پەیامی ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، هێز و لایەنە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!
٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ حەفتاوشەشەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد. بەو بۆنەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی خۆشەویست دەکەین و هیوادارین ئەو مەشخەڵەی لە کۆماری کوردستان هەڵکرا تا گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوەکەمان هەروا بڵێسەدار و گەشاوە بێ.
تێکۆشەران و ڕێبەرانی نەتەوەکەمان لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان حەفتاوشەش ساڵ لەوەپێش لە حاڵێکدا یەکەمین کیانی کوردی واتە کۆماری کوردستانیان دامەزراند کە لە زۆر ناوچەی جیهان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەم لە مافە نەتەوەییەکانیان بێبەش بوون هەم مەودایەکی زۆریان لەگەڵ دێموکڕاسی و بایەخە مرۆییەکانی سەردەم هەبوو، هەربۆیە جێی خۆیەتی کە بوترێ کۆماری کوردستان و سەرکۆمارە مەزنەکەی پێشەوا قازی محەممەد پێشەنگی دێموکراسی لە ناوچەکەش بوون. کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە دەستیان دابووە دامەزراندنی کیانێکی سیاسیی نوێ، لە بیری نەتەوەسازیشدا بوون، نەتەوەیەک کە هەم بە پرۆسەیەکی تەندروستی نەتەوەسازیدا بڕوا و هەم بایەخە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانی سەردەم خۆی تێدا بنوێنێ. هەر بۆیە لە ماوەیەکی کەمدا پرسی خوێندن بە زمانی دایک کرایە بەردی بناغەی پەروەردە لە قوتابخانەکانی کوردستان. لە لایەکی دیکەوە لە ماوەیەکی زەمانیی کەمدا قانوونێکی ورد بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەش دانرا کە لەودا بیر لەوە کرابۆوە کە ئاگایان لە کۆمەڵگە و تەنانەت ئاڵووێری ناو بازاڕیش بێ کە نەکا کۆمەڵگە تووشی بشێوی و پاشاگەردانی ببێ. هاوکات دەزگاکانی بەڕێوەبەریی وڵات بە جۆرێک دامەزرابوون کە لەو ماوە کورتە زەمانییەدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بەپێی توانا و ئیمکاناتی سەردەم بە باشترین شێوە بەڕێوە دەبران و لە هەمان کاتدا ڕێبەرانی کۆماری کوردستان هەلومەرجێکی وایان خوڵقاندبوو کە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش خۆی تێدا ببینەوە و تەنانەت بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی ئێدارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا. بۆیە ئەگەرچی بەداخەوە تەمەنی کۆماری کوردستان کەم بوو بەڵام هەموو ئەو بناغە پەروەردەییانەی کە لە کۆماری کوردستاندا دانران هەر ئێستاش ڕەنگدانەوەی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دیارە و هەموو ئەو هێمایانەی کە لە کۆماردا ڕەسمییەتیان پێ‌درا، وەکوو ئاڵای کوردستان و سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە، بوونەتە هێما و سیمبۆلی کورد لە هەموو دنیادا.
ئەویندارانی سەروەریی نەتەوەیی! ئێستا و پاش ٧٦ ساڵ بە سەر یەکەم کۆماری کوردستاندا، تێکۆشەرانی ماندوویی نەناسی گەلەکەمان هەروا شێلگیرانە لە خەباتێکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی کە ئەو مەشخەڵەی لە کۆماری کوردستاندا و بە پێشەنگایەتیی یەکەم سەرکۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەددا بۆ گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی هەڵکرا هەروا بە گەشاویی بگاتە لوتکەی سەرکەوتن و نەتەوەکەمان بە ڕزگاری و ئازادی و مافەکانی خۆی بگا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە چاوی بایەخەوە دەروانێتە هەوڵ و تێکۆشانی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان و،وەک دەسکەوتێکی گرینگ لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد لێی دەڕوانێ ولەسەر ئەو باوەڕەیە بێ لەبەر چاوگرتنی سنوورە فیکری و سیاسیەکان و بێ سەرنجدان بە جیاوازییەکان لە بواری ئایینی و جوغرافیاییەوە،بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لەسەردەمی ئێستادا وادەخوازێ لە دەوری فەلسەفەی پێک هاتنی کۆماری کوردستان وئامانجەکانی کۆببینەوە.
ئەوساڵ لە کاتێکد یادی دووی ڕێبەندان دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک زیاتر قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەرۆکیان گرتووە کە ئەگەر هەروا بڕاو دەبێ گەلانی ئێران چاوەڕوانی ئەوە بن کە ئەو نیزامە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە تەواوی مەشروعییەتی خۆی لەدەست بدا. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی بەرۆکیان گرتووە بۆ مانەوەی خۆی دەزگای سەرکوت و زەبروزەنگی خۆی لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی پتر لە جاران وەکار خستووە و ڕۆژانە دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە لە شوێنی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەسەڵاتە ناوەندییە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکان و تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخوازی ئێرانی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون و هەن کە نەتەوەکەمان بە چۆکدا بێنن و هەستی نەتەوەیی و شوناسخوازی لەنێو گەلەکەماندا کەم ڕەنگ و بنبڕ بکەن. لە سایەی هەمان سیاسەتی دژە مرۆییدا کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە چل ساڵە لە هیچ چەشنە تاوانێک دژ بە گەلەکەمان دەستی نەپاراستووە بەڵام ئەوەی گرینگە تێکۆشەرانی گەلەکەمان هیچکات لە خەباتی خۆیان دڵسارد نەبوونەتەوە و ئێستا لە خوارووترین تا سەرووترین بەشی کوردستان ئاوات و ئامانجەکانی کۆماری کوردستانیان کردووەتە پڕنسیپەکانی خەباتیان و بۆ ئەو مەبەستە لە تێکۆشانی خۆیان بەردەوامن. لە حاڵیکدا ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەستی نەتەوەیی و شوناسخوازی لە کوردستان لە لووتکە دایە و گەلەکەمان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بۆ ڕزگاری و ئازادی و گەییشتن بە مافەکانی تێدەکۆشێ. لە هەمان کاتدا پێویستە سەرنج بدەینە ئەو بابەتە کە دوای تێپەر بوونی ٧٦ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان ئامانج و ئاواتەکانی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەمان ئاوات و پەیامی کۆماری کوردستانن کە تێکۆشەران ونیشتمان پەروەرانی کورد لەسەردەمی ئیستاداخەباتی بۆ دەکەن.
لە کۆتاییدا جارێکی تر وێڕای پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزارنی کۆماری کوردستان لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، سڵاو دەنێرین بۆ دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان و هەموو ئەوانەی کە گیانی خۆیان بۆ سەرکەوتنی کۆمار بەخت کرد.
سڵاو بۆ گیانی پاکی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرکۆماری کوردستان.
بە هیوای وەدیهاتنی ئامانج و ئاواتەکانی کۆماری کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ هەتاوی