گوڵی هیوا
لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
ئەختەر کچی کوردی چاومەست!
ئیلهام بەخشی شێعری پڕ هەست!
ئەی پێشمەرگەی میللەت پەرەست
کە دیتمی تفەنگ بەدەست
زانیم گوڵی هیوا پشکووت
بەیانی ئازادی ئەنگووت
ئەختەر پێشمەرگەی کۆڵنەدەر!
ئەختەر ئەی گوڵی نێو سەنگەر!
خوێنت دەتکێ لە دمی خەنجەر
دەگری بەری هێرشی ئەسکەر
سێرەت گرت بەوچاوە جوانە
لە کەلەکەی ئەم بیژوانە
شەقت هەڵدا لە زێڕ و جل
تووڕت داوە کلدان و کل
توندت کردووە پشتێنی شل
فیشەکدانت کردۆتە مل
پساندت بازنە و پاوانە
دەستت دا تفەنگ پیاوانە
ناڕێژی چاو، سوور ناکەی لێو
شانە ناکەی بسکی پەشێو
یەکجاری فڕێت دا چارشێو
ئەوە ڕووت کردە چڕ و کێو
دەبڕی جەرگی دوژمنی زۆڵ
بەسەرنیزە نەک بە مژۆڵ
1963
ئەی پێشمەرگەی قارەمان
ئەی گیان فیدای کوردستان
ئەی تاقە شێری کوێستان
پارتیزانی باشەرەف ، برای ئارپیچی لە شان
حەقی وەرگری باوێژدان
شۆڕشگێری کوردستان
کە خوێنتان ئەکەن خەڵات
چەک بەدەستانی وەڵات
ئاڵا هەڵگرانی خەبات
پارتیزانی باشەرەف ، برای ئارپیچی لە شان
هەروەک ڕۆژ لێمان ڕوونە
کە ئەستێنن مافمان
خۆشی دێنن بۆ گەلمان
وڵات ئەبووژێننەوە
سەربەرز ئەکەن کوردستان
پارتیزانی باشەرەف ، برای ئارپیچی لە شان
ئێستا هەموو بە دەنگێک
بە گەرمی، بە ئاهەنگێک
ئەڵێین بژی پێشمەرگە
تاقە شێری کێوەکان
هەڵۆی شاخە بەرزەکان
پارتیزانی باشەرەف ، برای ئارپیچی لە شان
ئەی پێشمەرگەی قارەمان
ئەی گیان فیدای کوردستان
ئەی تاقە شێری کوێستان
پارتیزانی باشەرەف ، برای ئارپیچی لە شان