بۆچی رووناکبیران و رەخنەگرانی باشووری کوردستان رابردووی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و قاسملوویان بۆ گرنگە؟

بۆچی رووناکبیران و رەخنەگرانی باشووری کوردستان رابردووی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و قاسملوویان بۆ گرنگە؟

لە نووسینی : مستەفا مەعروفی

لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا رەوتێکی رەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو کۆمەڵگای باشووری کوردستان هەستی پێ دەکرێ کە پێوەندییەکانی کاربەدەستانی باشووری کوردستان بە تایبەتی پارتی و یەکیەتی بە رێژیمەکانی ئێران و تورکیەیان کردۆتە ئامانجی رەخنەکانیان. لەم سۆنگەیەشەوە بە وردی و بە هەڵسەنگاندنەوە وەک نموونە ئاماژە بە جۆری پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و قاسملوو بە دەوڵەتی عێڕاقەوە دەکەن. ئەم رەوتە بە بەڵگە،  داتاو ئەژمارەوە  بەوردی چۆنیەتیی پێوەندییەکانی ئەم دوو حیزبەی باشوور لەگەڵ تورکیە و ئێران دەخەنە بەر سەرنج و بە پێوەندییەکی بە دوور لە پرەنسیپەکانی دیپلۆماسی وبەرژەوەندیی نیشتیمانی و لاسەنگ ئەژماری دەکەن. ئەم رەوتە لە کاتی رووداوەکانی وەک تۆپباران و بۆمبارانی  ناوچەکانی باشووری کوردستان بە بیانووی بوونی ئۆپۆزیسیۆنی هەردوو بەشەکەی دیکەی کورستان لە لایەن ئێران و تورکیەوە و هەروەها تێرۆری تێکۆشەرانی کورد لە باشووری کوردستان و یان لە پێشوازیی بەرپرسانی پارتی و یەکیەتی لە پیاوکوژان و تێرۆریستانی هەر دوو دەوڵەتی تورک و ئێران زۆر چالاک و لەسەر هەستە. بە تایبەتی لەم رۆژانەدا رێورەسمێک کە بۆ دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی گەورە تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی و دەستاودەست کرانی فایلی دەنگیی کتێبەکەی کاک مەسعوود بارزانی گرنگییەکی دیکەی بەم بابەتە بەخشیوە. بەڵام بۆچی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و قاسملوو و پێوەندییان بە دەوڵەتی عێڕاقەوە دوای ٣٠، ٤٠ ساڵ ئەمڕۆ بابەتێکی ئەوەندە گەرمە؟

لەم چەند دێڕەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەکی کورت و گشتی بۆ ئەم بابەتە بکەم.

لەم رەوتە رەخنەگرانەیەدا پێوەندیی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات بە دیموکرات و کۆمەڵەوە بە دەوڵەتی عێڕاقەوە بە تایبەتی شەخسی د. قاسملوو وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو، سەربەخۆ، وازهێنان لە پەرژەوەندیی حیزبی و کاتی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەقەڵەم دەدرێ. کاتێک ئەم پێوانانە بە جۆری پێوەندییەکانی پارتی و یەکیەتی بە ئێران و تورکیاوە دەگرن، دەبینن دوو بابەتی زۆر لێک جیاوازن. ئەم رەوتە پێی وایە دیپڵۆماسیی کورد لە باشوور لەگەڵ پێوانە و پرۆتۆکۆل و ستانداردەکان مەودایەکی زۆری هەیە و پێوەندییەکانیان پێوەندییەکی ئاسایی و هاوسەنگ نیە، کە ئەمە بابەتی سەرەکیی ئەم نووسینە نیە، بەڵکوو ئەم بابەتە زیاترهەوڵ دەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە بۆچی بزووتنەوەی رۆژهەڵات و قاسملوو وەک نموونە سەیر دەکرێن.

لە پاش دەرچوونی بەیانی ١١ی مارسی ١٩٧٠ لە لایەن دەڵەتی عێڕاقەوە و گەڕانەوەی د.قاسملوو بۆ کوردستانی عێڕاق بەردی بناخەی پێوندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە  دەوڵەتی عێڕاقەوە دانرا. پێوەندییەکە بە رەسمی و بە راشکاوی لەسەر چەند بنەما دامەزرا. وەک : هەردوو لا باوەڕیان بە پرەنسیپەکانی سۆسیالزم هەیە، هەردوو لا لە بەرەی دژی ئیستیعماری دان و هەردوو لا باوەڕیان بە چارەسەری کێشەی کورد هەیە. هەر لەو پێوەندییەدا قاسملوو بە سەراحەت دەڵێ هەرکات شەڕ لە نێوان کورد و دەوڵەتی عێڕاقدا دەست پێ بکاتەوە حیزبی دێموکرات بێ لایەنە. واتە هەر لەسەرەتاوە بە رێژیمی عێڕاق دەڵێ ئەگەر رۆژێک شەڕێکی وا رووبدا چاوەڕوان مەبە لای تۆ بگرم لە دژی کوردی ئەم بەشە. بەم جۆرە بناخەی کەسایەتی و ئیعتیبار و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە لای دەوڵەتی عێڕاق جێگیر دەکا.

پاشان دەوڵەتی عێڕاق ئیزنی دا بەرنامەیەکی رادیۆیی بڵاو بێتەوە ب ەناوی «رادیۆی دەنگی ئازادیخوازانی ئێران» کە حیزبی دێموکرات و دوو لایەنی دیکەش بابەتیان لەسەر بڵاو کردۆتەوە. پاش ئەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان سەننار مامێدی و حەسەن ئەردەهاڵی تەحویلی ئێران دەدەنەوە، دەوڵەتی عێڕاق بە فورسەتی زانیبوو کە دەبێ لەم رادیۆیەوە لە دژی پارتی بەرنامە بڵاو بکەنەوە بەڵام حیزبی دێموکرات نەچووە ژێر باری ئەو داوایە. قاسملوو دەڵێ : زمان و قەڵەمی قاسملوو لە دژی کورد ناگەڕێن و لە رادیۆیەکە دەرکران. رادیۆیەکی دیکە دادەمەزرێنن بەڵام مەرجی دەوڵەتی عێڕاق ئەوەدەبێ کە نابێ بابەت دژی ئێران بڵاو بکەنەوە. حیزبی دێموکرات دەڵێ، ئەگەر نەتوانین لە دژی رێژیمی ئێران بابەت بڵاو بکەینەوە ئەدی رادیۆمان بۆ چیە. رادیۆیەکە دادەخرێ.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە کردەوە حاکمی کوردستان بوون، هەتا ساڵی ١٩٨٥ جگە لە زۆر ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لانی کەم سنوورەکانیان بەدەستەوە مابوو. لەو کاتەش دا شەڕی ئێران و عێڕاق لە گۆڕێ دابوو. دێموکرات و کۆمەڵەو عێڕاق یەک دوژمنی هاوبەشیان هەبوو (رێژیمی ئێران) بە رواڵەت دەبووا ئەوان لە بەرەیەک دابوویەن، بەڵام حیزبی دێموکرات نەک هەر ئامادە نەبوو بچێتە بەرەی دەوڵەتی عەڕاقەوە بەڵکوو بە دەرکردنی بەیاننامە رای گەیاند ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەڵامی داوکارییەکانی کورد بداتەوە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شانبەشانی سوپای ئێران دەچنە بەرەی شەڕەوە. کاتێک لە بەرەکانی شەڕی ئێران و عێڕاقدا لە سنوورەکانی کرماشانەوە هەتا خووزستان بۆ گرتنی بستێک لە خاکی یەکترو لەسەر  بستوویەک و گوندێک هەزاران سەرباز لە هەدوو لا دەکوژان، داخوا دوەڵەتی بەعس حەزی نەدەکرد دیموکرات و کۆمەڵە  کە کۆنترڵی سنوورەکانیان بەدەست بوو بڵێن فەرموو؟ بەڵام ئەوان و قاسملوو لە ئەسلدا پێیان وابوو کە نە سوپای پاسدارانی ئێران دەتوانێ ئازادی و دێموکراسی بۆ کوردستانی عێڕاق بە دیاری بێنێ و نە سوپای عێڕاقیش  دەتوانێ بۆ کوردی ئێرانی بە دیاری بێنێ!  لە هیچ بەرەیەکدا و لە هیچ مەیدانێکدا، هیچ کەس پێشمەرگەی دێموکرات و کۆمەڵەی لەگەڵ سوپای عێڕاق نەدیت. لە کاتێکدا موجاهیدنی خەڵق بۆ ئەمە هیج سنوورێکیان دانەدەنا. ئەوان تەنانەت ببوون بە بەشێک لە سوپای عێڕاق. ئایا عێڕاق نەیدەویست کوردەکانیش ئاوا بن؟

دیموکرات، کۆمەڵە و قاسملوو هیچ کات بەشداری پرۆپاگەندا و راگەیاندنی دەوڵەتی عێڕاق نەبوون. لە کاتێکدا مەسعوودی رەجەوی و رێبەرانی موجاهیدین پەیتا پەیتا لە تەلەڤزیۆن و رۆژنامەکانی دەوڵەتی عێڕاقدا دەردەکەتن، قاسملوو کە بە ٩،٨  زمان قسەی دەکرد بە یەکدانەشیان ئامادە نەبوو بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی عێڕاق بدوێ. ئەگەر لە رێزگرتن لە هەست و شعووری کوردی باشوور نەبوایە چ  هۆیەکی دیکە بۆ ئەمە هەبوو؟ یەک جار گۆڤاری «کل العرب» کە ئیدیعای کردوە سەربەخۆیە وتووێژێکی لەسەر شیمایی کرانی هەڵەبجە لەگەڵ د.قاسملوو کردوە. د. قاسملوو لەو وتووێژەدا حاشا لەوە ناکا کە هەڵەبجە شیمیایی کراوە و ئەوە زیاد دەکا و دەڵێ ئێرانیش لە دژی ئێمە بەکاری هێناوە. کەچی لەسەر بەرگی گۆڤارەکە قسەکانی د. قاسملوو چەواشە کراوە و گۆیا قاسملوو پێی وا نیە ئەم کارە کرابێ. بەڵام کە نێوەرۆکەکەی دەخوێنییەوە قاسملوو شتی وای نەگوتەوە، کەچی ئەوبەڵگە جەواشەکراوە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ! بۆ نەیارانی قاسملوو. ئەو کەسانە نایانەوێ پشت بە وتوێژەکانی خودی قاسملوو لە گەڵ بی بی سی، مۆنتکارلۆ، چاوپێکەتنی وەفدی نهێنیی ئەمریکا کە راپۆرت دەنێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە ئاشکرابوونەکانی «ویکی لیکس»دا بڵاو بۆوە، لە هەموویان دا قاسملوو تەئید دەکا کە هەڵەبجە شیمیایی کراوە و ئێرانیش بە رادەیەکی کەمتر لە دژی حیزبەکەی بەکاری هێناوە. تەنانەت قاسملوو کە پیاوێکی ئەکادیمی و سیاسییەکی بە ئەزموون بوو، بۆ ئەم بابەتە تێزێکی هەبوو. بە راگەیاندنەکانی دەرەوەی دەگوت: ئێوە بۆ هەر دبێ لە کاتی کارەساتەکاندا کوردتان وەبیر بێتەوە؟  مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی سیاسییە و پێوەندیی بە ٢٠ ، ٢٥ میلیۆن کوردەوە هەیە. کەچی ئەو نەیارانە ئامادە نین گوێ لە دەقی ئەو وتووێژانە بگرن کە تۆماریش کراون.

 زۆر لە رێبەرانی کورد کە پێیان وایە کورد واتە هەر ئەو پارچەیەی ئەو لێی دەژین و لەوێش واتە هەر حیزبەکەی ئەوان. قاسملوو راست بە پێچەوانە باس لە چەندین میلیۆن کورد دەکا، ئینجا باس لە کوردستانی ئێران دەکا و باسی حیزبی خۆی لە پلەی سێهەم دایە. لە تەواوی وتووێژەکانی، لە هەموو وتارەکانی دا، لە  کۆڕو کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان، لە کۆنفرانسە جیهانییەکان و لە ئەنتەر ناسیۆنال سوسیالیست دا سەرنجی سیاسییەکانی دنیای دەرەوەی بۆ ئەم بابەت راکێشا. ئەم بابەت و لێدوانانە جوانترین و زانستیانەترین دەق و بەڵگەی سیاسین کە هەتا ئێستاش لە هیچ کوردێک نەدیتراون. لە نامەیەک دا بۆ «ئێدوارد شوارد نادزێ» وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت کە دوای شەڕی ئێران وعێڕاق سەفەری تاران دەکا، دەنووسێ:  کۆتایی هاتنی ئەو شەڕە  بە مانای سەقامگیربوونی ئاشتی لەو ناوچەیەدا نیە. شەڕی کورد زۆر پێش ئەو شەڕە بووە. ئەگەر مافەکانی کورد لەو چوار وڵاتەدا دابین نەکرێن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان رووی ئاشتی بە خۆیانەوە نابینن. هەر بۆیەش لە کاتی کراونەوەی کۆنسووڵی وڵاتی فەرانسە لە هەولێر بێرنارد کۆشنێر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە روو بە بەشدارانی رێ و رەسمی کرانەوەی کۆنسوولییەکەدا گوتی:  لەو ڕۆژە مێژووییەو لەو دۆخە ئازادە دا کە ئەمڕۆ کونسوولگەریی وڵاتەکەمان لێرە دەکەینەوە، نابێ قاسملوو لەبیر بکەین. خەباتی قاسملوو وای لە ئێمەکرد کە ئێستا لێرە بین و بە ئازادی وبەئاشکرا پاڵپشتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

قاسملوو و حیزبەکەی و کۆمەڵە سەرەڕای ئەوەی پێوەندییان بە دەوڵەتی عێڕاقەوە هەبوو، لە هیچ جێگایەکدا ئەو رێژیمەیان  بە «دۆستی کورد» ناو نەبردوە. تەنانەت کەسانی زۆر بە وەجیان لە لایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە تێرۆر کراوە، نموونەی هەرە دیار تێرۆری د. جەعفەری شەفیعی  لە  رێبەرانی پلە یەکی کۆمەڵە و غەفووری هەمزەیی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بەغدا. هاوڕێیانی غەفووری هەمزەیی دەڵێن دۆستایەتیی نزیک و بێ منەتانەی ناوبراو لەگەڵ تێکۆشەرانی باشووری کوردستان کە لەبەر چاوی بەعسییەکان ون نەبوو بووە هۆی تێرۆر کرانی. داخوا نوێنەرانی ئەوان لە ئێران و تورکیە بەو نەفەسەوە رەفتار دەکەن؟ ئەمە لەبەر چاوی وردبینی رەخنەگرو ورووناکبیرەکانی باشووری کوردستان ون نیەو پێی تووڕەن.

ژمارەی ئەندامان و کادرەکانی یەکیەتیی نیشتیمانی کەم نین کە شاهیدی دەدەن کە چۆن بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات ببووە پەناو داڵدەی ئەوان و چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆشەکانیان. جارێکی ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان پەنا بۆ بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات دێنن. ئەو کاتە هێشتا حیزبی دیموکرات و پارتی دیموکرات ئاشت نەببوونەوە. حیزب پەنایان دەدا و لەو کاتەش هێزێکی سوپای عێڕاق کە هەست بە بوونیان دەکەن دەیانەوێ بێن بنکەو بارەگاکانی حیزب بپشکنن. د. قاسملوو مامۆستا عبداللە حسن زادە دەنێڕێ کە پێش بە هاتنیان بگرێ و قەناعەتیان پێ بێنێ. پاش باس و مناقشەیەکی زۆر ئامر لیوایەکە کە دەزانێ بێسوودە، قەناعەت دێنێ و واز دێنێ.

  رووناکبیران، مامۆستایان و نووسەران و هونەرمەندانی باشووری کوردستان شاهیدی دەدەن کە چۆن حیزبی دێموکرات و نوێنەرایەتییەکانی لە سەردەمی زەبرزەنگ و تاریک و تنووکی بەعسدا بە قەبووڵکردنی هەموو مەترسییەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکە ببوونە پردی پێوەندی ئەوان و رێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە چیا.

هیچ کات وێنەی سەدام حوسێن و نیشانی بەعسییەکان بە دەرو دیواری بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتەوە نەبینران. هیچکام لە بەرپرسە وردو درەشتەکانی عێڕاق بۆ ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزب ئاشنا نەبوون و هیچ کات  تێکەڵاوی و ئاشنایەتی لە نێوان پێشمەرگەی رۆژهەڵات و بەعسییەکاندا دروست نەبوو. ئەو نوێنەرو کادرانەی بۆ کاری زەروور موراجعەی دامودەزگاکانی حکوومەتی عێڕاق دیاری دەکران جگە لەوەی ژمارەیان زۆر کەم بووە،  زۆریش جێگای متمانە بوون. بەڵام تێکڵاوی و هاتوچۆ و پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ کادرو پێشمەرگەکانی یەکیەتیی نیشتیمانی و شیووعی سوسیالیست بێ سنوور بووە. تەنانەت لەو حیزبە گەورەو گرانەدا جگە لە ژمارەیەکی کەم لە ئەندامای حیزب کە لەسەردەمی رێژیمی پاشایەتیدا ئاوارەی عێڕاق بوون و لە بەغدا ژیابوون کەس عەرەبیی نەدەزانی. گۆرانی و خۆراکی عەرەبی لە فەرهەنگی حیزبی دێموکراتدا بێگانە بوون. ئەم دیاردە فەرهەنگیانە پێوانەگەلی زۆر گرنگن کە رادەی بەستراوەیی لایەنێک بە لایەنێکی دیکەوە دردەخا، ئەمە نیشان دەدا کە پێوەندیی حیزبی دێموکرات بە حکوومەتی عێڕاق چ جۆرە پێوەندییەک بووە.

کەسایەتیی سەنگینی قاسملوو و زانایی و بوێریی لە دیپلۆماسیدا ئەو ئیمکانەی پێ دابوو کە نەچێتە ژێر باری هیچ چەشنە چاوەڕوانییەکی نابەرپرسانە. هەر بۆیەش هیچ ئیمتیازێکی نارەوای بە بەعس نەدا و هیچ کات شتێکی لێ قەبووڵ نەکردن کە  زیان بە ئیعتیبار و سەربەخۆیی حیزبەکەی بگەیەنێ، تەنانەت بەعسییەکانیش بە رێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردوە. هاوڕێیانی قاسملوو دەگێڕنەوە لەسەفەرێکی بە بەغدا دا بۆ دەرەوەی وڵات کاربەدەستانی دەوڵەتی عێڕاق سەردانی دەکەن و یەکێکیان دەڵێ: خەبەری «موخربین»(تێکدەران) چیە؟ مەبەستی حیزبەکانی باشوور بووە کە لە شاخ بنکەکانیان لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات نزیک بوو. مامۆستا عەبدواللە حەسەن زادە کە لەگەڵ د.قاسملوو دەبێ بە کابرای دەڵێ: ئەگەر ئێوە بەوان بڵێن موخەڕیب لە واقیع دا بە ئێمە دەڵێن. چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن، ئێمەش دەیکەین. کابرا دوای لێبووردنیان لێ دەکا.  لە بەهاری ١٩٨١دا زیندانی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن فرۆکە شەڕکەرەکانی عێڕاقەوە بۆمباران کرا. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەکە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشە  ئەم کارەی دەوڵەتی عێڕاق بە کردەوەیەکی  «فاشیستی» ناو دەبا. کاتێک لە چاو پێکەوتن لەگەڵ د. قاسملوو دا سەرۆکی شاندی عێڕاق  ئاماژە بە مامۆستا عەبدواللە حەسەن زادە دەکا و بە د. قاسملوو دەڵێ: ئەوە بەیاننامەکەی نووسیوە و بە فاشیست ناوی بردووین؟ د. قاسملوو تووڕە دەبێ دەڵێ: نەخێر ئەو نەی نووسیوە. ئەتۆ هەق بە خۆت دەدی بۆمبارانم بکەی و پێشمەرگەم لێ شەهید بکەی، ژیندانیم لێ بکوژی بەڵام ئەمن هەقم نەبێ مەحکوومی بکەم؟ حیزبی دێموکرات پێوەندیی وا ناناسێ.

نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە پاریس بە شاهیدیی کوردانی تاراوگە و سیاسییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لەسەردەمی قاسملوودا لە سەفارەتخانەی زۆر وڵاتی جیهان چالاکتر و لەبەر چاوتر بووە، ببووە ناوەندی دیپلۆماسیی کورد و راکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتیی دنیا بۆ لای کێشەی کورد. لەو بارەیەوە کورد بە گشتی قەرزداری حیزبی دێموکراتە کە قاسملوو ئەو هەلانەی دەستەبەر کردن. داخوا لە حیزبە گەورەو دەسترۆیشتوەکانی دیکەی کورد هیچیان ئامادەن نوێنەرایەتییەکەیان ببێتە ناوەندی دیپڵۆماسی بۆ هەموو کورد ؟

پاش شەهید بوونی قاسملووش حیزبی دیموکرات لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام بوو. لە کاتی راپەڕینی ١٩٩١ ی باشووری کوردستان دا دەیان تێکۆشەری رۆژهەڵات شەهید بوون. هاوڕێیانی د. سادقی شەرەفکەندی سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکرات و جێگرەوەی د. قاسملوو هەرچەند لە حیزبی دێموکراتدا تەقەی خۆیشی باو نیە بەڵام لە شەوی رزگار کرانی کەرکووک لە ساڵی ١٩٩١ دا ناتوانێ پێش بە ئێحساساتی خۆی بگرێ و تەقەی خۆشی دەکا!

لە کاتی کۆڕەوە مێژوویەکەی خەڵکی باشووری کوردستان و بۆ رۆژهەڵات ئەوە رادیۆ و راگەیاندنی حیزبی دێموکرات بوو  پەیتاپەیتا داوای لە خەڵکی کوردستان دەکرد بە هانای برا کوردەکانیانەوە بچن و پەنایان بدەن. هەر بۆیەش ئەو پێشوازییە مێژوییە و نەدیتراوە لە ئاوارەکان کرا. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە حیزبی دێموکرات پێوەندیی بە بدەوڵەتی عێڕاقەوە هەبوو! خەڵکی رۆژهەڵات بە ئیمکاناتی خۆیان و بە لەبەردەستنانی ماڵ و خانووی خۆیان بۆ ئەوەی بەڵێ بە حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵێن و رقی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن بەو چەشنەی دیتمان پێشوازییان لە ئاوارەکان کرد. کەچی بە دەیان جار بەرپرسانی دوو حیزبە سەرەکییەکەی باشوور بۆ ئەمە سپاسی «کۆماری ئیسلامی»یان کردوە. لە کاتێکدا ئەو یارمەتییانەی لە دەرەوەرا بۆ ئاوارەکان دەهات هەر لە تاران و ورمێ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاشقوڵ دەدران وحەواڵەی پادگانەکان و ناوەندە نیزامییەکان دەکران!

 

پاش رووخانی رێژیمی بەعس لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا تەواوی بەڵگە نهێنییەکانی عێڕاق کەوتنە دەست ئەمریکایی و عێڕاقی و کوردەکانەوە. کۆماری ئیسلامی و زۆر کەس لە نەیارانی کوردی رۆژهەڵات و حیزبەکانی، بە دوای بەڵگەیەکدا دەگەڕان بەڵکوو  بتوانن لە دژی دێموکرات و کۆمەڵە بەکاری بێنن. بەڵگەی زۆر کەس و لایەنیان کەوتە دەست، تەنانەت ئەندامانی رێبەرایەتیی خۆیان، بەڵام لەسەر کوردی رۆژهەڵات هیچیان بۆ ساغ نەبۆوە. د. مەحموود عوسمان کەسایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لە بنکەی دەفەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بە شانازییەوە باسی لەو رابردوە پاک و خاوێنەی حیزبی دێموکراتی لە گەڵ دەوڵەتی عێڕاقدا کرد، کە دەقی قسەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر بڵاو بۆتەوە.

ئەو تۆمەتەی لە حیزبی دێموکرات و شەخسی د.قاسملوو دەدرێ کە گۆیا سەر بە بەعس بوون، سەرچاوەکەی کۆماری ئیسلامییە. ئامانجەکەش ئاشکرایە: قەتیس کردن و بێ دەرەتان کردنی بزووتنەوەی کورد و خنکاندنی لە نێوخۆدا بە بێ دەنگی و بە دوور لە بیروڕای گشتیی جیهان. حیزبی توودەش پێش مردنی، لە رێگەی ئەندامەکانی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا کە پشتیوانییان لە خومەینی و رێژیمەکەی دەکرد، بازاڕی ئەو بوختانەیان خۆش دەکرد. پاشان بۆخۆشیان بوونە قوربانیی دەستی کۆماری ئیسلامی. یان ئێعدام کران ، یان وڵاتیان بەجێ هێشت، یان تۆبەنامەیان پێ نووسرا یان بە تەوای بوون بە داردەستی کۆماری ئیسلامی و هەتا ژیان لە دژی بزووتنەوەی رۆژهاڵاتی کوردستان خۆیان تەرخان کرد. تاقە سەرچاوەی ئەو کەسانەش کە باوەڕیان بەو تۆمەتان کردوە یان باوڕیان پێ نیە بەڵام بۆ کوتانی حیزبی دێموکرات و قاسملوو دووپاتی دەکەنەوە هەر ئەو چەند ئەندامە توودەییەن کە تاقە یەک بەڵگەی لۆژیکی و جێی متمانەشیان بە دەستەوە نیە. بۆ نموونە کەسێکی وەک رەحمانی کەریمی کە لە رووی نیزامییەوە توانی زەبری زۆر لە بزووتنەوەی کورد بدا، لە رووی سیاسیەوە و ئەزموونی زۆر کورتی لە کاری حیزبایەتیدا لەو ئاستە دا  نەبووە کە قسەکانی ببن بە سەڕچاوە.

تایبەیمەندییە کەسییەکانی قاسملوو کە لەبەر چاوی رووناکبیرانی رەخنەگر ون نیە، وایان کردوە کە ئێستاش وەک نموونە سەیری بکرێ. ئەو کە سکرتێری گەورەترین و بەتواناترین هێزی کوردی لەسەردەمی خۆی دا بوو، لەگەڵ ئەوە دا لە رووی داراییەوە حیزبەکەی لە دۆخێکی باش دابوو، خاوەنی هیج پووڵ و پارەیەک نەبوو. کەسێکی ئەکادیمی و خوێندەوار و ناسراو لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بوو کە دەیتوانی دۆخی ماڵیی زۆر باش بێ. بەڵام  پاش شەهید بوونیشی لە هیچ جێگایەک هیج مڵکێک ،مەنقوول و نامەنقوول بە ناوی قاسملووەوە نیە. ژن منداڵەکەی ژیانێکی زۆر ئاساییان لە باری داراییەوە هەبووە. گۆیا لە وەسییەتێک دا گوتوویەتی ئەگەر نەمام هەرچی هەمە وەقفی حیزبی دێموکرات بێ کە زیاتر وەک نوکتەیەک لە نوکتە خۆشەکانی ئەو دەچێ!  ژیانی وی لە حیزبەکەی دا لەگەڵ ژیانی  هاوڕێیانی پێشمەرگەی جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە. لە ساڵۆنەکانی نانخواردن دا کە ساڵۆنی گشتی بوون بۆ هەمووان وەک یەک و بە یەک چێشت، وەک ئەوان لە ریزی نان وەرگرتن دا بە بێ نۆرەبڕی راستاوە. ئەو فەرهەنگە ئێستاش لە حیزبی دێموکرات دا هەر هەیە. کاتێک کەسانێک بە میوانی هاتوونەتە نێو حیزب بە زەحمەت باوەریان کردوە کە ئەم سیستەمە یەکسانە هەیە. ئێستاشی لەگەلدا بێ زۆر میوانم دیتوون کە هاتوونەتە ماڵی رێبەرانی دێموکرات سەریان سوڕ ماوە کە چۆن لە خانوویەکی ئاوادا دەژین و ژیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ پێشمەرگە و ئەندامەکانیان جیاوازیی نیە.  هاوڕێیانی قاسملوو دەگێڕنەوە کە لە باری پاراستنی خۆیدا زۆر کەمتر خەم و بێ موبالات بووە، کە رەخنەیان لێ گرتووە  بۆ وا دەکەی؟ بە پێکەنینێک کە پێی دەناسرێتەوە گوتوویەتی:« کورد قاسملووی ناکوژێ»!

بۆچی لە کاتێکدا کە رۆژهەڵاتی کوردستان سنووری هاوبەشی لەگەڵ خاکی تورکیە هەیە هیچ کات حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتیی لە تورکیە نەبووە و هیچ  پێوەندییەکی لەگەڵ تورکیە نەبووە؟ خۆ ئەگەر ئێستا نا، بەڵام پێش ئەردۆغان ئێران و تورکیە رکابەری یەکتر بوون و تەنات هەندێک جار هاتۆتە سنووری لێکدانیش. خۆ نوێنەرایەتیی پ ک ک لە مێژە لە ئێڕان هەیە و لە ساڵانی ٩٠کاندا ئیدی با ئاشکرا حوزووریان هەبوو. داخوا تورکیە قەت پێی خۆش نەبووە لەبەرامبەر دا ئەویش ئەم کارە بکا؟  داخوا قەت هەوڵ نەدراوە؟ بۆ نا! بەڵام تورکیە مەرجی ئەوە بووە دەبێ دوژمنایەتیی خۆیان بۆ پ ک ک بسەلمێنن. حیزبی دیموکرات قەت ئامادە نەبووە بچێتە ژێر باری مەرجێکی وا. نەک هەر ئەمە، تەنانەت پێشمەرگەی دێموکرات لە لایەن تورکیەوە شەهید کراون کە بەرچاوترینیان مەلا محەممەدئەمینی خزری کادری حیزبی دێموکرات و ٥ کەس لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی بوون.  لە روانگەی حیزبی دێموکراتەوە ناکرێ بۆ مافی نەتەوەی کورد لە پارچەیەکی کوردستان خەبات بکەی بەڵام دژی ئەو مافە بی بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستان.

 ئەم رابردووە خاوێنە بۆیە دەبێ لێی فێر بی نەک حاشای لێ بکرێ. نامەوێ بڵێم بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بێ عەیب و کەموکوڕیە، بەڵام قاسملوو گوتەنی هەڵەیەکی وای تێدا نیە کە قەرەبوو نەکرێتەوە و ئەگەر هەڵەشی کردبێ رەخنەی لەخۆی گرتوە و چاکی کردوە. بە کورتی و بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و دەوڵەتانی دەوروبەردا بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات و قاسملوو وەک دیارترین کەسایەتی هیچ کات هەڵەی ستراتیژیان نەکردوە. رێزگرتن لە پێوەندیی هاوسەنگی حیزبی دێموکرات و قاسملوو بە حکوومەتی عێڕاقەوە، لە لایەن رەخنەگران و رووناکبیرانی باشووری کوردستانەوە حەساسییەتێکی لەلای ژمارەیەک بەرپرس لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان دروست کردوە. هەر بۆیەش بە داخەوە بە هۆی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، لە لایەک ناتوانن دان بەو راستییە دا بنێنن و لە لایەکی دیکەشەوە و بەهۆی ئەوەی ناتوانن وەک قاسملوو بن، بێ ئەوەی بەڵگەیان بە دەستەوە بێ هەوڵ دەدەن ئەو رابردوە خاوێنە خەوشدار بکەن. دەنا لە ویژدانی خۆیاندا دەزانن رەخنەگرەکانیان لەسەر هەقن. سەڕەڕای ئەمانەش من بە داهاتووی کورد بە تایبەتی دوو بەشی گەرمێن و کوێستان گەشبینم و لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامی یان لاوازبوونی دا، ئەم دوو پارچەیە دەتوانن کاری زۆر گەورە پێکەوە بکەن بە مەرجێک هێندە لاپەڕە رەشەکان هەڵ نەدرێنەوەو سیاسییەکان و حیزبییەکان بە گەشبینی و گیانێکی نەتەوەییەوە پێکەوە رەفتار بکەن.

سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی نووسەر