دایکێک لە ڕەگەزی خۆرەتاو، دایە مریەم
دایکێک لە ڕەگەزی گەرمی خۆرەتاو، دایە مریەم
زۆر پێش ئەوەی ببمە پێشمەرگە، هاتووچۆی بنەماڵەییمان لەگەڵ بنەماڵەی مام عەزیز و کاک فەقێ ئەحمەدی ڕەحمەتی هەبوو و لە ڕێگای بنەماڵەی خۆمانەوە ناو و ناوبانگی ئەو بنەماڵە گەورەیەم بیستبوو.
لە سەردەمی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا ماڵی مام عەزیزی بێوران وەک مەکۆی شۆڕشگێران و وەک بنکە و مەقەری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و تەنانەت پێشمەرگەکانی باشوور کوردستان وابوو، هەم لە گوندی بێوران و هەمیش دواتر لەو دیوی سنووری دەستکرد، ئەو بنەماڵەیە بوونە پشت و پەنای هەموو پێشمەرگەکان.
باسی گەورەیی ئەو بنەماڵەیە لەو چەند دێرەدا نانووسرێ و ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە، کۆچی دوایی دایە مریەم هاوسەری نەمر مام عەزیز و دایکی دوو شەهیدی پایەبەرزی گەلەکەمان شەهیدان حەمەعەزیز و ڕەسووڵ عەزیزییە.
دایە مریەم ژنێکی بە هەڵوێست و نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە خۆشەویست و پێشمەرگە پەروەر بوو، لە ئامێزی خۆیدا کچ و کوڕ و نەوەکانی فێری نیشتمانپەروەری و پێشمەرگایەتی کردن و لەو سۆنگەیەوە هەموو خۆشییەکانی ژیانی، موڵک و ماڵ و باخ و باخات و شوێن و زێدی لە دایکبوونی خۆی بەجێ هێشت و چیا و شاخ و سەنگەری پێشمەرگایەتی کردە شوێنی ژیانی سەربەرزانەی خۆی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی.
دایە مریەم وەک خۆی ژیانێکی پڕ لە ئازار و ناخۆشی بەرێ کرد، بەڵام هیچ کات بە نائومێدی و بە بێ هیوایی قسەی نەکرد و هیچ کات خۆی وا نیشان نەدا کە شەهیدبوونی جگەرگۆشەکانی و ماڵ بە کۆڵی و برینداری منداڵ و نەوەکانی بکاتە گلەیی و گازەندە لە سەر خەڵک و شۆڕش، بەڵکوو هەمیشە هیوای بە گشت لایەک دەبەخشی و وەک نموونەی دایکێکی خۆڕاگر و دایکێکی بە هەڵوێست سەیری دەکرا و لە کاتی شەهیدبوونی هەر پێشمەرگەیەک دا ئەوە دایە مریەم بوو کە ورەی بە گشت لایەکمان دەدا و هیچ کات ئازار و ناخۆشییەکان نەیان توانی چۆک بە دایە مریەم و ئەندامانی بنەماڵەکەی دا بدا.
دایە مریەم ژنێکی قسەخۆش، دەم بە خەندە و دڵفراوان بوو، سفرەی دڵ و سفرە و خوانی بۆ هەموو لایەک بوو، ژیانی تەرخانی پێگەیاندنی ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەموو ئەو کەسانە کرد بوو کە دەیناسین و یا ڕوویان تێدەکرد.
زۆر بەداخەوە دایە مریەم ماوەی چەند ساڵێک بوو تووشی نەخۆشی و ناسازی بوو، وێرای چاوەدێری چڕی پزیشکی بەداخەوە دایە مریەم چاوە گەش و پڕ هیواکانی بۆ هەمیشە لە سەر یەک دانا و بەو کۆستە گەورەیەی خۆی، کۆستی گەورەی مام عەزیز و نەسیمی جوانەمەرگ و شەهیدانی فەرماندەمان کاک حەمەعەزیز و کاک ڕەسووڵ عەزیزی لێ زیندوو کردینەوە و کۆچی دوایی دایە مریەم بوو بە هۆی ماتەمین و خەم و پەژارەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانناسی و دەیناسن.
بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە مریەم لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کچ و کوڕ و نەوەکانی لە بنەماڵەی بەرێزی لە نێوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانم و ئاواتەخوازم کە ڕێگای خەبات و تێکۆشان و ڕێبازی دایە مریەم و مام عەزیز و شەهیدانی فەرماندە پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناویان لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٦ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی