ئەوەی حیزبێک دەبوو بیکا تاکێک کردی! هەیاس کاردۆ

بوون بە پێێشمەرگە و بۆ ماوەیەک لە ڕیزی پێشمەرگایەتی دا مانەوە، ئەو شانسە بە مرۆڤ دەبەخشێ دەگەڵ ڕووحی سەرکێش و جەستەی قەت نەحەساوەی کۆمەڵە خەڵکێک ئاشنا بێ کە دیتن و ناسینیان لە دنیای ئاسایی دا کەمتر دەست دەدا.

منیش وەک زۆری دیکە ماوەیەک هەوای ساف و بێگەردی شاخم هەڵ مژی و بە لاسایی کردنەوەی پێشمەرگە چەکی خزمەت بە ئامانجەکانی گەلم دەست دایە. ئەگەر لەو ڕێگا پڕ هەوراز و لێژەدا بە داخەوە ئەسپی سەرکێشم بڕی نەکرد و هەنگاوی ماندووم زیاتر لە دوو نەهات، لانیکەم توێشەی خۆم لە ئەزموونی ژیانی سەربەرزانە پڕ کرد و بە ناسینی کەسانی پۆڵا ئاسا لە مانای قووڵی هەستان، ڕاوەستان و هەدا نەدان حاڵی بووم. خەنی لە خۆم لەو ماوەیەدا “برایم چووکەڵی”یەکانم ناسین و بە بوون لە تەنیشتیان دا قەت نەمزانی ترس کێیە و ماڵی لە کوێیە.

داخی گرانم نە من توانای ڕاوستان لە شاخم ما و نە لەشکری خەباتکارانی ئەو ڕێگا پڕ لە سەروەرییە مەجالی مانەوەیان لەوێ بۆ ڕەخسا. ئەوان مزڵیک ئەولاتر، داگەڕانە دەشتایی و منیش سەری خۆم هەڵگرت و دووری دوور کەوتمەوە. بەڵام چێژی ژیان لە پەنا ئەو چاونەترس و سەنگەر پارێزانە وای کرد ئاڵقەی پێوەندیی من و ئەو کۆمەڵە خەڵکە نەپسێ و لەو ڕێگایەوە هەروا بتوانم لە دوورەوە ئومێد و توانا و بەرچاو ڕوونییان لێ قەرز بکەم. گەیشتنی کتێبی “ئەستێرە گەشەکانی ڕێی خەبات” بە دەستم لە ماوەی یەک، دوو مانگی ڕابوردوو دا ئەم ئەزموونەی دووپات کردەوە.

کتێبی ئەستێرە گەشەکانی ڕێی خەبات دەبوایە حیزبێک کە خاوەنی هەزاران شەهیدە چاپ و بڵاوی بکاتەوە کەچی هاوسەنگەرێکی ئەو شەهیدانە کە شانسی ئەوەی هەبووە درێژە بە ژیان بدا بە تاقی تەنیا نووسیویەتی و چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. بەڵێ دیسان برایم چووکەڵی دێتەوە مەیدان، بەڵام ئەمجار لە سەنگەرێکی دیکە و بەو بەرهەمە جوان و بەڕاستی پێویستەوە.

کتێبی “ئەستێرە گەشەکانی ڕێی خەبات” کە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە لایەن تێکۆشەر برایم چووکەڵییەوە نووسراوە و لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە، لە ٤٣٦ لاپەڕ دا ژیان و خەباتی ٢٤٨ خەباتکاری ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی تۆمار کردوە کە لەڕێی ئاواتەکانی کورد دا شەهید بوون.

ئەو کتێبە کە بە نووسینێکی بە پێزی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە ڕازاوەتەوە و خودی نووسەریش پێشەکییەکی بۆ داناوە، نیزیک بە هەموو شەهیدەکانی شاری بۆکان و دێهاتی سەر بەو شارستانەی لە خۆیدا جێ کردۆتەوە کە یان لە ڕیزەکانی هێزی “بەیان”ی سەر بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا تێکۆشاون و گیانیان بەختی ئازادیی کورد کردوە، یان لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان خزمەتیان کردوە و شەهید بوون. خاتوو بەیان چووکەڵی کچی نووسەر، زەحمەتی تایپ کردنی ئەم کتێبەی کێشاوە، کاک ئەیووب شەهابی ڕاد مۆنتاژی کردوە و دیزاینەکەشی لە ئەستۆی کاک ئاسۆ مامزادە بووە.وێڕای ئەوانە کۆمەڵێک لە دۆست و هاوسەنگەرانی تێکۆشەر چووکەڵی بۆ چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەو کتێبە هاوکارییان کردوە کە ناوی هەموویان بە پێزانینەوە هاتوە.

کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە سەر ڕاسپاردەی کاک برایم و بە زەحمەتی دۆستی بەرێز کاک یۆسف شامحەممەدی ئەم کتێبەم بۆ بەرێ کرا و ڕۆژی ٥ی دیسامبر گەیشتە دەستم. هەرچەند بەشێکی بەرچاو لەو کۆمەڵە شەهیدەم پێشتر دەناسین و تەنانەت دەگەڵ ژمارەیکیان دۆستایەتی و هاوکاریی نیزیکم هەبوو و ژیان و سەربوردەی بەشێکی زۆری دیکەشیانم بیستبوو، بەڵام زیاتر بۆ ئەوەی رێز لە زەحمەتی ئەو نووسەرە ماندوویی نەناسە بگرم بە تامەزرۆییەوە دەستم بە خوێندنەوەی کتێبەکە کرد و هەتا تەواوم نەکرد لە کۆڵی نەبوومەوە.

دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئەستێرە گەشەکانی ڕێی خەبات، هەستێکی سەیر دای گرتم کە بە نووسین ناتوانم وەسفی بکەم چونکە نازانم چۆنە. هەر ئەوەندە دەزانم هەموو وجوودم بوو بە حورمەت بۆ کاری کەسێک کە ٢٤٨ شەهیدی ئەم کوردستانەی لە بیر نەکردوون و بڕیاری داوە ژیان و خەباتیان بڵاو بکاتەوە. بۆیە بڕیارم دا شتێکی لە بارەیەوە بڵاو بکەمەوە کە بەداخەوە هەرچی دەم کرد دەخۆم ڕا نەدەدیت، چونکە نەم دەزانی کام لایەنی مەسەلەکە زەق کەمەوە. سەرەنجام وام بە باش زانی واز لە نیوەرۆکی کتێبەکە بێنم و باسی ئەوە بکەم چۆنە کارێک کە حیزبێک، لایەنێک یان کۆمەڵە کەسێک دەبێ بیکەن، تاکێک وەئەستۆی خۆی دەگرێ و ئەنجامی دەدا.

ناوی تێکۆشەر چووکەڵی لە کتێبی “مێژووی زیندوو” دا کە ژیان و بیرەوەرییەکانی ٢١ فەرماندەی قارەمانی تێدا کۆ کراوەتەوە، ژمارە ٥ی بۆ خۆی تۆمار کردوە. لەوێدا باسی خەبات و خۆراگرییەکانی تێکۆشەر چووکەڵی کراوە کە لێرەدا ناچمەوە سەری. بەڵام دواتر باسی ئەوە کراوە کە: “چووکه‌ڵی هه‌ر به‌ شه‌ڕکه‌رێکی نێو سه‌نگه‌ر و فه‌رمانده‌رێکی به‌وه‌ج و کادرێکی ته‌شکیلاتی نه‌ناسراوه‌. ئه‌و هه‌وڵی داوه‌ له‌ کاروان جێ نه‌مێنێ و خۆی ده‌گه‌ڵ ڕه‌وتی زه‌مان بگونجێنێ.کاک برایم ئێستا به‌رپرسایه‌تیی فێرگه‌ی سیاسی-نیزامیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی له‌ ئه‌ستۆیه‌ که‌ هه‌م کارێکی قورسه‌ و هه‌م پڕ کێشه‌.

ناوبراو له‌ بواری دیکه‌ش دا خۆی و بیر و قه‌ڵه‌می تاقی کردۆته‌وه‌ که‌ چه‌ند به‌رهه‌می لێ که‌وتۆته‌وه‌ و وه‌ک بۆ خۆی ده‌ڵێ هی دیکه‌شیان به‌دوو دادێ: “له‌ وه‌ختی‌ بێكاری‌ دا خه‌ریكی‌ نووسینی‌ خاتراتم. 3كتێبم به‌و ناوانه‌ چاپ بوون 1ـ چه‌پكێك گوڵاڵه‌ سووره‌ 2ـ له‌ چیاكانی‌ موكریانه‌وه‌ تا ده‌شتی‌ كۆیه‌ 3ـ ئه‌زمونه‌كانی‌ مودیرییه‌تی‌ فه‌رمانده‌هی‌ له‌ شه‌ڕی‌ پارتیزانی‌ دا. ئێستاش كتێبی‌ “قه‌ڵای‌ به‌رخۆدان”و هه‌روه‌ها “قاره‌مانانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ژێر ده‌ست” ئاماده‌ی‌ چاپن ئه‌گه‌ر ده‌ره‌تان بێ‌ چاپیان ده‌كه‌م.” دیارە کاک برایم قەولی خۆی بردۆتە سەر کە گوتوویەتی ” هی دیکەشیان بەدوو دا دێ”، چونکە ئەم کتێبەشیان بە دوودا هات کە نرخێکی زیاتری هەیە. کەوابوو جێی خۆشحاڵییە کە شەڕکەرێکی کە پاشماوەی ئەو هەموو شەهیدەیە خۆی لە بواری دیکەدا تاقی دەکاتەوە و کتێب دوای کتێب بە کتێبخانەی کوردیی زیاد دەکا.

بەڵام گرینگیی کاری کاک برایم تەنیا ئەوە نیە چەند کتێبێکی نووسیون، بەڵکوو زیاتر ئەوەیە کە لەو مەیدانەش دا گەل و وڵات و خەباتەکەی هەر لە بیرە و توانای خۆی بۆ خزمەت بەو بوارە تەرخان دەکا. هەڵبەت لە تێکۆشەرێکی کە دەیان جار هەتا لێواری مەرگ چۆتە پێش و ئەو هەموو هاوسەنگەرەی لە بەر چاوی شەهید کراون هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرێ.قۆڵ هەڵماڵین بە مەبەستی تۆمار کردنی ژیان و خەباتی ئەو پۆلە شەهیدەی ڕێگای ئازادی کارێکی هاسان نیە و تەنیا لەوانە دەوەشێتەوە کە هەموو وجوودیان عیشق بە خەبات و تێکۆشانە.

ڕەنگە کۆ کردنەوەی ژیاننامەی ئەو شەهیدانە بۆ کەسێکی وەک چووکەڵی زۆریش زەحمەت نەبووبێ، چونکە هەر وەک مامۆستا حەسەنزادە بە دروستی نووسیویەتی “…چونکە پێشمەرگەیەکی لە مێژینەیە و زۆر بیرەوەریی بەنرخی لە ژیان و خەباتی شەهیدەکان لە ناوچەی خۆی واتە بۆکان هەیە: لەگەڵ هێندێکیان منداڵی گەڕەک بووە، هاوپۆل و هاوقوتابخانەی بەشێکیان بووە، بۆ زۆرانیان هاودەورە و هاوسەنگەر و هاوڕێ و هاوڕاز و تەنانەت بۆ هێندێکیان هەمووی ئەمانەش بووە”. چووکەڵی بە تەمەنی کەمەوە دەستی دایە چەکی بەرگری و ئەو ڕێگا سەختەی بڕی هەتا ئاخر پلەکانی فەرماندەریی نیزامی تێپەڕ کرد.

لەو ماوەیەدا دیارە سەدان کەسی لە نیزیکەوە ناسیون و دەگەڵیان لە سەنگەرێک دا شەڕی کردوە. زۆرێک لەو شەهیدانە لە بەر چاوی ئەو و ڕەنگە لە باوەشی خۆی دا دوا ماڵ ئاواییان لە ژیان کردبێ و هەر بۆیەش بۆ کاک برایم لە بیر کردنیان کارێکی ئاسان نیە.

ڕاستییەکەی بۆ دەبێ تاقە کەسێك دەفکری ئەوەدا بێ کە ژیاننامەی ٢٤٨ شەهید کۆ بکاتەوە و بە خەرجی خۆی لە چاپی بدا؟ لە وەش گرینگتر هەر بە هەوڵی خۆی و دۆستانی ئەوەندی دەست دەدا دانە دانە وەک دیاری بۆ بنەماڵەی شەهیدەکانیشی بنێرێ. بۆ مەگەر حیزبێک کە خاوەنی ئەو شەهیدانەیە لە مەیدان دا نەماوە، توانای کار و تێکۆشانی نیە، یان ئیمکانی چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە کتێبانە لە خۆیدا شک نابا؟ بەڕاستی کێ دەبێ مشووری ئەو کارانە بخوا، تاک یان کۆ؟ حیزب یان ئەندام؟ من دەبینم ئەوە چەندین ساڵە تێکۆشەرێکی دیکەی کورد( کاک سەلاح شەشە) لە وڵاتی سوئێد بە هەوڵ و ماندوو بوونی خۆی خەریکی تۆمار کردن و ڕاگرتنی ژیاننامەی شەهیدانە کە ئەلحەق لەو رێگایەدا زەحمەتێکی زۆری کێشاوە.

ماڵپەڕێک کە ئەو ماندوویی نەناسە بە ناوی “شەهید” سازی کردوە و بەردەوام نوێی دەکاتەوە ناوی هەزاران شەهیدی ڕێی ئازادیی دەخۆی دا جێ کردۆتەوە. یان سایتی خاکەلێوە کە بە هەوڵ و هیممەتی کاک برایم رۆستەم نەژاد لە سوید پێی گرتووە. کەسانی وەک چووکەڵی و شەشە و رۆستەم نەژاد خزمەتکاری ئەم کوردستانەن و دڵیان دایمە لە لای تێکۆشانە بۆیە هەوڵی ئەو جۆرە کارانە دەدەن. نابێ چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی ئەستێرە گەشەکانی ڕێی خەبات تەنیا وەک چاپی کتێبێکی ئاسایی چاو لێ بکەین. ئەم کتێبە ناسنامەی خەباتی کوردە و گەورەترین سەرمایە و دەستە چیلەی شۆڕشی تێدا جێ کراوەتەوە.

ئەمە نە باسی ماچ و مووچی سەرکانی دەکا و نە تۆران و ئاشت بوونەوەی دوو دڵدار نمایش دەدا. ئەمە باسی مردن لە پێناو ژیانی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە. لێرە ٢٤٨ گوڵاڵە سوورە ڕواون کە بۆن و بەرامەیان ئەو ناوەی داگرتوە. ئەم کتێبە گوڵزارێکە بە خوێنی ٢٤٨ مرۆڤ ئاو دراوە بۆیە قەت لە بۆن ناکەوێ.

بە بۆنەی نووسینی کتێبی ئەستێرە گەشەکانی رێی خەبات پیرۆز بایی گەرم لە تێکۆشەر چووکەڵی دەکەم و دەستی ماندووی بە گەرمی دەکوشم. سوپاسی دەکەم کە هاوڕێ شەهیدەکانی لە بیر نەکردوون و بە کۆ کردنەوەی ژیان و خەباتیان و چاپ و بڵاو کردنەوەیان ئەمەگی خۆی بەرامبەر نیشان داون.

خۆزگە حیزبی خاوەنی ئەو شەهیدانە و هەزارن شەهیدی دیکە خەمی ئەو جۆرە کارانەی خواردبا و دەستەیەکی وەک کاک برایمی کردبا مەئمووری نووسین و چاپی ژیاننامەی هەموو شەهیدان لە هەموو ناوچەکان. کاک برایم بەو کارەی سەلماندی تاک ئەگەر بیەوێ دەتوانێ کاری گەورە بکا و منەتیشی بە کەس نەبێ.بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ کاک برایم و هەموو ئەو کەسانەی رێز لە شەهیدان دەگرن و وەفایان بۆیان هەیە.
ئوستڕالیا – ٢٠١٣/١/٢٥