سوپاس و پێزانینی بنەماڵەی حەکیم‌زادە

بەڵێنم دا وچان نەدەم
لە پێناو ئەم نیشتمانە
یان ژینێکی بە سەربەستی
یان مەرگێکی سەربەرزانە
‏‎سوپاس و پێزانین
‏‎بەرێزان و خۆشەویستانی حەکیم!
‏‎ئەمرۆ یەک حەوتوویە گەورەی بنەماڵەمان، تاجی سەرمان، پێشمەرگەی خۆشەویست و خۆنەویست زیندەیاد، مستەفا حەکیم‌زادە ( حەکیم ) بە جەستە لە نێومان دا نەماوە و لە گردی پیرۆز و مەزاری شەهیدان لە تەنیشت سەدان هاورێی شەهیدی مەنزڵی گرت و بە کۆچی نابەوەختی هەموومانی خەمبار و پەشێو کرد.
‏‎کەم و دەگمەنن ئەوانەی وەک حەکیم زیاتر لە دوو لە سەر سێی تەمەنیان بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان تەرخان کرد بێ و تەمەنێکی پڕ لە سەروەری لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەنیشت شۆڕەسوارانی ڕێگای ئازادی تێپەر کرد بێ و لە هەمانکاتدا بە سەخاوەتەوە سەری گەورە پیاوان و ڕێبەرانی شەهید و زیندووی بە ئەمانەتەوە پاراست بێ و بە کردەوە ببێتە پێشەنگی کاراونی خەباتی سوور خەڵاتانی گەل و تا کاتی ماڵئاوایی یەکجاری وەک مۆمێک ڕووناکی بە دەوروبەری خۆی ببەخشێ.
‏‎دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی حەکیم، ئێمە وەک بنەماڵە و کەس و کاری نەمر مستەفا حەکیم‌زادە تووشی خەم و پەژارە و تەنانەت شۆک بووین، لە یەکەم چرکە ساتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە دڵتەزێنەدا، خۆشەویستانی حەکیم بەدەربرینی بە هەست و سۆز، بە نووسینی جۆراوجۆر، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان و ئینترنێت، تەلەفوون، نامەی ئەڵێکترۆنی و بە شێوەی حزووری شانتان وەبەر قورسایی ئەم خەمە گەورەیە دا و دەریای دڵسۆزی و هاوخەمی و قەدرزانیتان سنووری خۆشەویستی و مێهرەبانی بەزاند و هاوسۆزی و هاوخەمیتان بوو بە مەرهەمی برینی قوڵی دڵمان.
‏‎بێ‌شک ئەگەر ئەو هاوخەمی‌یە بەرینەی ئێوە ئازیزان نەبوایە، زۆر زەحمەت و دژوار بوو، بتوانین پشت لە ژێر ئەو کۆستە گەورەیە دا ڕاست بکەینەوە، هەر بۆیە وەک بنەماڵەی نەمر مستەفا حەکیم‌زادە (حەکیم) و حەسەنپوور لە ناخی دڵمانەوە سوپاسی یەکەیەکەی ئێوە بەرێزان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هەموو ئەو کەس و لایەنە سیاسی و ئەدەبی و هەروەها گشت خزم و کەس و کار و هاورێ و هاورێباز و هاوسەنگەرانی دەکەین و سەری ڕێز و خۆشەویستی لە بەرامبەر گەورەیی و مێهرەبانی گشت لایەکتان دادەنوێنین و ئاواتەخوازین کە ئێوە تەمەن درێژ و ساخ و سەلامەت بن و شانازی بە بوونی ئێوە ئازیزان و بە سەروەری‌یەکانی نەمر (حەکیم)وە دەکەین.
‏‎ڕووحی حەکیمی هەردەم زیندوو شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
‏‎لەگەڵ ڕێز و حورمەت
‏‎بنەماڵەی حەکیم‌زادە و حەسەنپور و خزمان بە گشتی
‏‎١٢ـ ٠٥ ـ ٢٠٢١ ی