حەسڕەتێک و وڵامێک بەشی یەک. نووسینی: پەروانە ئەحمەدێن

ھاوڕێیەکم بۆی نووسی بووم لە ھەندەران ھەموو شت بۆ من بێگانەیە و ھەموو بیرەوەری‌یەکانی ٤٠ ساڵەی تەمەنم لە زێدەکەم بە جێ ھێشتوە و لێرە نایان دۆزمەوە دەڵێم بێمەوە بەسەریان کەمەوە.
بۆم نووسی:
ئامانە و سەد ئامان نەکەی بیکەی ! کاتێک کە هاتی‌یەوە و سابڵاغت لێ وەدیارکەوت خۆشت لێ دەبێتە بێگانەی بێگانان . پێت وانەبێ لە حاست کەڵکی بەگزادان لە داوێنی مەرقەدی سارم بەگ قیلە و قودرەت بەتەپڵ و زوڕنا بەرەوپیرت دێن .
باخی گوڵانی پڕ لە گوڵی گوڵاو و گوێزی کاغەزی خاپور بووە .
لە مەلاجامی چیدی ئیشکەڕن بە داری درێژ وەسەر تەنافی ناکەون و بەدەهۆڵ وزوڕنا ورچی وەسەما ناهێنن .
فرقە فرق و قڕنەگۆمەی کچە لاو و خاوەکان لە نێو گڕاوی لای قۆپی مەولەوی بە گوێت ناگات .
تاقەدار و کێلی سەرچاکان لە سەمەدی رووت و قووترن نە مەلێکیان لەسەردەنیشێ نە ژن وکیژێکیان لەپەنا دادەنیشێ .
سەماوەری وەستا هەنووکەی پردی سوور لە کوڵ کەوتوە و چای مێشولەداری ساردبۆتەوە وهەڵمی لێ هەڵناستێ
و تار زەنە عەجەمەکە خەونوچکە بردویەتەوە سیمی تاری لێ پساوەوژەنگی هێناوە.
لە گەڕی دیلانێ لە ڕەش بەڵەکان دەستی کچۆڵان وەک جاران بۆ ئەوینێکی بێخەوش ناکوشرێ.
داشقەی بەستەنی بەتامی ڕەحمان خاخۆی لە کۆڵانان نادیترێ .
کەرێزەکانی گەڕەکی شێروخورشیدێ ئیدی گوڵی سووری ئەوینداران بەهاشەهاش ناگەیێننە دەستی دڵدارێ .
پێت وانەبێ مەمی خان و دۆستانی کاڵە و زەنگاڵیان هەڵکێشاوە و دەڕۆن بۆ ڕاوێ .
پلیکانەکانی دارایی چی دی خاشخاشیان لێ ناڕوێ .
لە دوکانی کاک خەمانی وەکووساڵان گەزیزەی کانی شێخان موژدەی هاتنی بەهارت ناداتێ.
ئێستا چی دی مەجۆعمەی ڕازاوە لە گەڕەک هەرمەنی بۆ سەرەخۆشیان وەژورناندرێ .
دەنگی کوڕە لاوەکان بە نیوەشەو لە کۆڵانان نابیسرێ کە تێ بچڕن بۆ چاوکەژاڵێ .
سەیدە لوشە زۆرلەمێژە منداڵان ڕەپێ نانێ .
ڕۆژی جێژنان قالیچەی ڕەنگاوڕەنگ لە بازاڕ و بەردوکانان هەڵناوەسرێ .
کاکی برا بۆنی نان و کولێرە ناسکە وپەنجەکێش و هەرمێشکی تەندووری ماڵان چی دی بە مێشکتەوە نانوسێ .
دوای بارانی بەهارێ پەپولەکان لە قەراغ چۆمی ناکەن شەڕەئاوێ .
حەمەڕەسوڵی ئەیازی وەکو جاران نامە و نامیلکەت بۆ ناهێنێ .
شەوی زستان بە شەوچەرە لەبن کورسی بە حەقایەتی داپیرە خەوت لێ ناکەوێ .
ئامەخانی سەر و ڕوخۆش پەیکی شادی ئیدی دودڵان پێک ناهێنێ .
بۆ پێت وایە کەرماوە تا قوڵکەی کەران مابێ ؟
کاکی خۆم لە بازار و لە شەقامان دەنگی یا کەریمی حاجی کەریمی خۆشاوفرۆش بەگوێ ناگات .
شەوی جومعان فەقێی مزگەوتان بۆ شێوی شەوان ئاڵقەڕەزی دەرکان وەدەنگ ناهێنن .
لە حوجرەی فەقێیان حەڵۆحەڵۆی بە شەقان باوی نەماوە .
دڵنیابە چوارچرا هەر نێوی ماوە
خەجیجی حەمەدە شاخەوانە ئازاکەی شارەکەم لێمان تۆراوە .
ماجومی وەستا عەلی شیرەیی وشەکەلەمەی برایمی عابید لەبیرنەماوە . دڵنیابە نێوی گەزۆ و برێشکە بێنی کارت تەواوە .
کەسم گیان میرمیرێنی لاوان بەشەوی ڕەمەزان لە سەرداریخانان کۆتایی هێناوە .
درێژەی هەیە ….

سەرچاوە: فەیسبووکی پەروانە ئەحمەدێن