سیستمی هاوبەشی یەکیەتیی ئورووپا بۆ وەدەرنان و ناردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی

سیستمی هاوبەشی یەکیەتیی ئورووپا بۆ وەدەرنان و ناردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی
ئامادەکردنی: حەمەرەسووڵ کەریمی
حەوتووی ڕابردوو ( ڕۆژی ٢١ی ژانویە) وەزیرانی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە شاری ویلینووس پێتەختی لیتوانی بە مەبەستی تاوتۆێی پرسی کۆچبەرانی نایاسایی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپادا کۆ بوونەوە. لە یەکەم دانیشتندا هەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە سیاسەت و هەڵوێستێکی یەکگرتووانەیان لە هەموو وڵاتانی ئەو یەکیەتییەدا هەبێ و، هاوکات هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی باری ئەمنی و پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا توند و بەهێزتر بکەن؛ لەگەڵ ئەوەشدا ڕێوشوێنی هاوبەش بۆ وەدەرنان و ناردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لەو یەکیەتییەدا بگرنە بەر.

جیا لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، وەزیرەکانی وڵاتانی سوئیس و نۆروێژ و سەرۆک و بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئورووپا وەک یوروپۆل (پۆلیسی فیدراڵی ئورووپا) و ئاژانسی سنووریی یەکیەتیی ئورووپا (فرانتکس) بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا وەک لەهستان، هەروەها وڵاتانی ناوچەی باڵتیک وەک ئەستۆنی، لێتونی و لیتوانی کە لەم دواییانەدا شەپۆلێکی بەرینی پەنابەر و کۆچبەران بە هاندان و چاوەدێری بیلارووس گەیاندرابوونە سەر سنوورەکانی یەکیەتیی ئورووپا، داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا هەبوو کە یارمەتییان بدرێ، هەر بۆیە لەم پەیوەندییەدا گوشارەکان بۆ سەر یەكیەتیی ئورووپا لە زیادبووندا بوون. دواتر وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئورووپا لە هەڵوێستێکی نوێدا بۆ پاراستنی سنوورەکان و هەروەها بە هێنانی یاسایەکی نوێ توانییان پێش بەو شەپۆلە بەرینەی کۆچبەران بگرن و لە ئاکامدا بەشێکی زۆری کۆچبەرەکان بە شێوەی یاسایی و بە هاوکاریی ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەرەکان لێی‌ڕا هاتبوون گەڕێندرانەوە بۆ زێدی لە دایک‌بوونی خۆیان، یا ئەو وڵاتانەی لێی راهاتبوون. ئەو بڕیارەش ئاکامێکی جێگای ڕەزامەندی بۆ یەکیەتیی ئورووپا لێ‌کەوتەوە.

پێویستە ئەوەش بگوترێ کە وڵاتی لەهستان پرۆسەی دروست‌کردنی سنوورێکی ئاسنین بە بەرزی ١٠ میتر لە نێوان وڵاتی لەهستان و بیلارووسی خێراتر کردوە و ئەو سنووربەندییە ئاسنینە هەر دێت و زیاتر کاری لەسەر دەکرێ و هاوکات بە سیستەمێکی چاوەدێری ئەڵکترۆنیی پێشکەوتووش کۆنترۆڵی سنوورەکە دەکرێ.

وەزیرانی ٢٧ وڵاتی یەکیەتیی ئورووپا لە دانیشتنی ڕۆژی ٢١ی ژانویە لە ویلینووس پێتەختی لیتوانی چەندین بڕیاریان پەسەند کردن:

ـ بەهێزترکردنی پرسگەکانی سەر سنووری یەکیەتیی ئورووپا بۆ پاراستنی دانیشتووانی ئورووپا.

ـ بەگژداچوونەوە و لێپچینەوەی توند لەگەڵ قاچاخچیانی مرۆڤ بۆ پێشگرتن لە کارەساتی مرۆڤی و ئەو کۆچبەرانەی کە بەهۆی قاچاخچیان و بە ڕێگای نائاسایی و ڕێگای مەترسیدار و سەفەری ڕیگای هات و نەهاتی ئیشکایی و دەریاکانی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا کە گیانیان دەخاتە مەترسی.

ـ دروست‌کردنی ڕایەڵە و سیستەمێکی نوێی ئورووپایی، بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانێک کە لە یەکیەتیی ئورووپادا بەبێ مافی مانەوە و ئیقامەت دەژین، ئەو سیستەمە کار دەکا بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نائاسایی بۆ وڵاتی خۆیان و یا ئەو وڵاتەی سەفەری خۆیان بەرەو ئورووپا لەوێ‌ڕا دەست پێ کردوە.

«ئیلوا یووهانسوون» لێپرسراوی بەشی کۆچ و کۆچبەرانی یەکیەتیی ئورووپا (لە حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئێد) لەو دانیشتنەدا ڕوو بە دەسەڵاتدارنی ئورووپا گووتی: ئێمە ئەگەر بمانەوێ سیستەمی گەڕاندنەوە درووست بکەین و ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئورووپایی نییە، بەپەلە و بێ ڕاوەستان بۆ وڵاتەکانی خۆیان و یا ئەو وڵاتەی لێی ڕاهاتوون بنێرینەوە، بە دڵنیایەوە دەتوانین کاری زۆر باشتر لەو پەیوەندییەدا بکەین، هەربۆیە بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو بڕیارە و ئەو سیستەمە نوێیە پێویستیمان بە هاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایەک هەیە.

«نووتیس میتاراچی»، وەزیری کۆچبەرانی یونان کە لەم دانیشتنەدا بەشدار بوو، وێرای ڕەخنەی توند لە شێوەی تاکوو ئێستای یەکیەتیی ئورووپا بۆ پێشگیری لە هاتن و دەرکردنی کۆچبەران بۆ نێو وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، گوتی کە ئەو سیستەمەی تاکوو ئێستا کاری پێ کراوە وەڵامدەر نەبووە و نییە، هەربۆیە دەبێ چاکسازی لەو سیستەمەدا بکرێ. ئەو دواتر گووتی: کاتێک کەسانێک دەتوانن بەبێ هیچ بەڵگە و پێناسە و پرۆسەیەکی یاسایی خۆ بگەیەننە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، ئەوە بەو مانایەیە کە بە گشتی سیستەمی ویزای شێنگێن بێ‌مانایە.

وڵاتی فەرانسە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوە سەرۆکایەتی و بەرێوەبەریی یەکیەتیی ئورووپای بەدەستەوەیە و بڕیار وایە کە «ئیلوا یووهانسوون» لە دانیشتن و کۆبوونەوەی مانگی فێوریەدا، باسێکی چڕوپڕ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو سیستەمە نوێیەدا بکا.

ڕاستە کە پاڵنەر و هۆکارەکانی کۆچ لە وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو و نادێموکراتیک هەر لەجێی خۆیانن، بەڵام نە کۆچ و نە ئەو ڕێوشوێنە ئاسنینانە دەتوانێ چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو ڕەوشە بێ. وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و بەگشتی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پێشگرتن بە کۆچ پێویستە واز لە پشتیوانیی خۆیان لە حکوومە نادێموکراتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا بێنن و پشتیوانی جووڵانەوە دێموکراتیکەکانی ئەو وڵاتە بن. بەو شێوەیە دەکرێ بەرەوڕووی دیاردەیەکی تڕاژیدیکی وەک کۆچ ببینەوە.
سەرچاوە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨١٦