ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ ڕووداوەکەی ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی نەغەدە

بەداخەوە ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژ لە ئاکامی دەمەقاڵەیەک لە نێوان چەند هاووڵاتیەکی کورد و ئازەری لە شاری نەغەدە،
هاونیشتمانییەکی کورد بە ناوی فەردین ئیبراهیمی خەڵکی گوندی گردکاشانی شنۆ، کە بۆ کاسبی چووبووە نەغەدە گیانی لە دەست دا و چەند کەسیش بریندار بوون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بووە هۆی ئەوەی کە ئاڵۆزییەک لە شاری نەغەدە دروست ببێ و ئەو ئاڵۆزییە تا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو.
بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەییان لە جیاتی ئەوەی دۆخەکە هێور بکەنەوە، لە هەوڵی ئەودا بوون بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن. لە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە ئەوە ڕاست سیاسەتی دەسەڵاتدارانی تاران بە نیسبەت ئەو ناوچەیە و ڕووداوەکانی ئەو ناوچەیە بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاووڵاتیانی کورد و ئازەری تا کاتی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەیان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری یەکتر بوونە. جیاواز لە ڕێکەوتننامەی مێژوویی نێوان کۆماری کوردستان و فیرقەی ئازەربایجان، تەنانەت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ ئەو دوو نەتەوەیە پێکەوە بە هەماهەنگی و هاوکاریی یەکتر خۆپیشاندانەکانی خۆیان بە دژی ڕژیمی پێشوو بەڕێوە دەبرد و تێدا سەرکەوتووش بوون. بەڵام لە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتدارانی تاران هەوڵیان دا ئەو پێکەوە ژیانەی کورد و ئازەری تێک بدەن و بۆ قازانج وبەرژەوەندیی خۆیان کەڵکی لێوەربگرن. لە گەڵ ئەوەشدا بەداخەوە هەندێ لایەن و میدیای غەیرە کوردیش لە جیاتی هەوڵدان بۆ هێور کردنەوەی ئەم ڕووداوە، بە هاندانی خەڵکی ئازەری خەریکی ئاڵۆزی و بشێوی زیاترن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی کورد و ئازەری لەو ناوچەیە دەکا کە، نەکەونە داوێکەوە کە نەیارانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئەم دوو نەتەوەیە لەوەها بارودۆخێکدا دایدەنێن و دەیانهەوێ کورد و ئازەری بکەنە دوژمن و تووشی شەڕێکی کارەساتبار و ماڵوێرانکەریان بکەن. لە هەمان کاتدا داوامان لە کۆمەڵگای مەدەنی بە کورد و ئازەرییەوە ئەوەیە کە، لە گەڵ هەوڵیان بۆ هێورکردنەوەی ئەم ڕووداوە، ڕێگا نەدەن فەرهەنگی توندوتیژی بە سەرعەقڵانیەتدا لەم ناوچەیە زاڵ ببێ و پێکەوەژیانی ئاسایی و ئاشتیخوازانە لە خەڵکی ناوچەکە تێک بدا.
لە کۆتاییدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری فەردین ئیبراهیمی، ئاواتی هەرچی زووترچاک بوونەوە بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دەخوازین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠