دۆخی وتووێژەکان لەمەڕ بەرنامەی ناوکیی ئێران. وەرگێران: کەماڵ حەسەن‌پوور

دۆخی وتووێژەکان لەمەڕ بەرنامەی ناوکیی ئێران
ئەنستیتۆی ناونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک
زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١۵ دەگەڵ ئێران، دەرکەوتووە لەوە دژوارتر بێ کە زۆر لە لایەنگرانی چاوەڕوان بوون و نەیارانی لێی دەترسان. وتووێژەکانی نێوان ئەو لایەنانەی لەناو ڕێککەوتنی بەرجام مانەوە (چین، یەکێتی ئورووپا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئێران، ڕوسیە و بریتانیا) و وڵاتە یەکگرتووەکان کە لە مای ٢٠١٨ ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە جێدەهێڵێ، لە ئاپریلی ٢٠٢١ دەستیان پێکرد. لایەنەکان نەیانتوانی پێش هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران، لە مانگی جوون، بگەنە ڕێککەوتن و لە مانگی نۆڤەمبەردا دەوڵەتی توندئاژۆی، کۆنەپارێزی سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی، هەڵوێستێکی بەرزەفڕانەی گرت (ئەگەرچی لەو کاتییەوە ویستی خۆ گونجاندنی نیشان داوە).
لەو ماوەیەدا بەرنامەی ناوکی ئێران بە شیوەی بەرچاو خێراتر بووە کە بەشێک لە سوودەکانی پێشگرتن بە بڵاو کردنەوە [توانایی گەشە پێدانی چەکی ناوکی] بە بەرجامێکی زیندوو کراوە، خەوشدار بووە. لە کاتێکدا کە هێشتا ئەگەری ڕێککەوتن هەیە، بەڵام زۆر وێدەچی سێناریۆی ئەمساڵ لەبەر بێ بەرهەمی یان وەستانی وتووێژەکان لە پەلوپۆ بکەوێ و دەگەڵ ڕەچاو کردنی ستراتێژیی بێ ڕێککەوتن لە لایەن ئێران، ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕێگا بۆ قووڵ بوونەوەی گرژییەکان بکرێتەوە.
ڕێککەوتن یان ڕێکنەکەوتن؟
لە نێوان ئاپریل و جوونی ٢٠٢١، وتووێژەکانی ڤییەن شەش جار بەڕێوە چوون و بۆ گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ ناو بەرجام، پێشوەچوونی هەبوو. لەسەر داوای ئێران، ئەمریکا و ئێران ناڕاستەوخۆ و بە ناوبژیوانی وڵاتانی ئورووپایی، وتووێژیان دەکرد. لە کاتێکدا کە ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانە بۆتە هۆی وەدرەنگی کەوتن و بە هەڵە لێک حالێبوون، تاران بەردەوامە لە خۆ بواردن لە دیداری ڕاستەوخۆ دەگەڵ واشینگت. . ئەگەرچی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران لە مانگی جوون لایەنەکان ڕێکنەکەوتن، هێندێک دیپلۆمات لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ناهومێد نەبوون.
چەند مانگ دوای هەڵبژاردن، ئێران نەگەڕایەوە سەر مێزی وتووێژ، بەرنامەی ناوکییەکەی گەشەی کرد و چاودێریی ناونەتەوەیی کاریگەریی نەما. ڕەئیسی کە، لە کێبەرکییەکی گەلێک سنووردار بە بەشدراییەکی کەمی دەنگدەران کە لە مێژوودا بێ وێنە بوو هەڵبژێردرا، دەڵێ ئامانجی ئێران گەڕانەوە بۆ ناو بەرجامە. بەڵام ئەو هەروەها گوتوویەتی نایهەوێ داهاتووی سیاسی و ئابووری ئێران بە ڕێککەوتنێک دەگەڵ واشینگتۆن ببەستێتەوە و ڕەخنەگرێکی دیاری ڕێککەوتنەکە، عەلی باقێری کانی، وەک سەرۆکی وەفدی دانوستانکار لە ڤییەن دیاریکردووە.
دەوری حەوتەمی وتووێژەکان لە کۆتاییەکانی نۆڤەمبەر دەستیان پێکرد. وەفدی ئێرانی، تاقمێک داواکاریی بەرزەفڕانەی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکییەکەی و سووک کردنی ئابلۆقەکان پێشەکش کردن کە پاشەکشە لە پێشوەچوونەکانی بەهاری پێشوو بوو. سیاسەتوانانی خۆراوایی پێیان وابوو کە پێشنیارەکان جیددی نین. لە دێسەمبەری ٢٠٢١ و جانیواری ٢٠٢٢، دیپلۆماتەکان گوتیان پێشوەچوونێکی کەم بەرەو تێکهەڵکێش کردنی داواکانی ئێران لەو نووسراوەیەی لە مانگی جوون لەسەری ڕێککەوتبوون هاتۆتە ئاراوە.
زۆر لەو خاڵانەی ماون، لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرجامن. ئێران داوای مێکانیزمێکی کردووە کە سووک کرانی ئابلۆقەکانی پێ مەزەندە بکرێ و داوای گارانتی لە سەرکۆماری ئەمریکا جۆ بایدن یان جێگرەوەکەی کردووە کە لە ڕێککەوتنەکە نەکشێنەوە. ئەو هەروەها داوای لابردنی سەرجەم ئابلۆقەکانی سەردەمی سەرکۆماری پێشوو دۆناڵد ترامپی کردووە دەیهەوێ لە داهاتووشدا هیچ ئابلۆقەیەکی نوێ زیاد نەکرێ. دانوستانکارەکانی ئەمریکایی جیبەجێ کردنی زۆر لەو داوایانە لە ڕوانگەی یاسایی یان کردەیی بە مومکین نازانن.
مـشتومڕێکی بەربڵاو لە ئارا دایە کە ئاخۆ ئێران بەڕاستی حەزی لە ڕێککەوتنە یان تەنیا کات دەکڕێ بۆ گەشە پێدانی بەرنامە ناوکییەکەی. هێندێک لێکدەرەوە گوتوویانە کە بێتوو ئێران بەو ئاکامە گەیشتبا کە ڕێککەوتن ناکرێ، ڕەنگبێ درێژەی بە بەشداریی لە وتووێژەکاندا نەدابا. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، لێدوانەکانی ڕەئیسی ئەو بووچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. ئەوانی دیکە دەڵێن دەوڵەتە توندئاژۆیەکە، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیکەوە نەگۆڕە و نایهەوێ سازش بکا، چوکە ئەمریکا ئەو لایەنە بووە کە بەرجامی جێهێشتووە. ڕەنگبێ بەو شێوە بێ کە تاران خوازیاری ڕێککەوتنە بەڵام تەنیا بە مەرجی گەلێک دیاریکراوەوە، واتە مەرجی باشتر لەوەی لە ٢٠١۵ لەسەری ساغ بوونەوە. تاران لە درێژەدان بە وتووێژەکان سوود وەردەگرێ، تەنانەت ئەگەر پێشوەچوونی ڕاستەقینەشیان نەبێ، چونکە ئەوان زەختی ناونەتەوەیی و ناوخۆیی کەم دەکەنەوە و قەڵخانێکن دژی هێرشی سەربازیی لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە. لەگڵ ئەوەشدا ئێران ڕوونی کردۆتەوە کە نیگەرانی شکستی دانوستانەکان نییە؛ ڕەئیسی بودجەی داهاتی ٢٣-٢٠٢٢ی بە گریمانەی مانەوەی ئابلۆقەکان داڕشتووە. ئەگەری ئەوەش هەیە کە ڕێبەریی، لە ناویاندا ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی، هێشتا بڕیاری لەسەر باشترین هەڵوێست نەدابێ.
نیگەرانییەکانی ناوکی
بۆ دەوڵەتانی خۆراوایی، ڕەوتی هێواشی وتووێژەکان گیروگرفتە چونکە بەرنامەی ناوکیی ئێران بەخێرایی گەشەی کردووە. کاربەدەستانی ئەمریکایی گوتوویانە بێتوو ئەو گەشە کردنانە بەو خێراییە درێژەیان هەبێ، سوودەکانی بڵاونەکردنەوەی [توانایی گەشە پێدانی چەکی ناوکی] بەرجام ڕەنگبێ لە وەرزی یەکەمی ٢٠٢٢ بکەونە ژێر پرسیار.
ئێران چیدیکە ملکەچی سنووردانانەکانی بەرجام بۆ بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆمەکەی نییە. کاتی دەرچوونی ئەو، کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی فرە پێتێندراو بۆ دروست کردنی بۆمبێکی ناوکی، لە ساڵێک یان زیاتر، لە کاتی بەرجامدا بۆ نزیکەی مانگێک دابەزیوە و، ئەگەری گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوە بۆ کاتی دەرچوونی پێشوو کەم بۆتەوە. ئەگەرچی پێوانەی یەک ساڵ لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە شتێکی گۆترەیە، لانی کەم لە واشینگتۆن لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێوەرێکی گرینگ بۆ بەراورد کردنی ڕێککەوتنی داهاتوویە.
کاربەدەستانی خۆراوایی بۆ سێ پرسی ناونەتەوەیی زەختیان خستۆتە سەر تاران: ١) مەترسی دەرچوونی دەستبەجێ ٢) ئاستی پێشکەوتوویی گەشە کردنی بەرنامەی ناوکی و ٣) دەستئاواڵایی بۆ پشکنینە ناونەتەوەییەکان. لە پرسی یەکەم، کاتی دەرچوونی ئێران، بە گوتەی کاربەدەستێکی ئەمریکا ‘سنووری هەڵە’ لە کۆتایی ٢٠٢١ ـــــــە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران لەوانەیە توانایی گۆڕانی خێرای سانتریفیوژانی هەبێ و بتوانێ بەشی بۆمبێک ئۆرانیۆمی بەکەڵک، پێش دیتنەوەی لە لایەن پشکێنەرانی ناونەتەوەیی، دروست بکات. بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی پشکێنەران کە لە لایەن ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ناوکی ، لە ٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بڵاو بۆوە، ئێران نزیکەی ١٦٨،٣ کیلۆ ئۆرانیۆمی هێکسافلۆریدی (UF6) پیتێندراو بە پلەی ٪ ٢٠ هی ئیزۆتۆپی U-235ی هەیە. زیاتر لە ٪٢۵ ئەو ڕێژەیە لە سێ مانگی پێش بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتەکە بەرهەم هێنرابوو. بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ئێران هەروەها ٢٦،٢ کیلۆ UF6 ی پێتێندراو بە پلەی ٪٦٠ ی هەیە.
بەو خێراییەی بەرهەمهێنان، ئێران دەتوانێ سنووری دەستڕاگەیشتن بە ڕێژەیەکی بەرچاو UF6ی پینتێندراو بە پلەی ٪٢٠ (نزیکەی ۵٠-٢٤٠ کیلۆ) لە سەرەتای ی ٢٠٢٢ ببەزێنێ. دوای بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ناوکی لە نۆڤەمبەر، ئێران دەستی بە پیتاندنی U-235 بە پلەی ٪٢٠ بە کەڵک وەرگرتن لە سانتریفیوژی IR-6لە فۆردۆ ، بنکەیەکی پیتاندنی بە توندی قایمکراو، کردووە. بێتوو ئێران سنووری دەرچوون ببەزێنێ و ئۆرانیۆمی پێویست بۆ بۆمبێک بپیتێنێ، بە گوێرەی هێندێک بەراورد، ڕەنگبێ پێویستی بەیەک یان دوو ساڵی دیکە بێ تا لە ئامێرێکی هەڵگری بۆمبی قایم کات. بەڵام کاتێک قۆناخی پیتاندن تەواو بێ، توانایی وڵاتان بۆ ئاشکرا کردنی هەوڵی چەک دروست کردن لە ئورانیۆم بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێ، چونکە ئەو چالاکییە لە ژێر چاودێریی ناونەتەوەییدا نییە.
دووهەم، ئێران خەریکی وەدەستهێنانی توانایی ئەوتۆیە کە بناخەیەکی نوێ و پێشکەوتووتر بۆ بەرنامە ناوکییەکەی دەستەبەر دەکات. لە ٢٠٢١، ئێران بۆ یەکەم جار ئۆرانیۆمی U-235 ی پێتێندراو بە پلەی ٪٦٠ی بەرهەمهێنا و تاقیکاریی بە سانتریفیوژی پێشکەوتوو، لە ناویاندا IR-6ی دەست پێکرد. لە کاتێکدا ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کەڵەکە کراوی ئێران دەتوانێ لە تیۆریدا لەناو ببردرێن و سانتریفیوژەکانی لێک هەڵوەشێندرێن، سڕینەوەی زانیاریی وەدەستهاتووی زانستوانانی ئێرانی لە ڕێگای ئەو توێژینەوە، مومکین نییە. ئێران، لێهاتوویی لە بواری نوێشدا گەشە پێداوە، لە ناویاندا لە بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم، کە ڕاستەخۆ پێوەندی بە گەشەپێدانی چەکی ناوکیەوە هەیە.
سێهەم، ئێران چاودێریی ناوەنەتەوەیی بەسەر بەرنامە ناوکییەوەیەوە سنووردار کردووە، لە ناویاندا بە وەستاندنی پرۆتۆکۆلی زیاد کردنی چاودێریی ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ناوکی لە فێبریواری ٢٠٢١ و، پێش گرتن و جاڕز کردنی پشکێنەرەکان. بەڵام، تەنگەتاوترین پرس دەستڕاگەیشتن بە بنکەی درووست کردنی پارچەی سانتریفیوژان لە کەرەجە، کە دوای زەختی ڕوسیە، لە کۆتایی ٢٠٢١ چارەسەر کرا. (ئێران دوای هێرشێکی سابۆتاژی لە مانگی جوون، کامێراکانی لە بنەکەکە لابردبوون و لەبەرانبەر زەختی ناونەتەوەیی بۆ دانانەوەی ئەوان، تەنانەت دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی پارچەی سانتریفیوژ، خۆی ڕاگرتبوو.)
پلانی ‘ب’ی واشینگتۆن
درەنگانێکی ٢٠٢١، ئێران، ئیسڕائیل و ئەمریکا دەستیان بە داڕشتنی بناخەی هەڵوێستێکی سیاسیی نوێ لە ئەگەری شکستی وتووێژەکان کرد. لەو سێناریۆیەدا، ڕەنگبێ واشینگتۆن زەختی سیاسی و ئابووری بۆ سەر ئێران زیاتر بکات بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبێنێ ڕێککەوتنێکی ناوکیی بە تەواوی نوێ کە هێشتا ڕوون نییە پەسەند بکات. کەمپەینی ‘ئەوپەڕی زەخت’ کە ترامپ دەستی پێکرد تا گرەوەکانی ئێران بە شیوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە، وایکردووە کە ئامانجێکی زۆر کەم، ئەگەر هیچ مابن، بۆ خستنە ناو لیستەی ئابلۆقە ماون. لەجیاتان وڵاتە یەکگرتووەکان ڕەنگبێ جەخت بکاتە سەر جێبەجێ کردنی سزا دژی ئەو تاک و ناوەندانە کە ئابلۆقەکانی ئەمریکا پێشێل دەکەن.
بە هاوکاریی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا، ڕەنگبێ ئەمریکا هەروەها بیهەوێ مێکانیزمی ‘پەلە پیتکە’ بە گوێرەی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێنێ، کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای سەپاندنەوەی ئابلۆقەکانی نەتەوە یەگرتووەکان، ئێران هەمان ئابلۆقەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە سەردا دەسەپێندرێ کە پێش ڕێککەوتنی بەرجام لە ئارا دابوون. ئابلۆقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوە کەمترن کە لە لایەن ئەمریکاوە سەپێندراون، بەڵام ئەو پەیامە سیاسییە کە بەرجام مردووە و ئێران گەڕاوەتەوە ناو جوغزی سزای سیاسی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی، بۆ تاران زەبرێکی گورچوبڕ دەبێ.
چین مەزنترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، بۆیە ئابلۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر پیشەسازیی نەوتی تاران پێشێل دەکات. ئە لە ٢٠٢١ بە شێوەی مامناوەندی ڕۆژانە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو و گازی شلەمەنی ئێرانی کڕیوە. کاریگەرترین ئامراز بۆ زەخت خستنە سەر تاران ئەوەیە کە قەناعەت بە بەیژینگ بێنی کە کڕینی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە. بەڵام وێدەچی چین دۆخی هەنووکەیی بە دڵ بێ و زۆرترین هەڵوێستی دڵخوازی ئێرانی لە وتووێژە ناوکییەکان گرتووە. بەڕیوەبەرایەتی بایدن ئابلۆقەکانی سەپێندراو بەسەر لایەنە چینییەکانی تێوەگلاو لەو ئاڵووێرانەوە نەسەپاندووە و ڕوون نییە ئاخۆ بێتوو وتووێژەکان شکست بێنن ئەو کارە بکات یان نا. وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها ئاشکرای کردووە کە زەختی سەر ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی زیاد دەکات چونکە بەشێک لەو نەوتەی بۆ چین دچێ بە ئاوەکانی ئەودا تێپەڕ دەبێ. (ئیماڕات هەروەها هاوبەشی مەزنی مامەڵەی کاڵای غەیری نەوتی و کاروباری بانکیی ئێرانە.)
لە کۆتاییدا، ڕەنگبێ وڵاتە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا باسی بژارە سەربازییەکان بۆ پێشگرتن بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لە لایەن ئێران بکات، هەم بۆ ئەوە کە ئێران چاوترسێن بکات و هەروەها هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەمریکا دڵنیا بکاتەوە. بە گوێرەی هێندێک راپۆرت پێنتاگۆن لە مانگی دێسەمبەر پلانی هاوبەشی دەگەل ئیسڕائیل داڕشتووە و هەنگاوی زۆرتر چاوڕوان دەکرێن، وەک ڕاهێنانی سەربازیی زیاتر دەگەڵ وڵاتانی ناوچە.
پلانەکانی ئیسڕائیل
بێتوو وتووێژەکان تووشی شکست بن، ئیسڕائیل ڕەنگبێ بیهەوێ بە قووڵ کردنەوەی گرژییەکان و چڕ کردنەوەی هەوڵە تێکدەرانەکانی و هێرشی سایبەری دژی ئەو وڵاتە، دەوڵەتی ئێران ناسەقامگیر بکات. ئەگەرچی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران وێناچی ڕوو بدات بەڵام ئەگەری ئەو ڕووداوە نابێ ڕەت بکرێتەوە.
دەوڵەتی نوێی ئیسڕائیل، کە لە جوونی ٢٠٢١ هاتە سەر کار، تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕای ڕوانگەی هێرشبەرانەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بنیامین ناتانیاهوو، دژی ئێران و دژایەتی بەرجامە. بەڵام سەرۆک وەزیرانی نوێ، نەفتالی بێنێت، کەمتر لە ناتانیاهو خوازیاری مشتومڕی ئاشکرا دەگەڵ ئەمریکا لەو بارەوەیە. هۆی ئەوە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی ئاشتییانەی یائیر لاپید، وەزیری کاروباری دەرەوە و گرینگترین هاوپەیمانی بێنێت و ئەو ڕاستییە کە بەڕێوەبەرایەتی بایدن هێشتا نوێیە. ئەو هەڵوێستە جیاوازە لە ساڵی داهاتوودا و لە ئەگەری چڕ بوونەوەی گرژییەکانی دەگەڵ ئێران تووشی تاقیکاری دەبێتەوە.
هێزە سەربازییەکانی ئیسڕائیل ڕاهێنانەکانیان بۆ ئامادەکاریی هێرشێک بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران دەست پێکردۆتەوە و دەوڵەت ۵،١ میلیارد دۆڵاری بۆ باشترکردنی ئامادەیی بۆ هێرشێکی ئەوتۆ تەرخان کردووە. ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە وێدەچی بۆ ئاشکرا کردنی هێز بێ، لەگەڵ ئەوەشدا دەیسەلمێنن کە پلانی هێرش لەو ساڵانەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرا، چەندە لاواز بوون. بە گوێرەی ڕاپۆرت، سەرۆکی هاوڵگریی سەربازیی لە جانیواری ٢٠٢٢ بە کابینەی گوتووە کە هێرش بۆ سەر بەرنامەی ناوکی ئێران کارێگەرییکی ناڕوونی دەبێ و ڕێککەوتنێکی سیاسی زۆر لە سێناریۆی ڕێکنەکەوتن بە سوودترە. (بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرت موساد هاوڕا نییە.) لە ١٢-٢٠١٠، ڕووداوێکی ئەوتوو قەوما. کاتێک ڕێبەرانی هێزە سەربازییەکان و هەواڵگریی ئیسڕائیل بۆچوونی جیاوزیان دەگەڵ ناتانیاهو لەمەڕ شێوەی بەڕیوە بردن و ئاسەوارەکانی هێرشێک بۆ سەر ئێران هەبوو.
لە کۆتاییدا، ئیسڕائیل ئەوساڵ هەڕەشە و ڕاهێنان بۆ هێرشێکی ئاسمانی دەکات. بە شێوەی هاوتەریب، بێتوو وتووێژەکان ناسەرکەوتوو بن، وێدەچێ شێوە جەنگی دەیان ساڵەی ئیسڕائیل و ئێران بە سابۆتاژ و ئۆپەراسیۆنی سایبەری چڕتر بێتەوە. ئیسڕائیل توانایی هێرش بۆ سەر بنکەی بە چڕی پارێزگاریکراوی ئێران، لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، کاتێک زانستکاری ناوکیی موحسین فەخریزادەی کوشت و لە ٢٠٢١ کاتێک هیرشی کردە سەر بنکەکانی پیتاندن لە نەتەنز و کەرج نیشان داوە.
تاران باوەش بۆ ‘بەرخۆدان’ دەکاتەوە
هەڵوێستی دەوڵەتی ڕەئیسی بەرانبەر بە پلانی ئابووری جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی بە ‘ئابووری بەرخۆدان’ ناسراوە بووە، کە لەویدا ئێران جەخت لەسەر بەرهمهێینانی ناوخۆیی، بازرگانیی غەیری نەوتی دەگەڵ دراوسێکان و کەمتر کردنەوەی بەستراوەیی بە هاوردە کردن دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بۆچوونە، کە خامنەیی برەوی پێدەدا، ڕەنگبێ ستراتێژییەکی ئابووری سەرکەوتوو نەبێ، لانی کەم لە کورتماوەدا و، ڕەنگبێ لەجیات چارەسەر کردنی گیروگرفتە ئابوورییەکان، ببێتە هۆی ئارێشەی زۆرتر. دەوڵەت پێشنیاری کەم کردنەوەی ڕاستەقینەی تێچووەکانی کردووە، لەناویاندا مووچەی کارمەندانی دەوڵەت، بەڵام تەنانەت جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنییەی کەم کردنەوە و هاوکات کۆنتڕۆڵ کردنی هەڵاوسانی نرخەکان ئالنگارییەکی مەزنە. بێتوو وڵات درێژە بە کەمهێنانی بەرچاوی بودجە بدات، پێویستی بە قەرز کردنی ناڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندیی دەبێ، ئەوەش دروست نوسخەی هەڵاوسانی زۆرتر و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتییە.
وێدەچێ پەرە پێدانی ناوکیی ئێران هۆشدارییەکانی ناونەتەوەیی زیاتر بکات. دەوڵەتی شەڕانیی ئێران دەتوانێ بڕیار بدات لێبڕاوانەتر وەدوای ئەو پرسە بکەوێ، ئۆرانیۆم تا پلەی ٪٩٠ بپیتێنێ یان دەستڕاگەیشتنی پشکێنەرە ناونەتەوەییەکان سنووردارتر بکات یان وەدەریان بنێ، ئەو هەنگاوانە بەزاندنی هێلی سووری ئیسڕائیلن. تاران هەروەها دەتوانێ بڕیار بدات هۆشیارانەتر بجووڵێتەوە، کۆی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٪٢٠ و ٪٦٠ زیاتر بکات، پەرە بە کەڵکوەرگرتن لە سانتریفیوژی پێشکەوتوو و تاقیکاریی لەسەر بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم بکات. هەڵوێستێکی ئەوتۆ ئەو باشییەی هەیە کە نابێتە تاکە بیانوو بۆ ورووژاندنی پەرچەکرداری یەکگرتووی ناونەتەوەیی. هەرچۆنێک بێ، نیگەرانییە ناونەتەوەییەکان لەمەڕ ئەوە کە ئاخۆ دەکرێ بێ کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازیی، ڕێبازی ناوکیی ئێران بوەستێندرێ کەڵەکە دەبێ و ڕەنگبێ وا بکات کە ئەمریکا یان ئیسڕائیل بەزاندنی هێڵی سوور لە لایەن ئێرانەوە ڕاگەیێنێ.
لە کۆتاییدا، ئێران وێدەچێ وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی سابۆتاژی سایبەری بە هەڵمەتێکی ناڕاستەوخۆ، ئەنجامدەرانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە تووشی تێچوو بکات ( ئەگەرچی ئێران لەو ساڵانەی دواییدا هەوڵی داوە بە شێوەیەکی بەرچاو تۆڵە لە ئیسڕائیل بکاتەوە). لە کاتێکدا کە وێدەچێ نیگاکان ئاراستەی ئیسڕائیل بکرێن، هێرشی تۆڵە ئەستێنەوە دەتوانێ ئاراستەی ئەمریکا و هێزە سەربازییەکانی لە ناوچە بکرێنەوە و ببنە هۆی بەرز کردنەوەی مەترسی لێکدانەوەی هەڵە یان کێشەیەکی بەربڵاوتر. هەروەها عەڕەبستانی سعودی یان ئیماڕات بکەونە ژێر هێرش، ئەگەرچی لەوانەیە ئێران کە دەیهەوێ پێوەندییەکانی لەوێ باشتر بکات، لە بەرینکردنەوەی کێشەکە بەرەو خەلیج بەگومان بێ (ئەگەرچی هاوپەیمانانی یەمەنیی ئێران هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ژێرخانەکانی سعودین).
دوورەدیمەن
پێچەڵپێچی و مەترسییەکانی پێوەندیدار بە پلانی سێناریۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ دەوڵەتانی خۆراوایی، ئەگەر نەڵێێن بۆ ئێران، گرینگی زیندوو کردنەوەی بەرجامی سەلماندووە. هێشتا نەخشە ڕێگایەکی سیاسی لەبەردەستدایە ولە حەوتوو و مانگەکانی داهاتوودا جموجۆڵی بەرچاو نابێ حیسابی بۆ نەکرێ. ئاماژەی سەرەکیی بۆ پێشوەچوون تێکەڵاوێک لە هێواش کردنەوەی بەرنامەی ناوکیی ئێران و خۆ گونجاندنێکی زۆرتر بۆ ئەو داوایانن کە لەوپەڕی بەرجامن. ئەوە ڕەنگبێ سازشی زیاتر لە لایەن واشینگتۆن بۆ قەناعەت هێنان بە ئێران بێ کە بەڕاستی سوودی ئابووری پێدەگات، و بە ڕێککەوتنەوە بەستراونەوە. تەنانەت ئەگەر وتووێژەکانی ڤییەن شکست بهێنن و ئێران، ئیسڕائیل و ئەمریکا دەست بە جێبەجێ کردنی پلانی ‘ب’ی خۆیان لە ٢٠٢٢ بکەن، ڕەنگبێ ‌هێشتا دیپڵۆماسی بە شیوەی وتووێژی فەرمی ونافەرمی بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بچووکتر و کاتی بۆ دیاریکردنی میچی ناوکیی یان ئاستی گرژیی ناوچەیی، درێژەیان هەبێ.