قاسم سولەیمانی تێرۆریست، دژی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست بوو

(پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قاسم سولێمانی لە شاری سلێمانی)

کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی بەفرانبار (٦/١/٢٠٢٢) ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی کوژرانی پاسدار قاسم سولەیمانی لە تەلاری هونەری ئەم شارەدا پێک‌هێنا. لەم کۆڕەدا هەڤال ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکێش کرد و پێشنیاری کرد کە ڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بکرێ بە “ڕۆژی جیهانیی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی”. لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە کاربەدەستێکی پایەبەرزی هەرێمی کوردستان داوا دەکا ڕۆژی کوژرانی کەسێکی وەک قاسم سولەیمانی بکرێ بە ڕۆژی ئاشتیی جیهانی، و لەبەر ئەوەی پێشتریش چەند جاری دیکە و لە زمانی بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵوێستی لەو چەشنە بینراون، چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو:

پێش هەموو شتێک جووڵانەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوونی پێوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شتێکی ئاسایی دەزانێ و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئەوجۆرە پێوەندییانە نییە و نەشبووە. حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە خەمی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوون و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم باج و تێچووی زۆر و قورسیشی داوە کە ئەمە هەست بە بەرپرسایەتیی سیاسی، نەتەوەیی و مێژوویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر داهاتوو و چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵاوییەکی مێژوویی و پێوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پتەو و دوورودرێژیان لەگەڵ یەکتر هەیە و ئەو پێوەندییە دیرۆکییە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە بووە. پێشمەرگە دێرینەکانەکانی هێزە سیاسییەکانی هەردووبەش دەزانن کە لە زۆر کات و بڕگەی مێژوویی و لەپێناو ئامانجی هاوبەشدا کورد گوتەنی خوێنیشمان تێکەڵی یەکتر بووە، لە ڕۆژە ناخۆشەکانی مێژووشدا خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵات لەپشتی یەکتری بوون و ئەو هاوپێوەندی و هاوچارەنووسییە لە مێژووی نەتەوایەتیماندا ڕەگاژۆی کردوە.

لە پێوەندی لەگەڵ قاسم سولەیمانی و دەورونەخشی ئەو کاربەدەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا دەڵێین:

ناوبراو فەرماندەیەکی سەربازیی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بووە و ئەوە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەبێ لەسەر جێگە و پێگەی ئەو بدوێن و قەزاوەت لەسەر ئاکار و کردەوەکانی بکەن، وەک چۆن ئێمەش ئەو ئیزنە بە خۆمان نادەین قەزاوەت لەسەر کاربەدەستێکی ئێستا و پێشووی عێڕاق بکەین، بەتایبەت هەرگیز ڕێگەش بە خۆمان نادەین پەسنی هیچ دەسەڵاتدارێک بدەین کە لە یەکێک لە بەشەکانی کوردستان‌دا دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور بووبێ. جیا لەوە کارنامەی قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی هێزەکانی قودس کە باڵی سەربازیی رێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەیە، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. قاسم سولەیمانی ڕووی لە هەرکوێ کردبێ، کوشتار، کارەسات، وێرانی و کاولکاریی لەگەڵ خۆی بردوە. قەیرانە نێوخۆییەکانی سووریە، لوبنان، یەمەن و عێڕاق و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاکامی ڕاستەوخۆی کاریگەری و حزوور و سیاسەت و کردەوەکانی قاسم سولەیمانین. هەروەها هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک شاری کۆیە لە قووڵایی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٨ی سێپتامبری ٢٠١٨) کە لەودا ١٦ پێشمەرگە و کادری ڕێبەریی حیزبی دێموکرات شەهید بوون، لەگەڵ چەندین جار هەڕەشەی ئەمنییەتی لەسەر بارەگاکانی کۆمەڵە بەهۆی ئەوەی کە ئەو عەمەلیاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکرا، دەبوا قاسم سولەیمانی بڕیاری لەسەر دابا و فەرمانی ئەوی لەپشت بوو. هەروەها پێشتریش تێرۆری سەدان تێکۆشەری کوردی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بە بڕیاری سپای قودس جێبەجێ کراون کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتیی ئەو سپایە بوو. لەبیرمان نەچێ کە قاسم سولەیمانی هەر بەپێی بەڵگە و داناننانی زۆر مێدیا و دامەزراوە و ئاشکراکردنی حیزبی سیاسی لە عێڕاق، ڕۆڵی فەرماندەیی و بڕیاردانی لە زۆر جووڵە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشدا هەبووە. بۆیە هەرچەشنە پێداهەڵگوتن و ڕێزلێنانێکی کاربەدەستانی باشوور لە قاسم سولەیمانی، دەستخۆشانەی هاوزمان و هاونەتەوەکانمانە بۆ ئەو خوێنانەی سولەیمانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕشتوونی.

قاسم سولەیمانی لە لیستی ڕەشی سزاکانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا بوو. کاتێکیش کە کوژرا لە ئەمریکا بە دێموکرات و کۆماریخوازەوە و، لە ئورووپاش کەس پرسیار و گومانی نەخستە سەر دروستیی ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی کە بۆ لێدان لە ناوبراو دابووی.

ئێمە دەخوازین ئەو جۆرە کۆبوونەوە و لێدوانانەی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار نەکەنە سەر پێوەندیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. بەدڵنیاییەوە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران حیسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەو جۆرە ڕوانگە و بۆچوونانەی ئەو بەشە لە کاربەدەستانی هەرێم و هێندێک لە سیاسییەکانی باشوور لێک جیا دەکاتەوە. بۆیە جارێکی دیکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە: قاسم سولەیمانی کاربەدەستێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە پلەکانی سەرکەوتنی بە جینایەت و کومەڵکوژی لە کوردستان‌ڕا دەست پێ کردبوو و دواتریش سیاسەت و بڕیارەکانی ناوبراو کاریگەریی ڕاستەوخۆی زۆر کارەساتباری لەسەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی ئێران هەبوو. بۆیە ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێ قەزاوەت لەسەر ناوبراو بکەن و هەروەک چۆن بینیمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە “شهر کرد”ی پارێزگای “چوار مەحاڵ و بەختیاری” خەڵک پەیکەرەی ئەویان پاش چەند سەعات لە دانانی لە ناوەندی شاردا ئاگر دا.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە هەرێمی کوردستان هەموو کات ناوەندی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرخۆدان و سەرهەڵدان بووە و ئەم جۆرە ڕێوڕەسم و کۆڕوکۆبوونەوانە پرسیار لەسەر پرسە گەورەکەی کورد دروست دەکا و لە هەمان کاتیشدا تۆوی ناهۆمێدی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا دەچێنێ و خەڵکی کوردستان ئەمە بە جۆرێک بە پشت‌تێکردن لە ئاڕمانە نەتەوەییەکانی کورد لێک دەدەنەوە.

بەو هیوایەی کە لە داهاتوودا هەڵوێستی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوە و هەست و بیری کوردانی ڕۆژهەڵات چی دیکە بریندار نەکرێ و تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە هیچ شتێک ناتوانێ کەلێن بخاتە نێوان پێوەندیی نەتەوایەتیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی بەفرانباری ١٤٠٠