فەتاح سولێمانی یەکێك لەدیارترین و بەوەج ترین ئەندامە نهێنی یەکانی حدکا لە پیرانشار بوو. محەممەد سولێمانی

بێگوومان پاش مەرگی بێ وەختی جگەلەوەی کومیتەی ناوچەکانی نەڵێن گەدە و بەریمێرگان زیانێکی گەورەی بەرکەوت، هێز و کومیتەی شارستانی پیرانشاریش یەکێك لە ڕاستگۆ و بەوەفادارترین ئەندامەکانی خۆی لەدەستدا و بە دڵنیایەوە بۆ هەموو لایەك جێگای داخ بوو. تێکۆشەرێك بەوپەڕی فیداکاری بە دژی هەر دووك دەسەڵاتی شا و پاشان ڕێژیمی ئاخوندی بەشداری شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و تا دواهەناسەی ژیان وەفادار بە ڕێبازی حدکا و شەهیدان مایەوە.

ڕەوان شاد فەتاح سولێمانی
فەتاح سولێمانی ناوسراو بە فەتاحە کورد لە بنەماڵەیەکی ئازایخوازو نیشتیمانپەروەر و مام ناوەندی لە گوندی” قەڵات” چاوی بەدنیای پڕ لە ڕەنج کوێرەوەری هەڵیناوە. فەتاح بەهۆی هەڵكەتووی جوگرافیایی گوندەکەیان و هۆکاری کۆمەڵایەتی و دووری لە شار، لە خوێند بێ بەری دەبێت و وێرای براکانی عەلی و حەمەد و عەبدوڵلە و حەسەن و حوسێن کە بنەماڵەیەکی گەورە و ناسراوی ناوچەکە دەبن، دەست بە کارو کاسبی و وەرزێری و مەڕداری دەکات.
فەتاح لە کاتێكدا دەستەو ملانی ژیان دەبێ کە ئەوکات کوردستان لە ژێر تەوژمی توندی دەسەڵاتی ناوەندی شا دبووە و بە هەموو شێوەیەك ستەمی سیاسی و نەتەوەیی یان لە خەڵکی کوردستان دەکرد و هەوڵیانداوە کۆمەڵگای کوردستان بە داخراوی و نەخوێندەواریدا ڕابگرن و، تا ئەوەی جێگای بۆیان بکرێ کورد لە شوناسی سیاسی نەتەوەیی بێ بەری بکەن و جووڵانەوە کەشی سەرکووت بکەن.
بەڵام خەبات و تێکۆشانی حدکا و بەردەوامیدانی بەڕەساڵەتی مێژووی سیاسی خۆی کە لە کۆماری کوردستانەوە بۆی بەمیرات بەجێ مابوو، بۆ جارێکی تر لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەشخاڵانی شۆڕشی نوێ سەری هەڵدایەوە و دەسەڵاتی حکوومەتی شای خستە لەرزین و مەترسی لەسەر پێگە و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیان دروستکرد و بە رێگای پیلان گێری دەرەکی و نێوخۆیدا، بەداخەوە توانیان تارادەیەك دەنگی هەقبێژ و نەسروتووی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ سەرکوت بکەن و باشترین لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان تیکەڵ بەکاروانی شەهیدانی سەروەرانمان قازی و هاوڕێیانی نەمر بوون.
مامی تێکۆشەرم، فەتاح لە بنەماڵەیەکی مەڕدار و مام ناوندی و کورد پەروەردا پێدەگات و بە هۆی ئەوەیی باپیرەگەورەمان” ڕەحمانە کورد” وەك کەسایەتیەکی دیار و ناسراوی ناوچەی و خاوەن پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێت و تێکەڵاویەکی باشیان لەگەڵ شۆڕشگێرانی جووڵانەوەی ٤٧/ ٤٦ دا هەبووە ، هەر بە بنەماڵە ئاشنا دەبن بە کاروخەباتی سیاسی و زۆرێك لە تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە لە نزێکەوە دەناسن و هاوکاریان لە گەڵ دەکەن و ئەو بنەماڵەیە دەبێتە شوێنێكی ئەمین و ئارام بۆ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمەی حیزب.
فەتاح وەك لاوێکی بەجەرگ و کوردپەرەوەر لەوسەردەمەوە دێتە نێو ژیانی سیاسی و بە هەموو شێوەیەك هاوکاری کادر و تێکۆشەرانی ئەو سەردەی خەباتی سیاسی دەکات و بۆ سەلماندنی ئەو چەند دێرەش لە پاشان لە زاری یەكێك لە کادرە ناسراوەکانی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار کە لە زمان شایەد حاڵ ڕەوانشاد، ” حوسێنی ئەستیە” کە یەکێك لە تێکۆشەرەکانی ئەو سەردەمی ئەو جووڵانەوە سیاسی و شۆڕشگێریە بووە، دەگێرێتەوە کە پاشان دەیخەمە بەرچاوی گشت لایەك.
کاتێکیش دەسەڵاتی شا بەسەر یەكدا ڕوخاو کەڵفامی جەماران” خومێنی” دەسەڵاتی لە ئێران بەدەستەوە گرت، وەك یەكێك لە مرۆڤە خەباتگێڕ و ناوسراوەکانی ناوچەی نەڵێن پەیوەندی بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەوە دەکات و ئەوجار لە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا دەست بەکارو تێکۆشانی سیاسی دەکات.
فەتاح سولێمانی لەماوەی تێکۆشانی سیاسی و نهێنی دا زیاتر لە ١٠ جاران، بە شاهیدی کادرەکانی ناوچەکانی نەڵێن گەدەو بەریمێرگان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار گیراوە و پاش ئازاردان و ئەشکەنجەی زۆر، لە بەندیخانە بە زەمانەت ئازاد دەکرا.
مرۆڤێکی هەتا بڵێی کوردپەروەر بوو و هەر لەوکاتەشدا باوەڕێکی قووڵی بە ئازادی و ڕزگاری سیاسی نەتەوەکەی هەبوو، ئازار و زیندانی داگیرکەری فاشیزمی فارس بە چاوساغی خۆفڕۆشانی خۆماڵی کە کادرە دەستە راستەکانی سەدرەی بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی سیاسی پیرانشاربوون و کارو پیشەیان بەگرتندان و ئازاردانی تێکۆشەرانی کورد بوو لەو ناوچانەدا، دەگیرێ و ئەشکەنجەی زۆر دەدرێت و بەداخەوە بە هۆی لێدان و زەربەخواردنی زۆرەوە تۆشی نەخۆشی دەبێ و پاش چەند ساڵ ناڵاندن بەدەستی ئەو ئێش و ئازارەوە، لە ڕێکەوتی ٠٤ ـ ٠٨ ـ ١٣٧٩ی هەتاوی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.
بەڵام فەتاح سولێمانی خۆڕاگر، ورەی زۆر لەوەی بە هێزتر بوو کە گرتن و ئازاردانی دوژمن چۆکی پێدابدات و شوێنی لەسەر باوەڕ و ئیمانی قووڵی سیاسی و شۆڕشگێڕی دابنێت.
مرۆڤێك کە باوەڕی بە ئازادی و ئامانجەکانی بزووتنەوەکەی هەبێت، بێگوومان هاوشێوەی فەتاح سولێمانی، ئەشکەنجەی ڕێژیمی ئاخوندیش ناتوانێت شوێن لەسەر ورەو ئیمانی پۆڵاینی دابنێ و هەرکاتێك دەگەڕایەوە، لەجاران سوورتر بڕیاری بەرخۆدانی دەدا و هەتا زۆر جار داوامان لێدەکرد ، تۆزێك ئاگای لەخۆی بێ و ئەوەندە خۆی دەرنەخات.
بەڵام بە ورەیەکی بەرز و بوێرانە، دەیگووت: ” چما ڕوحی ئێمە لە هی ڕێبەرە بێ نازەکەمان دکتۆر قاسملووی زیاترە! کۆڕینە!!” تا هەناسەم بدەم و هێزم لەبەردابێت، وەفادار دەبم بە ڕێبازی شەهیدان و حیزبی دێمۆکڕات. با ئەو جەردە و پیاوکوژانەی کە خۆیان و خەڵکیان فرۆشتەوە، هەرچی لە دەستیان دێ بیکەن و هەرگیز تەسلیمیان نابم و لێیان ناترسم و مەرگی سەربەرزانە، شانازیە بۆ خۆم و بنەماڵەکەم.
نەمر فەتاح سولێمانی لە درێژەی قسەکانی دا بە ڕوونی ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە: ” پیاوی چاك بن دەستان لە خایین و خۆفرۆشانی کورد مەپارێزن، بەتایبەتی ئەوانەی بوونەتە کەواسووری پێش لشکری دەسەڵاتی تاران لە کوردستاندا”، بێگوومان هەر جاش و خۆفرۆشانی خۆماڵێین کە بوونەتە هۆکاری کۆی ئەو نەهامەتیەی بەسەر خەڵك و نەوەکانمان دادێت!

 

شەهید ڕەحیم مەحموودی بەرپرسی کومیتەی شارستانی پیرانشار
کاتێك شەهید ڕەحیم مەحموودی بەرپرسی تەشکتلاتی ناوچەی نەڵین گەدەی بوو، بەردەوام سەردانی مام فەتاح می دەکرد و منیش وەك مێرمناڵێك ئەوکات زۆر جاران شاهیدی کۆبوونەوەی بەرێزیان و کاك ئەحمەد مەلازریان بووم کە لە ماڵی مامم بۆ ئەندامانی حیزب بەرێوە دەچوو.

شەهید ڕەحیم مەحموودی کە پاشان بەهۆی لێهاتووی و خۆش فیکری بوو بە بەرپرسی کومیتەی شارستانی پیرانشارو تا کاتی شەهید بوونی ئەو ئەرکە سیاسی و تەشکیلاتیەی لەسەر شان دەبێت. نەمر ڕەحیم مەحموودی مرۆڤێکی تێکۆشەر و کادرێکی لێهاتوو و پێگەیشتووی حدکا بوو و جێگای خۆی لە نێو دڵی خەڵکدا کردبوویەوە و خاوەنی پێگە و نفووزێکی زۆری تەشکیلاتی بوو، داوێن پاك و خاكی و خەڵکی بوو.

دوژمن حیسابی زۆری لەسەر پێگە و نفوزی دەکرد و توانی بوو شوێنی قووڵ لەسەر لاوان و خەڵکی پیرانشار دەبنێت.

 

ئەحمەد ڕوبیتەن
کادری ناسراو و تێکۆشەری ڕۆژەسەختەکانی خەباتی شار و شاخ بەو جۆرە لەسەر کەسایەتی و کار و چالاکیەکانی نەمر فەتاح سولێمانی و پەیوەندی سیاسی و تەشکیلاتی بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ئەدوێت .
وەك کەسێك کە لە نزیکەوە نەمر فەتاح سولێمانیم ئەناسی، بە شانازیم زانی ئەگەر بەکورتیش بێت تیشك بخەمە سەر ویزگە گرینگەکانی ژیانی سیاسی و تەشکیلاتی و پەیوەندی گەرم و دڵسۆزانەی لە گەڵ حیزبدا. ڕەوان شاد فەتاح سولێمانی تا بڵێی كەسايەتێكى ديارو نيشنمانپەوەر بوو و، بە گشتی جێگای خۆی لە نێو دڵی خەڵكی ناوچەکانی نەڵێن گەدەی دا کربوویەوە و جگە لەوە ڕێزە زۆری لێی دەگیرا، جێگای باوەڕ و متمانەی ئەو کەسانەش بوو کە دڵیان بۆ ئازادی کوردستان لێیدەدا و خۆیان بە دڵسۆز و پشتیووانی حدکا دەزانی.
مرۆڤێکی ڕەوشت بەرز و داوێن پاك و هەر لەوکاتەشدا گەل دۆست و وڵات پارێزێکی نەتەوەیی و کەم وێنەی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو و لە قۆناخە سەخت و ڕەشەکانیشدا پشتیووانی لە بزووتنەوەی سیاسی خۆرهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی حدکا کردووە و یەکێك لە ئەندامە چالاکەکانی بەشدار لە جووڵانەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ دا کردووە.
بەهەق و بێ مووبالغەکردن، فەتاح سولێمانی ئەندامێكى دڵسۆز و چالاكى ساڵانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ حيزبى ديموكرات بووە و ئەو جووڵانەوەیەیی کە شوێنێکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان دانا و ئەو هیوا و ئومێدەی لە لای خەڵك دروستکرووە کە حیزبی دێمۆکڕات تا ڕزگاری کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر خەبات و تێکۆشانی سیاسی خۆی.
نەمر فەتاح ئه لقه ى پەيوەندى كادره تێکۆشەرەكانى وەك نەمران “سلیمان موعينى و سەيد رەسوڵی بابى گەوره” سەيد رەسوڵ ديهقان، ئەندامانى حيزب له ناوچەى نەڵێن وگەده بووه و له لايەن حيزبەوە هەر كارێك پێيان سپاردووه، بێ سێ و دوو لێکردن و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە ئەنجامی داوە.
ڕێزدار ئەحمە روبیتەن لە درێژەی قسەکانیدا لە زمان نەمر حوسێنی ئەستیە خەڵکی گوندی کونەکێچ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: خوالێخۆشبوو مام حوسێن زۆر جار باسی ئەو سەردەمەی بۆ دەکردین کە سەردانمان دەکرد و دەگێڕایەوە، كاتێك شەهید سلێمان موعينى و هاوڕێیانی بۆ كارو بارى حيزبى سەردانیان دەکرد لە ناوچەی نەڵێن، پاش دانيشتن و كۆبوونەوەیی زۆر، ئەرکی نوێیان پێدەسپاردین و فەتاح سولێمانی، یەکێك لەو ئەندامە دڵسۆز و بوێرانە بوو کە زۆر بە تێڕادیتووی ئەرکە حیزبیەکانی پێرادەسپاردرا و ئەویش بەهەق بەو پەڕی تواناوە ئەنجامی دەدا.
زۆرجار تێکۆشەرانی دێمۆکڕات کە میوانی ماڵی فەتاح سولێمانی و دراوسێکانیان دەبن، بەیەکەوە یاری‌یە کوردەواریەکانیان کردووە. نەمر فەتاح سولێمانی بە هۆی سەداقەت و هەڵسوڕانی شوێن دانەری، بەخێرای بۆتە جێگای باوەڕ و متمانەی ئەو تێکۆشەرانەی کە ئەو سەردەمە سەردانی ناوچەیان کردووە.
نەمر فەتاح سولێمانی بۆ ساتێك له حيزب دانه بڕاوه و پاش ڕاپەرينى گەلانى ئێران بەدژى رێژيمى پاشايەتى و داڕمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا و ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشكرایی حيزبى ديمؤكراتى كوردستانی ئێران، ئەو جار بە ئازادی و شانازیەوە لە ڕێزی تێکۆشەرانی حیزبدا دەرکەوتەوە.
بەڕێز ڕوبیتەن بەو جۆرە لە سەر وێزگەیەکی تری ژیانی دەنوووسێ:
بە هۆی خۆشناوی و خۆشەویستی لە لای ئاوایی قەڵات، بۆ ماوەیەکی زۆر بە دەنگی زۆرینەی تەواو بە شۆڕایی گوند هەڵدەبژێردرا و بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵکی دەکرد و لە پەنای ئەو کارەیدا، لەسەر ئەرکە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی بەردەوام بوو، بەهەق لەو کارەشدا سەرکەوتوو بوو. وەختێك حکوومەتی ئاخوندی ئێران له هەموو لايەکەوە هێرشی بەربڵاوی بۆسەر کوردستان، بەمەبستی کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی بۆ سەر بەشێکی گرینگی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکردبوو. لەو کاتەدا حیزب نیازی بەهاوکاری و پشتیووانی خەڵك بەگشتی هەبوو، هەربۆیەش كومیتەی ناوچەی نەڵێن و گەدەی بڕیار دەدەن هەرماڵەی نەفەرێك بۆ پشتیووانی و یارمەتی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بنێرن، تا بەرگەری لە ناوچە ئازاد و ڕازگارکراوەکان بکرێت.
ڕەوان شاد فەتاح سولێمانی کە ئەرکی گەوەری بنەماڵەی لەسەر شانبوو، بەخێرای خۆی ئامادە دەکات و دەچێتە بەرەکانی شەڕ و وێرای هاوڕێیانی لە هێزی ئاوارەدا بەرگری لە کوردستان دەکات. خوالێخۆشبوو، له زۆر شەڕ و بەرگری قاڕەمانانەدا بەدژی پەلامارى هێزەکانی كۆمارى ئيسلامى بۆ سەر كوردستان ئازايانه به شدارى دەکات.
لەو قوناخەی خەبات بؤ ئازادى و رزگارى گەلى كورد لە ژێر ستەمکاری دەسەڵاتی تاران، بە جیددی بە دژى رێژيمى كۆمارى ئيسلامى تێدەکۆشاو و ئەوەی لەدەستی هات کردنی و تەنانەت زۆرجاریش گیانی کەوتۆتە مەترسی و بەدەیان جار گیرا و پاش ئازاردانی بێ بەزەیانە، ئەشکەنجەیان دەدا. سیخۆرە خۆماڵی و خۆفرۆشان و پیاوە جەلادەکانی كۆمارى ئيسلامى هەوڵی زۆریاندا بە ڕێگای جۆر بەجۆردا شوێن له سەر ئیمان و ئیرادەی سیاسی و نەتەوەیی دابنێن و لە خەباتی سیاسیدا هەر نەبێت، به لارێیدا بەرن و پشتی پێ بکەنە ئامانجەکانی.
بەڵام ئيراده وخۆڕاگرى فەتاح سولێمانی زۆر لەوه به هێزتر بوو دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕیژیمی ئاخوندی بتوانن به سەر ورەیی پۆڵایەنی نەمر فەتاح دا سەرکەون و زەفەری پێ بەرن و لە پێناوی خوانێكی چەوردا، سەری بەرزیان بۆ نەوی بکات و بە پێچەوانە، پیاوەکانی دەسەڵاتی تاران سەریان پی نەوی کرا و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا بوو وەفادار بە حیزب و ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکان مایەوە و پاش مەرگی جوامێرانە هێشتا خەڵك بە شانازیەوە باسی کورددایەتی کوردبوونی ئەو نەمرە دەکەن.
بێگوومان بەو چەند دێرە ناتوانین هەقی ئەوەی پێ بدەین کە لە ماوەی ژیانی دا بە هەموو شێوەیەك خزمەتی بە حیزب و جووڵانەوەی سیاسی کوردستان کرد، بەهەق زۆر نەترس و بوێر بوو، چاوی لە دوژمن نەدەترسا و هەردەم شانازی بە حیزبی بوونیەوە دەکرد.
ڕوحی شاد و بە هیوای بەدی هاتنی ئامانجەکانی.

محەممەد قەرەخدری
هەوڵدەدەم بە کورتی باس لەسەر ژیانی نەمر فەتاح سولێمانی خەڵکی گوندی قەڵات بکەم کە جگە لە کوردایەتی و بوێری و هاوکاری و پشتیووانی کردن لە هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە بە شانازی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دەزانی، دڵی بۆ ئازادی و سەربەستی کوردستان لێی دەدا. سەرەتای دۆستایەتی و ئاشنایەتیم لە گەڵ مام فەتاحی نەمر بۆ ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی دەگەڕێتەوە کە هاتووی چۆی ئەو گوندەمان دەکرد.
ڕێزدار قەرەخدری لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا دەڵێت” ھەر چەندە لەسەر ژیان و خەباتی سیاسی ئاشکرا و نهێنی بدوێم هێشتا هەر کەمە، بەڕاستی بنەماڵەیەکی خانەدان و شۆڕشگێڕ و دڵسۆزی و نیشتیمانپەروەری ناوچەکەبوو و مرۆڤێکی ناسرا و خۆشناوبوو و خەڵکی ئاوایی و دەوروبەری ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت و بۆماوەیەکی زۆر بە تێکڕایی دەنگ لە سەردەمی حدکا و پاشانیش، بۆ ماوەیەکی درێژ بە شوڕایی ئاوایی هەڵدەبژێردرا.
ئەو کاتی حیزب لەناوچەی دابوو، وەك ڕۆڵەیەکی ئازا و جەسوور لە ھێزی برگریدا شان بەشانی پێشمەر گەکانی حیزبی دێمۆکراتی کۆردستانی ئێران بەشداری ئەو شەڕانەی دەکرد کە دوژمن بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان هێرشی دەهێنایە سەر ناوچەکە. مام فەتاح وەك پێشمەرگەیەك لە سەنگەردا بەرگری دەکرد و وەك پێویست ئاگایی لە ماڵ و مناڵی خۆی نامابوو.
زۆر بە ئیمان و ئیرادەبوو، کەسێکی شۆڕشگێڕ و چاونەترسبوو، هەر باکی لە دوژمن نەبوو، سەرەڕایی ئەو هەموو گیران و ئەشکەنجە و ئازاردانەی کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شار دەدرا، بەڵام قوورس و قایم خەباتی دەکرد.
ڕێزدار محەممەد قەرەخدری لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، باس لە ئازایەتی و خۆڕاگری فەتاحی نەمر دەکات و دەڵێت: ھیچکام لە زیندان و ئازاردانی لە لایەن جەلادەکانی ڕێژیمی ئاخوندی نەیتوانی نائومێدی بکا و لە پشتیووانی و هاوکاری لەگەڵ کادرو پێشمەر گەکانی حیزب دڵساردی باکاتەوە و ھەر کارێکی پێیان سپاردبا، ئەگەر بەقیمەتی گیانیشی تەواو ببا ئەنجامی دەدا و بەڕاستی جێگای خۆی لە نێو بەشێکی بەرچاوی کادر و فەرماندە نیزامیەکانی حیزبدا کربوویەوە.
ئێمە وەك تیمی تەشکیلاتی ناوچەی زۆر جاران سەردانمان دەکرد و لەسەر بارودۆخی ناوچەی ئاڵوگۆڕی بیرورامان دەکرد و پاشان لەسەر ئەرکی نوێ زانیاریمان پێ دەدا و ئەویش بەوپەڕی دڵسۆزیەوە، کارەکانی خۆی ئەنجام دەدا. شەوێك سەردانی گوندی قەڵاتمان کرد و چووینە لای نەمر فەتاح سولێمانی و داوامان لێکرد خەڵکەمان بۆ کۆکاتەوە تا سەبارەت بە سیاسەتی حیزب و پیلان گێڕیەکانی ڕیژیمی تاران قسە بۆ خەڵكی ئاوایی لە مەزگەوتی بکەین. ئەوکات بارودۆخی ئەمنی زۆریش حەساس بوو، مام فەتاح چەند جارێك لەسەر هاوکاری لە گەڵ حیزب گیرابوو ، بەڵام بێ ئەوەی بیر لەو مەترسیە بکاتەوە، هەر ئەو شەوە زۆر بە خێرایی خەڵکی لە مزگەوتێ کۆکردووە و بەو پەڕی ئومێد و سەربەرزیەوە لە نێوخەڵكی ئاوایدا دانیشت.
هەرکاتێك چ بۆ کاری حیزبی یان بەسەردان ڕێگام کەوتبایە قەڵات، تا سەردانی ئەو پیاوە کوردپەرەوەرم نەکربایە نەدەڕۆشتیم، بەردەوام زانیاری بەسوودی لەسەر ئاڵقەبەگوێ کانی ڕێژیم لە ناوچەی پێدەداین و، چاك و خراپی ناوچەی بەباشی دەناسی. بەڕاستی زۆر خۆشەویست بوو لەلای کادرو پێشمەرگەکانی حیزب بەتایبەتی بۆ من کەسێكی نزیك و جێگای باوەڕ و متمانەی تەواو بوو، هەتا زۆر جار کە پیاوەکانی سەر بەدەسەڵاتی تاران مان دەگرتن، مام فەتاح داوای دەکرد لێیان خۆشبین و بەخاتری ئەو ئازادمان دەکردن.
مام فەتاح تا دوا هەناسە و ماڵئاوایی کردنی لە ژیان، وەفادار بەڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێمۆکراتی کۆردستانی ئێران مایەوە و وەك ئەندامێکی چالاك و چاونەترس خزمەتی کرد.
ھەزار سڵاو لە روحی پاکی بێت و هیوای سەلامەتی بۆ بنەماڵەی ئازیزیان دەخوازم.
ڕوحی شاد و بە هیوای بەدی هاتنی ئامانجەکانی.

ئەحمەد مەلازریان
ڕێزدار ئەحمەد مەلازریان کە بەشێکی بەرچاوی ژیانی سیاسی لە ناوچەی نەڵێن و گەدەی بەسەربردووە و یەکێكی ترە لە کادرە تێکۆشەر و ناسراوەکانی حیزب کە لە ناوچەی نەڵێن و لە نزیکەوە کاری لە گەڵ فەتاح سولێمانی کردووە و باس لە سەر وەفاداری و بوێری دەکات و، بەو جۆرە باس لە سەر جوامێری و گەل دۆستی فەتاح سولێمانی دەدوێت دەکات.
لێرەدا دەم هەوێت ئەگەر بەکورتیش بێ ئاورێك لە مێژووی سیاسی و تەشکیلاتی تێکۆشەرێکی دیار و ماندووی نەناس و دڵسۆزی حیزبی دێمۆکڕات، نەمر فەتاح سولێمانی ناسراو بە فەتاحە کورد بدەمەوە. ڕەوان شاد کاك فەتاح جگە لەوەی دۆستێکی ئازیز و ناسراوم بوو، ناوبراو هەرگیز لە هاوکاری و یارمەتی کادر و پێشمەرگەکان دریغی نەدەکرد و زۆر جار لە سەردەمی تەشکیلاتی ئاشکرا و پاشان نێوە ئاشکرا کە بە شێوەی هێشووەیی بوو لە ماڵی مام فەتاح کۆبوونەوەمان دەگرت و ئەرك و بەرپرسیاریەتی زۆرمان پێدەسپارد و هەموو جارێ بەو پەڕی فیداکاریەوە ئەرکەکانی سەرشانی ئەنجام دەدا. ئەو کات شەهید ڕەحیم مەحموودی بەرپرسی ناوچەی نەڵێن بوو، ئیمە دۆستایەتیەکی زۆر باشمان لە گەڵ مام فەتاح دا هەبوو، هەر کارێمان پێسپاردایە، بێ سێ و دوو لێکردن ئەنجامی دەدا.
جێگای باوەڕ و متمانەی ئێمە بوو، مرۆڤێکی خۆشناو و جێگای ڕێزی خەڵکی ئاوایی و خەڵکی ناوچەی نەڵێن و گەدەی بوو. نەمر فەتاحە کورد مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و گەلدۆست بوو، هاوکات ئەندامێکی هەڵسووڕ و دڵسۆزیی حیزب بوو، کاتێك ئەرکی شۆرای گوندەکەی لەسەرشان بوو، بەزیادەوە خزمەتی بە حیزب دەکرد و ئەرکەکانی بەڕێوە دەبرد.
خەڵکی ئاوایی خۆشیان دەویست و ڕێز زۆریان لێدەگرت.
مام فەتاح یش بەداخەوە خەونی ڕزگاری و سەربەستی وڵاتەکەی بردە ژێرگەڵ و ئەو ئاواتەی بە چاوی خۆی نەدیت کە دەسەڵاتی ڕێژیمی تاران، کە دەسەڵاتێکی ستەمکار و جگە لە سێدارە و ئازاردانی ڕۆڵە ئازایخواز و تێکۆشەرەکانی کوردستان، شتێکی تری نەکردووە، کۆتایی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە شوومە ببی نێت.
بەرلەوەی ببم بە پێشمەرگە هەر وەك ڕیزدار زریان ئاماژەیی پێداوە، زۆر جار شاهیدی کۆبوونەوەی تەشکیلاتی شەهید رەحیم مەحموودی لە گەڵ ئەندامانی حیزب لە ئاوایی قەڵات بووم، کە ئەوکات باوکی خوالێخۆشبووشم یەکێك لەو کەسانەی بوو کە وەك ئەندامی نهێنی بەشداری زۆربەی کۆبوونەوەکانی دەکرد.
محەممەد سولێمانی
٣٠ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی