ئێمه و تاجی ژێرده‌سته‌یی، سەعی سەقزی
ئێمه و تاجی ژێرده‌سته‌یی، سەعی سەقزی
به‌شی یه‌که‌م:
رۆژی (26/6/2021) چه‌ن دێڕێکم له‌جیاتی پێشه‌کی بۆ بابه‌تێ به‌ناوی: (ئێمه و تاجی ژێرده‌سته‌یی) که له سێ به‌شدا ئاماده کراوه، خسته به‌ر ده‌ستان.
ئه‌م به‌شه واته {وتووێژی رادیۆ ئاوێنه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (شێرکۆ بێکه‌س) به‌ڕێز (ناسر حیسامی) وتووێژه‌که‌ی ئه‌نجامداوه} مینش نووسیومه‌ته‌وه، هیوادارم له نووسینه‌وه‌که‌دا هه‌ڵه‌م نه‌کردبێ. به‌ڵام بابه‌تێ له‌و وتووێژه‌دا پیاده نه‌کراوه ئه‌وه‌یش (پارچه هۆنراوهێکه به ده‌نگی شێرکۆ بێکه‌س) و پێوه‌ندی به وتووێژه‌که‌وه نییه.
تێبینی: به‌داخه‌وه کاتی وتووێژه‌که واته (رۆژ و مانگ و ساڵه‌که‌یم) له یاد نییه، هیوادارم چاوپۆشی له‌و که‌مکارییه بکه‌ن.
به‌سپاسه‌وه سه‌عی.
وتووێژی رادیۆ ئاوێنه له‌گه‌ڵ شێرکۆ بێکه‌س سه‌باره‌ت به وتووێژێکی سه‌ی عه‌لی ساڵحی ده‌رباره‌ی زمانی کوردی
ناسر حیسامی وێژه‌ری رادیو ئاوێنه: گوێگره خۆشه‌ویسته‌کان هه‌فته‌ی رابردوو باسی ئه‌وه‌مان کرد که سه‌ی عه‌لی صالحی یه‌کێ له شاعیرانی ناسراوی ئێران له یه‌کێ له چاوپێکه‌وتنه‌کانی خۆیدا باسی کاک شێرکۆ بێکه‌سی کرده، ویستمان له‌م بابه‌ته‌وه وتووێژێ له‌گه‌ڵ کاک شێرکۆ بێکه‌س بکه‌ین. وابزانم ئێستا له‌سه‌رخه‌تن. کاک شێرکۆ ده‌نگم ئه‌بیستی،
شێرکۆ بێکه‌س: به‌ڵێ گیانه فه‌رموو.
ناسر حیسامی: کاک شێرکۆ نازانم تۆ ئه‌و وتووێژه له‌گه‌ڵ سه‌ی عه‌لی ساڵحی کراوه سه‌باره‌ت به شه‌عر و ئه‌ده‌بی کوردی پرسیاری لێکراوه، بیستووته یا خوێندووته‌وه یا نا؟
شێرکۆ بێکه‌س: نه‌خیر نه‌مدیوه و نه‌یشم بیستوه. به‌ڵی فه‌رموو.
ناسر حیسامی: کاک شێرکۆ، به داخه‌وه ده‌نگه‌که باش ناێت.
شێرکۆ بێکه‌س: به‌ڵێ فه‌رموو، نه‌خیر نهمخوێندهتۆ.
ناسر حیسامی: سه‌ی عه‌لی ساڵحی پرسیاری لێکراوه تا چ راده‌ێک له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی کوردی ئاشنایت هه‌یه و له چ ئاستێک‌دا ده‌یبینی، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌عری ئه‌مڕۆی ئێران و جهان؟ سه‌ی عه‌لی ساڵحی له وه‌ڵامدا ئه‌ڵێ، له‌گه‌ڵ شێعر و خه‌ڵکی کوردستان ئاشنایه‌کی زۆرم هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌عری کوردی به‌جیا له شه‌عری ئێران نازانم هه‌ر له‌م بابه‌ته‌وه ناتوانم به‌راوردی بکه‌م له‌گه‌ڵ شه‌عری ئێران. چونکه پێموایه شه‌عر له کوردستانی ئێراق و له جنوبی رۆژهه‌ڵاتی تورکییهیش هه‌ر به‌شێکه له مێژووی ئه‌ده‌بی ئێرانی گه‌وره، هه‌ر وه‌کو شه‌عری باقی قه‌ومه‌کانی دیکه‌یش که له ئێران ده‌ژین، وه‌ک سه‌ی عه‌لی ساڵحی باسی کرده ئازه‌ری، گیله‌کی، به‌ختیاری و لور و ئه‌وانه. به‌ڵام ده‌ڵێ له‌چاو ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین شه‌عری کوردی هاوشانه له‌گه‌ڵ شه‌عری ئوروپا و ئاسیا و ئه‌مریکای لاتین و بۆ نموونه شێرکۆ بێکه‌س هاوقهد و قامه‌تی و هاوباڵای …. نازم حکمه‌ت، مه‌حمود ده‌روێش، ئهدنۆس و ته‌نانه‌ت نیرۆدا و ئه‌حمه‌دی شاملووه. منیش پێم باش بوو سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ت لێپرسم که تۆ ئه‌وه چۆن به‌راورد ده‌که‌ی؟ پێتوایه ئایا هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی سه‌ی عه‌لی ساڵحی ده‌یڵێ ده‌توانین بڵێین شه‌عری کوردی به‌شێکه له شه‌عری ئێران؟ ئایا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و دووانه پێشینه‌یه‌کی هاوبه‌شیان هه‌یه و رهکیان له زمانێکی هاوبه‌شدایه؟ تۆ چۆنی چاو لێده‌که‌ی؟
شێرکۆ بێکه‌س: ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم به‌ن ئه‌مه‌وی بڵێم دیاره ئه‌مه یه‌که‌م جار نییه شاعیر و رووناکبیری ناسراوی ئێران سه‌ی عه‌لی ساڵحی ئاماژه به شێعره‌کانم بکات. به‌و جۆره هه‌ڵیان بسه‌نگێنێ و به‌و شێوه باوشی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ئه‌وان بگرێته‌وه، ئاشنایه‌تی سه‌ی عه‌لی ساڵحی و شێعری من یه‌که‌مجار له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانه‌وه ده‌ست پێئه‌کات، وه‌ختێ چه‌ن شاعیر و نووسه‌ری کوردی باشوری وڵات بڕێ له هه‌ڵبژارده‌ی شهعرهکانی منیان ته‌رجومه کردبوو بۆ زمانی فارسی و دواتر گهیاندبوونیانه ده‌ست شاعیری گه‌وره‌ی هاوچه‌رخی ئێران ئه‌حمه‌دی شاملو، هه‌روه‌ها سه‌ی عه‌لی ساڵحی.
له هاوینی 1996 بۆ یه‌که‌مجار له تاران چاومان به‌یه‌ک که‌وت به ئاماده بوونی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی کورد و ئێران دوکتۆر قودبه‌دینی سادقی و شاعیری جوانه‌مه‌رگی کورد مارفئاغایی له ماڵی موسیقاژه‌ن، موسیقاری ناسراوی کورد حسین زمانی. هه‌ر له‌وێ سه‌ی عه‌لی ساڵحی خۆی دیدارێکی دوورودرێژی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵدا کردم و دواتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌یه‌کی نوێ له شێعره‌کانم که خوالێخۆشبوو مارفئاغایی ته‌رجوومه‌ی کردبوون له گۆڤاری دنیای سوخهندا بڵا کرانه‌وه.
له پێشه‌کی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا من لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه سه‌ی عه‌لی ساڵحی له (کورد خۆی به په‌رۆشتر و به سۆزتر و دڵسۆزانه‌تر ده‌رباره‌ی کێشه‌ی ره‌وای کورد قسه ئه‌کات و له ئێمه زیاتر بۆ مێژووی پر له تراژیدای گه‌له‌که‌مان هاوخه‌م و هاوڕی و هاوپهیاممان بووه). ئه‌و پیاوه به منای وشه مرۆڤدۆسته و دڵی ئه‌و ئه‌توانم بڵێم جێگه‌ی هه‌موو به‌شخوراوانی دنیای تێدا بوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه به پله‌ی یه‌که‌م بێ (هاوبیری و هاوسۆزی ئه‌و بووه بۆ گه‌لی کورد و هونه‌ری کوردی)، جا ئیتر نموونه‌ی ئه‌و ده‌قه شهعرییانهی ئه‌و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌کا هی من بێ یان هی شاعیرێکی دیکه ئه‌وه‌یان شتێکیتره.
سه‌ی عه‌لی ساڵحی جوانی شه‌عر و جوانی هه‌ڵوێستی ئینسانییانه‌یه به‌لای منه‌وه بێئه‌وه‌ی خۆی به تخوبێکه یان به سنوورێکه‌وه به‌ستبێته‌وه، بێئه‌وه‌ی هه‌رگیز به چاوی له‌خۆبایی بوونه‌وه بڕوانێته هونه‌ر و شه‌عری نه‌ته‌وه‌ێکی وه‌کو کورد که هێشتا بێ قه‌واره و بێ کییانه. من وای بۆ ئه‌چم، ئه‌و قسه‌ی شاعیر و مرۆڤ و رووناک‌بیر سه‌ی عه‌لی ساڵحی ره‌نگه له بنه‌ره‌تدا ره‌نگه مه‌به‌ستی زمانه‌کانی بانی ئێران بێ، واته له گروپی زمانه هێندوئوروپییهکان که فارس و کورد و بلوچ و ئه‌فغانیش ئه‌گرێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرولێکدانه‌وه سه‌ی عه‌لی ساڵحی بۆ ئێمه وه‌ک رووناکبیرێکی ئینسانی ناسراوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و قسه له ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی یا قسه‌ی شاعیرێکی به‌رته‌سکه‌وه دووره، به مانایه‌کیتر ئه‌و نایه‌وێت بهراوهردهکه و له‌و دوغزهدا بهێڵێته‌وه، به‌ڵکو فه‌زایه‌کی فراوانتری بۆ ده‌سنیشان ئه‌کات که فه‌زای هه‌موو جهان بگرێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌که‌ی مه‌به‌ست ببواێ ئه‌وسا رووبه‌ری ئه‌و بهراوهردهییهی به‌رته‌نگتر ئه‌کرد به‌و جۆره بایه‌خی گه‌وره‌ی پێنه‌ئه‌دا، ئه‌و باس له شهعرێ ئه‌کات که دیاره به زمانێکی جیاواز له زمانی فارسی نووسراوه.
جگه له‌وه‌یش له رووی وه‌رگێڕانه‌وه ئه‌و دیویه‌تی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌وه‌تا ئه‌و (کورد وه‌ک گه‌لێکی سه‌ربه‌خۆ) باس ئه‌کات، ته‌نانه‌ت له پله‌کانی خۆشه‌ویستیدا به‌ر له ناوی میلله‌ته‌که‌ی خۆی ناوی ئێمه ئه‌کات به سه‌رله‌وحه‌ی خۆشه‌ویستی خۆی، که دیاره ئه‌م روانییه هه‌ر ته‌واو له خۆپه‌ره‌ستی لوتبه‌رزی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه دووره. له چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی 1996ی دنیای سوخهندا به‌م جۆره ئه‌ڵێ: (به‌لای منه‌وه (فڵان) سه‌فیری ئه‌ستێره شه‌هیده‌کانه و هاواری سه‌ری ئازار چهشتووهکانی کوردستانه).
لێره‌یشدا ئاماژه کردن به (کوردستان وه‌ک خاکی سه‌ربه‌خۆی گه‌لی کورد) خۆی دهلێلێکیتری ئه‌و راوبۆچوونهیه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا له‌بری ئه‌وه ئه‌یوت ئێران یان بانی ئێران و ناوی کوردستانی نه‌ئه‌هێنا، جگه له‌وه‌یش له هه‌مان پێشه‌کی با بڵێین ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا هه‌ر ته‌واو ئه‌و (سۆز و خۆشه‌ویستی و پشتگیری خۆی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌رئه‌بڕێ به ئاشکرا و چه‌ن جارێ ناوی کوردستان) دووباره ئه‌کاته‌وه، من وا له مئسهلهکه ئه‌گه‌م- فه‌رموو.
ناسر حیسامی: کاک شێرکۆ من پرسیارێکی دیکه‌م هه‌یه.
شێرکۆ بێکه‌س: به‌ڵێ فه‌رموون.
ناسر حیسامی: ده‌زانن که له مێژ نییه له کوردستانی ئێران ده‌رفه‌تی ئه‌وه هه‌یه خه‌ڵک به کوردی بنووسن و بخویننه‌وه و له مێژ نییه ده‌رفه‌تی ئه‌وه هاتوه‌ته ده‌ست که به‌رهه‌می شاعیران و نووسه‌رانێ که له کوردستانن به زمانی کوردی بنووسرێت و بڵا بکرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له‌و ده‌رفه‌ته که‌مه‌دا ئه‌ونده‌ی تۆ له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ شاعیران و نووسه‌رانی کوردستانی ئێران هاتبێته پێشه‌وه و بۆت ده‌رکه‌وتبێت چ ئه‌ونده‌ی له رووی خوێندنه‌وه‌وه ئاشنا بووبی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می شاعیران و نووسه‌ران له کوردستانی ئێران، بێتوایه له چ ئاستێک‌دا توانیویه‌تی گه‌شه بکات و ئایا ئه‌توانین ئۆمێدوار بین به‌وه که هه‌ندێک بڵێن هه‌ندێک سیمای به‌رچاو له نێویاندا ههڵگهوتووه یا له داهاتوویه‌کی نزیکدا ده‌توانێ هه‌ڵکه‌وێ؟
شێرکۆ بێکه‌س: دیاره جارێ خۆیشتان ئه‌زانن مسه‌له‌ی گه‌شه‌کردن و نه‌شونمای به‌هره‌ی شه‌عری له گه‌شه‌کردن و نه‌شونمای زمان خۆیه‌وه دێت، یه‌عنی له ئازادی زمان خۆیه‌وه دێت، گومانی تێدا نییه ئه‌و چه‌ن ساڵه‌ی دوایی له رووی چه‌ن په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و په‌نجه‌رانه که‌میش بن یا روانینی جیاوازمان هه‌بێ بۆیان، کارێکی ئیجیابی کردوه‌ته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بووژانه‌وه‌ی زمانی کوردی له‌وێ به شێوه‌ێک له شێوه‌کان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه که ئێستا شه‌پۆلێکی گه‌وره‌ی به کوردی نووسین و کوردی خوێندنه‌وه دروست بووه به‌تایبه‌تی له‌ناو نه‌وه‌ی تازه‌دا، جگه له‌وه به ئاشکرا یانی ئه‌و چاپه‌مه‌نی و کتێبانه و بڵاوکراوانه‌ی که ده‌رئه‌چن له کوردستان ئێراق با بڵێین زۆر به خێرایی ئه‌گه‌نه هه‌موو شاره‌کانی کوردستانی له وێ. جگه له‌وه‌یش پێوه‌ندییه‌کی گه‌وره هه‌یه له رێگه‌ی نووسین و …. ئێستا به‌شێکی زۆر له گۆڤاره‌کانی کوردستانی ئه‌و دیو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و نووسراوی ئه‌وان چیروک، شه‌عر و چ هه‌ر شتێکی‌تر له‌وێ بڵاو ئه‌کرێته‌وه و بڵاو ئه‌بێته‌وه.
دیاره بۆ خۆی ئه‌مجۆره با بڵێین جۆرێک له نیسبی وه‌ک شتێکی مه‌سه‌له‌ی ژیانه‌وه زمان به‌و جۆره له وێ کاری کردوه‌ته سه‌ر ئه‌وه که مه‌سه‌له‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیش بخاته ئاستێکیتری به‌رزتره‌وه، چ له رێگای هه‌ندێک له‌و گۆڤارانه‌ی له‌وێ ده‌رئه‌چێ، چ له رێگای بڵاکردنه‌وه بهرههمهکانیتروه بێت له کوردستانی ئه‌مدیو له سلێمانی، هه‌ولێر و شوێنه‌کانیتر که به‌رده‌وام یانی نازانم ئێوه چه‌ن ئاگادارن له‌و باره‌یه‌وه که به‌رده‌وام بڵاو ئه‌بنه‌وه، چ وه‌ک وه‌رگێڕان یا کاری ئیبداعی خۆی یه‌عنی چ نووسینی شه‌عر بێ، چیرۆک بێ، حه‌تا ته‌نانه …. من هه‌ست ئه‌که‌م که جۆرێک له به‌هره‌ی گه‌وره له دایکبوون و له پێگه‌یشتنه له‌و دیو یه‌عنی، به‌تایبه‌تی له نه‌وه‌ی تازه‌یاندا یه‌عنی ئه‌گه‌ر ئێوه سه‌رنجی ئه‌و بهرههمهنهتان دابێت ئهیخویننهوه، بڵاو ئه‌بنه‌وه من هه‌ست ئه‌که‌م که جیا له‌و مه‌دره‌سه‌یه‌ی، جیا له‌و قوتبخانهیهی تا ماوه‌یه‌کی زۆر باڵی کێشابوو به‌سه‌ر شه‌عری و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا وه‌ک قوتابخانه هه‌ژار، هێمن و حه‌تا دوای ئه‌وه‌ی سواره‌ی ئیلخانیزاده، له شه‌عرا ئێستا من هه‌ست ئه‌که‌م جۆرێک له گهشانهوهیتر، جۆرێک له بههرهیتر به‌ڕێوه‌یه و له گه‌شه‌کردن دایه.
دیاره من ئێستا ره‌نگه ئه‌و ناوانه، ناوم لێپرسی ئه‌و ناوانه‌م له یاد نه‌بێ، به‌ڵام که‌م تا زۆر یه‌عنی من چاوم به‌و جۆره به‌رهه‌مانه که‌وتووه، دیاره ئه‌مه به‌و شێوه‌یه نییه که تمووحی ئێمه بێ به‌و شیوه‌یه که هه‌ستی که‌ین له‌وێ ئازادییه‌کی وا هه‌یه خه‌ڵک ئه‌نووسێ و به ئاره‌زووی خۆی،نا – من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که هه‌ر رێگه‌دان خۆی ئه‌گه‌ر که‌میش بێت به زمانی کوردی په‌نجه‌ره کردنه‌وه بێت له سه‌ر زمانی کوردی، ئه‌ده‌بی کوردی، که‌له‌پوری کوردی خۆی ئه‌مجۆره …. دروست ئه‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی به‌هره‌ی تازه بێنێته پێشهوانێ و تێبگه‌ن و به‌رهه‌می خۆیان بڵاو که‌نه‌وه، ئێستا ئه‌مه به بڕوای من له گوڕ و تینێکی زۆر زۆر چاک دایه!
نه‌ک ته‌نها ئه‌وانه‌ی له‌وێ بڵاو ئه‌بنه‌وه به‌ڵکو ئه‌و بهرههمانیش که به زۆریش بڵێین که له گۆڤاره‌کانی چ ئه‌وانه‌ی سلێمانی ده‌ر ئه‌چن و چ ئه‌وانه ئه‌وانه‌یش هه‌ولێر بڵاو ئه‌بنه‌وه و ئه‌مه زیاتر من له شه‌عرا و هه‌روه‌ها له کورته چیرۆکدا و حه‌تا له (رۆمان)دا مه‌سه‌له‌ن یه‌عنی مه‌سه‌له‌ن یه‌کێ له‌و رۆمانه جوانانه‌ی که له‌م دواییه‌دا من خوێندومه‌ته‌وه رۆمانه‌که‌ی عه‌تا نهاییه به‌ناوی (گوڵی شۆڕان)، یه‌عنی که خۆی دیاره وه‌کو ئه‌زانم خه‌ڵکی بانه‌یه و یه‌کێکه له به بڕوای من له چیروکه هه‌ره جوانه‌کان، نه‌ک ته‌نها جوانه‌کان به‌ڵکو یه‌کێکه له رۆمانه هه‌ره باشه‌کان، ئه‌توانی حه‌سابی بکه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌ن رۆمانه باشانه‌ی که هه‌مانه.
من نازانم ئێوه بینیوتانه یا نا، گوڵی شۆڕان هینه جوانه‌کانه، مه‌سه‌له‌ن با بڵێن به‌شێک له شهعرهکانی جه‌لالی مه‌لکشا من خوێندمهتۆ و هه‌روه‌ها به‌عزێک له شهعرهکانی کامبیزی که‌ریم مه‌سه‌له‌ن بۆ نموونه، ئه‌مانه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ن که ئینسان ناتوانێ باسیان نه‌کات و حه‌تا کاری گه‌وره‌ی هونه‌ری یعنی وه‌کو ئه‌و کاره گه‌وره هونه‌ریانه که قوبهدینی سادقی ئه‌یکات. ته‌بعه‌ن خۆشبه‌ختانه ئێمه‌یش ئه‌وان به‌شیک له‌و نووسه‌رانه له سه‌ردانێکدا هاتن بۆ سلێمانی و چاومان به یه‌ک که‌وت و به دوورودرێژی دانیشتین قسه‌مان کرد و هه‌ر له‌وێش به‌شێکی ئه‌و کتێبانه‌مان وه‌رگرت و خوێندمانه‌وه. به‌ڵێ یه‌عنی له ئێستادا ئه‌توانین بڵێین که جۆرێک له گوڕ و تینی ژیانه‌وه له ئه‌ده‌بی کوردی له ئیبداعی کوردی له شه‌عری کوردی له چیرۆکی کوردی له‌و دیو به به‌رچاو ئه‌که‌وێت. یه‌عنی وه‌ک بڵێی له باڵاکردنیکی وه‌ها دایه که له‌وه به‌ر به‌خۆیه‌وه نه‌دیبێت یان له ده‌ورێکی تازه‌دا بێت. من وای بۆ ئه‌چم.
ناسر حیسامی: ئه‌وه‌ندی پهێوهندیت هه‌یه له‌گه‌ڵ شه‌عری فارسی، تۆ پێتوایه شه‌عری فارسی ئیستا له چ قۆناغێک دایه؟ ئایا بۆ نموونه ئه‌و سیما ناسراوانه‌ی که زۆریان باسیان ده‌کرێت ئه‌حمه‌دی شاملو، فروغی فه‌روخزاد، سوهرابی سپێهری تا چه‌نده له روانگه‌ی وه‌کو شاعیرێک ده‌توانین له دونیای ئه‌مڕۆی شهعردا به جیاواز له سنووره‌کان له ئاستی جهاندا وه‌کو جه‌وهه‌ری شه‌عر باس بکرێن.
شێرکۆ بێکه‌س: به نه‌زه‌ری من له شه‌عری هاوچه‌رخی نووسراو به زمانی فارسی له دوای (نیما یوشیج)ه‌وه که گه‌وره‌ترین سهرهپردی نوێکردنه‌وه‌ی شه‌عری به‌ستووه، ئه‌حمه‌دی شاملو که سه‌ری ئه‌و سه‌ری پردیه ته‌واو ئه‌کات، یه‌عنی نیوسه‌ده زیاتره به بڕوای من ئه‌حمه‌دی شاملو به‌ره‌وژوور له هه‌ڵچووندایه، ئێستا ئه‌و یه‌کێکه له گه‌وره شاعیرانی ئه‌مڕۆ، چاوی شه‌عری ئه‌و به بڕوای من له چاوی هه‌ڵۆ تیژتره، ده‌نگیشی ده‌نگی ئازادی و ئازاره‌کانی مرۆڤ بووه – خۆشه‌ویستی ژیان و راستیش هه‌میشه ئه‌و باڵانه بوون که ئه‌و پێی فریون، یه‌عنی هه‌ڵقوڵینی وێنه‌ی زمان و شه‌عر به‌تایبه‌تی که لای شاملو ئه‌ونده به‌هێز و ره‌وان سه‌رسامکه‌ره که ئینسان نه‌توانێ له به‌رده‌میا نهنووشتێتهوه، به درێژایی داهێنانی ئه‌ویش ئه‌و هاوڕێ ئازاره‌کان بووه که به‌لای منه‌وه ئه‌مه زۆر گرنگه، یه‌عنی شاملو هه‌رگیز قوربانییه‌کانی له یاد نه‌کرده، خوێنی ئه‌وان تێکه‌ڵ به ده‌ماره‌کان شه‌عری ئه‌و بوون، یه‌عنی جوانی و حه‌قیقه‌ت له شه‌عری ئه‌و دا ئاوێته بوون، یه‌کێک له خاسییه‌ته هه‌ره به‌رچاوه‌کانی شه‌عری شاملو پاراو بوونیه‌تی به که‌له‌پوری شه‌عری مه‌زنی ئێران خۆی یه‌عنی واته به روونی رۆحی مه‌سه‌له‌ن حافز و سه‌عدی و که‌ڵه شاعیره‌کانی له‌م ئاوێنه تازه‌دا ئهبیبنیهوه، من بۆیه زیاتر باسی شاملو ئه‌که‌م چونکه خۆم زیاتر حه‌ز به شهعرهکانی ئه‌و ئه‌که‌م، ته‌بعه‌ن ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که فه‌روخی فه‌روخزاد و سس… ئه‌مانه دیاره له خانهیترا و شاعیرانی دیکه تماشا ئه‌که‌ین، وه‌ک شاعیری به‌رهه‌می تماشا ئه‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌حمه‌دی شاملو له یه‌ک کاتدا درێژه‌دانی داهێنانێکه له‌و کهلهپورهدا، له هه‌مان کاتیش‌دا باڵی روانینێکی تێپهڕکهره به‌وره‌و دواڕۆژ که ئه‌مانه که‌متر له شاعیرانی دیکه‌دا من ده‌یبینم.
جگه له‌وه‌یش شاملو هه‌ر به‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌ی شه‌عر نییه، یه‌عنی به‌ڵکو خۆی بۆ خۆی ئه‌زموونێکی رووناکبیریشه له فه‌رهه‌نگ و قاموسا، له په‌ی بردنا به نهێنییه‌کانی وشه، به جوانی زمان، یه‌عنی مه‌سه‌له بۆ نموونه کاره‌کانی ئه‌و له بواری به‌ر فراوانی زمانی فارسی خویا، ئه‌توانین بڵێین ته‌قریبه‌ن بێسابیقهیه، مرۆڤی ساده و مناڵ و خۆشه‌ویستی ژن، ژن یه‌عنی ته‌وه‌ره گرنگه‌کانی شه‌عر و نووسینه‌کانی ئه‌وه. شاملو و من دیاره له نزیکه‌وه دوو جار چاوم پێی که‌وتووه، جارێکیان لێره له ستۆکهوڵم له ساڵی 1988- 89 و دواجار دیسان له ساڵی 96 له ماڵه‌که‌ی خۆیدا له که‌ره‌ج، یه‌عنی به ئاماده بوونی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره دوکتۆر قوتبه‌دینی سادقی.
باسکردن له شه‌عری هه‌موو شه‌عری هاوچه‌رخی ئێرانی دیاره له چاوپێکه‌وتنێکی وه‌ها کورتا سته‌مه، یه‌عنی زۆر گرانه بتوانم ئه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنم، به‌ڵام خۆشه‌ویستی شه‌عری شاملو بۆ من یه‌کێکه له‌و شتانه‌ی که هه‌میشه وام لێئه‌کات که به‌رده‌وام لێی ورد ببمه‌وه و به‌رده‌وام له تێڕاماندا بم به‌رانبه‌ری. یه‌عنی له مقابلدا شه‌عری شاملو له مێژووی ته‌نانه‌ت په‌نجا ساڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و دیموکراتی ئێران‌دا جێی نابێته‌وه، شاملو گه‌وره‌یه به هونه‌ر، گه‌وره‌یشه به هه‌ڵوێست یه‌عنی، به ئاکاری رووناکبیرانه‌ی نه‌ترس. له ساڵی 1988- 89 ئه‌گه‌ر بێته‌وه بیرتان دوای کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه شاملو بۆ پشتگیری کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد له هه‌رێمی سانفرانسیسکۆ له ئه‌مریکا له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دا بۆ ئه‌و پشگیری کردنه سێ نموونه شه‌عری کوردی ته‌رجومه کراوی به زمانی فارسی خوی خوێندیه‌وه، دوو پارچه‌یان هی شاعیران له‌تیف ههلهمهت و رفێق سابیر و پارچه‌یه‌کیش له شهعرهکانی من.
ناسر حیسامی: کاک شیرکۆ زۆر سپاست ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که به‌شداریت کرد له‌م گفتوگۆیه‌دا، به‌ڵام وه‌ختێک که له جێیه‌ک قسه‌بکه‌ی یا گفتوگۆیه‌ک بکه‌ی ره‌نگ زۆر که‌س وه‌کو من چاوه‌ڕی ئه‌وه بن که شهعرێکیان بۆ بخوێنیته‌وه، ئه‌توانین له ده‌رفه‌ته‌دا داوا بکه‌ین شهعرێکمان بۆ بخوێنیته‌وه ئه‌گه‌ر بکرێ له شهعرهکانی خۆتان؟
شێرکۆ بێکه‌س: به‌ڵی باشه، من یه‌کێ له شه‌عره تازه‌کانم ئه‌خوێنمه‌وه، ره‌نگه بڵێم دوا شه‌عرم بێت یه‌عنی به‌ناوی: (له‌و قژه‌دا مانگه شه‌وێ برینداره ………)
کۆتای وتووێژه‌که‌ی رادیۆ ئاوێنه.
**
له‌و وتووێژه‌دا ئه‌و شه‌ش خاڵه‌ی خوار جێگه‌ی سه‌رنجن، هیوادارم له به‌شی سێیه‌م واته کۆتایی به‌پێی توانا باسیان بکه‌م.
1 – وێژه‌ری رادیؤ ئاوێنه ئاماژه‌ی به ناوی {ئه‌و (که‌سه) یا ئه‌و (لایه‌نه) که وتووێژی له‌گه‌ڵ (سه‌ی عه‌لی ساڵحی) ئه‌نجامداوه} نه‌کرده تا بیسه‌رانی رادیۆ ئاگاداری باسه‌که بن.
2 – به‌ڕێز شێرکۆ بێکه‌س که سه‌باره‌ت به وتووێژه‌که‌ی سه‌ی عه‌لی ساڵحی دیدوبۆچوونی خۆی باس کرده، نه سه‌رچاوه‌ی وتووێژه‌که‌ی (سه‌ی عه‌لی ساڵحی) زانیوه و نه خودی وتووێژهکهیشی بینیوه!
3 – سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕانی باسێ له زمانی یه‌که‌مه‌وه بۆ زمانی دووهه‌م.
4 – سه‌ی عه‌لی ساڵحی له (کورد خۆی به په‌رۆشتر و به سۆزتر و دڵسۆزانه‌تر ده‌رباره‌ی کێشه‌ی ره‌وای کورد قسه ئه‌کات) و (کورد وه‌ک گه‌لێکی سه‌ربه‌خۆ ئه‌ناسێ) و (کوردستانیش وه‌ک خاکی سه‌ربه‌خۆی گه‌لی کورد) ناو ئه‌بات.
5 – شاملو هه‌رگیز قوربانییه‌کانی له یاد نه‌کرده، خوێنی ئه‌وان تێکه‌ڵ به ده‌ماره‌کان شه‌عری ئه‌و بوون،
6 – باسی چاپی به‌رهه‌می نووسه‌ران و شاعیرانی کوردستانی ئێران له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه.
4/7/2021
سه‌عی سه‌قزی
sai.saqzi@gmail.com