ڕاگەیەندراوی “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لەهەمبەر ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی ئەهواز

نەتەوە جۆربەجۆرەکانی ئێران!

خەڵکی هێژا و زامداری ئەهواز!

ناڕەزایەتییە بەرحەقەکانی ئەم دواییانەی نەتەوەی عەرەب لەهەمبەر کێشەی بێ ئاوی و سەرکوتی پڕ لە توندووتیژی هێزە ئەمنیەتییەکان هەموو ویژدانێکی وشیاری خەمبار کردووە. خەڵکانێک کە لەم سەدەیەی دوایی بەپاساوی جۆراوجۆر تووشی کێشە و هەڵاواردن بوونە، جوگرافیایەک کە سەرچاوەی سووتەمنی فوسیلی و ئاوگەلی شیرنە بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەری لێوەشاوە و هەڵاواردنی سیستەماتیک تاڵان و وێران دەکرێ و کۆچی لاوان و چینی هەڵکەوتەی، هەروەها پەرەسەندنی چەندقاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان، جێگای نیگەرانییە.

سەرچاوەکانی ئاوی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی کەترەخەمی و نەزانیی حکومەتەوە خەساری بینیوە. کەڵک وەرگرتنی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی بۆ پڕۆژە زەبەلاحەکان، ڕەوشی ئاوی ئەو وڵاتەی قەیراناوی کردووە، لە نیشانەکانی ئەم دۆخە، ویشک بوونی دەریاچەکان، ڕووبار و تاڵاوەکان، داتەپینی زەوی، لافاوەکانی زیخ و تۆز، داڕزانی گڵ و زیادبوونی چۆلگەیە.

لەم چەند ساڵەی دوایی بە وەڕێخستنی پڕۆژەگەلی وێرانکەر و بێ توێژینەوەی وەک ئەهواز، ڕەوتی گواستنەوەی ئاوەکانیی کوردستان بۆ دەرەوەی ئەم جوگرافیایە، لە داهاتوویەکی نزیک دا مەترسی ویشک بوونی کانیاوەکان، داتەپینی زەوی و ویشک بوونی سەرچاوە ئاوە ژێرزەوینییەکانی هەیە. کە ئەمە هەر ئێستا لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان بە کوێربوونەوەی کانی و چاڵاوەکان کەبۆ کەڵک وەرگرتنی وەرزێران لێدرابوو دەبینین. ئەمە جۆرێک “ژینۆساید”ـی ژینگەییە. هیچ بەڵگەیەکی زانستی بۆ گواستنەوەی ئاوەکان، نەمانی ئاواییەکان و کۆچی زۆرەملێی خەڵک، وێران کردنی دارستانەکان و ژێرئاو کەوتنی زەوی و زارێکی زۆری جوتیاران، گۆڕینی ڕەوتی رووبارەکان و دەیان کێشە و گرفتی دیکە لە کوردستان بوونی نییە.

“ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” وێڕای هاودەردی دەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان خۆی بەهاوخەمیان دەزانێ و داواکارە هەرچی زووتر ئەو ڕەشبگیرییە کۆتایی پێ بێ و گیراوانیش بێ هیچ شەرتومەرجێک ئازاد بکرێن. هەروەها سەرکوتی پڕلە توندوتیژی ناڕەزایەتیی ئاشتی خوازانەی خەڵکی عەرەب و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران کە هاوپێوەندی خۆیان دەگەڵ ئەهواز دەربڕیبوو، بەتوندی مەحکووم دەکەین و داوا لە دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان و وڵاتانی دەروەستی دێموکراتیک دەکەین لە بەرامبەر توندووتیژی و پیشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە سەرکوت کەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەموو توانا و دەرفەتێک کەڵک وەربگرن.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ بەرامبەر دەگەڵ ٢٦ی ژوئیەی ٢٠٢١