دواوتووێژی د. قاسملوو

دواوتووێژی د. قاسملوو
ئاماژە: تۆڕی مێدیایی “بی بی سی” لە بیست‌وپێنج‌ ساڵەی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی لە ڤییەن بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا وتووێژێکی بڵاونەکراوەی دوکتور قاسملووی بڵاو کردەوە.

عینایەتی فانی، ئامادەکاری ئەم وتووێژە دەڵێ لە ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ (نیزیک مانگێک پێش ڕووداوی ٢٢ی پووشپەڕ) بۆ فیلمێکی دێکیۆمێنتاری بۆ یەکێک لە تەلەڤیزیۆنەکانی بریتانیادا لەگەڵ دوکتور قاسملوو کۆ بوونەوەتەوە و لەبارەی پرسە گرینگەکانی ئێران و کوردستان ئەم وتووێژەیان لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێک‌هێناوە.

عینایەتی فانی کە ئەم وتووێژەی لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملووی پاش ٢٥ ساڵ لە بەرنامەی “بە عبارت دیگری”لە تەلەڤیزیۆنی بی بی سی‌دا بڵاوکردەوە، باس لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ لە کوردستان و چییەتیی ماف و داخوازەکانی کورد دەکا و لە خودموختاری‌خوازی یان ویستی سەربەخۆیی‌خوازیی کوردەکان دەکۆڵێتەوە. هەروەها کاریگەریی لەبەریەک‌هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت و مردنی خومەینی و کاریگەریی ئەم دوو فاکتەرە لەسەر داهاتووی هاوکێشە جیهانییەکان و بارودۆخی نێوخۆیی ئێران و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی.

“کوردستان” لە سی‌وسێ ساڵەی تێرۆری ڤییەن‌دا دەقی ئەم دواوتووێژەی د. قاسملووی دابەزاندوە و بۆ خوێنەرانی بڵاوی دەکاتەوە:

بۆچی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێران کە کوردەکان ڕۆڵێکی چالاکیان تێی­دا هەبوو، زۆر زوو لە کوردستان بوو بە شەڕ؟

ئێمە، خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی گەلانی ئێران­دا بەشدار بووین و شەهیدمان دا، و فیداکاریمان کرد. هەر بۆیەش چاوەڕوان بووین کە پاش سەرکەوتنی شۆڕش ئەگەر هەموو داخوازەکانیشمان وەدی نەیەن، هەرنەبێ بەشێک لە داخوازەکانمان پیادە بکرێن. بەداخەوە، هێشتا چەند ڕۆژ بەسەر شۆڕش­دا تێ­نەپەڕیبوو کە بۆمان دەرکەوت ئەو ڕێژیمەی لە تاران هاتۆتە سەر کار، بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان جیاوازی دادەنێ. ئێوە دەزانن کە لە ماوەی شۆڕش و ڕۆژەکانی دوای شۆڕش­دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، لاوە شۆڕشگێڕەکان پەلاماری پادگانەکانیان دا و دەستیان بەسەر چەکی پادگانەکان­دا گرت. بەڵام کاتێک ئێمە لە مەهاباد بە بێ خوێنڕێژی هەر ئەو کارەمان کرد دەگەڵ ناڕەزایی توندی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرەوڕوو بووین.

دوای ئەوەش هێشتا یەکەمین نەورۆز بوو کە لە سنە بەهۆی ئاخوندێکەوە شەڕیان دژی لاوەکانمان وەڕێ­خست و ژمارەیەکی زۆر لەو شەڕەدا کوژران. دەسبەجێ دوای ئەویش لە نەغەدە وەختێک ئێمە دەمانەویست متینگێکی ئاشتیخوازانە وەڕێ بخەین و کاتێک ئەمن دەمەویست بچمە پشت تریبوون و قسە بکەم، تەقەیان لە متینگی ئاشتیخوازانەی ئێمە کرد، شەڕێک هەڵگیرسا کە سێ ڕۆژی خایاند و لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لا کوژران. بەم­جۆرە بۆ ئێمە ڕوون بۆوە کە ڕێژیم بە هیچ­جۆر حەز ناکا ئەو ڕاستییە بسەلمێنێ کە حیزبێک لە کوردستانی ئێران هەیە کە خاوەنی ڕابردوویەکی درێژە و بۆ دێموکڕاسی و خودموختاری تێ­دەکۆشێ. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە ئێمە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا چووینە سەردانی خومەینی خۆی و داوامان لێ­کرد ڕابگەیەنێ کە لە کۆماری ئیسلامی­دا مافی خودموختاری بۆ گەلی کورد مسۆگەر دەکرێ و پێمان گوت کە ئێمەش بەو مەرجە ئامادەین لە ڕێفڕاندۆم­دا بەشدار بین و دەنگ بە کۆماری ئیسلامی بدەین. بەڵام چون ئەو کارەی نەکرد ئێمە هەر لەسەرەتاوە دەنگمان نە بە کۆماری ئیسلامی دا، نە بە قانوونە بنەڕەتییەکەی و نە لە هیچ ڕێفڕاندۆمێکیش­دا بەشدار بووین. ئەمن پێم­وایە ئەمەش یەکێک لە هۆیەکانی ئەو ڕقە بوو کە خومەینی لە خەڵکی کوردستانی هەبوو. لەڕاستی­دا هۆیەکی دیکەش هەبوو، ئەویش بریتی بوو لەوە کە زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان سوننی­‌مەزهەب بوون، و لەڕاستی­دا بەم­جۆرە خومەینی بە سێ هۆ دژایەتیی ئێمەی دەکرد یەک ئەوە کە ئێمە خوازیاری دێموکڕاسی بووین و ئەویش هەر ئەودەم ڕایگەیاند کە دێموکڕاسی شتێکە لە خۆرئاواوە هاتوە و بۆ قبووڵ­کردن ناشێ، ئێمە خودموختاریمان دەویست کە لەجێ­دا لە فەلسەفەی بەناو ئیسلامیی ئەودا شتێک بەناوی نەتەوە نەبوو تا ئەو دان بەوەدا بنێ کە مافی خودموختاریی هەبێ، پاشان ئێمە هەم سوننی­مەزهەب بووین و هەم چەکمان بەدەستەوە بوو و ئامادە نەبووین بچینە ژێر باری (وەک دەڵێن) زۆری دەوڵەتی ناوەندی.

هەمووی ئەمانە بوونە هۆی ئەوە کە ئەو دوو شەڕەی ناوم بردن ڕوو بدەن و دوایەش لە مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی شەڕی ئاشکرا و ڕەسمیی دژی ئێمە وەڕێ­خست و جیهادی ڕاگەیاند و ئەمن کە ئەودەم بۆخۆم وەک تەنیا نوێنەری لاییکی ئەنجومەنی شارەزایان (مجلس خبرگان) هەڵ­بژێرابووم و قەرار بوو بچم لە تاران لە دانیشتنی ئەنجومەن­دا بەشدار بم، هەر ئەو شەوە، یانی پێش ئەوەی وەڕێ­کەوم نوێنەرانی ئەنجومەنی خڕ کردنەوە و هەر لەوێ جنێوی پێ­دام و قسەی ناشیرنی کرد و منی بە «مفسد فی­الأرض» ناو برد. ئێوە دەزانن کە ئەمە لە عورفی خومەینی­دا بە مانای ئێعدام بوو. هەر بۆیە ئەمن ئیدی نەچوومە تاران و شەڕێک هەڵ­گیرسا کە سێ مانگی خایاند و لەو شەڕە سێ مانگەیەدا ئێمە توانیمان سوپا ببەزێنین و سەرلەنوێ چووینەوە شارەکان. بەڕواڵەت ئاخوندەکان دەیانەویست نیشان بدەن کە دەیانەوێ وتووێژمان لەگەڵ بکەن. شەش مانگ دەگەڵ ئاخوندەکان لەڕاستی­دا قسەمان کرد. ئەمن لە هەموو ژیانم­دا ئەوەندەم ئایەتوڵڵا نەدیبوو کە لەو شەش مانگەدا دیتم، بەڵام دوایە دەرکەوت کە نیازی ئەوانە تەنیا کات­بەدەست‌هێنانە و دەیانەوێ خۆیان بۆ شەڕێکی دیکە ئامادە بکەن و هەربۆیەش لە نەورۆزی ١٣٥٩وە سەرلەنوێ هەم لە باکوور لە ناوچەی ورمێ و هەم لە ناوچەی کامیاران شەڕیان دەست پێ­کردەوە و ئەوەش شەڕێکە کە تا ئێستا درێژەی هەیە.

داخوازەکانی حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی بەڕێز قاسملوو ئەوکات لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بە جیابوونەوەخوازی دادەنران و شەڕ لەگەڵ کوردەکانیش بەو ڕوانگەیە پاساو دەدرا، ئەم داخوازانە چ بوون و بەڕێز قاسملوو چۆنی بۆ من ڕیز کردن؟

ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێمە «دێموکڕاسی بۆ ئێران»مان وەپێش «خودموختاری بۆ کوردستان» خستبوو، نەک لەبەر ئەوەی بە باوەڕی ئێمە دێموکڕاسی هەموویە و خودموختاری بەشێکە لە دێموکڕاسی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باوەڕمان وایە بەبێ دێموکڕاسییەکی سەقامگیر لە ئێران، ئەگەر خودموختاری بەدەستیش بێنین ئەم خودموختارییە دەکەوێتە مەترسییەوە. ئێمە لە هەلومەرجی ئێستادا چەکەکانمان دەستەبەری پاراستنمانن. بەڵام ناکرێ هەتاهەتایە چەکمان پێ­بێ، دەبێ شتی دیکە لەجێی چەک دابنێین. ئەو شتەی دەتوانێ جێی چەک بگرێتەوە تەنیا دێموکڕاسییە و وێناکردنی ئێمە بۆ دێموکڕاسی زۆر سادەیە. دێموکڕاسی بۆ ئێمە یانی فرەیی (پلوڕالیزم)، دێموکڕاسی واتە ئازادی بۆ هەمووان، ئازادیی بیروباوەڕ، ئازادیی دەربڕین، ئازادیی زمانە نەتەوەیی­یەکان، ئازادیی فەرهەنگ و دیارە ئازادیی حیزبەکان، دانی دەسەڵاتی (وەک دەڵێن) جێبەجێ­کردن بەدەستی خەڵک و ئێمە باوەڕمان وایە کە هیچ جۆرە دیکتاتۆرییەک لە ئێران لە دواڕۆژدا ناتوانێ ئامانجەکانی خەڵکی ئێران، گەلانی ئێران دابین بکا. ئێستا ئەو دیکتاتۆرییە دیکتاتۆریی شاهەنشاهی بێ، دیکتاتۆریی ئیسلامی بێ یان دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئێرانی ئێمە پێویستیی بە ڕێژیمێکی دێموکڕات هەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی فەرهەنگی ئێمە، مێژووی ئێمە، بەڵام بە پاراستنی بنەماکانی دێموکڕاسی، بە پاراستنی ئەو بنەمایانە کە لە بڵاوکراوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەیاننامەی مافی مرۆڤ­دا هاتوون، دەتوانێ وڵاتی ئێمە بەڕاستی بەرەوپێش بەرێ. بەم­جۆرە ئێمە تەنانەت لە کوردستانیش کە بەرپرسانە دەتوانم پێتان بڵێم زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان لایەنگری حیزبی ئێمەن، ئێمە خۆمان بە خاوەنی کوردستان نازانین، ئەوە خەڵکی کوردستانن بڕیار دەدەن داخوا حیزبی دێموکڕات دەبێ خودموختاری بەڕێوە بەرێ یان ڕێکخراوێکی دیکە. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەگەر هەلومەرجی شەڕ لەنێو بچێ دەبێ هەموو ڕێکخراوەکان و هەموو گرووپەکان بەرنامەی خۆیان بخەنە بەر چاوی خەڵک و خەڵکی ئێران بتوانن بە ئازادی لەنێو ئەو ڕێکخراو و گرووپانە هەڵ­بژێرن.

بەم­جۆرە ئێمە باوەڕمان بە دێموکڕاسییەکی قووڵ لە ئێران هەیە، دێموکڕاسییەک کە ڕێز بۆ مافەکانمان دابنێ، ڕێز بۆ مافی نەیارانیش دابنێ. چونکە بە باوەڕی ئێمە هیچ دێموکڕاسییەک بێ ڕێزدانان بۆ مافی نەیاران ناتوانێ هەبێ و هەربۆیەش ئێمە دژی هەموو ئەو ڕێکخراوانەین کە بەجۆرێک دەیانەوێ لە ئێران دیکتاتۆری دامەزرێنن. هەر لەبەر ئەوەش ئامادە نیین دەگەڵ شایەتی­خوازەکان هاوکاری بکەین، چونکە پێمان­وایە مێژووی ئێمە پێی سەلماندووین شایەتی واتە ملهوڕی.

لێیم پرسی پەیوەندیی کوردستانێکی خودموختار دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چۆنە و چۆن تۆمەتی جیابوونەوەخوازی بەرپەرچ دەدەنەوە؟

لە مێژووی ئێران­دا هەمیشە هەموو دەسەڵات لە تاران خڕ بۆتەوە، لەحاڵێک­دا ئێمە خودموختاریمان دەوێ، خودموختاری واتە خڕنەبوونەوەی دەسەڵات. ئێمە نامانەوێ هەموو دەسەڵات لە تاران خڕ بێتەوە، ئێمە دەمانەوێ دەسەڵات لەنێو خەڵکی ئێران، لەنێو گەلانی ئێران و تەنانەت ئوستان (پارێزگاکان)ی ئێران­دا دابەش بکرێ. ئێستا لە کۆتایی­یەکانی سەدەی بیستەم­دا لەڕاستی­دا لە هەموو وڵاتان دەسەڵات بەش کراوە، دەسەڵات لە دەستی تاقەکەسێک ئەویش لە ناوەند کۆ نەبۆتەوە و نەبۆتە ناوەندی و هەربۆیە ئێمە دژی ئەو گرووپانەشین کە بیانەوێ لە ئێران دیکتاتۆری بێننە سەر کار، ئێستا سەر دەکەون یان نا مەسەلەیەکی دیکەیە. ئەمن وا بیر دەکەمەوە لە ئێرانی دواڕۆژدا ئەگەر دوای کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆرییش بێتە سەر کار، ئەو دیکتاتۆرییە ماوەیەکی درێژ لەسەر کار نامێنێتەوە. بەداخەوە ڕێی تێ­دەچێ دۆخی وڵاتی ئێمە بەرەو شەڕی نێوخۆییش بەرێ. کەوایە لەپێش­دا هەموو داخوازەکانمان هەم دێموکڕاسی هەم خودموختاری لە چوارچێوەی ئێران­دان. ئێمە خۆمان بە ئێرانی دەزانین و ڕێگا بە هیچ کەس بە هیچ ئێرانییەک نادەین خۆی لە ئێمە بە ئێرانیتر بزانێ، هۆیەکیش بۆ ئەم کارە نابینین، بەڵام لەم بنەماڵە هاوبەشەی خۆمان، نیشتمانی هاوبەشی خۆمان­دا کە ئێرانە دەمانەوێ مافەکانمان لەبەر چاو بگیرێن و وەک هاونیشتمانی پلە دوو نەژیەین. بەڵکوو هەموومان بەرابەر قانوون وەک­یەک بین و هەربۆیەش بیر دەکەینەوە کە ئەم داخوازانەی ئێمە چ داخوازە دێموکڕاتییەکان و چ ئەو داخوازانەی پەیوەندی­یان بە مافی نەتەوایەتییەوە هەیە کە دیارە بۆ گەلانی زۆرلێکراوی دیکەی ئێرانیش دەبێ لەبەر چاو بگیرێن، تەواوی ئەمانە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکڕات­دا دەگونجێن و هەربۆیەش لەڕاستی­دا ئێمە دێموکڕاسی بۆ ئێرانمان کردۆتە دروشمی سەرەکیی خۆمان.

ساڵی ١٣٦٨ ساڵی دەست­پێکردنی هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت و سەرلێشێواوی لەنێو ڕێکخراوە چەپەکانی ئێران بوو، دیارە عەبدولڕحمان قاسملوو لەمێژ بوو خۆی بە سۆسیالیستێکی دێموکڕات دەزانی و حیزبەکەشی کە لە سەرەتای دامەزرانی­دا وەک ڕێکخراوی ئەیالەتیی حیزبی توودەی ئێران کاری دەکرد، ئیدی نە ئەندامێکی بنەماڵەی حیزبە چەپەکانی لایەنگری سۆڤیەت بەڵکوو لە تەنیشت حیزبە سۆسیال­دێموکڕاتە ئورووپایی­یەکان دانابوو. بەوحاڵە هەمیشە حیزبە چەپەکان بوون کە پشتیوانی­یان لە خودموختاریی کوردەکانی ئێران دەکرد، پرسیم بۆچوونی لەبارەی ئەو سەرلێشێواوی و پەرش­وبڵاوییەی هێزە چەپەکان چیە و حیزبەکەی خۆی لە کوێ دەبینێ؟

ئێمە حیزبێکی دێموکڕاتین، حیزبی مارکسیستی نیین. لە ڕیزەکانی حیزبی ئێمەدا کەسانی خاوەنی ئیدیۆلۆژیی جیاواز هەن. ئێمە تاقە ئیدیۆلۆژییەکمان نیە. زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەندامانی حیزبی ئێمە باوەڕی مەزهەبی­یان هەیە، موسوڵمانن، کەسانێکیش هەن کە خۆیان بە مارکسیست دەزانن. تەنانەت لە مەسەلەی مەزهەبیش­دا لە حیزبی ئێمەدا سوننی، شیعە، ئەهلی حەق، مەسیحی، هەموویان هەن. بە باوەڕی ئێمە ئەوە ڕاستە کە هێندێ هێزی چەپ هەن، چەپی مارسیستی کە هیچ نەبێ وەک فەرمووت لە تیۆری­دا بەرگری لە مافی دیاری­کردنی چارەنووسی گەلان و یەک لەوان گەلی کورد دەکەن و ئێمە هیوادارین کە ئەگەر ڕۆژێک بەکردەوەش لەگەڵ ئەم مەسەلەیە بەرەوڕوو بوون، ئەم بۆچوونەیان هەر هەبێ.

بەڵام ئەو شتەی دەمەویست بە ئێوەی بڵێم ئەوەیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا، پێم­وایە مەسەلەی سەرەکی هێزە چەپە مارکسیستەکانیش لە ئێران هەر مەسەلەی دێموکڕاسییە. هێزەکانی چەپی مارکسیستی دوای شۆڕش دەرفەتێکی زۆر بەنرخیان لەدەست دا، وەدوای خومەینی کەوتن هێندێک بەو ناوە کە ڕێژیمی خومەینی ڕێژیمێکی دژی ئیمپەڕیالیستییە، لەحاڵێک­دا هەر ئەوکات ئێمە گوتمان و نووسیمان ڕێژیمێک کە ئازادییەکان لەنێو بەرێ، خەڵکی وڵاتی خۆی سەرکوت بکا ڕێژیمێکی دێموکڕاتیک کە هیچ، ناتوانێ ڕێژیمێکی دژی ئیمپەڕیالیستییش بێ.

جگە لەوە، قەیرانی هێزەکانی چەپی مارکسیستی ڕیشەیەکی مێژووییشی هەیە و ئەویش تێنەگەیشتنی دۆخی واقعیی ئێرانە. ئەم ڕێکخراوانە زۆرتر لەڕووی کتێبەوە دەیانەویست مەسەلەکانی ئێران چارەسەر بکەن، لەجیاتی ئەوەی سەرنج بدەنە ڕاستییەکان، لە ڕووی کتێبەوە و ئەویش نەک کتێبە ڕەسەنەکانی مارکس و ئەنگێڵز بەڵکوو ئەو کتێبانە کە بەدەستی دووەم و سێیەم وەک بڵاوکراوەگەلێک نووسرابوون و زۆربەیان لە ڕێگای حیزبی توودەوە گەیشتبوونە دەستی خەڵک، دەیانەویست کێشەکانی ئێران چارەسەر بکەن کە دیارە باش دیتتان کە ئەو ڕێکخراوانە تووشی لەت­بوون هاتن و ڕێکخراوێکی وەک ڕێکخراوی چریکە فیدایی­یەکانی گەل کە لە سەرەتاکانی شۆڕش­دا یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکان بوو، بووە چەند ڕێکخراوی چووکەڵە. بەڵام ئێستا چەند ساڵێکە مەسەلەیەکی دیکەش قەیرانی ئەو ڕێکخراوانەی توندتر کردوە، ئەویش ئەو شتەیە کە لە یەکیەتیی سۆڤیەت دەچێتە پێش. ئێستا یەکیەتیی سۆڤیەت وەک گەورەترین وڵاتی سۆسیالیستی بەخێرایی بەرەو دێموکڕاسیزاسیۆن و بەرەو دێموکڕاسی دەچێتە پێش. گلاسنۆست و پریستڕۆیکا ڕاستە کە لەجێ­دا گۆڕباچۆف دروستی کردن بەڵام پێویستییەکی مێژوویین و نەخشی گۆڕباچۆف پتر لەوەدایە کە باش و بەوەخت لەو پێویستییە مێژوویی­یە تێگەیشت. ڕێکخراوە مارکسیستییەکان ئێستا تەنیا دوو ڕێگایان لەپێش­دان. یان دەبێ ئازایانە پێ لە هەڵە و ڕابردووی پڕ لە هەڵەی خۆیان بنێن و لە سیفرەوە دەست پێ­بکەن و بەرەو دێموکڕاسی بڕۆن، پەیوەندییە نێوحیزبیەکانیان دێموکڕاتیزە بکەن و فرەیی قبووڵ بکەن و وەدوای دیکتاتۆری نەکەون، یان هەر لەو حاڵەتی پێشوودا بمێنن. ئەمن پێم­وایە ئاکامەکە ئەوە دەبێ کە هێندێ کەس لە حاڵەتی پێشوودا دەمێنن و ژمارەیەکیش دیارە ئازایەتی بەکار دێنن و سیاسەتێکی تازە دەگرنە پێش. هەر بۆیەش بەداخەوە دەبێ پێشبینی بکەین ڕیزە لەت­بوونێکی دیکە لەو ڕێکخراوانەدا بێتە پێش. بەڵام ئەمن هیوادارم پاش ئەو لەت­بوونانە ئیدی ڕەوتی یەکیەتی و یەک­بوون لەنێو هەموو ئەو کەس و کەسایەتی و ڕێکخراوانەدا کە حەز بە دێموکڕاسی دەکەن و پێیان وایە سۆسیالیزمیش بەبێ دێموکڕاسی دروست ناکرێ، دروست ببێ.

چونکە دروستە کە ئێمە حیزبێکی مارکسیستی نین، بەڵام لە بەرنامەی حیزبیی خۆمان­دا سۆسیالیزمی دێموکڕاتیمان کردۆتە ئامانجی درێژخایەنی خۆمان و زۆر پێشتر، دەوری پێنج ساڵ پێشتر نیازمان هەبوو هەر ئەو وەختە سنوورمان دەگەڵ ئەوانە هەبێ کە دەیانەوێ بەرەو دیکتاتۆری یان تووتالیتاریزم بڕۆن. ئەمن پێم­وایە ڕێکخراوەکان و هەموو گرووپەکانی چەپی مارکسیستی لە ئێران ئێستا ئەرکیان ئەوەیە دابنیشن، باش بیر لە ڕابردووی خۆیان بکەنەوە و ئەو ڕێگایە کە ئێستا لە سۆڤیەت و هێندێکی دیکە لە وڵاتانی سۆسیالیستی گیراوەتە پێش، ئەو ڕێیە کە لەپێش­دا ڕێی دێموکڕاسیی نێو حیزب و دوایە دێموکڕاسی لە نێوخۆی وڵاتە بگرنە پێش.

ڕاست دوو حەوتوو بەر لە وتووێژەکەم دەگەڵ بەڕێز قاسملوو، ئایەتوڵڵا خومەینی مردبوو و هێندێک لە لێکدەرەوە سیاسییەکان قسەیان لە ئەگەری قەیرانی سیاسی بەهۆی لەدەستچوونی ئەو و توندبوونی ناکۆکییەکانی نێوخۆی ڕێژیم لەسەر دەسەڵات دەکرد، بۆچوونی بەڕێز قاسملوو لەم بارەیەوە چ بوو؟

ڕێژیمی خومەینی لەمێژە کەوتۆتە قەیرانێکی قووڵەوە. تەنانەت پێش ئاگربەس دەگەڵ عێڕاق و پێش مەرگی خومەینی. ئێمە قەیرانی ڕێژیم لەوەدا دەبینین کە مەسەلە گرنگە سیاسی، ئابووری، سەربازییەکانی وڵات بێ­چارەسەرن و ئەم ڕێژیمە نە بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری ئەو مەسەلانە هەیە و نە لەجێ­دا لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی ویلایەتی فەقیهی­دا ئەگەری چارەسەری ئەو مەسەلانە هەبوو. بەم­جۆرە ئاگربەس کە دیارە ناچاری بوو و خومەینی بۆخۆی گوتی ژارێک بوو کە ئەو دەبوو بی­خواتەوە و خواردیەوە، قەیرانەکەی توندتر کرد و دۆخێکی هێنایە پێش کە سەرانی کۆماری ئیسلامی یەکتریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە شەڕ خەتای ئەم گرووپ یان ئەو گرووپ بووە. خومەینی جارێکی دیکە هەموویانی دەمکوت کرد و خەتەکەی خۆی کە ناوی خەتی ئیمامە، بردە پێش کە لەڕاستی­دا خەتی توندڕۆیەکانە.

ئێستا خومەینی ڕۆیوە. ئەمن پێم­وا نییە بە مردنی خومەینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ. ئەمن لەو باوەڕەدام کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا زەوەڕی (زەخیرە) هەیە و بەم­جۆرە ماوەیەک دەخایەنێ کە قەیرانەکە دیسانیش توندتر خۆی نیشان بدا، دەرکەوێ و ناکۆکیی نێوخۆی ڕێژیمیش بگاتە لووتکە. شتێکی سروشتییە کە پاش مەرگی خومەینی دەسبەجێ ئاخوندەکان هەرنەبێ بەڕواڵەت یەک بگرن، و ئەمەش بە باوەڕی من شتێکی کاتی و دەستکردە. ناکۆکییەکان زۆر پتر و توندتر لەوەن کە بکرێ ماوەیەکی درێژ سەرپۆشیان لەسەر دابنرێ و بەتایبەتی گیروگرفتەکانی وڵات ئەوەندە زۆرن کە سەرەنجام سەرانی ڕێژیمی ئێستا ناچار دەکا هەڵوێست بگرن و هێندێ کار بۆ چاری ئەو مەسەلانە بکەن کە سەرەنجام دەگەڵ قازانجی ئەو گرووپە جۆراوجۆرانە کە ئێستا لەنێو ڕێژیم­دا هەن تێک­دەگیرێن.

بەم­جۆرە ڕێژیمی خومەینی لەڕاستی­دا بە مەرگی خومەینی دەسبەجێ ناڕووخێ، بەڵام ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەدار لەنێوخۆی وڵاتەکەمان­دا خۆش بووە و ئەمن دڵنیام کە ئەو ڕەوتە ئێستا دەستی پێ­کردوە و ئەگەر بمەوێ جۆرێکی دیکە بڵێم لەڕاستی­دا مەرگی خومەینی سەرەتای کۆتایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی نزیک بەتەواوی خەڵکی ئێران، ئاشتی­یان دەوێ، ئازادی و دێموکڕاسی­یان دەوێ، ئەمنیەت و ئاسوودەیی­یان دەوێ و کەسانێک کە بتوانن بەرنامەیەکی لەو جۆرە بخەنە بەر چاوی خەڵکی ئێران و خەڵکی ئێران بە ڕاستگۆیی خۆیان قانیع بکەن کە بەرنامەیەکی لەو بابەتە پیادە دەکەن پێم­وایە ئەم ڕەوتە لە دواڕۆژی ئێران­دا دەیباتەوە. ئەمن باوەڕم وایە کە هیچ گرووپێک بەتەنیایی ناتوانێ لە ئێران بێتە سەر کار، هیچ گرووپێک بە تەنیایی ناتوانێ ببێتە دیکتاتۆر و ئەگەر بشگاتە ئەو جێیە کە دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ شەڕی نێوخۆیی وەڕێ دەخا. ئێمە وەک حیزبی دێموکڕات پێمان وایە دەتوانین ڕێژیم کز بکەین، دەتوانین زەبر لە ڕێژیم بدەین و تەنانەت دەتوانین تاڕادەیەک هەلومەرجی ڕووخانیشی ئامادە بکەین. بەڵام بەتەنیایی ناتوانین ببینە جێ­نشین (ئاڵتێڕ ناتیڤ)، بۆیە ئێمە لە ئێران، لە بەشەکانی دیکەی ئێران لە هاوپەیمان دەگەڕێین کە هەموومان لە هەڤبەندییەکی زۆر بەرین، دێموکڕاتیک لە بەرەیەک­دا کە بتوانێ هەموو دێموکڕاتەکان و کۆمارخوازان کۆ بکاتەوە. پێکەوە بە یەکگرتوویی خەبات بکەین و ئەمجار دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کارێک بکەین کە هیچ­کات دیکتاتۆرییەکی باشتر یان خەراپتر لە کۆماری ئیسلامی نەیەتە سەر کار، بەڵکوو دوای دوو دیکتاتۆریی دوورودرێژی شاهەنشاهی و ئیسلامی ڕێژیمێکی دێموکڕات بێتە سەر کار کە داخوازەکانی خەڵکی ئێران پیادە بکا.