گیرانی ٩ هاوڵاتی گوندی نستان لە ناوچەی ڕەبەت
دوای ئەوە ڕۆژی ٢٧ ی بەفرانباری ١٣٩١ ی هەتاوی کۆمەڵێک جاش و پاسدار کە نزیک بە ٢٠٠ کەس دەبوون، لە لایەن خەڵکی بوێری ئاوایی نستان ڕاونران و لە گوندەکە دەرکران، رژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو ڕاونان و سەر شکانە و برینداربوونەوەی هێزەکانی، هەوڵی چاوترسێن کردنی خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دەوربەری داوە و هەر لە دوای ئەو شکستە، بەرق و تەلەفوونی ئەو گوندەیان بریوە و هەنووکەش هەروا بەردەوامە.
رژێمی داخ لە دڵی کۆماری ئیسلامی و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە هەموو ڕێگایەک کەڵکیان وەرگرتووە و تەنانەت دەرمانخانەی گوندەکەیان داخستووە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا لە سەر یەک ٩ هاوڵاتی ئەو گوندەیان لە ڕێگای هاتووچۆ بۆ شاری ڕەبەت و یا لە گەرانەوەیان دا بۆ ئاوایی نستان دەستبەسەر کردوون. کە ناوی ٦ کەس لە گیراوەکان بریتنلە: قادر خدرزادە ناسراو بە قالە شۆرا، حوسێنی قالەیی، شێرزاد مام خدری کوڕی حوسێن، برایم حوسێنزادە، محەممەد حەبیبی کوڕی هەمزە و ئەبووبەکری محەممەدی کوڕی عەوڵای مام حەسەنی، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی ئەو گیراوانە هیچ هەواڵێک نییە، گیرانی ئەو ٩ هاوڵاتییە نیگەرانی خستۆتە دڵی دانیشتووانی ئاوایی نستان و دەوربەر و پێیان وایە کە بۆ چاوترسێنی خەڵکی گوندەکانی نستان و سیسیڕ و شاری ڕەبەت دەستیان بەو کارە قێزەونە کردووە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا خەڵکی شاری ڕەبەت و ئاواییەکانی نستان و سیسێر لەوپەری بوێری و هەست بە نیشتمانپەورەوری دا جێژنەکانی نەورۆزیان بەرێوەبردووە و رژێم بۆ پێشگیری لە هەوڵی لەو چەشنە ئەو هێرشەی ڕۆژی ٢٧ ی بەفرانباری کردۆتە بیانوو بۆ گرتن و تۆڵە ستاندنەوە لە خەڵکی نستان.
لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ دا رژێم کەسێکی گوندی نستانی بە ناوی ڕەحمان دڵسۆز کوڕی حوسێنی حەمەڕەش کە خەریکی کارو کاسبی بوو کوشت و هەروەها بە دانانی مۆڵگەیەکی نوێ لە نێو ئاوایی نستان دا هەویستوویەتی کە ترس و خۆف لە نێو خەڵکی ئەو گوندەدا بنوێنێ و بە شێوەیەک لە شێوەکان پێشگیری لە کۆڕوکۆبوونەوەکانی نەورۆز و کۆبوونەوەکانی دیکە بگرێ.