سەرۆک کۆمارە کارتۆنی‌یەکەش کار و دەسەڵاتی تەواو بوو

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران تەنیا شانۆسازی‌یە و هیچی‌تر، هەموو شارەزایانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوە دەزانن کە لە ماوەی ١٢ جار هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا هیچ کام لە سەرۆک کۆمارەکان نەیانتوانیوە ویست و داخوازی‌یەکانی خەڵک وەدی بێنن و تەنانەت سادەترین و بچووکترین داواکاریش کە دۆزینەوەی کار و دابین کردنی بژیوی ژیانە، نەهاتۆتە دی و بە دڵنیایەوە لە ١٣یەمین هەڵبژاردنیش دا وەک هەموو جارێک تەنیا تەمەنی کۆماری ئیسلامی پێ درێژ دەکرێتەوە و هیچی‌تر.
وەک هەموو لایەک ئاگادارن لە هاتنە سەرکار و خۆداسەپاندنی ئاخووندەکان دا حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێستای رژێمی پەت و سێدارەی ئێران لە پۆستی جۆراوجۆری حکوومەتی و ئیداری دا کاری دەکرد.
لە کاتی هەڵبژاردنەکانی دوای سەرۆک کۆماری قاتڵ و بکوژ ئەحمەدی نژاد، بە درووشمی چاکسازی و بە بانگەشەی باشترکردنی ژیانی خەڵک و ئابووری وڵات و کۆمەلێک درووشمی بریقەدار دەیهەویست سرنجی بەشێک لە کۆمەڵگای ئێران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و دواتر دیتمان کە لە هەڵبژاردنە پڕ لە فێڵ و تەڵەکەکانی حکوومەتی ئاخووندی دا سەری لە سندووقەکانی دەنگدان دەرهێنا و بوو بە سەرۆک کۆمار.
ئێستا ڕووحانی لە کاتێک دا دەفتەری سەرۆک کۆماری بەجێ دێڵێ کە درووشمە بریقەدار و ڕەنگاوڕەنگەکانی وەک بڵقی سەر ئاویان لێهاتووە و لە هەمانکاتدا پرسی ئابووری ئێرانی، نەک بۆ چارەسەر نەکراوە بەڵکوو لە ماوەی هەشت ساڵی دەسەڵاتیدا، کۆمەڵێک کێشەی ئابووریشی بۆ ئێران و بە تایبەت بۆ خەڵک بەجێهێشتووە. ئەگەر هەشت ساڵ لەوە پێش سفرەو خوانی خەڵک تا رادەیەک درێژ و پان و پڕ بوو، ئەوە ئەمڕۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بە دەستی سفرەی بەتاڵەوە دەناڵێنن و تەنانەت سفرەکان بە ڕادەیەک بچووک بوونەوە کە بەشی زۆرینەی خەڵک تووشی نەخۆشی و تەنانەت دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بوون و رۆژانە لەبەر بێکاری و نەبوونی کار و دراو لە ژیان بێزار بوون ، هەر بۆیەش بەشی زۆرینەی کۆمەڵگا هیچ بە هەڵبژاردنەکانی ئەم دەورەیە و بە پروپاگەندەی بەربژێرەکان دڵخۆش نین و بە دوای دەرفەت و هەلی کار دادەگەرێن و بە گشتی ڕەنج بەخەسار و نائومێد بوون.
خەڵکی کورد پێویستە یەکگرتووانە بە دەنگ ناوەندی هێزە سیاسی‌یەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسایەتی و چاوەدێرانی سیاسیەوە بچن و “نا”یەکی گەورە بە کۆماری جەهل و نەزانی ئیسلامی ئێران بڵێن و چیدی بە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان شەرعییەت بەم رژێمە و بەم شێوە هەڵبژاردنە کارتۆنیانە نەدەن.

دەنگدان بە سەرۆک کۆماری ، دەنگدان و شەرعیەت دانە بە کوشت و بڕ و زیندان و پەت و سێدارە.

دەنگدانە بە کوشتنی خەڵکی هەژار و کۆڵبەر و توێژەکانی کۆمەڵگا.

وەرن هەموو لایەک بە بایکۆت کردن و نا گووتن بە کۆماری ئیسلامی هیوا بە ژیانی داهاتووی گەل ببەخشینەوە.

حەمەڕەسووڵ کەریمی