حەیرانی وەیشوومە. بە دەنگی حەمەڕەسووڵ کەریمی. لە نووسینی: باوکی دیا

حەیرانی وەیشوومە. بە دەنگی حەمەڕەسووڵ کەریمی. لە نووسینی: باوکی دیا

لە یادی ٧٥ ساڵەی شەهیدبوونی پێشەوا مەزن قازی محەممەد و هاورێیانی دا و لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا وتار و بابەت زۆر نووسراون و دەنوسرێن، وەک خۆم بۆ یادکردنەوەی شەهیدان زۆرجار بە نوسین و بابەت  وسەردان لە بنەماڵەی شەهیدان و پەیام بەشداریم کردووە، بەڵام ئەمجارەیان کاتێک لە ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی کوردستان دا چاوم بەم شێعر و پەخشانە جوان و بە هەست و ڕازاوەیە کەوت، پێم حەیف بوو، کە لە خەڵک وون ببێ، زۆرجاریش خوێندنەوە ئەگەر چێژی بۆ خوێنەر هەیە، جارجار پێویستە کە بە شێوەی دیکەش خەڵکانێک کە کەمتر دەخوێننەوە گوێ بیستی دەق و بابەتیش ببن و هەر بۆیە دوای ماوەی چەندین ساڵ دابڕان لە گۆرانی و لە مەقام گوتن، ئەمجارەیان بە حەیرانێک و بە لاواندنەوەیەک لەم ڕۆژەدا پەیمانی وەفاداریم لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.

حەیران گووتن کاری کەسی شارەزا و لێزانە، منیش نە شارەزام و نە لێزان و هەر بۆیە دەزانم کە کەم و کوڕی لە هەڵدان و تێهەڵکردنی حەیرانەکەم دا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەم ڕۆژەدا چ باشتر لەوە کە هەست و سۆزی خۆم وەک خۆی کە هەیە دەرببرم.

لەم ڕۆژەدا شتێکم نەبوو، جیا لە لایەلایە و لاواندنەوە بۆ شەهیدان و بە تایبەت شەهیدانی دەستی غەدر و تاوانی حکوومەتی حەمەڕەزا شای گۆڕ بە گۆڕ و خومەینی جەللاد.

لە کەم و کوڕی‌یەکانی داوای لێبوردن دەکەم ، سوپاس بۆ کاک کاروان حەکیم زادە، کاتێک دەنگەکەم بۆ نارد زەحمەتی کێشا و موزیکی بۆ ئامادە کرد، سوپاس بۆ باوکی دیا و ئەم تێکستە نایاب و جوان و بە هەستە، هەڵبەت ئەم تێکستە زۆر بوو، هەمووشی بۆ حەیران نەدەبوو، هەر بۆیە ئەو بەشەم هەڵبژارد و لە سەر ویدیویەکەش ژێرنووسەکەم دانا بۆ ئەوەی ئەگەر کەسانێک لە وشەکانی حەیران حاڵی نەبن بە خوێندنەوە لە تێکستەکە و وشەکان بگەن.

سوپاس بۆ هەموو ئەو هاورێیانەی کە بڵاویان کردۆتەوە و سوپاس بۆ کوردکاناڵ کە بڵاوی کردۆتەوە.

ڕووحی شەهیدان شاد و پێشکەش بە بنەماڵەی هەموو شەهیدان و نەمران و گیانبەختکردووانی گەلەکەمان.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٠ ی خاکەلیوەی ١٤٠١ی هەتاوی

٣٠ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی