بۆ ڕای گشتی و کوردانی ئیسکاندیناویا، بەتایبەت کوردانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم

بۆ ڕای گشتی و کوردانی ئیسکاندیناویا، بەتایبەت کوردانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم،
وێڕای سڵاو؛
دادگای تاوانبار (حەمید نووری) لە سوئێد، پاش پتر لە ساڵ و نیوێک و ٩٢ کۆبوونەوە، دادستان داوای حوکمی زیندانی هەمیشەیی بۆ حەمید نووری پێشنیار کردوە. دادگا بە پشتبەستن بە بەڵگەکان، قسەی شاهیدان کە تاوانباربوونی ناوبراو دەسەلمێنێت، قەولە ڕۆژی پێنجشەممۆی داهاتوو ڕێکەوتی 14/07/2022 بڕیاری کۆتایی خۆی بدات وحوکمی کۆتایی تاوانبار حەمید نووری لە دادگای سوئێد بخوێندرێتەوە.
هەر وەک هەمووان دەزانین، پەلکێش کردنی تاوانبارێکی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دادگا خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی میژووییە و بڕیاری دادگاش لە ئەگەری حوکمدانی ئەو تاوانبارە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سزادانی تاونبارانی‌تری ئەو ڕێژیمە لە هەر شوێنێکی دونیای ئازاددا.
بە پێویستی دەزانین داوا لە گشت کوردستانیانی دانیشتووی ئیسکاندیناوی، بەتایبەت کوردانی دانیشتووی سوئێد و ستۆکهۆڵم بکەین کە ڕۆژی پێنج‌شەممۆی حەوتووی داهاتوو لە بەردەم دادگای تاوانبار گرد ببنەوە و لە مافی گەلی کورد، خوێنی نەمرانی لە سێدارەدراو و ڕەنجی زیندانییانی سیاسی کورد بە خاوەن دەرکەون و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بەجێ بگەیێنن. ئامادەبوونی هەر تاکێکی کورد لەو ڕۆژەدا و لەبەردەم ئەو دادگایە، قورسایی خۆی دەبێ و خاوەندارێتییە لە خوێنی بەناحەقڕژاوی کورد بەدەستی ئەو تاوانبارانە.
بە هیوای دیداری کوردستانیان لە بەردەم دادگای ستۆکهۆڵم ڕۆژی پێنج‌شەممۆ ١٤جولای ٢٠٢٢ لە کاتژمێر ١٠:٠ی بەیانییەوە.

ناوەندی نەمران
ئەنجوومەنی زیندانیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان