سەردەشتی جاران. نووسینی: فەریدوون حەکیم‌زادە

سەردەشتی جاران. نووسینی: فەریدوون حەکیم‌زادە
هاوڕێیەکم بۆی نووسی بووم، چ خۆشە وەک جاران سەردەشت ببینمەوە و پیاسەیەکی تێدا بکەم!!! غەریبایەتی کوشتمی!
بۆم نووسی: گیانی گیانان، سەردەشت ئەو شارە نەماوە کە تۆ کاتی خۆی بار و بنەت لێ تێک نا و قەلفڕت کرد. ئێستا شەقامی کەمەربەندی بۆنی یارانی جارانی لێ نایە. بۆنی کچانی شۆخ و شەنگی سادە و ساکاری لێ نایە، کە ئەوینداری ڕاستەقینە بن.
بۆ سێریی نیوەڕۆیەی قووتابخانە بە پەلەو بە پێوە نانت دەخوارد تا لە فریای بینیننی سەفای رووخی یار بکەوی. بە هەویا نەبی ئێواران بچییە دەوری سەرچاوە و قاوڕمەنۆکی “مام ڕەسوو”ی بخۆی و نەرمایی نۆکەکە لە بن ددانان هەست پێ بکەی. ڕەحمەتی “عەلی جەواهێر”ێ نەماوە تا کاڵەت بۆ ساز بکا و لەگەڵ کەوا و پانتۆڵی “مینەی مەلەکێ” لە پێی بکەی!
پێت وانەبێ هێندە سەفا ماوە، ئێوارانی چوارشەمە داوەت و هەڵپەڕکێ لە “کانی سێو” و “دەشتی کەچەڵی” پێک بێت و کاهەسەن و حەسەن توزەلە و سەید عەلی سەردەشتی و ڕەحیم شەیار و ڕەحمان دڵدار لێی بدەن لە تار و دمبەگ و “عووسمانە دۆم” بەو ئەسپە ڕەسەنە تەقڵان لێدا و هات و هوریای شۆڕەسواران نایێ.
نەچی بڵێی دەچم سەیری خوالێخۆشبوو “بەقە”ی دەکەم تا “قەرەنی” قەڵسی بکا و و ئەویش بڵێ: ‘وەی دەو…گ…”. “ڕەحمانی حاجی شەخسەی” ئێستا لە ترسی کڕۆنا جنێو نادا، ڕەحمانە گوو دەرمانە، ئاورم بۆ بکەوە سەرمامە. ئێستا ڕەحمانیش هێزی نەماوە بڵێ: “پشت”، منداڵ بقیژێنن و هەڵێن.
“سەعید”ە شێتی جانداران ڕووت و قووت دەڕپەڕێ و ژنان دەمیان بگرن و بڵێن ئەیەڕۆ و پیاوانیش قاقا پێبکەنن.
بەرخم… ڕووحم و بەزەیی دەمێک ساڵە لە وڵات و شارم زویر بووە، بابی بابم ئەو زەمان نەماوە، قڕانێکت بدەنێ بچییە لای ڕەحمەتی “محەممەدی سۆفی کەریمی” بەفری بکڕی. بۆ کەس کەیفی ماوە تا گوێ لە قسە خۆشەکانی خوالێخۆشبوو “حەبەی ڕەسووڵ پیرۆز”ی ڕاگرێ؟ دڵتەنگ دەبم کە دەبینم ناوی ڕەحمەتی “ساڵەباخان” زڕاوەتەوە و کەس ناڵێ، هەر بۆ خۆتان بمرن و ئەمەش هیچ.
ئەو زەمان نەماوە بەرە بەری جێژنان منداڵان بنێرنە لای ڕەحمەتی “محەممەد نەریمانی” و دەرمانی شەربەتی سوور بکڕێ و جێژنان خۆ پێ بدڕێنن. کوا سەفا و بۆنی ڕیحانە و نرگسی ڕەزی جۆڵا و گامۆڵە و دەشتی نەنێ و کانی سێو و دەشتی کەچەڵی و کەنەکەسپیان؟
کوا ئاوە زوڵاڵەکەی کانی درۆزنێ و سەرچاوەی ڕەسووەشێت و نێوزەڕۆ و تاڤگەی شڵماش و ڕەزگە؟ بۆ کەس دڵ و دەماغی هەیە بچێتە شاخی جووی و خڕێ گاڕانەڕێ و ئەشکەوتی ئێسکەندەرونی قازانێ.
تەواوی چاک و پیریان هەڵکۆڵ هەڵکۆڵ کردووە، بۆ خەڵکی وا ماون ئیمانیان بە پیرچاکی وەک مەلا پیرە و شێخ برایم بادام و شێخەسوور و پیرمحەممەد بێ! نەکەی پێتوابێ ئێستاش وەک جاری جاران سفرەی ببەن بۆ سەرەخۆشیان بە سەر سفرەی گوڵ گوڵی و جار جاریش دەستمان دەبردە ناو چێشتەکان و دەمانخوارد. تازە گوێت لە دەنگی سمی ئەسپی “خات ئەستی” نابێ. تامی بەستنی و یەختەربەهەشتی خوالێخۆشبوو “حەسەن قەنبەر” ناکەیەوە. ڕەحمەتی “مەحموودی خانێ” و پشتێندە گرێچنەکەی نابینی. کوا ئێستا تامی کەبابی ڕەحمەتی “سەعیدی مینەی شێخە” و “سەعیدی کەبابچی” دەکەی؟ کوا ڕەحمەتی “حەبەی حاجی عەلی کاحەمەدی” بەیانی زوو بایی پێنج تمەنت پەنییر بداتێ.
بۆ منداڵی گەڕەک دەبینی تا بێنە شەڕەگەڕەک و منداڵی سووی بەردەقوچ و کۆرپە و گردەسوور و گەڕەکی خواروو و مزگەوتی سوور، هاوار بکەن گردەسوور پیروز است/ بەردەقووج نابود است. هەر منداڵەی دەیبینی مۆبایلێکی بە دەستەوە و دۆژ داماوە.
نەماوە یاری قەران قەران، حەوت بەردێن، تێل بازێن، دایە مەمدە بە گورگی/ گورگ ددانی تیژە، سێ باز و پەستەک پەستەکێن، ئاشەتەمبورێن و میرخوزێن.
بۆنی خەمخانەیی لێ دێ وڵاتم، بۆنی بێگانەیی لێ دێ گووند و شارم، داسکنێ و لە جێی خۆت مەبزوو با هەر ئەو بیرەوەرییەکانت لا بمێنێ.
وێنە: مامۆستا حوسێن شافێعی