پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بەبۆنەی سەرکەوتنی خوێندکارانی کورد لە کۆنکوری سەرانسەری لە ئێران

لە کۆتایی ئەنجامەکانی کۆنکوری ئەمساڵ کە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕاگەیەندرا. بەخۆشیەوە قوتابیان لە پارێزگاکانی کوردستان بەرزترین پلەکانیان وەدەست هێناوە و لە ڕیزبەندی یەکەمەکاندا ناویان تۆمار کراوە. سەرەڕای ئەو دۆخەی کە لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پەتای کرۆناوە باڵی بەسەر تەواوی جیهاندا کێشاوە و نیشتمانەکەمان کوردستانیشی گرتۆتەوە، قوتابیان ناچار بوون لە ماڵەوە و بە شێوەی ئۆنلاین درێژە بە خوێندن بدەن و سەرەڕای دۆخی خراپی ئینتێرنێت لە ئێراندا و هەروەها بارودۆخی ئابووری و زۆر کێشەی دی کە بەرۆکی وڵاتەکەمانی گرتووە و هەموومان ڕۆژانە لە ئێراندا دەیانبینین، بەڵام کچان و کوڕانی وشیاری نیشتمانمان توانیان بە سەر ئەو بەربەستانەدا زاڵ بن و بە سەرکەوتوویی یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی خوێندن ببڕن و پێ بنێنە نێو قۆناغێکی‌ دی لە پرۆسەی خوێندن کە ئەویش چوونە زانکۆیە.
بەخۆشیەوە ڕێژەی مامناوەندی قوتابیانی سەرکەوتووی کورد لە پارێزگاکانی کوردستان لەچاو پارێزگاکانی تری ئێران باشترین نمرەکانیان بەدەست هێناوە و خۆیان بۆ چوونە زانکۆ ئامادە کردووە.
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە پێویستی دەزانێ بەبۆنەی سەرکەوتنی قوتابیانی سەرکەوتووی کورد لە تاقیکاریی کۆنکور لە ئاست و پلەی باڵادا سەرکەوتنیان بەرز بنرخێنێ و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی قوتابیانی سەرکەوتوو و بنەماڵەکەیان و سەرجەم کۆمەڵی کوردەواری بکا و هیوای سەرفەرازیی پتریان بۆ بەئاوات بخوازێ.
بێگومان کچان و کوڕانی خوێندکار باش دەزانن کە زانکۆ بۆ لاوانی کورد تەنیا شوێنی خوێندن نییه، بەڵکوو گۆڕەپانێکه بۆ دەنگ‌هەڵبڕین و ناساندنی چاند، کولتوور، وێژە و ئەدەبیات و شوناسی نەتەوەکەمان. بۆیە هەر تاکێک لە ئێوە خوێندکاران پێویسته و دەتوانن ببنە نوێنەری میللەتەکەتان و بە هزر و ئەندێشەی “سمایل شەریفزادە ” زانکۆ بکەنە مەکۆی ئازادیخوازی.
لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە سەرجەم کوڕان و کچانی تازە خوێندکاری نیشتمانەکەمان دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی