کۆچی‌دوایی خدر عەبدوڵاهی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەباتکاری جووڵانەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦-٤۷

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢١ی زانینی، پێشمەرگەی دڵسۆز و فیداکار هاوڕێ “خدر عەبدوڵاهی” ناسراو بە “خدر قەزا” کە ماوەیەکی زۆر بوو تووشی نەخۆشی ببوو، ماڵئاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد.
هاوڕێ خدر عەبدوڵاهی لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە گوندی دۆڵەتووی سەر بە ناوچەی گەورکایەتی ڕەبەت لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕ لە دایک ‌بووە.
تێکۆشەر و خەباتگێڕ خدر قەزا لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی پێوەندی بە تێکۆشەرانی جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ـەوە دەگرێ و بە ڕەسمی چەکی شەڕەف و مەردایەتی دەکاتە شانی و دەبێتە پێشمەرگە و لەو خەباتەدا بەشداری دەکات.
پاش پاشەکشەی جووڵانەوەی ٤٧-٤٦ ژیانی دەربەدەری هەڵدەبژێرێ و لە کوردستانی عێراق دەمێنێتەوە و کاری حیزبی دەکا، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ هاوخەباتانی دەگەڕێتەوە کوردستانی ئێران و درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدا، لە هێزی شەهید موعینی وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و خۆنەویست هەر ئەرکێکی پێ‌دەسپێردرێ بە دڵ و بە گیان بەڕێوەی دەبا، پاشان لە ناوەندی سپی سەنگ و بە دوای ئەوەدا لە هێزی زمزیران وەک پێشمەرگەیەکی بە باوەڕ و ئازا لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە گژ زوڵم و زۆری و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی‌دا دەچێتەوە، هیچ سەختی و ناخۆشییەک کاریگەری لەسەر بیروباوەڕەکانی دانانێ و بە باوەڕێکی قووڵ بە سەرکەوتن لەو مەیدانەدا تا دوا هەناسەکانی ژیانی ڕادەوەستێ و نائومێد نابێ.
هاوڕێی مام خدر قەزا کەسێکی هێمن و لەسەرەخۆ و کەسێکی بە باوەڕ و بە ئیمان بوو، هیچ کام لە قۆناغە سەختەکانی خەبات هەنگاوی پێ ‌شل نەکرد و بە ئاواتی ئازادی و ڕزگاری گەلەکەی بە دڵئاواڵەیی زیاتر لە ٥٥ ساڵ تەمەنی خۆی بەختی خەبات و خزمەت بە گەل و نەتەوەی کرد.
مام خدر قەزا لە زۆربەی شەڕ و پێکدادانەکانی ڕێژیم لە ناوچە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە حوزوری هەبووە و بەشداریی ئازایانەی کردووە و لە جووڵانەوەی ساڵانی ٤٧-٤٦ لە شەڕی قاڵۆی بە پڕیشکی نارنجۆک بریندار دەبێ.
لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی‌دا بەهۆی دڵسۆزی و خزمەتەکانی پلەی کادری پێ‌دەبەخشرێ، مام خدر قەزا پاش ئەو هەموو خزمەت و فیداکاریانە ماڵئاوایی لە کۆڕی گەرمی بنەماڵە و هاوڕێیانی کرد و ڕێگای خەباتی و ئامانجەکانی بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی سپارد.
لەلایەن کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، هاوخەمی و پەرۆشی خۆمان لەگەڵ بنەماڵە تێکۆشەرەکەی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەگی ناوچەکانی ڕەبەت و سەردەشت و بە گشتی خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین، هیوا و ئاواتمان هاتنەدی ئاوات و ئامانجەکانی هاوڕێ خدر عەبدوڵاهی ناسراو بە خدر قەزا و هەزاران شەهیدی ئەم ڕێبازە پیرۆزەیە.