ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لیستی یونسکۆدا تۆمار کرا
سەرەتا جوانترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی هەورامان بە تایبەتی دەکەم و هیوادارم کە کوردستان هەردەم بەرەو ئاوەدانی زیاتر بچێ.
ئەم بۆنەیە دەکەمە دەرفەت بۆ ئەوەی بڵێم کە مێژووی هەورامان رەسەنایەتی کوردبوونی هەیە و ئەم دەڤەرە لە هەموو بارێکەوە، لە بواری سرووشتی و کولتوری و نەتەوەیی و زاراوەوە حیسابی تایبەت بە خۆی بۆ کراوە و بە تایبەت لە بواری مێعماری و بیناسازییەوە لە کوردستاندا تاقانەیە و هەڵسوکەوتی بێ وێنەی خەڵکی ئەم دەڤەرە لە هەموو بوارێکدا وەک ڕەچەشکێنی دەکرێ سەیری بکەین.
خوبژیوی و بێنیازی خەڵک لە هەموو جۆرە کەرەستەکانی کشت و کاڵی ، باخداری و رەزەوانی، درووستکردنی جلوبەرگ ، پێلاو و کەڵاش و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات ، باڵەندە و پەلەوەر و زۆر شتیتری وەک درووستکردنی پرد ، مزگەوت ، بینای جۆراوجۆر و تاشینی شاخ و بەردی ناوچەکە و جوانکاری دا پێشەنگی خەڵک بوون و مانەوە لە سرووشتی ناوچەکەدا و پاراستنی داب و نەریت و کولتور لە کارە سەرەکییەکانی خەڵکی بە ئەمەگ و ماندوویینەناسی هەورامانە.
لە بواری خوێندن و خۆ پێگەیاندنیش دا بە دەیان و سەدان مرۆڤی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە و بە هەزاران کەسایەتی لەو ناوچەیە دا لە هەموو بوارەکانی مێژوویی ، زانستی ، کولتوری و فەرهەنگی دا کار دەکەن و لە بواری کوردایەتی و نیشتمانپەروەریش دا بە سەدان و بگرە بە هەزاران شۆڕشگێری گەورەی تێدا هەڵکەوتووە و پێشەنگ و پێشرەوی خەباتی ڕزگاریخوازنەی گەلەکەشمان بوون و هەن.
ئەم کورتە نووسینە تەنیا لە پەراوێزی چوونە نێو لیستی یونیسکۆ نووسراوە و ئەگینا هەورامان بەم چەند دێرە شەرح ناکرێ و پێویستە لەمرۆ بەدواوە دانیشتووانی ئەم دەڤەرە ڕەنگین و کوردپەروەرە زیاتر لە جاران لە پاراستنی سرووشت و ژینگە و بینا و خانووە جوان و خۆراگرەکانی کۆنی هەورامان و داب و نەریت و کولتور هەوڵ بدەن.
لەمرۆ بە دواوە ئەم دەڤەرە وەک زۆربەی ئەو شوێنانەی کە کەوتوونە نێو لیستی یونیسکۆوە گەشتیار و خەڵکی بێگانە رووی تێدەکەن و ئەوەش زیاتر لە جاران ئەم ناوچەیە ئاوەدان و پڕ حەشیمەتتر دەکا، هەموومان بۆ پاراستنی گەورەیی و ڕەسەنایەتی هەورامان و ئەو ناوچەیە دەبێ هەوڵی خۆمان بدەین و پشتیوان و پشتگیری خەڵکی زەحمەتکێش و کوردپەروەری هەورامان بین.
ئەرکە لە سەر شانی گشت لایەک و بە تایبەت، کەسایەتییەکان و دەرەوەستانی وەک، مێژوونووسان، وێنەگران، هونەرمەندان، شێوەکار و دەنگخۆشەکانی کوردستان بە گشتی و خەڵکی هەورامان بە تایبەت، زیاتر لە جاران کارەکانیان بە دێکۆمێنت و بە ئارشیو بکەن و لە بڵاو کردنەوەیان دا ڕەچاوی ستانداردبوونی کارەکانیان بکەن.
بە هیوای ئەوە کە هەموومان بۆ ناساندنی زیاتر و پاراستنی کوردستان و هەورامان هەوڵ بدەین.
حەمەڕەسووڵ کەریمی