مرۆڤێکی دڵپاک، ڕووخۆش بوو ئازاد بانەیی

پاش زیاتر لە مانگێک بەربەرەکانێی سەخت لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستمان کاک مستەفا حەکیمزادە ماڵ ئاوایی یەکجاری لێ کردین. کاک مستەفا یەکێک لەو تێکۆشەرە دڵسۆز و پێشمەرگە ئازایانە کوردستان و حیزبی دیموکرات بوو کە بە درێژایی زیاتر لە ٤ دەیە خەباتی گەلی کورد دژ بە دیکتاتۆری ئیسلامی، ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی کردە قوربانی بۆ گەیاندنی گەلەکەمان بە ژیانێکی ئاسوودە و شیاو.
دەگمەنن ئەو کەس و بنەماڵانەی کە ئاوا بە سەخاوەتەوە هەرچی هەست و نستی خۆیانە بخەنە پێناو ئامانج و بیروباوەڕەکەیان. بنەماڵەی سەربەرزی حەکیمزادە و حەسەنپوور لەو بنەماڵە شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە بە دەیان ژن و پیاو و کچ و کوڕی زانا و ئازا و تێکۆشەریان بەوپەڕی لەخۆبووردووییەوە هاتنە ڕیزی خەبات و ڕیبازی پێشەوا و حیزبی دیموکرات. چەندین شەهیدی سەربەرزیان پێشکەشی بارەگای ئازادی کرد.
کاک مستەفا حەکیمزادە بە درێژایی دەیان ساڵ پارێزەری ڕێبەرانی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی و یار و یاوەری ڕێبەری خۆشەویست مامۆستا عەبدووڵا حەسەنزادە بوو. کاک مستەفا برا و پشتیوانی هەموو تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات بوو. مرۆڤێکی دڵپاک، ڕووخۆش و هەموو کات لێو بە بزە و پێکەنین بوو. قەت خۆی لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی جیا نەدەکردەوە. ئاواتی گەورەی کاک مستەفا سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی گەل و وڵات بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئەو ئاواتەی بێتە دیی.
لە لایەن خۆم و هەموو بنەماڵەکەمانەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خوشکی بەڕێزم دادە عیسمەت، شەوبۆ، سکاڵا، شنە، سۆما و ساڕێژ دەکەم. هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆمان پێشکەش بە کاک محەممەد، کاک غەفور، کاک ڕەحیم و کاک کەریم حەکیمزادە و بنەماڵەی سەربەرزی حەسەنپوور و حەداد و عەلیدووست ئەکەم و خۆمان لەو خەمە گەورەیە دا بە شەریک ئەزانین. سەرساخی و سەلامەتییان بە ئاوات ئەخوازین.