لە پەراوێزی نووسینەکەی کاک فەریدوون حەکیم‌زادە دا. نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

لە پەراوێزی نووسینەکەی کاک فەریدوون حەکیم‌زادە دا. نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

سەرەتا دەستخۆش بۆ نووسین و وەبیرهێنانەوەی ئەو بیرەوەری‌یانە و منیش نەمویست کە ئەوانەی ئاماژەت پێداون دووپاتیان بکەمەوە و بە گەڕانێک هەندێک بیری ڕابردووم کردوو ئێستاش تامەزرۆی ڕابردوو و سەردەشتی جارانم.

گەرامەوە ساڵانی مێرمنداڵی و گەنجی و بە کۆڵانەکانی شاردا هەموو گەڕەک و کەلێن و قوژبنی شار و دەوروبەری گەڕام.

بە دوای وون بوونی جەستە و خۆشەویستی و مێهرەبانی خەڵکەکە دا دەگەڕام، لەهەر کۆڵان و شەقام و گەڕەکێک هەڵوێستەیەکم دەکرد و لە دار چنار و سپیدارە بەرزەکانی نێو حەوشەی ماڵە بچووک و گەروەکان رادەمام، بە چاوی دڵ دەمڕوانی‌یە پارکی شار و حەمامی گەرم و کۆنی سەدەیەک پێش ئێستا، گەڕام بە دوای وون بووەکانی شاردا، بۆ مرۆڤە دڵپاک و بێ ئازارەکانی شار، بۆ گوڵێ و قاقا و خەندەکانی، بۆ ئامین بازەتەلوو، بۆ سەیدە لووشە، هەڵیلووشە، بۆ پەپوو سلێمانەو کاسەی دەستی، بۆ محەممەدی شێخە شوانی و بۆ گۆچانی ئاسنی دەستی.

گەڕام بە دوای خۆشەویستی نازدار حەیرانێ دا کە هەموو بەیانی و ئێواران بە گۆزە و سەتڵەوە دەهاتە سەرچاوەی شار و قۆتانی ژنان و دوای ئەوە خۆی لە گوڵێ دەدا، بە لار و لەنجەوە بە شەرم و ئیفادەوە بەرەو ماڵێ دەگەڕاوە و چاوەروانی ڕۆژی دوایی دەکرد کە لە سیلەیەک چاوی بە چووکەڵە سواری خۆی بکەوێ و دڵی بۆ تاوێک ئۆقرە بگرێ.

گەڕام بە دوای گەرمای کورەکانی ئاسنگەران دا، ئاسنگەرە دەست ڕەنگینەکانی شار لەگەڵ سیوادی بەیانی، بە داکوتان و هەڵسووڕانی چەکوچی دەستیان و بە هەناسە و نرکەی پڕ لە هەستیان پۆڵایان دەکردە ئامرازێکی دەستی ڕەنجبەر و وەرزێر و کاسبکارانی کوردستان، دەنگی چەکوچ و نرکە و دەنگی ” لەولای‌یەدەی وەستا حەسەن” دەبوونە موسیقایەکی یەک ریتم و بە دەنگی ” دەی بابە ئەوە تەواو بووی”، وەستا مستەفا ریتمی چەکوچ و نرکەی بەرەو کۆتایی سەمفۆنیایەکە دەبرد.

دەگەرام بە دوای کاکی زەحمەتکێشی دەست قەڵشیوی ئەو دیو گردەسووردا، هاتنی سەدان بار میوەی پڕباری ئالان و باسکی کۆلەسە و دۆڵی بێوران و گوندەکانی دەوربەر و لە قەپان دانی میوەکان لە شەقام و کۆڵانی کاروانسەرای گەورەی شار، جوانی‌یەکی دیکەی بە بەیانی شار دەبەخشی و قەرەباڵغی و هاتووچۆی خەڵک و ” خۆلادە بابەی مەلا باقی” شاری وەک هەنگێک بە دوای شیلەی گوڵ دا دەگەڕاند .

دەگەڕام بە دوای دایکی وون بووی هەموو وەرزەکانی شار، ئەو ژنانەی کە بە ئارەقەی زەحمەتی خۆیان ماست و تۆراخ، پەنیر و شیرێژگیا، شیر و بەرهەمە خۆماڵی‌یەکانیان لە کیتەڵە و سەتڵ و تەنەکەدا دەگەیاندە ڕاستە شەقامی شار و موشتەری و دووکاندارە تایبەتەکانی خۆیان بەرهەمە خۆماڵی‌یەکانیان لێدەکرین و چاوەروانی ڕۆژەکانی داهاتوویان دەکرد.

بە دوای کوێستانچی و هەوارچی‌یەکانی باژاڕ و جەماڵادەین و بوڵفەت دا دەگەڕام کە دوای پێراگەیشتن بە کار و ئەرکی مەڕداری، بە چەند فەردە و تەلیس و چارۆکە، گژ و گیای کوێستانەکان کە هەموو جۆرە گیا و خواردنێکی وەک کارگ و کەما، لووشە و بیزایان لەگەڵ ڕێواسی گوڵ بەسەری کوێستانەکان و دۆرێ و مەندۆکی ناسکی کوێستانەکانی برایم جەڵاڵ و فێرەگ و چیای بەرزی نستان لە سەر فەڕش و بەردچنی شەقامی شار هەڵدەڕشتن.

دەگەڕام بە دوای خاتوونە خان و مانەکانی دەم چۆمی کەڵوێ کە بە چارۆکەی گژوگیای بەهاری، گیابرژیوە، پێ قەلە، گێلاخە، سیرمۆکە و کوڕادە و دەیان دەسک ریحانەی بۆنخۆش لەبەردەم دوکانەکانی شار بە نازەوە شاریان بۆنخۆش و ڕازاوە دەکرد.

دەگەڕام بە دوای سەرچاوەی شاردا، ئەو کاتانەی کانی و ئاوی سەرچاوە دەتەقیەوە و وەسەردەگەڕا و جۆگەی ئەو بەراوبەری شەقامی پڕ دەکرد و وەسەر شەقام دەگەڕا و لەبەر خۆرەتاوی گەرمی بەهار و هاوینی شار وەک دەنکە ئەڵماسی رژاو دەبریسکایەوە و کۆلەکەزێرینەی بۆ شار درووست دەکرد و دووکاندار و ڕێبوارانی شار لاقیان دەئاو دەکێشاو خۆیان پێ فێنک دەکردەوە و منداڵانیش بە ئاوپڕژێنی یەکتر دڵی خۆیان ئاوپڕژێن دەکرد و بە تەڕی و خووساوی دەگەڕانەوە ماڵەوە.

دەگەرام بە دوای منداڵە خۆشی لەخۆ نەدیوەکانی شاردا، دیتنەوەیان گەلێک زەحمەتە و بە حەسرەتی دیتنەوەی ئەو منداڵانە کە ڕەنگ بێ ئێستا بەشێکیان لە ژیاندا نەمابن و بەشێکیان ئاوارە بووبن و بەشێکیان لە نێو دەریای پڕ لە خەمی شاردا هەنووکەش بە دوای خولیاکانیان دا دەگەڕێن، هەنگاوم هەڵدێنایەوە، کۆسپەکانی ڕۆژگار هەنگاوەکانم پێ شل ناکەن و ڕۆژێک ڕاستە شەقامی شار و بووکی سووری گردەسوور و سەرچاوەی ساردی شار و مەزاری ئازیزانمان لە ئامێز دەگرمەوە و بە ئاواتی ئەو ڕۆژە هەروا هەنگاو هەڵدێنمەوە.

لە دوا نیگای شاردا و کاتێک دەمهەویست بەرەو هەواری نادیاری ژیان بگەرێمەوە، ورە بەرزی خەڵکی شار و بەرزی کێوەکانی دەوروبەری و جوانی گوند و باخ و باخاتی هەروا شاریان گەورە و جوان راگرتووە و تریڤەی مانگەشەو و تاڤگەی شەڵماش و چۆمی کەڵوێ بوونە جێگای ئەویندارانی کۆن و نوێی ئەم دیارە سەر سەوز و خەمڵاوەیەی کوردستان و هەروا بە هیواوە دەروانمە دوا رۆژەکانی سەردەشتی سەرسەوز نیشتمانی شێرە مەردان و تەوارە سەربەرزەکانی کوردستان.

سوپاس بۆ ئەوەی بۆ تاوێک بە نێو دەریای پڕ لە شەپۆلی ژیاندا گەیاندتمە لێواری دەریای ئارامی شار.

ڕووحی کۆچ کردووە دڵسۆزەکان و خەمخۆرانی ڕاستەقینەی شار و ناوچە شاد.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٧ ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ ی کوردی

١٧ – ٠١ – ١٤٠٠ ی هەتاوی

٠٦ – ٠٤ – ٢٠٢١ ی زائینی