هاوڕێ ڕەحیمی خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی وڵاتی هولەند بوو بە ئەندام پەرلەمانی وڵاتی هولەند

لە زۆربەی وڵاتە دێموکرات و پێشکەوتووەکان، پڕۆسەی دەسەڵات و ئاڵۆگۆری بەرپرسەکان بە شێوەیەکی دێموکراتیک و لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازادەوە بەڕێوە دەچێ و دەسەڵات و بەرپرسایەتی‌یەکان زۆر دێموکراتانە دەستاودەست دەکەن.

لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا بە هۆی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بوونی پەنابەری زۆر لە وڵاتانی جۆراوجۆر و هەروەها بوونی کەسانی بە هەست و دڵسۆز لە وڵاتانی دەرەوە، بە خۆشیەوە کۆمەڵێک کەسایەتی پێگەیشتووی گەنج، توانیویانە وێرای خۆ پێگەیاندن و دەرس خوێندن و دۆزینەوەی کاری دڵخوازی خۆیان، بگەنە شوێنی بریاردان و ببنە ئەندام پارلەمان و کەسایەتی دیاری وڵاتی نیشتەجێ بوونیان.

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو دا لە وڵاتی هولەند لە پڕۆسەیەکی دێموکرات و هەڵبژاردنێکی ئازاد دا، گەنجێکی کورد بە ناوی ” هاورێ ڕەحیمی” ، نیشتەجێ لە وڵاتی هولەند، توانی بە ئیرادە و متمانە بەخۆ بوون و بەشداری چالاکانەی لە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی دا، وەک گەنجێکی کورد، دەرگای پارلەمانی هولەند بە ڕووی خۆیدا واڵا بکا.

“هاوڕێ ڕەحیمی”، کوڕی بەرێز کاک عەلی ڕەحیمی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و کورد دا لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە شاری سەردەشت لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەیان هاتوونە وڵاتی هولەند، هاوڕێ ڕەحیمی وەک کوڕە کوردێکی نیشتەجێ لە وڵاتی هولەند، لەسەر لیستی حیزبی دەسەڵاتداری هولەند VVD، کە سەرۆک‌وەزیرانی حکومەتی هولەند “مارک ڕووتە” توانی بە هیممەت و لێهاتوویی خۆی ببێتە ئەندام پەرلەمانی وڵاتی هولەند.

شایانی باسە کە بەرێز عەلی ڕەحیمی کەسایەتیێکی دیاری شاری سەردەشتە و لە مێژساڵە وەک چالاکڤانێک لە بواری جۆراوجۆردا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا، کاک عەلی لە پڕۆسەی بە جینوساید ناساندنی شیمیابارانی سەردەشت و هەڵەبجە و زەردەی کرماشان دا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە وڵاتی هولەند و لە دادگای لاهە و ئوروپا دا گێراوە و یەکێکە لەو کەسانەی کە بۆ ناساندن و بۆ مەحکووم کردنی بەکارهێنەران چەکی قەدەغەکراو و جەنایەتی شیمیاباران کردنی گوند و شار و باژێرەکانی کوردستان، هەوڵی زۆری داوە و لەو پەیوەندی‌یەدا زۆرترین خزمەتی بە گەلی کوردستان کردووە و لە زۆر بواری دیکەش دا ڕەچەشکێن و پێشرەو بووە.

جێی ئاماژەیە کە بوونی لاوانی کورد لە پارلەمانی وڵاتانی دەرەوەدا بە گشتی و بوونی “هاوڕێ ڕەحیمی” وەک چالاکڤانێکی لاوی کورد لە پەرلەمانی وڵاتی هولەند، نیشانەی توانا و لێزانی و لێهاتوویی لاوان و چالاکڤانانی سیاسیی گەلی کوردە بە گشتی کە بە درێژایی مێژوو لە نیشتمانی خۆیان دا (کوردستان) بە دەستی داگیرکەرانی کوردستان چەوسێندراونەتەوە، بەخۆشیەوە لە سەردەمی ئێستادا و لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی دا، لاوانی کورد بە گشتی لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکرات دا، پەنابەران و لاوانی پێگەیشتووی گەلەکەمان بە خەبات و تێکۆشان و هەوڵی خۆیان توانیویانە کە بەرپرسایەتی بەرز لە ڕیزی دام‌ودەزگاکانی حکوومەتی دا، وەربگرن و چالاکانە لە ئیدارەی وڵاتانی پێشکەوتوودا بەشدار بن.

لەم پەیوەندی‌یەدا هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ کاک هاورێی ڕەحیمی و گشت لاوانی کورد بە ئاوات دەخوازم و هیوادارم کە نموونەی لە چەشنی هاوڕێ ڕەحیمی لە نێو گەلەکەمان دا هەر لە زیاد بوون دابن.

لە کۆتایی دا جوانترین پیرۆزبایی لە هاورێ ڕەحیمی و کاک عەلی و خاتوو زیبای نەباتی و ئەندامانی بنەماڵەی ڕەحیمی بە گشتی و خەڵکی شاری سەردەشت دەکەم و هیوادارم کە کاک هاوڕێ ڕەحیمی، دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی، هەردەم لەبەرچاو بێ و هەوڵی ناساندنی زیاتری کورد لە نێو پارلەمانی وڵاتی هولەند دا بدا و پشتیوانی و خەمخۆری خۆی و پارلەمانی هولەند بۆ گەلی کورد زیاتر و زیاتر بکا و لە هەمانکاتدا بەگژ هەموو ناعەداڵەتی‌یەکان و هەر جۆرە چەوسانەوەیکی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دا بچێتەوە و لە پال ئەرکە پێ‌سپێردراوەکانی ئیداری و پارلەمانتاری خۆیدا ببێتە زمانحالی گەلی کورد و نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی دیکە.

بە هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ کاک هاورێ ڕەحیمی و گشت لاوانی کورد

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٠ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی