هه‌ڵبه‌ستێک بۆ شه‌هید مه‌لا ئاواره. نووسینی: خالید حیسامی (هێدی)
شاعیری هێژا کاک خالید حیسامی (هێدی) کاتی خۆی له سه‌ر گیرانی مه‌لا ئاواره هه‌ستی خۆی له هه‌ڵبه‌ستێک دا ده‌ربری بوو، دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبه‌سته، خه‌ڵکی ناوچه به ده‌نگ هه‌ڵبه‌سته‌که‌یان بۆ یه‌کتر ده‌خوێنده‌وه و به‌م شێوه‌یه نه‌فره‌تی خۆیان له دام‌وده‌زگای په‌هله‌وی ده‌ر ده‌بری.
هه‌ڵکشا ئیتر ئه‌وه زه‌رده‌ی خۆر زه‌رده‌یان گرت په‌مه‌یی و ئاڵ و مۆر
با له پێ تووند که‌مه‌وه به‌ن کاڵان لێره‌وه سه‌ربڕه بۆ “دیواڵان”1
ڕێ ده‌گه‌ڵ وه‌ش گه‌لێ که‌م مه‌ودایه هێنده باریکه ده‌ڵێی هه‌ودایه
من به چالاکی که وه‌ک تاوێرم2 که ده‌ڕۆم لێره شه‌قاو ده‌ژمێرم
له هه‌ر ئه‌شکه‌وت و خڕێ ڕاده‌برم ڕاده‌وستم بڕێ هه‌ست ڕا ده‌گرم
دیمه‌نی جوانه به‌ڵام وا دیاره ڕێی مه‌ترسی هه‌یه بۆ “ئاواره”
تا بڵێی گوندێ به دا‌و و که‌ڵه‌که به‌ده‌هۆن زۆر و به فێڵ و ته‌ڵه‌که
حه‌وشه‌یان تۆڕن و ماڵیان بنه‌یه هانده‌ری لێ‌یه خه‌ریکی دنه‌یه
زڕه کوردی وه‌کوو که‌و3 ده‌خوێنن ده‌س و دل پیسن و ده‌م به خوێنن
ناسره‌ون ساتێ نه ڕۆژێ نه شه‌وێ بانگ ده‌که‌ن خۆیی ئه‌ویش چه‌شنی که‌وێ
ده‌یبه‌ن و ده‌یخه‌نه داوی دوژمن دێته جێ مه‌رجی شه‌ڕه‌ف دۆڕاندن
کورده بۆ یه‌ک ده‌بنه نێچیروان کورد نه‌بێ کێی‌تره نێچیری وان
په‌ت و سێداره ئیتر هه‌ڵده‌خرێن لاوی تێکۆشه‌ری پێ دا ده‌کرێن
جاڕ ده‌ده‌ن جا هه‌موو گوند و گه‌ڕه‌کان بێن و ڕێ‌یه‌ک بخه‌نه ” سه‌رکه‌نه‌کان”4
بێن ببینن که شه‌هید “ئاواره” سه‌ری چه‌ند به‌رزه له سه‌ر سێداره
چۆن (حه‌مه‌د ئه‌حمه‌د و ڕه‌حمان وه‌تمان) بۆ وه‌ته‌ن مردن و سه‌ریان نه چه‌مان
هێشته هه‌روا له گه‌ڵی و دارستان ده‌گه‌ڕێ ده‌نگی ” بژی کوردستان”
گوند نیه بنکه‌یه بۆ ئاژاوه خۆ فرۆشتن له‌وێ ئێسته‌ش ماوه
نه‌ته‌ویی کوردن ئه‌گه‌رچی کوردن له به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد ڕوو زه‌ردن
نابێ دڵ خۆش بێ به‌وه بێگانه کوردی کوشتن ئه‌وه کوردستانه
تا پتر خوێن بڕژێ له‌م ناوه شۆڕشی گه‌وره‌تری به دواوه
1 ـ دیواڵان: ناوی گوندێکه‌له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت که مه‌لا ئاواره له‌وێ ده‌س گیر کرا به هۆی هێزه‌کانی میری
2 ـ تاوێر: ئه‌و به‌رده‌یه که له سه‌ر شاخه‌وه به‌ری ئه‌ده‌نه‌وه داوێنی کێو و جاڵه‌ی ئه‌که‌ن سه‌ره‌و ژێر
3 ـ خه‌ڵکی گوندی دیواڵان به درۆ نێوانی خۆیان ناخۆش کرد‌و مه‌لا ئاواره‌یان بانگ کرد که گۆیا پێکیان بێ‌نێته‌وه، له بنه‌وه‌ش حکومه‌تیان ئاگادار کرد که ده‌وری گوند بدا و ده‌س گیری بکا، به‌م جۆره گرتیان و دایانه ده‌س حکه‌مه‌ت و ده‌گه‌ل دوو هه‌ڤاڵی‌تری له سێداره دران له شوێنێک به ناوی ” سه‌رکه‌نه‌کان” له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت
4 ـ سه‌رکه‌نه‌کان، ئه‌م شوێنه له به‌ر شاری سه‌رده‌شت هه‌ڵکه‌وتووه و کاتی خۆی ڕژیمی په‌هله‌وی ئێران، شه‌هید مه‌لا ئاواره‌یان له گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌که‌ی دیکه له‌و شوێنه ئێعدام کردن.
* (حه‌مه ئه‌حمه‌د و ڕه‌حمان وه‌تمان)، ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه بوون که له گه‌ڵ شه‌هید مه‌لا ئاواره ئێعدام کران هه‌ر دووکیان خه‌ڵکی گوندی دیواڵان بوون و ناوی ئه‌سڵیان مه‌لا که‌چه ” محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌دی” و ره‌حمانی حه‌مه‌دی وه‌تمانی چاوشین بوو.