بژی شۆڕش. وەرگێرانی:کەماڵ حەسەن‌پوور

لاپەڕەکانی ١٥٢-١٤٦ لە کتێبی مرۆڤی خودایی (Homo Deus) لە نووسینی یوڤال نوح هەراری
مێژوو پڕە لە بەڵگە لەبارەی گرینگیی یەکلاکەرەوەی هاوکاریی بەرفراوان. سەرکەوتن تەقریبەن هەمیشە هی ئەو کەسانە بووە کە باشتر هاوکارییان کردووە، نە تەنیا لە بەربەرەکانی لە نێوان مرۆڤی ژیر (Homo sapien) و ئاژەڵی دیکەدا، بەڵکو لە کاتی ناکۆکی لە نێوان تاقمە جیاوازەکانی مرۆڤیشدا. کەوابوو ڕۆم لەبەر ئەوە بەسەر یوناندا سەرنەکەوت چونکە ڕۆمییەکان مێشکی مەزنتریان هەبوو یان تەکنیکی باشتری دروستکردنی کەرەسەیان هەبوو، بەڵکو چونکە ئەوان دەیانتوانی بە شێوەیەکی کاریگەرتر هاوکاری یەکتر بکەن. لە سەرانسەری مێژوودا، سوپای خاوەن دیسیپلین ئاسانتر کۆمەڵی رێکنەخراویان وەپێش خۆ داون، و ئێلیتی یەکگرتوو بەسەر جەماوەری ناڕێکۆپێکدا فەرمانڕەواییان کرددوە. بۆ وێنە لە ١٩١٤، سێ میلیۆن بەگزادە، کاربەدەست و خەڵکی بازرگانی ڕوسی ئاغایەتییان بەسەر ١٨٠ میلیۆن جوتیار و کریکاری ئاساییدا دەکرد. چینی دەسەڵاتداری ڕوسی دەیزانی چۆن بۆ بەرگریی لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆییان هاوکاریی یەکتر بکەن، لە کاتێکدا کە ١٨٠ میلیۆن شارۆمەندی ئاسایی توانایی خرۆشانێکی کاریگەرییان نەبوو. بە ڕاستی بەشی هەرە زۆری هەوڵی تاقمی دەسەڵاتدار ئەوە بوو کە دڵنیا بن ١٨٠ میلیۆن کەسی ژێر دەسەڵاتیان هەرگیز فێری هاریکاریکردن نەبن.
بۆ وەڕێخستنی شۆڕشێک، ڕێژەی بەشداران هەرگیز بەس نیە. شوڕشەکان زۆر جار لە لایەن ڕایەڵەیەی بچووکی ورووژێنەرانەوە جێبەجێ دەکرێن نەوەک جەماوەر. ئەگەر دەتهەوێ شۆڕشێک وەرێخەی، لە خۆت مەپرسە، ‘چەند کەس پشتگیریی بیرۆکەکانم دەکەن؟’ لەجیاتان، لە خۆت بپرسە، ‘چەند کەس لە پشتیوانەکانم توانایی هاوکاریی کاریگەریان هەیە؟’ لە کۆتاییدا شۆڕشی ڕوسیە کاتێک سەری هەڵنەدا کە ١٨٠ میلیۆن جوتیار دژی تزار ڕابوون، بەڵکو کاتێک کە ژمارەیەک کۆمۆنیست لەکاتی دروست، لەشوێنی دروست بوون. لە ١٩١٧، کاتێک کە چینی سەروو و مامناوەندی ڕوسیە ژمارەیان دەگەیشتە ٣ میلیۆن کەس، حیزبی کۆمۆنیست تەنیا ٢٣٠٠٠ ئەندامی هەبوو. دەگەڵ ئەوەشدا کۆمۆنیستەکان لەبەر ئەوە کە خۆیان بە باشی ڕێکخستبوو، دەسەڵاتی ئیمپڕاتوریی بەرینی ڕوسیەیان بەدەستەوە گرت. کاتێک دەسەڵاتی ڕوسیە لە دەستە لاوازەکانی تزار و بە هەمان شێوە دەستە لەرزۆکەکانی دەوڵەتی کاتیی کەرەنسکی دەرچوو، کۆمۆنیستەکان بە شەوقەوە ڕفاندیان، و دەسەڵاتیان وەک چۆن سەگی بوڵداگ ئێسقانێک بە ددانەکانی دەگرێ، گرتە دەست.
کۆمۆنیستەکان تا کۆتاییەکانی هەشتاکانی زایینی دەستیان لە دەسەڵات بەرنەدا. ڕێکخراوی کاریگەر ئەوانی بۆ ماوەی هەشت دەیە لە دەسەڵاتدا هێشتەوە، و لە کۆتاییدا بە هۆی ڕێکخستنی خەوشدار هەرەسیان هێنا. لە ٢١ی دێسامبری ١٩٨٩، نیکۆلا چاوشێسکو، دیکتاتۆڕی کۆمۆنیستی ڕۆمانیا، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بۆ پشتیوانی لەخۆی لە ناوەندی بوخارست ڕێکخست. لە ماوەی مانگەکانی پێشووتر یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی بە پشتیوانی لە ڕێژیمەکانی کۆمۆنیستی ئەورووپای خۆرهەڵات هینابوو، دیواری بەرلین تێکڕمابوو و لە لەهیستان، ئاڵمانی خۆرهەڵات، هانگاریا، بولگاریا و چێکۆسلۆڤاکیا شۆڕش کرابوو. چاوشێسکو، کە لە ١٩٦٥ بەولاوە دەسەڵاتی ڕۆمانیای بەدەستەوە گرتبوو، پێی وابوو خۆی لە بەرانبەر سونامی شۆڕش ڕادەگرێ، ئەگەرچی لە ١٧ی دێسامبر دژی ئەو لە شاری تیمیشوارا سەرهەڵدان کرابوو. وەک دژکردەوەیەک، چاوشێسکو خۆپیشاندانێکی جەماوەریی لە بوخارست ڕێکخستبوو تا بە ڕۆمانییەکان و باقی دنیا بسەلمێنێ کە هێشتا زۆرینەی خەڵک ئەویان خۆش دەوێ، یان لانیکەم لێی دەترسن. دامودەزگا حیزبییە لەرزۆکەکەی ٨٠ هەزار کەسیان لە مەیدانی ناوەندیی شار کۆ کردبۆوە و لە سەرانسەری وڵات بە هاووڵاتیانیان گوتبوو چالاکییەکانیان بوەستێنن و گوێ لە ڕادیۆ بگرن و چاو لە تەلەفزیۆن بکەن.
دەگەڵ هەرا و هوریای بەشداران کە وێدەچوو بە شەوقوزەوق بن، چاوشێسکو، هەر وەک گەلێک جار لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، لە باڵکۆنێک کە بەسەر مەیدانەکەدا دەیڕوانی حازر بوو. لە کاتێکدا کە هاوسەرەکەی ئێلێنا، کاربەدەستە پلەبەرزەکانی حیزب و ژمارەیەکی زۆر پاسەوان لە لای چەپ و ڕاستی ڕاوەستابوون، چاوشێسکو دەستی بە یەکێک لە وتارە بەناوبانگە ناخۆشەکانی کرد. بۆ ماوەی هەشت خولەک ئەو بە شانوباڵی شانازییەکانی سوسیالیزمی ڕومانی هەڵدا و لە کاتێکدا کە خەڵک بە شێوەیەکی میکانیکی چەپڵەیان لێدەدا، ئەو گەلێک لە خۆی ڕازی بوو. پاشان شتێک قەوما. تۆ دەتوانی بۆخۆت لە یوتیوب چاوی لێبکەی. تەنیا بە دوای ‘دوایین وتاری چاوشێسکو’دا بگەڕێ و بڕوانە مێژوو لە کاتی قەوماندا. (https://www.youtube.com/watch?v=TcRWiz1PhKU)
هەموو ئەوە لە تەلەفزیۆن بە شیوەی زیندوو بڵاو دەبۆوە، لە کاتێکدا کە سێ لە سەر چواری دانیشتووان چاویان لە جامی تەلەفزیۆنەکانەوە بڕیبوو، دڵیان سەرشێتانە لێی دەدا. پۆلیسە بەدناوەکەی ئاسایش، سێکوریتاتێ، دەسبەجێ بڕیاری دا بڵاو کردنەوەی بەرنامەکە بوەستێ، بەڵام کارمەندانی تەلەفزیۆن ملکەچ نەبوون. کەسی پشت کامێراکە ڕووی کامێراکەی لە ئاسمان کرد تا تەماشاوانان نەتوانن پەشۆکانی ڕێبەرانی حیزب لە سەر باڵکۆنەکە ببینن، بەڵام دەنگهەڵگر درێژەی بە تۆمار کردنی دەنگ دا و تەکنیک کارەکان درێژەیان بە ىڵاو کردنەوەی بەرنامەکەدا. هەموو خەڵکی ڕۆمانیا گوێیان لێبوو کە بەشداران لەهەڵڵایان دا، لە کاتێکدا کە چاوشێسکو دەینەڕاند، ‘هەلۆ! هەلۆ! هەلۆ!’ وەک ئەوە کە میکرۆفۆنەکەی گیروگرفتێکی هەبێ. هاوسەرەکەی ئێلێنا دەستی بە لۆمەی خەڵکی بەشدار کرد، ‘بێدەنگ بن! بێدەنگ بن!’ تا چاوشێسکو وەرسووڕا، هێشتا لە بەرنامەی زیندووی تەلەفزیۆندا، بەسەری دا قیژاندی ‘تۆ بێدەنگ بە!’ ئەوسا چاوشێسکو داوای لە بەشدارانی ورووژاو لە مەیدانەکە کرد، لێیان پاڕایەوە، ‘هەڤاڵان! هەڤاڵان! بێدەنگ بن، هەڤاڵان!’
بەڵام هەڤاڵان نەیاندەویست بێدەنگ بن. ڕۆمانیای کۆمۆنیست کاتێک تێکڕما کە ٨٠٠٠٠ کەس لە مەیدانی ناوەندیی بوخارست تێگەیشتن ئەوان لە پیاوە پیرە کڵاو خورییەکەی باڵکۆنێ بەهێزترن. ئەوەی کە بە ڕاستی سەرسوڕهێنەرە ئەو ساتەوەختە نییە کە سیستەمەکە هەرسی هێنا، بەڵکو ئەو ڕاستییە کە [ئەو سیستەمە] توانی دەیان ساڵ خۆ ڕاگرێ. بۆچی شۆڕش هێندە دەگمەنن؟ بۆچی جەماوەر هێندێک جار سەدان ساڵ چەپڵە لێدەدەن و هوتاف دەکێشن، هەموو شتێک دەکەن کە پیاوی سەر باڵکۆن داوایان لێدەکا، لەکاتێکدا کە لە تیۆریدا ئەوان دەتوانن هەرکات بیانهەوێ هێرش بکەن و لەتوپەتی بکەن؟
چاوشێسکو و هەڤاڵەکانی بۆ ماوەی چل ساڵ فەرمانڕەوییان بەسەر ٢٠ میلیۆن ڕۆمانیاییەوە کرد، چونکە ئەوان خۆیان لە سێ مەرج دڵنیا کردبوو. یەکەم، ئەوان دەسەڵاتی ڕایەڵەی هاوکاریی، وەک سوپا، سەندیکا پیشەییەکان و تەنانەت ڕێکخراوە وەرزشییەکانیان دابوو دەست ئەندامانی وەفاداری حیزبی کۆمۆنیست. دووهەم، ئەوان پێشیان بە دروست بوونی ڕێکخراوی بەرهەڵستکار، کە ڕەنگبێ بتوانن ببنە بنکەیەک بۆ هاوکاریی دژە کۆمۆنیستی، جا سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی بێ، گرتبوو. سێهەم، ئەوان پشتیان بە پشتیوانی حیزبە کۆمۆنیستە دەستەخوشکەکانیان لە یەکێتیی سۆڤیەت و خۆرهەڵاتی ئەورووپا بەستبوو. سەرەڕای گرژیی جاروبار لە نێویاندا، ئەو حیزبانە لە کاتی پێویستدا یارمەتی یەکتریان دەکرد، یان لانیکەم پێشیان بە خۆ تێهەڵقوتاندنی دەرەکیی لە بەهەشتی سۆسیالیستیدا دەگرت. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، سەرەڕای دژواریی و ئازاری سەپێنراو لە لایەن چینی دەسەڵاتدار، ٢٠ میلیۆن ڕۆمانیایی نەیاندەتوانی هێچ ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر ڕێکبخەن.
چاوشێسکو تەنیا کاتێک لە دەسەڵات کەوت کە ئەو سێ مەرجە لە ئارادا نەمان. لە کۆتاییەکانی ‌هەشتاکانی زایینیدا، یەکێتیی سۆڤیەت کۆتایی بە پشتگیریی خۆی هێنا و ڕێژیمە کۆمۆنیستەکان یەک لە دوای یەک لە دەسەڵات کەوتن. لە دێسامبری ١٩٨٩، چاوشێسکو نەیدەتوانی چاوەڕوانی یارمەتی دەرەکیی بێ. بە پێچەوانە، شۆڕش لە وڵاتانی دراوسێ ورەی دا بە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ. حیزبی کۆمۆنیست بۆخۆی بەسەر لایەنی بەهەڵستکاری یەکتر دابەش بوو. میانڕەوەکان هیوایان دەخواست چاوشێسکو لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە و پێش ئەوەی درەنگ بێ دەست بکەن بە چاکسازیی. بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی بوخارست و بڵاو کردنەوەی لەسەر تەلەفزیۆن بە شێوەی زیندوو، چاوشێسکو بۆخۆی هەلێکی زێڕینی بۆ شؤڕشگێران خولقاند تا بە هێزی خۆیان بزانن و دژی ناوبراو سەرهەڵدان بکەن. چ ڕێگایەک لەوە خێراتر کە تەشەنە کردنی شۆڕشێک لە تەلەفزیۆنەوە بڵاو بکەیەوە؟
لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک دەسەڵات لە دەستانی ڕێکخەرە حۆلەکانی سەر باڵکۆنەکە خزی، نەگەیشتە دەست ئاپۆڕای حازر لە مەیدانەکە. ئەگەرچی ژمارەیان زۆر و خاوەن زەوقوشەوق بوون، جەماوەرەکە نەیاندەزانی چۆن خۆیان ڕێکخەن. لەبەر ئەو هۆیە وەک ڕوسیەی ١٩١٧، دەسەڵات کەوتە دەست تاقمێکی بچووک لە چالاکی سیاسیی کە تەنیا سامانیان ڕێکخستنی باش بوو. شۆڕشی ڕۆمانیا لە لایەن بەرەی بەناو ڕزگاریی نەتەوەییەوە بە بارمتە گیرا، کە لە ڕاستیدا ڕووکەشێک بوو بۆ باڵی میانڕەوی حیزبی کۆمۆنیست. بەرەکە هیچ پێوەندییەکی بە ئاپۆڕای خۆپیشاندەرانەوە نەبوو. ئەندامەکانی لە کاربەدەستە پلە مامناوەندییەکانی حیزب پێکهاتبوو و یان ئیلیەسکوو، ئەندامێکی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیست کە سەردەمێک بەرپرسی وەزارەتی پرۆپاگاندا بوو، سەرۆکیان بوو. ئیلیەسکوو و هەڤاڵانی لە بەرەی ڕزگاریی نەتەوەییدا خۆیان وەک سیاسەتوانی دیموکڕاتیک دەنواند و لە پشت هەموو میکرۆفۆنێکەوە دەیانگوت کە ئەوان ڕێبەری شۆڕشن و پاشان کەڵکیان لە ئەزموونی لەمێژینەی خۆیان و ڕایەڵەی هەڤاڵانیان بۆ بەدەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی وڵات و بەتاڵانبردنی سامانەکانی وەرگرت.
لە ڕۆمانیای کۆمۆنیستدا نزیکەی هەموو شتێک هی دەوڵەت بوو. ڕۆمانیای دێموکڕاتیک خێرا سامانەکانی خستنە بەر دەستی کەرتی تایبەت و بە نرخی زۆر کەم بە کۆمۆنیستەکانی پێشوو، کە تەنیا ئەوان لە ئەوەی دەقەوما تێگەیشتن فرۆشت و بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن هاوکاریی یەکتریان دەکرد. کۆمپانیاکانی دەوڵەتی کە کۆنتڕۆڵی ژێرخانی نەتەوەیی و سامانە سروشتیەکانیان بەدەستەوە بوو، بە نرخی گەلێک هەرزان بە کاربەدەستە کۆمۆنیستەکانی پێشوو فرۆشرانەوە، لە کاتێکدا کە ئەندامانی پلە نزمی حیزب خانوو و ئاپارتمانیان بە وردە پارە کڕی.
یان ئیلیەسکوو وەک سەرکۆماری ڕۆمانیا هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا کە هاوکارەکانی بوونە وەزیر، ئەندامانی پارلمان، سەرۆک بانک و میلیاردەر. چینی دەسەڵاتداری ڕۆمانیای نوێ کە کۆنتڕۆڵی وڵاتی گرتە دەست تا ئەمڕۆش زۆربەیان لە کۆمنیستەکانی پێشوو و بنەماڵەکانیان پێکهاتوون. ئەو جەماوەرە کە لە تیمیشوارا و بوخارست ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، بەرماوەکەیان بەرکەوت، چونکە ئەوان نەیاندەزانی چۆن هاوکاریی بکەن و چۆن رێکخراوی کاریگەر دروست بکەن تا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێ.
چارەنووسێکی هاوشێوە لە شۆڕشی ٢٠١١ی میسریش ڕوویدا. ئەوەی تەلەفزیۆن لە ١٩٨٩ لە ڕۆمانیا کردی، فەیسبوک و تویتەر لە ٢٠١١ کردیان. مێدیای نوێ یارمەتی جەماوەری کرد تا چالاکییەکانیان هاوئاهەنگ بکەن، بەو شێوەیە هەزاران کەس لە کاتی گونجاودا سەرەڕێژەیان کردە سەر شەقامەکان و مەیدانەکان و ڕێژیمی موبارەکیان ڕووخاند. بەڵام، کۆ کردنەوەی سەت هەزار کەس لە مەیدانی تەحریر شتێکە و بەدەستە گرتنی دامودەزگای سیاسی، تۆقە دەگەڵ دەستی گونجاو لە ژوورە نهێنییەکاندا و بەڕێوە بردنی وڵات بە شێوەی کاریگەر، شتێکی بە تەواوی جیاواز. لە ئاکامدا، کاتێک موبارەک وازی هێنا، خۆپیشاندەران نەیانتوانی بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. میسر تەنیا دوو دامەزراوەی خاوەن ڕێکخراوی پێویستیان بۆ ئیدارەی وڵات هەبوو: سوپا و ئیخوان ئەلموسلمین. لە بەر ئەو هۆیە شۆڕش پێشدا لە لایەن ئیخوان بە بارمتە گیرا و لە کۆتاییدا لە لایەن سوپاوە.
کۆمۆنیستە کۆنەکانی ڕۆمانیا و ژەنڕاڵەکانی میسر لە دیکتاتۆرەکانی پێشوو و خۆپیشاندەرانی بوخارست و قاهیرە ژیرتر یان تەڕدەستتر نەبوون. لایەنی باشی ئەوان هاوکاریکردنی خۆگونجێن بوو. ئەوان لە ئاپۆڕای جەماوە باشتر هاوکاریی یەکتریان دەکرد و ئامادە بوون زۆر لە چاوشێسکو و موبارەکی کاڵفام زیاتر خۆیان بگونجێنن.