“حەکیم زادە” و “حەسەن زادە”. قادر وریا

وێناکردنی ئامادە بوونی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن زادە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە خۆش و ناخۆشەکانی کوردستان، بێ حزووری پێشمەرگەیەکی وریا، بە هەیبەت و سەنگین، ئەستەمە؛ پێشمەرگەیەک کە ئەگەر چی لە سەر و برۆی سپی بوویدا، لە مامۆستا نەدەمایەوە، بەڵام هەڵکشانی تەمەن نەببووە لەمپەر هەتا وەک ساڵانی زووتر، هەموو کات ئامادە و بە دەستەوە بێ، گورج و تەڕدەست بێ، چاوێکی بکا بە چەند چاو، بۆ ئەوەی گیان و سەری کەسی پێ سپێردراوی، بە لێوەشاوەییەوە بپارێزێ.
لە سەرەتای نەوەدەکانی زایینییەوە، کاک مستەفای حەکیم زادەم وەک پێشمەرگەی پارێزەری مامۆستا حەسەن زادە دیتووە. پێشتر لە سەردەمی سکرتێریی د.قاسملوودا، حەکیم زادە یەک لە پێشمەرگەکانی پارێزەری ئەو ڕێبەرە بوو. دوای شەهید بوونی د.قاسملوو، د.شەرەفکەندی، سەری خۆی هەر بەو دەستە پێشمەرگەیە سپارد کە لە پاراستن و خزمەتی دلسۆزانەی سکرتێری گشتیی حیزبدا، ئیمتیحانی خۆیان دابوو. دواتر کە د.شەرەفکەندییش لە دەرەوەی وڵات، دوورلە هەتەری چاو و بڕشتی چەکی پێشمەرگەکانی پارێزەری تیرۆر کرا، “حەکیم” بۆنی ئەو ڕێبەرانەی بە حەسەن زادەوە کرد و، خۆی بۆ پارێزگاری لە گیانی ئەو، تەرخان کرد. حەکیم زادە- کە بۆ خۆی پێی خۆش بوو لە جیاتی مستەفا هەر بە “حەکیم” ناوی بەرن-، هەر پاراستنی گیانی ڕێبەرانی حیزبەکەی بە ئەرکی خۆی نەدەزانی، زۆر کاریتریشی بۆ ئەوان بە تایبەتی و، حیزبەکەی و هاوسەنگەرانی بە گشتی لە دەست دەهات کە درێغی لە ئەنجامدانیان نەدەکرد. هەر کات سکرتاریای حیزب، میواندار و خانەخوێی میوانانی بیانی، یا ڕێبەران و دەستەی نوێنەرایەتیی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان بوایە، حەکیم بەو پەڕی قالب سووکییەوە دەفریای پێرسۆنێلی سکرتاریا دەکەوت و، ئەزموون و لێزانیی خۆی لە ئامادەکردنی نان و خواردندا دەخستە خزمەتیان. تەنانەت مەمانانیش لە ئۆرگانەکانی دیکەی حیزب کە بۆنەیەکی تایبەت بە ئۆرگانی خۆمان- بۆ وێنە جێژنی دەرچوونی ژمارە ٦٠٠ی ڕۆژنامەی “کوردستان”مان بە دەستەوە با، لە “حەکیم”مان ڕادەدیت داوای هاوکاریی لێ بکەین. ئەویش بە ڕووی خۆشەوە بە دەنگمانەوە دەهات و دڵی نەدەشکاندین.
٣ ساڵ لەمەوبەر، ویستم جارێک لە جاران – و تا بۆ خۆی لە ژیان دایە-، بە نووسینێک، ڕێز لەو زەحمەت و خزمەتانەی بگرم کە نزیکەی ٤٠ ساڵ بوو، لە دەرەوەی ئەرکی حیزبی و ئۆرگانیی خۆی، خۆبەخشانە و لەو کاتانەدا کە دەبوایە بحەسێتەوە، پێشکەش بە هاوڕێ و هاوسەنگەران و مندالەکانیانی دەکرد.”حەکیم زادە” دەیان ساڵ بوو ببووە “سەڵمانیی شۆڕش” و خۆبەخشانە سەری ورد و درشتی، – زۆربەی ئەو ماوەیەش بە ئیمکاناتی خۆی- چاک دەکرد. ناهەقم نەبوو بە سەرنجدان بەو زەحمەتە و، جێی متمانەبوونی بۆ سەرانی حیزبی دیموکرات، سەردێڕی نووسینەکەم کردبوو بەم ڕستەیە:” حەکیم، ئەو کەسەی هەموان سەری خۆی پێ دەسپێرن…”.
“حەکیم زادە”، پێشمەرگایەتی لە پێناوی نەتەوە و نیشتماندا و، خۆشەوستیی حیزبی دیموکرات تا دوا هەناسەی، لە باوکیەوە بە میرات بۆ مابۆوە.”مام حەسەن”ی بابی لەو پێشمەرگانەی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو کە هەر ئەو کات لە بەرەی شەڕلە ناوچەی سەردەشتدا، بریندار ببوو. لە پاش رووخانی کۆمار، بە ڕێگا و ڕێبازی دیموکرات لە قۆناغە تاریکەکانیش دا هەر وەفادار مایەوە. کاتێکیش حیزبی دیموکرات لە دوای رووخانی ڕێژیمی شایەتی دەستی بە تێکۆشانی ئاشکرا کردەوە، بووە بە پێشمەرگە. کوڕەکانی مام حەسەن و لە پێشەوەی هەموان، کاک مستەفای حەکیم زادەش، لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا قۆڵیان لە خزمەت هەڵماڵی. مستەفا حەکیم زادە لە ساڵی ١٣٥٨(١٩٧٩)ەوە هەتا کاتی دوامالاوایی لە نەتەوە و هاوسەنگەرانی، بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمانەتپاریزی و ماندوویی نەناسی، ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی بەڕێوە برد. ئەویش وەک نەریتی بنەماڵەکەیان، منداڵەکانی لە سەر ڕێچکەی خزمەت بە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ڕاهێنا. لەم ڕێگایەش دا خاتوونی ڕووسوور”عیسمەت حەسەنپوور”، هاوسەر، هاوڕێ و هاوپشتێکی بەوەج و سەربەرزی بوو.
زیاتر لە مانگێک بوو، حەکیم زادە، لە گەڵ ئێش و ئازار و شوێنەوارەکانی نەخۆشیی کڕۆنا لە ململانێدا بوو. بەر لەوەی لە بەر خراپیی تەندروستییەکەی بۆ کۆیە و دواتر بۆ سلێمانی رابگوێزرێ، لای هاوڕێیەک کە لە ماڵی خۆی چووبووە سەردانی، بەداخبوونی خۆی لەوە دەربڕیبوو کە بە قەرزداری دەمرێ و ئەم نەخۆشییە ناهێڵێ قەرزەکانی بداتەوە. کاتێک ئەو هاوڕێیەمان دڵی دەداتەوە و، دەڵێ هەتا حیزب هەبێ نابێ نیگەرانی قەرزان بی؛ “حەکیم” دەڵێ: مەبەستم قەرزی پووڵ و ماڵی دنیایە نیە، قەرزداری ئەوەم کە نەخۆشی ناهێڵێ زیاتر خزمەت بە حیزبی دیموکرات و نەتەوەکەم بکەم.
*
ئەمڕۆ ئێوارەی ڕۆژی پێنجی مانگی پێنجی(مای) ٢٠٢١، کاک مستەفا حەکیم زادە (ناسراو بە حەکیم) لە تەمەنی ٧٧ساڵی دا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی، بە داخەوە کۆتایی بە ژیانی هات و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدان و نەمرانی حیزبی دیموکرات و نەتەوەی کورد. نەخۆشیی ئەمجارەی حەکیم ماوەیەک بوو بنەماڵە و کەسوکار و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە دەمانناسی، خستبووە نیگەرانی و، ئارەزوومان دەکرد بە ساغی بیبینینەوە. بەڵام بە داخەوە، مردن ئەوی لێ ئەستاندین. ئەگەر چی نە مەرگ و نە تێپەڕینی زەمان، ناتوانن خۆشەویستی و یادی ئازیزی ئەو لە دڵ و مێشک و بیرەوەریمان بسڕنەوە.
بەم بۆنەیەوە لە عیسمەت خانم، هاوسەری بەڕێزی، لە کچەکان و لە خوشک و براکانی کاک حەکیم، سەرەخۆشی دەکەم. هەر وەها سەرەخۆشی دەکەم لە لە مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە و بنەماڵەکەی، کە “حەکیم” ڕێز و جێگە و شوێنێکی تایبەتی لە دڵی ئەواندا هەبوو. لە راستییش‌دا “حەکیم” هەر خۆشەویستی بنەماڵە و خزم و تایفەکەی نەبوو، خۆشەویستی هەموومان بوو. سەرەخۆشی لە هەموومان دەبێ بکرێ.
٥/٥/٢٠٢١