لەسەر سەید عەبدوڵای ئیسحاقی ( ئەحمەد تۆفیق ) بەشی سێهەم و کۆتایی. خالید حەسەن‌پوور

‎ئەو نووسراوە تەعبیر لە بیرو بۆچوونی نووسەر دەکا و پێوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە نیە .

لە نێوان ساڵانی ١٣٣٧ و ١٣٣٨ی هەتاویدا پاشماوەی بەرێوەبەران و کادر و ئەندامانی حیزب کە لە چەنگ پۆلیسی حەمەرەزا شا نەجاتیان دەبێ خۆ دەگەیێنە کوردستانی ئێراق . ئەو سەروبەندە هاوکاتە دەگەڵ کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨و گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانی و دواتر هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول .

ئەو پاشماویە لە بەرێوەبەرانی حیزبی دێموکرات کە خۆ دەگەیێنە کوردستانی ئێراق، لەلایەک دەنێو خۆیاندا یەکیەتیی فکری و سیاسی تەواویان نییە و لە رووی بیروباوەڕەوە پڕشوبڵاون و لە لایەکترەوە لەرووی رێکخراویشەوە ئینسجامێکی ئەوتۆیان نیە و ئتۆریتە نەفەری یەکەمیش کە سەید عەبدووڵای ئیسحاقیە قەبوڵ ناکەن.

بێجگە لە ئیسحاقی و سوولێمانی موعینی و چەند کەسێکی دیکە کە، بیرە نەتەوەییەکەیان کەمێک لەوانی دیکە تۆختر بوە، باقی دیکە یان لە رووی بیروباوەڕەوە خاوەنی خەتێکی دیاریکراوی سیاسی نین، یان بەڵای بیری چەپدا دایدەشکێنن. لەوها وەزعێکدا ئەو جەمعە دەکەونە بەر شەرت‌ومەرجێکی سەرکردایەتی شۆڕش، ئەویش وازهێنانە لە خەبات لە دژی حەمەرەزا شا و هاتنەژێر باری شۆرشی کوردستانی ئێراقە .

ئەو بارودۆخە سیاسی‌یە کاردانەوەی زۆری لە نێو حیزبی دێموکراتدا کە، بنکەکانی لە ناوچە ئازادەکانی شۆڕشی کوردستانی ئێراق دەبێ لێ دەکەوێتەوە و بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبن . دەستەێک بە سەرۆکایەتی ئەحمەد تۆفیق پێی وادەبێ کە حیزبی دێموکرات پێویستە لەو قۆناغەدا تێکۆشانی خۆی لە کوردستانی ئێران هەڵبپەسێرێ و هاوکاری شۆرشی بارزانی بکا . دەستەی دوهەم پیی وایە کە ئەوکارە سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات دێنێتە ژێر پرسیارەوە  .

نەمر کاک ئەحمەد تۆفیق

‎سروشتی‌یە ئەگەر حیزبی دێموکرات توانیبای هەم سەربەخۆیی سیاسی خۆی بپارێزی و هەمیش تێکۆشانی چەکدارانە لە خۆرهەڵاتی کوردستان درێژە پێبدا، شتێکی زۆر ئیدئاڵ دەبوو . بەڵام مێژوو ئەوەیە کە روویداوە و بە خۆزگە و بریا هیچ شتێک لە راستیەکان ناگۆڕێ . لەراستیدا چ بە ئەقڵییەتی ئێستا لەو کێشانەی ئەو سەردەمە بڕوانین و چ  تەنانەت بە خوێندنەوەی ئەو سەردەم لە کێشە و هاوکێشەکان بروانین، دەتوانین بڵێن هەردووک رێگا تا رادێکی زۆر ئەوپەڕ و ئەوپەڕ بوون و، دەهەلومەرجێکی ئەوتۆدا زیادەرەویان تێدا بووە. هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە هەڵوێستی ئەحمەد تۆفیق و هاورێیانی‌یەوە هەیە، یارمەتیدانی شۆرشی کوردستانی ئێراق شتێکی باش و ئیجابیە بووە، بەڵام نە بە قیمەتی لەدەستدانی سەربەخۆیی تەواو و کەماڵی حیزبی دێموکرات. دیتیشمان ئەو رێگایە هەم بە زیانی حیزبەکە تەواو بوو هەم بە زیانی خودی عەبدوڵای ئیسحاقی. بەرامبەرەکانی ئیسحاقیش بەسەرنجدان بە بارودۆخی سیاسی شۆڕشی ئەیلوول، هەم دەکرێ بڵین تووندئاژۆیان کردوە و هەم هەمەلایەنە بیریان لە کێشەکە نەکردۆتەوە .

ئەو دەستەیەش کاتێک دەیانبینی کە شۆڕشی کوردستانی ئێراق گووشاڕیکی زۆری لەسەرە و پێویستی بە هاوکاری تەنانەت حکوومەتی شای ئێران هەیە، دەکرا بۆ ماویەک واز لە خەباتی چەکداری دژی شای ئێران بهێنن و روو لە شێوازەکانی دیکەی تیکۆشان بکەن و بەوجۆرە هەم خۆیان بپارێزن و هەم نەهێڵن رەورەوەی خەباتی خەڵک لە کوردستانی ئێران پەکی بکەوێ . کاتێک سەرنجی رەوتی رووداوەکانی ئەو سەردەم و رێزبەندییە سیاسییەکانی ناو حیزبی دێموکرات دەدەی، بە روونی بۆت دەردەکەوێ کە لە نێوان ئەو دوو دەستەیەدا کە ئەوپەڕ و ئەوپەڕن،  هەبوونی بیرۆکەیەکی سێهەم کە وەک ئاڵقەی وەسڵی ئەو دوو رێزبەندییە کار بکا و نەقشی سەنتێزێک بازی بکا، یان نەبوە و یان ئەگەر بووبێ مەجالی پەرەگرتنی نەبوە. ئەو سیاسەتەی کە ئێستا لایەنەکانی  رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ٦٠ ساڵ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان رەچاویان کردوە لە ئاکامی ئەو تاقیکردنەوە مێژووییە دایە کە حیزبی دێموکرات و سەرکردایەتی شۆڕشی بارزانی تێپەڕیان کردوە . مانای ئەوە ئەوەنیە کە بڵێین سیاسەتی ئێستای دێموکرات و کۆمەڵەکان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئیدئاڵە، بەڵام دەبێ بڵێین کە جاری وایە لەو جۆغرافیاییە سیاسییەدا دەکەوییە بەر هێندێک بژاردەوە کە، ناچاری دەنێو ئەواندا بژاردە مامناوەندیەکە کەم هەزینەترە هەڵببژێری.

لێرەدا دوو شت لە پێوندی دەگەڵ هاوکاری سەید عەبدوڵای ئیسحاقی دەرحەق بە شۆڕشی ئەیلول گرینگە کە پێویستە ئاماژەی پێبکەین. مەسەلەی یەکەم ئەوەیە کە ئەوانەی سەید عەبدوڵای ئیسحاقی دەناسن دەزانن کە، گرتنە بەری رێگای هاوکاری شۆڕشی بارزانی لەلایەن ئەحمەد تۆفیقەوە، نەک لەئاکامی ترس دڵەڕاوەکی بەڵکوو لە پێناو بیروباوەڕی نەتەوەیی و کوردانەی دابوە. عەبدووڵای ئیسحاقی پێی وابوو کە سەرکەوتنی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان، راستەوخۆ و ناراستەخۆ سەرکەوتنێکە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان . هەربۆیەشە کە بە کردەوە رێگای بەشداری و پشتیوانی لە شۆڕشی ئەیلوول دەگرێتەبەر . هەموو ئەوانەی ئەحمەد تۆفیق دەناسن لەسەر ئەوە کۆکن کە ناوبراو پێاوێکی جەسوور و بە شەهامەت بووە، رێگاێک ئەگەر بۆخۆی قەناعەتی پێی نەبووبێ کەس نەیتوانیوە بەسەریدا بسەپێنێ .

مەسەلەی دوهەم ئەوەیە ئەگەر هاوکاری کردنی ئیسحاقی دەرحەق بە شۆڕشی کوردستانی ئێڕاق لەو سەردەمەدا بۆتە هۆی ئەویکە سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات بهێنێتە ژێر پرسیارەوە، هاوکاری و خۆ لە ئیختیار نانی مەلامستەفا و ٥٠٠ بارزانی دیکەی ژێر فەرمانی دەرحەق بە کۆماری کوردستان بە پێشەوایەتی قازی محەممەد دەچیتە کام خانەوە ؟ من پێموایە هەم مەلا مستەفای بارزانی بە سەرنجدان بەو خزمەتانەی بە کۆمار و پاراستنی کردبوو، چاوەروانێکی زۆری لە حیزبی دێموکرات و ئەحمەد تۆفیق هەبوە کە، وڵامی چاکەکانی بداتەوە . و هەم ئەحمەد تۆفیقیش وەک نەفەری یەکەمی حیزب، خۆی زۆر بە مننەتباری بارزانی و شۆڕشەکەی سەبارەت بە خزمەتەکانیان بە کۆماری کوردستان زانیوە . لە راستیدا شۆڕشی ئەیلوول بە فاسیلەی ١٣ هەتا ١٥ ساڵ لە کۆماری کوردستان دەستی پێکرد، مەنتیقەن رووداوەکانی کۆماری کوردستان لەو سەرەمەدا ئەوەندە کۆن نەببوون کە گەرماییەکەیان وەکو ئێستا نەمابێ .

لە راستەوە: نەمران کاک کەریم حەدداد و کاک ئەحمەد تۆفیق

‎مەسەلەیەک کە لە پێوەندی دەگەڵ بەسترانەوەی ئیسحاقی بە سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول زۆر بەرجەستە دەکرێ، لە دەستدانی سەربەخۆیی سیاسی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا بە هۆی ئەحمەد تۆفیقەوە بووە . ئەوە کە حیزب یان رێکخراوی پارچەیەکی کوردستان سەر بە حیزب یان رێکخراوی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بێ و پێیەوە ببەسترێتەوە، نە شتێکی باشە و نە ئیجابییە، بەڵام لە حەینی حاڵدا نەفسی بەسترانەوەکە خەیانەتیش نیە . هەروەک بەسترانەوەی پەژاک بە پێکاکاش شتێکی باش نیە، بەڵام لە نیهایەتدا خەیانەتیش نیە . چوونکە لە حاڵەتی بەسترانەوەی حیزبی پارچەیەک بە حیزبی پارچەیەکی دیکەی کوردستان، خەبات و تێکۆشانی بەشە کوردستانی‌یەکەی ئەو حیزبەی وابەستەیە، دەکەوێتە ژێر سێبەری بەرژەوەندییەکانی حیزبی پارچەیەکی دیکەی کوردستان و ئەوەش بە سەرنجدان بەو بارە ژێئۆپۆلتیکەی کە کوردستان تێیدایە، دەچێتە خانەی بەرژەوەندی حیزبێکی کوردی‌یەوە کە بۆ مانەوەی خۆی ناچارە دەگەڵ یەک یان دوو لە دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە پەیوەندی هەبێ . بەڵام سرووشتیە کە خزمەتەکانیشی دەچێتە خانەی مەسەلەی کوردەوە بە گشتی . بەڵام ئەوەی مەبەستی منە لێردا ئەوەیە کە بڵێم ئەو چاوەڕوانی‌یەی کە لەو جۆغرافیایە سیاسیەدا سەبارەت بە سەربەخۆیی سیاسی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کورد دەکرێ، لە بنەرەتدا برێک دوورە لە راستی . لە جیهانی سەردەمی ئەحمەد تۆفیق و هەروها جیهانی ئێستاشدا و هەروها لە ژێئۆپۆلتیکەی کە کوردستانیش تێدا هەڵکەوتوە، زحمەتە رێکخراویەکی سیاسی کورد هەبێ کە بە مانای واقعی وشە سەربەخۆ و رەهابێ . بە داخەوە مێژوو نووسی حیزبیش ئەو تێرمە ( سەربەخۆیی سیاسی ) زۆر زیاتر لە پێویست گەورە دەکاتەوە، بە جۆرێک لە پێوەندی دەگەڵ عەبدووڵای ئیسحاقیدا دیوارەکەی هەتا ئاستی خەیانەتیش بەرز دەکاتەوە !

‎هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە بیروباوەڕی سیاسی و کوردانەی ئیسحاقیەوە هەیە، ئیسحاقی نیازێکی پاک و خاوێنی هەبووە، بەڵام هەڵس وکەوتی نابراو  لە نێو حیزبدا بۆ جێبەجێ کردن و پیادەکردنی بیروباوەڕەکەی، هەم تێکەڵاو دەگەڵ تووندوتیژی بووە و هەم تەک ئاژۆیی . لە ئاکامی ئەو هەڵس و کەوتەدا هەم لە نێو حیزبەکەدا و هەم لە پێوەندی دەگەڵ شۆڕشی کوردستانی ئێراقدا تووشی بنبەستێکی سیاسی دەبێ و لە ئاکامی ئەوەدا کە هەم لە نێو حیزبی دێموکراتدا جێگاو شوێنێک بۆ خۆی نابینێ و هەمیش لە نێو شۆڕشی کوردستانی ئێراقدا دەراوێکی روونی نابێ، پەنا دەباتە بەر دەوڵەتی ئێراق .

‎شەهید عەبدوڵای ئیسحاقی وەک هەموو سەرکردەکانی پاش و پێش خۆی کەم و کۆڕی و هەڵەی هەبوە، بەڵام هەم خزمەتەکانی بە جوڵانەوەی کورد گەورەن و هەم هەڵەکانیشی چکۆڵە نین . بەڵام هەڵەکانی هەرچێکی بن، پێوەندیان بە حیزبەکەیەوە هەبووە نەک نەتەوەکەی . لە بەندیخانەی دەوڵەتی ئێراقیشدا لەسەر ئەوەی کە داوای لێدەکەن لە دژی بارزانی بەیانییەیەک دەر بکا، ئیسحاقی بە بارزانی وەفادار دەمێنێتەوە و ئەو کارە ناکا و لە ژێر ئەشکنجەدا گیان دەدا .

‎ماوەتەوە بڵێم تەنیا کارێکی کە لەدەست هاوجیلانی رێبەرایەتی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات دەهات، بە پێی رەسالەتێکی سیاسی و مرۆڤ دۆستانە هەوڵی رزگاری شەهید عەبدوڵای ئیسحاقی بدەن. دەگەڵ ئەوەی دەستی حیزبی دێموکرات بەوجوورەی پێویستە لە حکومەتی ئێراقدا نەدەرۆیشت، بەڵام هەوڵی رزگاری ئیسحاقی لەلایەن هاوجیلانی سیاسییەوە ئەمڕۆ لە چاوی مێژوو وون نەدەبوو . ئەرکێکی گرینگی کە دەکەوێتە سەر جیلەکانی ئەمڕۆی دێموکرات، ئەوەیە بە پاسی زەحمەت و تێکۆشان و فیداکاری عەبدووڵای ئیسحاقی و بنەماڵە کوردپەروەرەکەی، ئیحادەی حەیسییەتی لە نەزەر حیزبایەتیەوە لێ بکا و هەوڵ بدا جێگایەکی شایانی خۆی لە ریزی باقی سەرکردە شەهیدەکانی بۆ دیاری بکا. بۆیەش دەڵێم ئیحادەی حەیسییەتی لە نەزەر حیزبایەتی‌یەوە لێ بکا، چۆن ئیسحاقی لەنەزەر کوردایەتی و نیشتیمانپەروەریەوە ، حەیسییەتێکی گەورەی هەیە و خۆی شەهیدی ئەو رێگایەشە .