لە بێدەسەڵاتیم. عەبدوڵڵا حەسەن زادە

لەم رێگەیەوە لەدەستدانی هاواڵی خۆشەویستی منداڵیم، هاوڕێی لەمێژینەی حیزبیم و هاوسەنگەری ئەمین و فیداکاری دەورانی پێشمەرگایەتیم و پارێزەی سەری هەموو ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٥٨ بەملاوە بەتایبەتی یاری وەفادار و غەمخۆرم لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا کاک مستەفای حەکیمزادە (ناسراو بە «حەکیم») ڕادەگەیەنم.
غەمی ئەو کۆستە گەورەیە وای تاساندووم نە زمانم توانای دەربڕینی هەستی دەروونمی هەیە و نە قەڵەمم توانای نووسینی ئەوەی شایانی گیانی نەمری ئەو قارەمانەیە. بۆیە بەداوای لێبووردن لە ڕووحی «حەکیم» و هەموو هاوڕێیانی و تەواوی ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی لەم کاتە ناسکەدا جارێ تەنیا ئەو سوپاسنامەیەی بەبۆنەی جێژنی ٧٥ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتەوە پێشکێشم کردبوو بڵاو بکەمەوە :
برا و هاوڕێی لەمێژینەم کاک مستەفای حەکیمزادە (حەکیم)
دەگەڵ ڕێز و سڵاوی برایانە
هەرچەند هەردووکی ئێمە بەشی خۆمان عومر کردوە، بەڵام دۆستایەتی و تێکەڵاویی بنەماڵەکانمان زۆر لە تەمەنی خۆمان درێژترە و تەنانەت لە کاری حیزبایەتییشدا چارەنووسمان بە یەکەوە بەستراوە. بابی تۆ و دوو برا گەورەکەی من پێکەوە ئەو شانازییەیان هەبووە کە لە دەورانە زێڕینەکەی کۆماری کوردستاندا ببنە ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییش ئێوە بە بنەماڵە تێکەڵی حیزبی دێموکڕات بوون و بەتایبەتی بۆخۆت بە حوکمی پاکی و دڵسۆزیت ڕێت کەوتە بەرزترین ئەڵقەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بوویە یەکێک لە پارێزەرانی گیانی ڕێبەرانی شەهیدی ئەم حیزبە.
خۆشحاڵم کە ئەمنیش ئەو شانازییەم پێ بڕاوە کە چارەکە سەدەیەکە سەری خۆم بە تۆ سپاردوە و لەو ماوەیەدا هەموو ژیان و ئاسوودەیی خۆت لە پێناوی خزمەتی حیزب و پارێزگاری لە ژیانی مندا وەلا ناوە. دڵسۆزی و دروستکاریی تۆ وای کردوە کە هەموو شارەزایان بە نموونەی تێکۆشەرێکی سادق و شێلگیرت بناسن و ئارەزوو بکەن کە حیزبی دێموکڕات نموونەی تۆی زۆر تێدا هەڵکەون.
دەگەڵ پیرۆزباییم لەو شانازییانەت، سوپاسی هەموو دڵسۆزییەکانت دەکەم و بەئاواتم کە هەر ساغ و سڵامەت و سەرکەوتوو بی.
برا و دڵسۆزت عەبدوڵڵای حەسەنزادە
٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩، یووبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکڕات