لە پەراوێزی کتێبی نامەیەک بۆ دایکم و دەرسێک بۆ نەوەکانی بە پێنووسی کاک هاشم ڕۆستەمی
بەرێز کاک هاشم ڕۆستەمی ئازیز!
سەرەتا زۆر سوپاس بۆ سەردانەکەت و سوپاسیش بۆ دیارییە بەنرخەکەت و هەموو زەحمەتەکانت ، دیاری کتێی نامەیەک بۆ دایکم و دەرسێک بۆ نەوەکانی بە قەڵەمی جەنابت کە وەک دیارییەکی بەنرخ پێشکەش بە کتێبخانە خنجیلانەکەی ماڵەوەمانت کرد، دوای ماوەیەک پڕکاری و سەر ئێشەی ژیان و بێ کاتی خوێندەوە.
کتێبەکەت کە ئێستا لە بەردەستی خوێنەران دایە نەک هەر دەرسێک بۆ نەوەکانی دایکی بەرێزتە، بەڵکوو بە گشتی دەرسێکە بۆ گشت ئەوانەی تاکوو ئێستا لە دونیایەکی چەقبەستوودا خۆیان راگرتووە، کتێبەکە لەگەڵ هەمووانمان دەدوێ و جیا لەوەش بە ئاوڕدانەوە لە ژیانی گەلانی دیکە ، شەنوکەونی ژیانی ڕابردوو و ئێستای گەلەکەشمانت کردووە.
لەو شەنو کەونەدا گەلێک بابەتی لەبیرکراوی کوردەواری ئاوڕیان لێدراوەتەوە و جیا لە زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران، داب و نەریتی کۆن و سواوی دواکەوتووانەشت نەک تەنیا لە نێو گەلی کورد دا، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکەدا و لە نێو گەلانی پێشکەوتووشدا دەست نیشان کردوون کە ئەوە نیشانەی زیت و وریای جەنابت وەک نووسەر زیاتر دەردەخا.
کتێی نامەیەک بۆ دایکم و دەرسێک بۆ نەوەکانی وێرای ئەوە کە بە زاراوەی ناوچەی سوێسنایەتی نووسراوە، هاوکات کۆمەڵێک وشەی رەسەنی کوردی و ناوی جۆراجۆری تێدا هەن، کە ئەوەش کتێبەکەی بۆ منی خوێنەر شیرینتر کردووە و ئەگەر کەسانێک کە بۆ خۆیان لە کوێستان و لە هەوارگە و لێرەوار دا نەژیا بێ ، ڕەنگ بێ زۆرێک لە ئاماژەکان و کەرەسەکان بۆ ئەو نامۆ بن و یا پێویستی بە فەرهەنگۆکێک هەبێ، لەوە دڵنیام کە خوێنەری کورد بۆ ئەوەی زیاتر بچێتە نێو بنجوبناوانی ڕەستەیەک هەروا بە ئاسانی و بە چاوخشاندنێکی سادە بە سەر ڕەستەکان دا ناروا ، بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم کە زیاتر لە ٨٠ لە سەدی کتێبەکە هەموو خوێنەرێک لێی حاڵی دەبێ و بۆ لێ فێربوون دەبێ و ئەوەش خاڵی بە هێز و بە قوەتی ئەو نووسینە پڕ نێۆرۆکەیە.
بەشێکی دیکەی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ ژیانی کەسەکان لە تاراوگەدا و لەو پەیوەندییەدا زۆر شارەزایانە دارێژراوە و جیا لەوانە نووسەر ئاوڕی لە زۆر بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری داوەتەوە و لەوەش گرینگتر پرسی نەتەوەیی و پێشمەرگانەی گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی لە چوارچێوەی نووسینێکی خۆماڵی و نامەدا پێشکەش بە خوێنەران و دایک و نەوەکانی داهاوتووی گەلەکەمان کراوە.
هاوکات نووسەر باسی لە سادە و ساکاری ژیانی پێشمەرگایەتی و دڵفراوانی و گەورەیی بنەماڵەکان کردووە، ئەوە جیا لەوە کە ئەمەگی خۆی دەگەیێەنێ هاوکات شانازی کردنە بە ڕابردووی پڕ سەروەری پێشمەرگایەتی و لە هەمانکاتدا حەسرەت خواردنە بۆ گەڕانەوەی ئەو ڕۆژە پڕشنگدارانەی کە هەموو بنەماڵەکان لە دژوارترین ساتەکان دا بۆ ڕزگاری گەلەکەیان بەڕێیان کردووە، ئەوەی کە دەگوترێ دوای چەند دەیە ژیان لە دەرەوەش ئێستاش حەسرەتی گەڕانەوە بۆ ژیانی پێشمەرگانە و کوردستان بۆتە ئاواتی سەرەکی هەموو ئەوانەی لە غوربەت و تاراوگەدا دەژین، بەڵام گەڕانەوەیەکی سەربەرزانە و لە ئازادی کوردستان دا.
لە کۆتاییدا پڕ بە دڵ پیرۆزباییت لێدەکەم و زۆریش سوپاس بۆ بە سەرکردنەوەتان و یەک دوو وردە تێبینیم هەن کە بە تەلەفوون لە خزمەتتان دا باسی دەکەم.
پێم خۆشە ئەوەشت بۆ بنووسم کە هەڵە تایپییەکانی نێو کتێبەکەم هەموو بۆ دەست نیشان کردووی و هیوادارم کە لە تیراژەکانی داهاتوو دا هەڵە تایپییەکانیش چاک بکەی و جارێکی دیکەش چاپ و بڵاو بکرێتەوە.
دیارە لەو ماوەیەدا چەندین کتێبی دیکەشم خویندوونەوە چەند کتێبی دیکەشم نیوەچڵ بە دەستەوەن بۆ خویندنەوە، بۆ بەشێکیان تا ڕادەیەک ئەگەر نەمتوانیبێ لە لاپەرەی شەخسی خۆم دا نووسینێکیان لە سەر بنووسم، لانیکەم تێبینی و بۆچوونەکانی خۆمم بۆ نووسەرە بەرێزەکان ناردوون کە بە راستی سوپاسی زەحمەتی هەموو ئەوانە دەکەم کە منیان بە سەر کردۆتەوە و کتێبەکانیان بۆ ناردووم.
هیوادارم کە کتێب نووسین و کتێب خوێندنەوە وەک جاران و بگرە زیاتریش لە نێو کۆمەڵگا دا پەرە بستێنێ و هەر لە زیادبوون دابێ.
برات حەمەرەسووڵ کەریمی
٢٧-١٠-٢٠٢١