بۆ پیری نێوسەنگەر و پۆڵای نەچەماوە، خدر قەزا

لە مێژ ساڵە لەگەل گەورەیی ناوی خدر قەزا (خەلە قەزا) ئاشنام، ماوەی چەندین ساڵ لە نزیکەوە لە خزمەتی پێشمەرگەیەکی دەم بەخەندە و قسەخۆش و بە ورە دابووم، پێشمەرگەیەک کە بۆنی شۆڕشی گەرمێن و کوێستانی لێدەهات، یادگاری شەڕەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و حکوومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی بوو، لەگەڵ شۆڕشگێران و ڕێبەرانی بزووتنەی ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاوی بوو، لەو بزووتنەوەیە دا وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بە دەستەوە لە جەولەی سیاسی و نیزامی دابوو و شان بە شانی پێشمەرگەکانی قۆناخی دووهەمی خەبات لە ژێر زەبر و زەنگی حکوومەتی پەهلەوی دا سەنگەری لە ئارتەشی پۆشتە و پڕ لە چەکی پەهلەوی گرتبوو و بە بڕنۆی شانی و خەنجەری دەبانی بەر پشتێندی نەترەی سەرهەنگ و ژنراڵە دەورە دیتوەکانی حەمەڕەزاشای بردبوو، ئەو بە بێ ئەوەی لە هیچ زانکۆ و فێرگەیەکی نیزامی و دەوڵەتی دا دەرسی خوێند بێ، تەنیا بە ئیرادە و ئیمانی پێشمەرگانەوە ڕاوی ئارتەش و ژاندارمەی ئەو سەردەمی دەکرد و بێ وچان تا ڕووخانی نیزامی شایەتی هەروا لە نێوان گەرمێن و کوێستان دا پێشمەرگایەتی کرد و لەو سۆنگەیەوە ژیانی لاوەتی خۆی فیدای ویست و داخوازی‌یەکانی گەلەکەی کرد.
لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی دیسان وەک پێشمەرگەی قۆناخی سێهەمی خەبات بە بێ ئەوەی پشوو بدا جارێکی دیکە لە سەنگەری بەرگری حیزبە خۆشەویستەکەیدا لە ریزی هێزی شەهید موعینی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا درێژەی بە خەباتی پێشمەرگانەی خۆی دا و لەو کاتەوە ناوی خدر قەزا نەک بۆ پێشمەرگەکانی دێموکڕات، بەڵکوو بۆ هێزەکانی دیکە و بۆ خەڵکی کوردستان بۆتە ناوێکی ئاشنا و گەورە و هەموو لایەک بە چاوی پیری نەبەزیوی سەنگەر چاویان لە مام خدر قەزا دەکرد.
مام خدر پێشمەرگەیەکی بێ ئیدیعا، پێشمەرگەیەکی دەست و دڵ پاک، پێشمەرگەیەکی ئازای نێو سەنگەری خەباتی سەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو، لە ماوەی زیاتر لە ٥٥ ساڵ پێشمەرگایەتی دا بێ ئەوەی دڵی لە کەس بێشێ و دڵی کەسیش بڕەنجێنێ ، زۆر بوێرانە لە سەفی پێشەوەی ئەم خەباتە دا سەنگەری لە دوژمن گرتبوو و ورەی وەبەر هێزی پێشمەرگە و گەنجەکان دەدا و زۆرجار بە گێرانەوەی بە سەرهاتەکانی ساڵانی ڕابردووی و باس کردن لە ئەزموونەکانی خۆی، ئیمەی گەنجی هان دەدا کە درێژەدەری ڕێگای شەهیدانی کۆماری کوردستان و ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاوی و خەباتی نوێ گەلەکەمان بین.
مام خدر پێشمەرگەیەکی ئەمین و ئەمانەتدار بوو، زۆربەی کاتەکان لە بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەدا ئەنباری تەقەمەنی و چەک و چۆڵ و خواردەمەنی لە بەر دەست دابوو و بە ئەمانەتەوە هەموو ئەو کەل‌وپەل و شتانەی کە لە لای دادەندران دەپارست و هەموو کاتی خۆی تەرخانی پاراستنی بنکە و بارەگا و مەقەر و ئەنبار و کۆگاکان دەکرد. کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆز بوو، ماوەی چەندین ساڵ لە لک و هێزێک دا بە یەکەوە خزمەتمان کرد، ماوەیەک فەرماندەی نیزامی مام خدر بووم، هیچ کات نەمدی خۆ لە هیچ مەئموریەتێک بدزێتەوە بەڵکوو بەو تەمەنەوە بە ڕووخۆشی و بە خەندەوە کارەکانی رادەپەراندن و تا رادەیەکی زۆریش یارمەتیدەری زۆربەی پێشمەرگەکان و بنەماڵەکان بوو، لە کاری هەرەوەزی دا پێشەنگ و لە کاتی جەوڵەشدا پێشمەرگەیەکی چاوکراوە و وریا و شارەزا بە سەر کاری پارتیزانی دابوو، مام خدر بەڵەد و شارەزای هەموو ڕێگا و کوێرەڕێ و شاخ و دۆڵ و کانی و ئاو و بوارەکانی سەر چۆم بوو، خەڵکی دەناسی و خەڵکیش دەیان ناسی و ئەوەش بۆ ئێمە شانسی گەورە و باش بوو، هەر بۆیە زۆرجار بە پێکەنینەوە دەیگووت مەچنە فڵان شوێن ، بەڵکوو بەدوادام وەرن و لە شوێنێکی باش و بێ مەترسی دەتان حاوێنمەوە.
بیرەوەری زۆرمان بە یەکەوە هەن، مام خدر خزمەتێکی پاک و بێگەردی کرد و منداڵەکانی فێری وانەی نەبەردی و کوردایەتی کردن و لەگەڵ هاوسەری ژیانی بە کەمترین ئیمکانات ژیانیان بردە سەر و لە زۆر بواردا لە نەبوونی و بێ ئیمکاناتی دا دەرگای ماڵیان بۆ هەموو لایەکمان کراوە بووە و هەوڵی دا کە خەرجی منداڵەکانی لە قوتابخانەکانی شۆڕش و دواتر لە هەرێمی کوردستان دا بۆ خوێندن دابین بکات و منداڵەکانی لە خوێندن بێ‌بەش نەکا، مام خدر سەربەرزانە ژیا و سەربەرزانەش کۆچی دوایی کرد.
بەم بۆنەوە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی و منداڵەکانی و هەموو خزمەکانی لە گوندەکانی دۆڵەتوو و مێرگە پیرکێ و هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هاورێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و خۆم بە شەریکی ئەو خەمە گەورەیە دەزانم.
ڕووحی شاد و ڕیگای خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
ئەو چەند وێنەیەش وەک یادگاری بە قسەی خۆشەوە گرتوومانن و چەندین وینەی کۆن و ڕابردووشمان بە یەکەوە هەن.
سەری ڕیز بۆ گەورەییت دادەنوێنم.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٣-١٠-٢٠٢١