کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ

بەداخەوە ئاگادار کراین کە هاوڕێ و تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک “محەممەد قادری” ناسراو بە کاک “ئەحمەد سیمبان”، کاتژمێر ٧ و ١٥ دەقیقەی ئێوارەی رۆژی هەینی ٣١ی پوشپەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٢ی ژووئیەی ٢٠٢٢ی زایینی، دڵە پڕ لە ئاواتەکەی لە وڵاتی نۆروێژ لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کۆڕی بنەماڵە و هاوڕێیانی کرد.

کاک محەممەدی قادری (ئەحمەد سیمبان) لە ڕۆژی شەممە پێنجی بانەمەڕی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٢٥ی ئاوریلی ١٩٣٦ی زایینی، لە بنەماڵەیەکی هەژار لە گوندی سەرووکانیی ناوچەی لاجانی پیرانشار لە دایکبووە. کاک “ئەحمەد سیمبان” سیمایەکی ناسراوی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەیەکی بە وەفا بۆ حیزب و گەلەکەی بو کە هەر لە یەکەم رۆژەکانی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و بە بنەماڵەوە، سەنگەری دیفاع لە ئازادی گەلە بەشخوراوەکەی هەڵبژارد و تێکۆشانی خۆی لە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا دەست پێ کرد.

کاک ئەحمەد لە ریزی پێشمەرگایەتی دا لە بەشی خەدەماتی کۆمیسیۆنی ماڵیی حیزب و هاوسەرە ماندوونەناسەکەی خاتوو” ئامین کۆنەلاجانی” لە بنکەی دەفتەری سیاسی و کچە پێگەیشتووەکانی لە کۆڕی پەروەردە و چاپەمەنی حیزب دا جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە وهەرکامیان لە سەنگەرێکدا بۆبەرەوپێش بردنی جوڵانەوەی مافخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ ماندوو بوون، ئەمەگناسی و وەفاداری خۆیان بە حیزب و گەل نیشان داوە. هەر لەو رێگایەدا خاتوو سۆهەیلا قادری ـ کچی کاک ئەحمەد ـ ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە کارەساتی دڵتەزێنی ١٧ی خەرماناندا وێڕای پۆلێک لە تێکوشەرانی دێموکرات گیانی خویان پێشکەشی گەڵ و نیشتمان کرد و شەهید بوون.

کاک ئەحمەد مرۆڤێکی نیشتمانپەروە، هێمن و لەسەرەخۆ، خەڵکی و خاکی بوو کە تەمەنێکی زۆر وەک پێشمەرگە و ماوەیەکی زۆریش سەرەرایی دەربەدەری و ژیان لە غوربەرت تا دوا هەناسەی ژیانی بە بێ لەبەرچاوگرتنی چوونەسەری تەمەن و دەرد و ناخۆشییەکانی ژیان، لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبییەکاندا بەشداری دەکرد و وەفادار بە حیزبەکەی و رێگا و رێبازی شەهیدان مایەوە و بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە ئازادی کوردستان ببینێ و بگەڕێتەوە باوەشی نیشتمان.

وەک کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ وێڕای دەربڕینی پرسە و هاوخەمی خۆمان لە گەڵ بنەماڵە و ئازیزانی کاک ئەحمەد، لەدەستدانی ئەو تێکوشەرە بە خەسارێکی گەورە بۆ دەزانین.

گیانی کاک ئەحمەد شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕێز بێ.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ
٢٢/٠٧/٢٠٢٢