ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بەیاننامەی چالاکانی مەدەنیی ژن لە شاری سنە لەهەمبەر مەحکوومکردنی کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەو شێوەیە:
فائیزە مەلەکی ۲۲ ساڵە خەڵکی ئاوایی “کۆرکۆرە” سەر بە شاری سنە بە بیانووی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێکدا، ۷ ڕۆژ پێش لەلایەن باوکییەوە ئاگر لە جەستەی بەردەدرێ و ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی ڕەزبەری ۱٤۰۰ی هەتاوی، لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەستدا.
لەو پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنیی ژن لە شاری سنە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردۆتەوە کە لە بەشێکیدا ئاماژە بەوە کراوە کە، سزای کەم لەکاتی کوشتنی ژنان بۆ ئەندامانی بنەماڵە، پاڵنەر و یارمەتیدەری هەڵکشانی کولتووری “ژن کوشتن” بووە و داوا دەکەن کە مافی وەک یەک بۆ ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا دەستەبەر بکرێ و ئەوش بە پێداگری خەڵک بەتایبەت ژنان دێتە ئاراوە و داوا لە ڕێکخراو و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەکەن کە دەنگی ئەو ژنانە بن و لە گۆڕینی یاسا دژی ژنەکان لە ئێران هاوکار بن.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە یاسای بنەڕەتی خۆیدا جێگیر کردوە و یارمەتیدەر بووە کە توندوتیژی دژ بە ژنان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە بستێنێ. کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس ساڵانێکە لە ئێران بەڕێوەدەچێ و بکەری ئەو تاوانەش بە بیانووی نامووسی سزای زۆر کەمی بۆ دەبڕێتەوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی کوشتنی ژنان بە هەر بیانوویەک و بە تایبەتی جینایەتی سووتاندنی فائیزە مەلەکی بەدەستی باوکی، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی چالاکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بتوانن دەنگی وەزاڵەهاتووی ژنان لەمەڕ زوڵم و بێدادی بن و قامک لەسەر یاسا بنەڕەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانێن کە هۆکاری سەرەکیی توندوتیژییەکانە و بەو شێوەیە بە ترس و تۆقاندن، ژنان لە کۆت‌وبەندی بیرۆکە کۆنەکانیدا دەهێڵێتەوە.
ئەرکی هەموو مڕۆڤێکی ئازدیخواز و یەکسانیخوازە کە بێدەنگ نەبن و لە بەرانبەر ئەو کوشتنانە هەڵوێستیان هەبێ.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
۱۲ی ڕەزبەری ۱٤۰۰ی هەتاوی