دوو تێرۆریستی نێردراوی کۆماری ئیسلامی لە سۆئێد دەسبەسەر کران

دوو تیرۆریست کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەرگی پەنابەر بۆ وڵاتی سوئێد نێردرابوون ، لە لایەن پۆلیسی سوئێدەوە ناویان ئاشکرا کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی مێدیاکانی سۆئێد ئەو دوو تیرۆریستە پێش ئەوەی بکەونە دەستی پۆلیس، هەوڵیان دابوو دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە تیرۆر بکەن، یان شوێنی کۆبوونەوەی دژبەران بکەنە ئامانجی کردەوەی تێرۆریستی.
ئەو دوو تیرۆریستە کە وەک ژن و مێرد لە لایەن کۆماری ئیسلامی و بە مەبەستی زەربەلێدان لە ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم نیشتەجێ لە سۆئێد و کاری تیرۆریستی بۆ ئەم وڵاتە نێردراون، پێش ئەوەی ئامانجە تیرۆریستییەکانی خۆیان بپێکن لە لایەن پۆلیسی سوئێدەوە گیراون.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “ئێکسپرێسن” سۆئێد دراوسێیەکانی ئەو ژن و مێردە تیرۆریستە لە هەڵسوکەوتی تیرۆریستەکان بەگومان دەبن و لە ئاکامی بەدواداچوونی پۆلیس‌دا شوناسی ڕاستەقینە و نیاز و مەبەستی سەرەکییان ئاشکرا بووە.
بەشی ئەمنییەتیی وڵاتی سوئێد ڕایگەیاندووە کە ئەو ژن و مێردە لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی‌دا پیلانیان بۆ هێرشێک بۆ سەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی داڕشتووە کە سەرکەوتوو نەبووە.
ڕۆژنامەی “بۆڵتن”ی سۆئێدیش لە ڕاپۆرتی حەوتووی ڕابردووی خۆیدا دەڵێ پۆلیسی ئەمنییەتیی سوئێد لە مانگی ئاپریل‌دا توانیویەتی دوو کەسی بە ناوەکانی “سەلما. ک” و “فوئاد. م” کە بە نیاز بوون کاری تیرۆریستی لە وڵاتی سۆئێددا بکەن، دەستبەسەر بکەن. لە کاتی گیرانی ئەو دوو تیرۆریستەدا پۆلیس ڕایگەیاند کە ئەوان هاووڵاتی ئەفغانین، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەوان ئێرانین و بە ناوی خوازیار نێردراونەتە وڵاتی سۆئێد.
ئەو ڕۆژنامەیە لە زمان کارناسانی کاری تیرۆریستی لە سۆئێد نووسیویەتی کە ئەرکی ئەو دوو کەسە دروست‌کردنی کەرەستەی تەقینەوە و بۆمب بۆ کردەوەی تێرۆریستی بووە.