د.قاسملوو و مەحکوومکردنی کیمیابارانی هەڵەبجە، قادر وریا
د.قاسملوو و مەحکوومکردنی کیمیابارانی هەڵەبجە، قادر وریا
(چەند بەڵگەیەک بۆ لەدەمدانەوەی ئەوانەی لە پێوەندی لە گەڵ کیمیابارانی هەلەبجەدا، هێرش دەکەنە سەر د.قاسملوو)
هاوین و پاییزی ١٣٦٧، دوای ملدانی کۆماری ئیسلامی بۆ قبووڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ و ڕاگرتنی شەڕ لە گەڵ عێراق، د.قاسملوو، هەوڵێکی دیپلۆماسی و میدیایی بەرچاوی لە دەرەوەی وڵات(لە ئورووپا) دەست پێکرد تا سەرنجی دەوڵەتان و کۆڕ و کۆمەڵە ئورووپایی و نێودەوڵەتییەکان بۆ لای فاکتەری کورد لەو ناوچەیەدا و کاریگەریی لە سەر ئاشتی لە ناوچەکەدا رابکێشێ و ڕێگە نەدەن ڕێککەوتنی دەوڵەتانی عێراق و ئێران هێرشی بەرین و یەکلاکەرەوەی ئەو دەوڵەتانە بۆ سەر بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لەو دوو وڵاتەی لێ بکەوێتەوە.
د.قاسملوو لێهاتووانە سوودی لە کاریگەریی دەنگدانەوەی بۆمبارانی کیمیایی شاری هەڵەبجە لە میدیاکانی ڕۆژاوا و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانی ئورووپایی و نێودەوڵەتی وەرگرت و توانی هاندەری ژمارەیەک لە کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وێنە فرانسوا میتران، بڕۆنۆ کرایسکی، لیونێل ژۆسپەن، پییەر مۆروا، ویلی برانت، هاینس فیشێر و هتد بێ بۆ ئەوەی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پارڵمانەکانی وڵاتی خۆیان و لە ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست پرسی کورد بێننە گۆڕێ و سەرنجی دنیا بۆ لای ئەو تاوانانە ڕابکێشن کە دەولەتانی ناوچە بە دژی کورد ئەنجامیان دەدەن. هەر لە ئاکامی ئەو هەوڵانەش دا بوو کە ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست بۆ یەکەم جار(لەکۆبوونەوەی شووڕای خۆی لە پاریس، ڕۆژەکانی ٦و٧ی دیسەمبری ١٩٨٨) دەقێکی لە بارەی کورد پەسند کرد کە د.قاسملوو ئامادەی کردبوو. راپۆرتی ئەم چالاکیانە لە ژمارەکانی١٤٤(سەرماوەزی١٣٦٧) ، ١٤٥(بەفرانباری ١٣٦٧)ژمارە ١٤٦( ڕێبەندانی ١٣٦٧)ی ڕۆژنامەی “کوردستان”(ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا هەن). یەکێک لەو پێشنیار و داوایانەی د.قاسملوو لەو هەوڵانەیدا خستبوونیە بەر سەرنجی دەوڵەتمەردان و حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژاوا، پێویستیی پێکهاتنی کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بۆ هاوپیوەندی و پشتیوانی لە نەتەوەی کورد بوو. ئەم کۆنفڕانسە کاتێک پێک هات (١٤ و ١٥ی ئۆکتۆبری ١٩٨٩ لە پاریس)کە بەداخەوە د.قاسملوو بە هۆی ڕێژیمی ئێرانەوە تیرۆر کرابوو و لە ژیاندا نەمابوو. بەڵام ڕێکخەران و بەشدارانی کۆنفرانسەکە، سەبارەت بە هەوڵە بە نرخەکانی د.قاسملوو لە بارەی بە نیونەتەوەیی کردنی پرسی کورد دابووی، ئەو کۆنفرانسەیان پێشکەش بە یادی ئەو ڕێبەرە شەهیدە کرد.
بەڵام خاڵی جێگای داخ ئەوەیە کە هێندێک هەلپەرست و داخ لە دڵ -کە دیارە سەریان بە کوێ بەندە- سەرەڕای زانینی ئەو راستیانەش، ماوە ماوە وەخۆ دەکەونەوە و د.قاسملوو بە حاشاکردن لە بۆمبارانی هەڵەبجە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە و تەنانەت دەست هەبوون لە زەمینە رەخساندن بۆ ئەو تاوانە گەورەیە، تاوانبار دەکەن. من ئەوەم لە بیر مابوو کە کاتی خۆی بە گوێی خۆم راپۆرتی مەحکوومکردنی بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە لە لایەن د.قاسملووەوەم لە رادیۆی بی بی سی بیستبوو. هەر بۆیە ئەم ڕۆژانە هەدام نەدا و کەوتمە پشکنینی “بوڵتەنی هەواڵەکانی رادیۆکانی جیهان”(تایبەت بە ساڵی ١٩٨٨) کە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب، ڕۆژانە ئامادەی دەکردن. ئەم دوو نموونەیەم لە نێویاندا دۆزییەوە. هەوڵیش دەدەم ئەو ژمارەیەی گۆڤاری “کل العرب” کە وتووێژ یا راپۆرتێک لە ڕوانگەکانی د.قاسملووی لە بارەی شەڕی ئێران و عێراق و کیمیایی بارانی هەلەبجەی تێدایە، بە دەست بێنم و بیخەمە بەر سەرنجی هۆگرانی ئەو باسە تا بیسەلمێنم لەو گۆڤارەشدا(بە پێچەوانەی تیتری سەربەرگی گۆڤارەکە)، د.قاسملوو حاشای لە کیمیای بارانی هەڵەبجە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە نەکردوە.
ئەوەش نێوەرۆکی ئەو وتووێژ و ڕاپۆرتانەی شایەدی بۆ مەحکوومکردنی تاوانی کیمیایی باران لە لایەن د.قاسملۆوە دەدەن:
برنامە خبری ساعت ٦ صبح رادیو بی بی سی ٢٩/٦/١٣٦٧
خلاصە اخبار: دکتر عبدالرحمن قاسملو رهبر حزب دمکرات کردستان ایران، دولت عراق را بە خاطر آن چە کە استفادە گستردە از گاز سمی علیە جامعە کرد خواندە، محکوم کردە است.
“مشروح اخبار: دکتر عبدالرحمن قاسملو رهبر حزب دمکرات کردستان ایران، دولت عراق را بە خاطر آن چە کە استفادە گستردە از گاز سمی علیە جامعە کرد خواندە، محکوم کردە است. دکتر قاسملو در مصاحبەای با خبرنگار بی بی سی در پاریس گفتە است کە وی شخصا مدارکی دال بر کاربرد گاز سمی توسط عراق در حملات اخیرش علیە کردها مشاهدە نکردە، اما افزودە است کە اطمینان دارد دولت عراق مسئول بمباران شهر حلبجە در ماە مارس گذشتە است. در این شهر کردنشین عراق، طبق گزارش، بیش از ٤ هزار نفر بر اثر گاز خردل و اعصاب جان سپردە بودند. دکتر قاسملو گفتە است کە دولت ایران نیز علیە کردهای ایران سلاح شیمیایی بە کار بردە است. یک خبرنگار بی بی سی گزارش می دهد کە حزب دمکرات کردستان ایران طی ٨ سال گذشتە از عراق کمک دریافت کردە است. “
بەرنامەی هەواڵەکانی کاتژمێر ٦ی بەیانیی رادیۆی بی بی سی ٢٩/٦/١٣٦٧(سێپتەمبری ١٩٨٨)
کورتەی هەواڵەکان: دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەولەتی عێراقی سەبارەت بەو شتەی پێی دەگوترێ بەکارهێنانی بەربەرینی گازی ژاراوی دژی کۆمەڵی کورد، مەحکووم کردوە.
درێژەی هەواڵەکان: دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەولەتی عێراقی سەبارەت بەو شتەی پێی دەگوترێ بەکارهێنانی بەربەرینی گازی ژاراوی دژی کۆمەڵی کورد، مەحکووم کردوە.دوکتور قاسملوو لە وتوێژێک لە گەڵ پەیامنێری بی بی سی لە پاریس گوتوویە ئەو بۆ خۆی بەڵگەیەکی وا کە نیشان بدا دەولەتی عێراق لە هێرشەکانی ئەم دوایانەی دژی کوردەکان، گازی کیمیایی بە کار هێناوە، نە دیتووە، بەڵام کوتوویە لەوە دڵنیایە کە دەولەتی عیراقبەرپرسی بۆمبارانی کیمیایی شاری هەڵەبجە لە مانگی مارسی ڕابردوویە. لەم شارە کوردنشینەی عێراق، بە گوێرەی راپۆرتەکان زیاتر لە ٤ هەزار کەس بە هۆی گازی خەردەل و گازی ئەعساب، گیانیان لە دەست دابوو. دوکتور قاسملوو کوتوویە دەوڵەتی ئێرانیش دژی کوردەکانی ئێران چەکی شیمیایی بەکار هێناوە. پەیامنێرێکی بی بی سی رادەگەیەنێ کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا، یارمەتیی لە عێراق وەرگرتوە.”
***
کۆپلەیەک لە وتوێژی د.قاسملوو لە گەڵ ڕادیۆی بی بی سی
برنامە شبانگاهی رادیوی بی بی سی ١٦/٩/ ١٣٦٧
بی بی سی: در کردستان عراق چطور؟ مثلا آیا شما کشتار شیمیایی کردها را محکوم کردید؟
د.عبدالرحمن قاسملو: بلە ما کە این را گفتیم قبلا، بلە. یعنی ما اصولا بە طور کلی هر کشتار شیمیایی را(محکوم)کردیم، چون ایران هم بکار بردەبود؛ ولی البتە نە بە آن وسعت.
بەرنامەی شەوانەی رادیۆی بی بی سی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٧(دیسەمبری ١٩٨٨)
بی بی سی: لە بارەی کوردستانی عێراقەوە چی؟ بۆ وێنە ئایا ئێوە کوشتاری شیمیایی کوردەکانتان مەحکووم کرد؟
د.عبدالرحمن قاسملوو: بەڵێ ئێمە کە پێشتریش ئەوەمان کوتوە، واتە هەر لە جێدا ئێمە بە شێوەیەکی گشتی هەر کوشتارێکی شیمیایی مەحکووم دەکەین. دیارە ئێرانیش (چەکی شیمیایی) بە کار هێنابوو، بەڵام نە بەو بەربەرینیە.