قازی و ئەو ئامانجەی هەتا سەر پێی وەفادار مایەوە. حەمەڕەسووڵ کەریمی

قازی و ئەو ئامانجەی هەتا سەر پێی وەفادار مایەوە. حەمەڕەسووڵ کەریمی

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی ٧٥ ساڵ بە سەر لەسێدارەدانی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی، (محەممەدحوسێن سەیفی قازی و عەبدولقاسم سەدری قازی) بە دەستی حکوومتی ڕووخاوی حەمەڕەزاشای پەهلەویدا تێ‌پەڕی.

شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد کارەساتێکی ئەوەندە گەورە و ناخ‌هەژێنە، کە  دوای ٧٥ ساڵ بە سەر ئەو غەدرە گەورەیەدا، هەنووکەش وەک یەکەم چرکەساتەکانی لە سێدارەدانی سەروەرانی کورد، ژان و ئازاری خۆی هەیە.

دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان بە خەیاڵی خاوی خۆیان، پێیان وایە بە لە سێدارەدان و تیرۆر و شەهیدکردنی ڕێبەرانی کورد و ڕێبوارانی رێگای ئەوان، دەتوانن پێش بە  بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بگرن. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ئەگەر ڕێبەرێک  لە نەتەوەی کورد شەهید دەکرێ، ئەوە دەیان و سەدان و هەزاران ڕۆڵەی  کوردی بە ناو دەکرێ و ڕێگا و ڕێبازی ئاوەدانتر دەکرێتەوە. ڕەوتی مێژوو نیشانی داوە کە گەلی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە شەهیدبوونی ڕێبەر و سەرکردە و کادر و پێشمەرگەکانی هیچ کات نەچەماوەتەوە و دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرتوە، بەڵکوو ڕۆڵەکانی گەلی کورد زۆر شێلگیرانەتر لە پێشوو ڕەوڕەوەی خەباتیان بەرەو پێش پال ناوە و زیاتر لە پێشوو لە سەنگەر خەبات و تێکۆشاندا خۆڕاگرییان کردوە.

هەروەک چۆن شەهید پێشەوا قازی لە کاتی بەناو دادگایی‌کردن و پاشان لەسێدارەدانیدا فەرمووی: ئەگەر ئەمرۆ قازی محەممەدێک شەهید دەکەن، لەوە دڵنیا بن کە سبەی لە هەر تنۆک خوێنی من قازی محەممەدێک شین دەبێتەوە و ئێوەش ناتوانن بە کوشتنی من ڕەوڕەوەی خەبات بوەستێنن…” ئەم چەند وشە پڕ مانایە ئێستا بۆتە هەوێنی خەباتێکی دوور و درێژ و خوێناوی.

شەهید پێشەوا قازی وەک کەسایەتییەکی حقووقی و ئایینی، وەک قازیی دادگا و وەک سەرۆک‌کۆمار شارەزایی تەواوی بە سەر یاسا بنەڕەتییەکانی ئێران و یاسای شەرعی و ئیسلامی و یاسا نێونەتەوە‌ییەکاندا هەبوو، هەر بۆیەش لە هەر دوو جار دادگایی‌کردنەکەیدا، ئەوە قازی محەممەد بوو کە حکوومەتی ناوەندیی موحاکەمە دەکرد و دەوڵەتی بەوە تاوانبار دەکرد کە وڵاتی کوردتان داگیر کردوە. تەنانەت لە دادگای دووهەمدا زۆر بە توندی بە سەریاندا دەگوڕێنێ و دەڵێ: من لە زووەوە خۆم بۆ ئەو مردنە سەربەرزانەیە ئامادە کردوە و بە ئامێزی ئاواڵە و بە شانازییەوە ئەو مەرگە هەڵدەبژێرم، چوونکە بەڵێنیم بە خەڵکەکەی خۆم داوە کە لەگەڵ ئەوان بژیم و بۆ ئەوان بمرم و ئەو بەڵێنییەش هیچ کات ناشکێنم و ئەوە ئێوەن کە خەیانەت بە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکەن.

لە ڕاستیدا شەهید پێشەوا قازی لەگەڵ ئەوەدا وەڵامی پرسیارەکانی بەناو دادگای دەدایەوە، هاوکات زۆر بوێرانە و بە دەنگی بەرز و بە بەڵگەوە ڕووی لە بەناو قازییەکانی دادگا دەکرد و داوای وەڵامی لە سەرهەنگ و بەشدارانی دادگا دەکردەوە کە ئەوە ئێوەن دەبێ وەڵامی پرسیارەکانی دادگا بدەنەوە، بوێری و نەترسی و وەڵامی ڕاشکاونەی شەهید پێشەوا وایکردبوو کە دواتر چەند کەس لەو بەناو ڕۆژنامەنووس و وێنەگر و وەکیلی ئەرتەش بە ناوەکانی نەجەفقولی پەسیان، سولێمان خ ، سەروان شەریفی کە بە قەول وەکیلی شەهید پێشەوا قازی بووە، نەیانتوانیوە لە راستییەکان و لە بوێری و نەترسیی شەهید پێشەوا قازی و هاوڕێیانی چاوپۆشی بکەن و بەشێکی بەرچاو لە نووسین و لە دەنگ و وێنەکانیان دواتر بڵاو کردنەوە و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە سەبارەت بە وتارێک کە سولێمان خ لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردبۆوە، بۆ ماوەی ساڵێک بخرێتە زیندانەوە.

ئەگەرچی دادگای قازییەکان دادگای نیزامی و سەربازی بوو، بەڵام هیچ کام لە قازییەکان ئامادە نەبوون کە هیچ شەرت و مەرجێک لەوان قەبووڵ بکەن و تەنانەت بۆ چرکەساتێک نەیانهێشت کە سەرهەنگ و کاربەدەستانی دادگا بە سەر ورەی بەرزیاندا زاڵ ببن. کاتێک لە ٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی و لە بەناو دادگای قازییەکان‌دا، ڕیزێک تۆمەت بۆ شەهید پێشەوا دەخوێننەوە، شەهید پێشەوا قازی هەموو ئەو تۆمەتانەی کە بۆی دەخوێننەوە بە دەلیل و بەڵگە دەیانکاتە تاوان بۆ حکوومەتی ئێران و ڕەددیان دەکاتەوە و هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشە و ئاڵۆزییەکان دەخاتە پاڵ حکوومەتی حەمەڕەزاشا و پەلاماری سیاسەت و کردەوە و یاسا دەستنووسەکانیان دەدا و بە وردی باس لە غەدر و تاوان و داگیرکاریی دەوڵەت دەکا و دەڵێ ئەگەر کوردەکان خائینن، وڵاتی کوردان بۆ خۆیان بەجێ بێڵن با بۆ خۆیان خۆیان ئیدارە بکەن.

لە ڕەوتی دادگادا و لە ڕۆژانی ٧ تا ١٠ خاکەلێوە شەهید پێشەوا قازی بەرگری لە هەموو بڕیار و کردەوەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژکاف) ، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆماری کوردستان دەکا و بە گشتی ئەو جووڵانەوە و شۆڕشەی بە نوقتە گۆڕانی ژیانی سیاسی کورد دادنێ و خۆی لە بڕیار و قەراری سیاسی ئەو جووڵانەوەیە بێبەری ناکا و بە قەول و بەڵێن و سوێندخواردنی خۆی لە کاتی وەرگرتنی سەرۆک کۆماری کوردستان وەفادار دەمێنێتەوە و مەرگی سەربەرزانە هەڵدەبژێرێ. لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری کوردستان‌دا وڵاتانی ئینگلیس و ئامریکا، پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری کوردستان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن، هەر بۆیەش لە ڕەوتی دادگادا دەیانەویست بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە فێڵ و تەڵەکە قەول و بەڵێنی لە شەهید پێشەوا قازی وەر بگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن، بەڵام وەک ڕۆژنامەی ” ئازەربایجان ” لە باکۆ نووسیبووی: شەهید پێشەوا، لە ڕۆژەکانی دواتردا و لە ڕەوتی دادگادا بە نوێنەری ئامریکا ( جۆرج ئالین ) دەڵێ گەلی کورد چاوڕوانیی‌ هیچ چاکەیەکی لە وڵاتی ئیستعماری نییە.

شەهید پێشەوا قازی لە وەسیەتە بە ناوبانگەکەی خۆیدا ڕوو بە گەلی کورد چەند پەیامی مێژوویی دەنووسێ و لەودا باس لە یەکگرتوویی گەلی کورد دەکا و پەیامی یەکبوون و یەکریزی بە گوێی نەوەی کورد دا دەخوێنێ و لە بەشێک لە وەسیەتەکەیدا دەنووسێ: داوا له‌ گه‌لی‌ كورد ده‌كه‌م خه‌باتی‌ خۆی‌ له‌ پێناو رزگاریی‌ كوردستان‌دا په‌ك نه‌خا، باوه‌ڕ به‌ ده‌وڵه‌تی‌ خۆفرۆشی‌ تاران مه‌كه‌ن. بژی‌ كورد‌و كوردستان.

بوێری و چاونەترسی شەهید پێشەوا نەک تەنیا لە ڕەوتی دادگا دا بۆ هەموو لایەک دیار بوو، تەنانەت لە کاتی لە سێدارەداندا ناهێڵێ چاوی ببەستن و بە چاوی کراوەوە بەرەو سێدارە دەچێ و دەفەرمووێ “حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەساتی ژیانیشمدا بە سەربەرزی و چاوکراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم”.

ڕووحی شەهید پێشەوا قازی و هاوڕێیانی شاد و ڕێگا و ڕێبازی خەباتی ئاوەدان و وەفادارم بە ڕێبازی سەرۆک کۆماری کوردستان و بە ئاواتی ئەوە کە گەلی کورد یەکڕیز و یەکگرتوو خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازانەی خۆی درێژە بدا.

Hiện nay, có rất nhiều trang thể thao bóng đá trực tuyến, nhưng đa số đều có những quảng cáo hoặc chất lượng ko cao hoặc phát lậu, Chúng tôi socolive với bản quyền trực tiếp phát sóng trực tiếp , hứa hẹn sẽ cung cấp cho các bạn những trận bóng đá hấp dẫn nhấtxem bóng đá trực tuyến