شانازی‌یە و بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە لە نزیکەوە ساڵانێکی دوور و درێژ لە ژێر سایە و سێبەری دابوون هەر زۆر جێگای شانازی زیاترە.

ژیان و بەسەرهاتی کاک ئەحمەد سیمبان بۆ لێ فێربوون دەبێ و هیوادارین کە لە داهاتوودا نموونەی لە چەشنی گەورەیی کاک ئەحمەدەکان کە بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان و بۆ ڕێبازی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بۆ یەکسانی و بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی خەباتیان کرد هەر لە زیاد بوون دابێ.

لە پاییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی‌یەوە لە گوندی گەورەدێی شارباژێر و لە دەفتەری سیاسی لەگەڵ ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە ئاشنا بووم و لە چەند قۆناخی جیاجیا دا لە گەڵ نەمر کاک ئەحمەد هاوڕێ و هاوسەفەر بووم و لە قۆناخەکانی دیکەش دا هەم لە کوردستان و هەمیش لە دەرەوەی وڵات لە گەڵ بەرێزیان و بە تایبەت کچەکانی کە هاوڕێ و هاوخەباتین، هاوکاری نزیک بووین و لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە ڕێزەوە لەگەڵ دەوربەریان و لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان هەڵس و کەوتیان کردووە، ژیانی کاک ئەحمەد و هاوسەری ژیانی و بنەماڵەی کچەکانی ئاوێتەی شۆڕش و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بووە و هەر بۆیە وەک خۆم سوپاسی زەحمەت و تێکۆشانی نەمر کاک ئەحمەد و هاوسەری ژیانی و بنەماڵەی کچەکانی دەکەم و ئاواتی سەربەرزیان لە ژیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازم.

گەورەیی و لە خۆبردوویی کاک ئەحمەد بۆ وەرد دانەوە و بۆ تێرامان دەبێ، یەکێک لە گەورەییەکانی کاک ئەحمەد و دایە ئامینە لەوە دابوو کە کاتێک ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی قەڵای دێموکڕات کەوتە بەر هێرشی مووشەکی بالستیکی ڕژێمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەم تەمەن‌ترین کچیان، خاتوو سوهەیلا کچە شۆڕشگێری گەلەکەمان و ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لەگەڵ ١٥ شۆڕشگێری دیکەی گەلەکەمان شەهید بوون، من و هەموو ئەوانەی لە تەنیشتی بووین لە ئامێزی دەگرتین و بە دەنگێکی خەمین و بە ورەوە پێی دەگووتین کە درێژەدانی ڕێگای شەهید سوهەیلا و هاوڕێیانی و گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان زیاتر لە پێشوو کەوتۆتە سەر شانمان و هانی دەدایین کە درێژەدەری ڕیگایان بین.

نووسین لە سەر خەبات و تێکۆشانی کاک ئەحمەد ئەرکە لە سەر شانی ئەوانەی لە ئێمەمانان زیاتر لەگەڵی ژیاون و هەر بۆیە لەم نووسینە دا تەنیا وەک ڕێز لێنان لە نزیک نیو سەدە تێکۆشانی بەڕێزیان ئەم چەند دێرەم نووسی و بە ئاواتی ئەوە کە خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و شۆڕشگێرانی کوردستان بیرەوەری‌یەکانی کاک ئەحمەدەکان بکەنە ئاوێتەی ژیانی خۆیان.

لە کانگای دڵەوە سەرەخۆشی لە هاورێ و هاوخەباتیانی لە ریزەکانی دێموکرات و لە هاوسەری ژیانی و لە کچەکانی و گشت لایەک لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو مەزنە پیاوەی گەلەکەمان دەزانم و هیوادارم کە ڕێگا و ڕێبازی خەباتی پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناوی ئەو مەزنە پیاوە لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٢ ـ ٠٧ ـ ٢٠٢٢ی زائینی