سروودی جاڕ دەکێشم، من دەڵێم کوردم بە دڵ کوردم دەوێ

بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستان جوانترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و لە گشت ئەویندارانی ڕیگای ئازادی کوردستان و هاوڕێ و هاوڕێبازانی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان شەهیدی مەزن پێشەوا قازی محەممەد دەکەم.
لەم ڕۆژەدا وەک جێژنانە و وەک بیرەوەری ئەم سروودە کە ئی ساڵی ٢٠٠٨ی زائینی‌یە پێشکەش بە گشت لایەکی دەکەم. بەداخەوە بە هۆی ئەوە کە میکرۆفۆنەکان و شێوەی زەبت کردنەکە هەندێک لاوازە، دەنگەکەش بەرز و نزمی هەیە، بەڵام دیسانیش دیاری شوانی هەر ئاڵەکۆکە.
شێعری ئەم سروودە لە دیوانی شاهۆ وەرگیراوە بە هەندێک دەستکاری‌یەوە.
٢٠٢٢/٠١/٢١
حەمەڕەسووڵ کەریمی
موزیک : ئارام ئیزەدپەنا
کۆڕی هونەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ـ کۆنگرەی ١٤ی حدک
دیوانی شاهۆ
جاڕ دەکێشم، من دەڵێم کوردم بە دڵ کوردم دەوێ
کوردی چۆن کوردێکی، ساغی بێ غەشی مەردم دەوێ
بێ فڕ و فێڵ، کورد پەرەستێکی جوان‌مەردم دەوێ
گیان فیدایەکی دلێری سافی، بێگەردم دەوێ
دڵپەرۆشێکی وەتەن ، کوردێکی هاودەردم دەوێ
نامهەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم دەوێ

هەرچی ناوی تاقە کوردێکی لە لای بێگانە برد
یا لە خۆوە ، خووی خەراپێکی لەحەق هاوخوێنی کرد
یا کە هاتوو کوردەکانی، بۆ ئەم و ئەو کردە پەرد
واجبە مێشکی بکەیتە تووتیا یا ئاردی ورد
نامهەوێ کوردێکی وا، کوردێکی هاودەردەم دەوێ
دڵپەرۆشێکی وەتەن ، کوردێکی هاودەردم دەوێ

کورد دەبێ دائیم تەماشای بنج و بونیادی بکا
سەیری بنچینەی ئەساسی زێد و ئەجدادی بکا
بیر لە ئیشی، پاشەڕۆژی، کورد و ئەولادی بکا
نەک بە تەنها مەرحەبایێ، پشت لە ئەجدادی بکا
نامهەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم دەوێ
دڵپەرۆشێکی وەتەن ، کوردێکی هاودەردم دەوێ

کورد یەکێکن، فەرقی کوردی خوارو ژووروی بۆ نییە
فەرقی کوردی کۆچەری و دێهاتی و شاری بۆ نییە
فەرقی کوردی دەشتەکی و ناو شاخ و داری بۆ نییە
هەر کەسێ فەرقی بکا هیچ ئێعتباری بۆ نییە
نامهەوێ کوردێکی وا کوردێکی هاودەردم دەوێ
دڵپەرۆشێکی وەتەن ، کوردێکی هاودەردم دەوێ

حەمەڕەسووڵ کەریمی
کوڕی هونەری حیزبی دێموکراتی کوردستان

بەهاری ساڵی ٢٠٠٨ ی زائینی

ژێرنووسی تێکست

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ