مەرگی گوڵێ، سەدان ژیان دەڕوێنێ . محەممەدی فەقێ عەلی

وەرینی گوڵ، هەنگ بێ شیلە و پەپولە بێ ساباتی جێژوان و بولبول بێ یارو سروشت بێ ڕەنگ وشەماڵ بێ بۆن و بەرامە دەکا
بۆیە بە مەرگی گوڵێک هەرهەمویان خەمینن.
کە گوڵ وەری، هەگبەیەک تۆو وەک دیاری، بۆ خاک ئەبا، ئەم دیاریە، بۆ لەدایکبونەوەی رەنگەکان و بۆ وروژاندنەوەی بۆنەکان و پڕشیلە کردنەوەی قۆجیلە ڕەنگاوڕەنگەکانی پەلکە ناسک و زەریفەکانە.
لێرەوە ژیان دەست پیدەکاتەوە
مەرگی گوڵێک لە دایکبونەوەی دەیانتری بەدواوە
مەرگی هەر شۆڕشگێرێکی وڵاتی منیش، دڵخەمین و لێو بەبارمان دەکا، بەڵام پیرۆزی ئامانجەکانی و ڕێ و ڕێبازی پڕ لە سەروەری، دەبێتە هاندانێک بۆ دەیان ڕێبواری تازە و سوورتربوونی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی وەدینەهاتوویی.
****************
بەڕوو سەرئەکا بەخاکا
بۆوەی لە دواڕۆژا
دارێ بەرز بەرز باڵا کا.
*******************
مەرگی تێکۆشەری خۆشەویست و جێگای باوەڕ و متمانەی شۆڕشگێڕانی دیمۆکرات ئەمڕۆ هەرهەموومانی داخدار کرد.
ئەوە نیشانەی گەورەی و خۆشەویستی ئەم گەورە مرۆڤەیە، کە هەر یەک لە ئێمە بە ماڵاوای یەکجاری خەمبار و دڵگران دەبین.
بەڵام دڵنیام ئەو تێکۆشەرە هەر وەک چۆن لە دێرزەمانەوە لە بنەماڵەکەیان دا تێکۆشەرانی خۆشنا و ئازاو لە خۆبردوو بونەتە مامۆستا و ڕێنیشاندەری هەزاران ڕۆڵەی نیشتیمانەکەمان و بە تایبەتی حەکیمزادە و حەسەنپوور و حەدادەکان یەکێک لەو بنەماڵانەن کە لە ناو شۆڕش و کوردایەتی و بەربەرەکانی و گیانبەختکردن لەم ڕێگەیە دا بوونەتە بنەمایەکی کولتوری خۆڕاگری و بەربەرەکانی و بەگژداچونەوە و یاغی بوون و ڕاپەڕین لە ئێش و ئازارەکان.
کە ئاوڕیک لە مێژووی بنەماڵەی سەربەرزیان بدەینەوە دەیان شۆرشگێڕ و تێکۆشەری گیان بەختکردویان ئاویتەی کاروانی لە پسان نەهاتوو شەهیدانی نیشتیمانەکەمان بووە و ئەگەریش لە پەرێزی پڕ لە پیت و بەرەکەتی خەبات و بەرخۆدانی ئەمڕۆییان بڕوانین، هیوامان بە ئازادی و سەرکەوتن چەند قات دەبێ، ئەوتا دەیان کەس ئێستاش لە کوڕان و کچانی ئەم بنەماڵە خۆشەویستانە هەروا لە سەرنگەری بەروپێشچونی خەباتی نەتەوایەتی دان و بۆ چرکەساتێکیش بیر لەوە ناکەنەوە کە سرەوتنێک بەر لە سەرکەوتن هەبێ.
*********
لە ناخی دڵمەوە سەرخۆشی خۆم سەرەتا لە بنەماڵەی بەڕێزی حەکیمزادە و حەسەنپوور و حەداد دەکەم و پاشان لە خۆمان و تێکۆشەرانی دیمۆکرات و خەڵکی شاری سەردەشت و هەمو ئەوینداران و دۆستان و لاینگرانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.
ڕووحی کاک مستەفا حەکیم زادە هەر شاد و ڕێگای ئامانجەکانی پڕ ڕێبوار بێ.
*********
محەممەدی فەقێ عەلی
٦/٥/٢٠٢١
ئوتریش