پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب بەبۆنەی ناودێرکرانی ١٢ی جۆزەردان بە “ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب بەبۆنەی ناودێرکرانی ١٢ی جۆزەردان بە “ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان
پشتیوانی لە بەندییە سیاسییەکان دەبێ ئەوەندە شوێندانەر بێت کە ڕێژیم هەست بەوە بکا ئەوان هەموو خەڵکی کوردستانیان لە پشتە

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ١٢ی جۆزەردانی وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان ناودێر کردوە. لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی (٢ی ژوئەنی ١٩٨٣)، جەللادەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری تەورێز لە تاوانێکی کەم‌وێنەدا، ٥٩ لاوی مەهابادیان کە ماوەیەک بوو بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەستبەسەر و لەژێر ئەشکەنجەدابوون، بەکۆمەڵ ئێعدام کرد.

ئەو ٥٩ لاوە کە ژمارەیەکیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵیش بوو، بێ‌ئەوەی لە دادگایەکی ڕاستەقینەدا موحاکەمە بکرێن، بێ‌ئەوەی پارێزەریان هەبێ، تەنانەت بێ‌ئەوەی دەرەتانی بەرگری‌کردن لە خۆیان پێ بدرێ، بە سزای ئێعدام مەحکووم کران و لە ١٢ی جۆزەرداندا حوکمەکەیان لەسەر بەڕێوە بردن. جگە لەوەی تەرمەکانیشیان نەدرایەوە بە بنەماڵەکانیان، هیچ کات شوێنی شاردنەوەی تەرمە ئاژن ئاژنکراوەکانیان ئاشکرا نەکرا.

پێشنیاری ناودێرکرانی ڕۆژی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، لە زۆر بارەوە پێشنیارێکی بەجێیە. چونکە:

– ئەو ٥٩ لاوە سەر بە ڕێکخراوێکی سیاسیی دیاریکراو نەبوون و لایەنگری ڕێکخراوی سیاسیی جۆراوجۆریان لەنێودا بوو. هی واشیان تێدابوو کە لایەنگری ڕێکخراوێکی سیاسیی دیاریکراو نەبوون و تەنیا نەیار و بەرهەڵستکاری ڕێژیمی دڕندە و کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون؛

– جۆری گرتن، لێکۆڵینەوەیان لەژێر ئەشکەنجە و موحاکەمەکردندا و گیان‌لێ‌ئەستاندنیان، هەروەها ونکردنی تەرمەکانیان و شوێنەواری تاوان بەرانبەریان، نموونەیەکی دیار لە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناڕازییان و نەیارانی سیاسیی خۆی لە بەندیخانەکانی دایە؛

– ئەو پۆلە گەورەیەی لاوانی کورد، نموونەی بەچۆکدانەهاتن، خۆبەدەستەوەنەدان و بەرگریکردنی سەربەرزانە لە ئامانج و داخوازە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بوون، ئامادە بوون سەر دابنێن بەڵام سەر دانەنوێنن و بەم مەرگە سەربەرزانەیان بۆ لاوانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی بەندییە سیاسییە کوردەکان بوون بە سەرمەشق و نموونە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێرای پێشوازی و پشتیوانی لەم ناودێرکردنە، بە ڕێزەوە یادی ئەو ٥٩ لاوە شەهیدە دەکاتەوە. ئاشکرایە هەم بەر لە تاوانی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢، کۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆر تاوانی لەدژی لاوانی کوردستان و بەندییە سیاسییە کوردەکان، ئەنجام دابوو، هەم دواتر و لە ڕاستیدا هەتا ئێستا، لەسەر بەندکردنی لاوانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان و لە داردان و گیان‌لێ‌ئەستاندنیان لەژیر ئەشکەنجەدا بەردەوام بووە.

ناودێرکرانی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، ئەو دەرفەتە دەخولقێنێ کە لەم ڕۆژەدا بە ڕێزەوە یادی هەموو بەندییە سیاسییەکانی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی شوومی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی پەهلەویدا بکەینەوە. لە ئاست خۆڕاگری و تێپەڕکردنی ساڵانی تەمەنیان لە تاریکخانەکان و ئەشکەنجەگاکانی ئەو ڕێژیمە و ڕێژیمی پێشوو و بەختکردنی گیانیان، سەری ڕێز دانەوێنین. هیوادارین لەمەودوا ١٢ی جۆزەردان وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، ببێتە بۆنەیەک بۆ ئەوەی هەموو لایەکمان چ وەک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، چ وەک ناوەند و دامەزراوەی بەرگری لە مافە مرۆییەکان، هەروەها وەک تاکێکی کۆمەڵ، ئەرکەکانی سەرشانمان بەرامبەر بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان، وەبیر خۆمان بێنینەوە و هەوڵەکانمان بۆ بەرگری لەوان و ناچارکردنی ڕێژیمی ئێران بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە جیهانییەکانی پێوەندیدار بە بەندییە سیاسییەکان، چڕتر بکەینەوە. پێویستە هەڵمەتی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ بەندییە سیاسییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان، ئەوەندە شوێندانەر بێت کە نەک هەر ڕۆڵە بەندکراوەکانی نەتەوەکەمان، بەڵکوو دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیش هەست بەوە بکەن کە بەندییە سیاسییە کوردەکان، خەڵکی کوردستانیان لە پشتە و لە ئاست چارەنووسی ئەوان خۆیان بە ئەرکدار دەزانن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەم بۆنەیەدا پابەندیی خۆی بە ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ بەرگری لە بەندییە سیاسییەکان و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان، دووپات دەکاتەوە. ئامادەیی خۆشمان ڕادەگەیەنین بۆ بەشدارییەکی شێلگیرانەتر لە هەر چەشنە هەوڵ و تێکۆشانێک لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بە مەبەستی پشتیوانی لە بەندییە سیاسییە کوردەکان و گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئازادکردنیان.

بەرز و بەڕێز بێ یادی ٥٩ لاوی شەهیدی مەهاباد و هەموو بەندکراوانی سیاسیی شەهید.

سڵاو لە بەندییە سیاسییە خۆڕاگرەکانی کوردستان، هێما دیارەکانی خەبات و خۆراگریی نەتەوەی کورد بەرامبەر ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ خەباتی ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران و بە هیوای وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی بەندییە سیاسییەکان.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی